ئیمارات پشتیوانی لێبوردەیی دەکات
بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ساڵیادی ئەو ڕێککەوتنەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەکاتەوە، خاوەن شکۆ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئەلنەهیان، وەزیری کاروباری دەرەوە و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکانی ئیمارات، لە ئەیلوولی 2022ـدا سەردانی ئیسرائیلی کرد.
شێخ عەبدوڵڵا و شاندی یاوەری سەردانی یاد ڤاشێمیان کرد، کە یادگەی ئیسرائیلە بۆ قوربانیانی هۆلۆکۆست و لە ساڵی 1953 لە قودس بنیاتنراوە.
بە پەسنکردنی ڕۆڵی یاد ڤاشێم لە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، شا عەبدوڵڵا جەختی لە گرنگی برەوداون بە لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئاشتی و یارمەتیدانی بەدیهێنانی خواستەکانی گەلان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و خۆشگوزەران کردەوە.
لە مانگی ئابی 2020، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات واژۆ کرا. بۆ ئاماژەکردن بە سەرچاوە هاوبەشەکانی ئایینی جوولەکە و ئیسلام و مەسیحی کە هەموویان بە باوەڕەکانی ئیبراهیمی ناسراون، ڕێکەوتنەکان بە ناوی پێغەمبەر ئیبراهیمەوە ناونراون.
جگە لە هەماهەنگییەکانی ئاسایش، ئەم ڕێککەوتنە دەروازەی بۆ پەیوەندیی ئابووریی دوو قۆڵیی کردەوە. وەکو دەرەنجام، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەر دوو وڵاتەدا زیادی کردووە و ئێستا هەزاران گەشتیاری ئیسرائیلی سەردانی دوبەی و شارەکانی دیکەی ئیمارات دەکەن.
لە مانگی ئایاری 2022، دوای چەند مانگێک لە دانوستان، وڵاتەکان ڕێککەوتنێکی مێژوویی بازرگانیی ئازادیان لە دوبەی واژۆ کرد. سەڕەرای ئەوەی ئیمارات و ئیسرائیل لەمێژە لە ڕووی بازرگانییەوە دانیان بە ئەمری واقیعدا ناوە بەتایبەتی لە بواری زیرەکیی دەستکرد، پیشەسازی بەرگری و بازرگانی ئەڵماسەوە، بەڵام ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد پەیوەندییە بازرگانییە دووقۆڵییەکان فراوانتر دەکات.
ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد، باج لەسەر 96%ی ئەو کاڵایانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا مامەڵەی پێوەدەکرێت لادەبات یاخود کەمدەکاتەوە. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی پێنج ساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوولایەنە بگاتە 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
وەک وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ بازرگانی دەرەوە سانی ئەلزێودی نووسیویەتی: “لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئیمارات و ئیسرائیل نیشانیاندا کە دەکرێت چی بەدەستبهێنرێت کاتێک دابەشبوون و ناکۆکیەکانمان بەلاوەبنێین”. سەرچاوەکان: ئەل بەیان، سی ئێن ئێن، ز جۆرناڵیزم پۆست
Comments are closed.