میسڕ برەو بە کەرتی بەرگری دەدات
دەستەی یونیپاس
بە ناساندنی گرنگی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە پیشەسازی بەرگریدا، میسڕ لە کانوونی دووەمی 2023ـدا میوانداری سێهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کەرتی پیشەسازی بەرگری و سەربازی، یاخود پێشانگای بەرگریی میسڕ (EDEX 2023)ـی کرد.
EDEX 2023 کە لە ناوەندی پێشانگای نێودەوڵەتیی میسڕ لە شاری نەسر، قاهیرە بەڕێوەچوو، دەرفەتی ئاڵوگۆڕی شارەزایی بۆ 411 بەشداربووی بەناوبانگی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی 44 وڵات ڕەخساند. بەشداربووانی پێشانگاکە بەرهەمەکانیان لە 22 کۆشک لە سەرانسەری سێ گۆرەپاندا نمایشکرد.
بە ئامادەبوونی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسڕ، چەندین میوانی تایبەت و ئەفسەرانی باڵای سەربازی، EDEX 2023 بە کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە ناوی “ئیرادە و ئاڵنگاری” کە لەلایەن بەشی کاروباری ئاکاری وەزارەتی بەرگریی میسڕەوە بەرهەم هێنرابوو، دەستیپێکرد.
فیلمە دۆکیومێنتارییەکە تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی هێزی دەریایی میسڕ و ڕۆڵی کەرتی پیشەسازیی ناوخۆیی سەربازیی میسڕ لە پرچەککردن، بەتایبەتی گۆڕەپانی کەشتیگەلی ئەلێکساندەریە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ بەرهەمهێنەرە ئەڵمانی و فەڕەنسییەکاندا هەوڵەکانیان لە بەرهەمهێنانی سێ کەشتی جەنگییدا گەیاندە لوتکە.
جێگری فەریق ئەشرەف ئیبراهیم عەتوە، فەرماندەی هێزی دەریایی میسڕ، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی گەشەپێدان کە هێزی دەریایی پێیدا تێپەڕیووە و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کەرتێکی پیشەسازیی بەرگریی نیشتمانی متمانەپێکراو. ناوبراو هاوبەشی نێودەوڵتی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایش لە سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگاری و ململانێکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهان، بەرز نرخاند.
”بۆ ئەو کەسانەی کە ئارەزووی چاکە و ئاشتی، پتەوکردنی هەوڵەکان و ڕاگرتنی ململانێکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و داڕشتنی ئێستایەکی هاوبەش دەکەن، میسڕ خاڵی دەستپێک بووە و هێشتاش وا ماوەتەوە،” محەممەد زەکی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی میسڕ و وەزیری بەرگری و بەرهەمهێنانی سەربازیی میسڕ ئەوەی ڕایگەیاند.
میسڕ بۆ یەکەمجار EDEXـی بە بەشداریی 56 شاندی 41 وڵات لە مانگی کانونی یەکەمی 2018ـدا بەڕێوەبرد. دووەمجار لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 بەڕێوەچوو و زیاتر لە 400 بەشداربووی پێشانگە لە 42 وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کرد.
سەرچاوەکان: یوتیوب، دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی نیشتمانیی میسڕ
Comments are closed.