حکومەتەکان بە تێپەڕبوونی کات ستراتیژی جۆراوجۆریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گرتۆتەبەر. لە کاتێکدا هیچ یاسایەکی تاوانی نێودەوڵەتی یان هێزێکی ئەرکیی پۆلیسی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوونی نییە، وڵاتان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییان وەک بژاردەیەکی گونجاو بینیوە. ئەمەش لە ڕووی یاساییەوە بەهۆی مافی سروشتیی وڵاتان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لەدوای هێرشێکی چەکداری، وەک لە مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، پشتگیری دەکرێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دژ بە تیرۆریزم لە ئێستادا بە بەراورد بە ڕابردوو زیاتر پەرەی سەندووە. توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ڕابردوودا ڕووداوی تاڕادەیەک کەم هەبوون کە تێیدا حکومەتەکان هێزی سەربازییان بەکارهێنابێت، بەڵکو لەبری ئەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە تیرۆر پشتیان بە پۆلیس و دادگاکان بەستووە.
سەرەڕای ئەوەش، لە ماوەی دەیان ساڵدا وڵاتانی جیاواز لە سەرانسەری جیهان چەندین ستراتیژی سەربازیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان گرتۆتەبەر:
پاراستن: هێزە سەربازییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و هاوکاریکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان لە گەڕاندنەوەی یاسا و نەزمی نیشتمانیدا بەکاردەهێنرێن.
پێشلێگرتن: هێزە سەربازییەکان کار بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی پێشبینیکراو دەکەن.
ڕێگریکردن: هێزی سەربازی بۆ بێهیواکردنی هێرشە تیرۆریستییە ئەگەرییەکان بەکاردەهێنرێت.
تۆڵەسەندنەوە: هێزە سەربازییەکان لە دوای هێرشێک بە تۆڵەسەندنەوە وەڵام دەدەنەوە.
لەناوبردن: هێزە سەربازییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە تیرۆریستییەکان و پوچەڵکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان، سەرکردە سەرەکییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکوژن.
جەنگی درێژخایەن: هێزە سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەشداری لە جەنگی درێژخایەنتردا دەکەن.
پاراستن
ئەمەش دابینکردنی پاراستن و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان، گەڕاندنەوەی یاسا و نەزم و دووبارە دامەزراندنەوەی ژێرخانی نیشتمانی و سیستەمە نیشتمانییەکان لەخۆدەگرن. بە واتایەکی کردارییتر دەتوانرێت لە بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان، هێزی سەربازی بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتدارانی مەدەنی بەکاربهێنرێت. یەکێک لە نموونە کاریگەرەکانی هاوکاری و پاراستنی سەربازی بریتییە لە ڕۆڵی هێزی سەربازی و نیمچە سەربازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکەکانی ڕزگارکردنی بارمتەکان. دەتوانرێت ئەم ئەرکانە بە سەلامەتی وەک بەرگریکارێکی ئاکاری پۆلێن بکرێن، چونکە بە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری تەواو پشتگیرییان لێدەکرێت.

بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە ساڵانی 1970ـدا، هەندێک لە دەوڵەتان دەستیان کرد بە ئەنجامدان یاخود بەشداریکردن لە توندوتیژیی تیرۆریستی دژ بە ئەمریکا. لە ڕای گشتی ئەمریکادا، بەگشتی هێز وەک یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەژماردەکرێت و بە هەمان شێوە بۆ ناردنی پەیامێک کە ناتوانرێت لە ڕێگەی کردەوەی تیرۆریستییەوە ئەمریکا بترسێنرێت یاخود جڵەوبکرێت.
لە ساڵی 1980، دوای ئەوەی خوێندکارانی ئێران لە تاران دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکادا گرت و ئەمریکییەکانیان بە بارمتە گرت، ئەمریکا هەوڵیدا هێزی سەربازی بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەکاربهێنێت. ئەرکەکە سەرکەوتوو نەبوو، وە لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا دامەزرێنرا و لە ئێستادا سەرپەرشتیی تواناکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، هەماهەنگی و مەشقکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات.
دوای ئازادکردنی بارمتەکانی تاران، ئەمریکا سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی لە دژی تیرۆریستان لە بەرگرییەوە گۆڕی بۆ هێرشبردن. ئەم ڕێبازە بە هێرشی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییە گرنگەکان لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری کە تیرۆریستان لە لیبیا لە ساڵی 1986 یانەیەکی شەوانەیان لە بەرلینی ڕۆژئاوا بۆردوومان کرد، کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی، بەرجەستەکرا.
دەکرێت هەندێک لە وەڵامەکانی بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆریزم وا لە حکومەتەکان بکات ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی ڕێکخراو لە شەقامەکاندا جێگیر بکەن، بەڵام ئامادەبوونی سەربازی بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و حکومەتەکان لەلای هاوڵاتییان ناپەسەند بکات.
بە هەمان شێوە دەتوانرێت بۆ پاراستنی ئامانجە ئەگەرییەکانی چالاکییە تیرۆریستییەکان سوود لە هێزە چەکدارەکان وەربگیرێت. ئەمەش ژێرخانی گرنگ، دامەزراوە و کەسایەتییەکان دەگرێتەوە. یەکێک لەو نموونانە دەتوانرێت لە شوراکردنی باڵیۆزخانەکان و پاراستنی دیپلۆماتکارەکاندا بەدی بکرێت.
پێشلێگرتن
پێشلێگرتن واتە لێدانی پێشوەختە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی هێرشێک. ئەمە جیاوازە لە خۆپاراستن، چونکە ئەمەی دوواتریان دەکرێت وەک ڕێوشوێنێک بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی درێژخایەن تەماشا بکرێت لە کاتێکدا پێشلێگرتن بەگشتی لە ئۆپەراسیۆنی کورتخایەن پێکدێت. ئەم ستراتیژە لە دوای 9/11ـەوە سەریهەڵدا و جەختی لەسەر پێشلێگرتنی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کردەوە.
ئەمریکا زۆرجار هەڕەشەی پێشوەختە بۆ خۆپاراستن لە مەترسی بەکارهێناوە. دەتوانرێت نموونەی هاوشێوە لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 1990ـدا بەدی بکرێت، کاتێک ئەمریکا هۆشیاریدا لە بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی بۆ داخستنی وێستگەی کیمیایی ڕەبتا لە لیبیا، کە گومانی بەرهەمهێنانی گازی دەماری لێدەکرا (کە وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ پۆلێن کراوە). هۆشدارییەکە کاریگەری هەبوو و لە دەرەنجامدا دامەزراوەکە داخرا.
لە کاتێکدا کە دەکرێت پێشلێگرتن کەموکوڕیی هەبێت، هەندێک لە توێژەران دەڵێن کە کاتێک دێتە سەر باسی کوشتنی سەرکردە سەرەکییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەوا سەرکەوتنەکانی ڕێوشوێنی پێشلێگرتن زۆر ئاشناترن. پرسێکی دیکەی ڕێوشوێنی پێشوەختە برییە لە ڕەوایەتیدان و ڕەهەندە ئاکارییەکان. لە کاتێکدا کە دەکرێت ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشلێگرتنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری کە گروپە دیاریکراوەکان بە هێرشە ئەگەرییەکانەوە دەبەستێتەوە ئاسانتر بێت، بەڵام ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیان دەخەنە مەترسییەوە.
ڕێگریکردن
ئەمەش پاراستنی هەڵوێستێکی سەربازی بەهێز بۆ بێهیواکردن و ڕاوەدوونانی گروپە تیرۆریستییەکان لەخۆدەگرێت. ئۆپەراسیۆنی ڕمی نیپتۆن (ڕمی خوای دەریاکان)، کە لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدرا، بووە هۆی کوژرانی ئوسامە بن لادن، سەرکردەی باڵای تۆڕی ئەل قاعیدە و پلاندانەری پشت هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ـی مانگی ئەیلولی 2001. ئەمریکا هێلیکۆپتەرەکانی Black Hawk و هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەریایی کە بە باشی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کۆمەڵگەیەک لە ئەبۆتئاباد، لە پاکستان مەشقپێکرابوون، ڕەوانەکرد. لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ئەمریکا مەبەستی بوو سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەنجامدان و پشتیوانیکردنی چالاکیی تیرۆریستی لەسەر خاکی ئەمریکا، پەیامێکی ڕوون بنێرێت. ئۆپەراسیۆنەکە سەرکردایەتی و ورەی ئەل قاعیدەی لاواز کرد و ئیرادەی ئەمریکای بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆریستان نیشان دا.
بە هەمان شێوە وڵاتێک کە سوپایەکی بەهێزی هەبێت و تۆماری تۆڵەسەندنەوەی لە دژی هێرشەکان هەبێت، ئەوا دەتوانێت وەک ڕێگرییەکی بەهێز بەرامبەر بە تیرۆریستە ئەگەرییەکان ڕابوەستێت. لە ساڵی 1996، تیرۆریستان هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ژاپۆن لە شاری لیما، لە پیرۆ، وە دیپلۆماتکار و کەسایەتییە بیانییەکانیان بە بارمتە گرت. هاووڵاتیانی ئەمریکیش لەنێو ئەو کەسانەدابوون کە بە بارمتە گیرابوون.
بەهۆی دەنگۆیەکەوە کە کۆماندۆکانی هێزی دێڵتای ئەمریکی لە لیما نیشتوونەتەوە و خۆیان بۆ هەڵکوتانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونەکە ئامادە دەکەن، تیرۆریستان بارمتە ئەمریکییەکانیان ئازاد کرد. ئەوانی تر لەلایەن هێزە تایبەتەکانی پیرۆوە ڕزگارکران. دەرکەوت دەنگۆکە ساختەبوو، بەڵام زۆرێک وای بۆ چوون کە تیرۆریستان لە ترسی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا بارمتەکانیان ئازاد کردووە.
هەندێک لە توێژەران دەڵێن کە ڕێگریکردن کەموکوڕیی خۆی هەیە. یەکەم، ڕەنگە کاریگەری جێگرەوە دروست بکات کە تێیدا تیرۆریستان ڕێڕەوی کارکردنیان بگۆڕن یاخود هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو شوێنانەی لاوازتر دەردەکەون، بگوازنەوە. بۆ نموونە، دەکرێت لەبری تەقینەوەی خۆکوژی پەنا بۆ ڕفاندن ببەن. مشتومڕێکی تر بریتییە لەوەی کە ڕێگریکردن لە نەهێشتنی تیرۆر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هەمیشە سەرکەوتوو نییە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هەوڵەکانی ژمارەیەک لە وڵاتان بۆ ڕێگریکردن لە گروپە تیرۆریستییەکان تەواو سەرکەوتوو نەبوون، بەو پێیەی گروپە تیرۆریستییەکانی تر لە ئەنجامدانی هێرش کەمتەرخەمییان نەکردووە.
تۆڵەسەندنەوە
لە ئەنجامی بۆردومانەکانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تەنزانیا لەلایەن ئەل قاعیدەوە لە 7ـی مانگی ئابی 1998، سوپای ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی دەستڕاگەیشتنی بێ سنوور بە خێرایی تۆڵەی لە تیرۆریستان سەندەوە.
لە ماوەی چەند هەفتەیەک لە دوای تەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکە، پلان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە داڕێژرابوو. حکومەتی ئەمریکا ئەو ئامانجە ئەگەرییانەی دەستنیشان کرد کە قاعیدە و بن لادن لاواز بکات و پەیامێک بۆ سەرانسەری جیهان بنێرێت کە ئەمریکا و دامەزراوەکانی بەهۆی تیرۆرەوە لاواز نابن.
حکومەتی ئەمریکا دوو ئامانجی دیاریکرد، یەکێکیان کەمپی مەشقی خۆستی تیرۆریستان بوو، کە 161 کیلۆمەتر دوورە لە باشووری کابول لە ئەفغانستان. دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باوەڕیان وابوو کە کەمپی خۆست بە قووڵی پەیوەندیی بە تۆڕی تیرۆری بن لادنەوە هەیە.
جگە لەوەش، ئەو کۆمەڵگەیەی کە سەرکردە سەرەکییەکانی ئەل قاعیدەی تێدا نیشتەجێبوو، دەرفەتێکی بۆ حکومەتی ئەمریکا ڕەخساند تا ئەو ئامانجانەش لەناوببات. لە 20ـی مانگی ئابی 1998، هێزی دەریایی ئەمریکا ژمارەیەک موشەکی کروزیان ئاڕاستەکرد، کەمپی خۆستیان لەناوبرد.
هەرچەندە دەکرێت ئۆپەراسیۆنی دەستڕاگەیشتنی بێ سنوور بۆ ماوەیەکی کورتخایەن تۆڕی تیرۆریستیی بن لادنی لاواز کردبێت، بەڵام ڕێگریی لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتری ئەل قاعیدە بۆ سەر خاکی ئەمریکا نەکرد لە دواتردا.
لەناوبردن
ستراتیژێکی تری سەربازی کە وڵاتان بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەکان بەکاریدەهێنن، کوشتنی سەرکردە و ئەندامە سەرەکییە تیرۆریستەکانە.
هەندێک حاڵەت هەبووە کە تێیدا کوشتنی سەرکردەکان بە ڕادەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لەوانە ئۆپەراسیۆنی ڕمی نیپتۆن دژ بە بن لادن. مردنی ناوبراو ئەل قاعیدەی لاواز کرد و دەکرێت هێرشەکانی داهاتووشی پەکخستبێت.
کاریگەری کوشتنی سەرکردە تیرۆریستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەمیشە بابەتی مشتومڕی توێژەران بووە. زۆرێک پشتیوانی لەو ڕێبازە دەکەن، وە ئۆپەراسیۆنی ڕمی نیپتۆن بە نموونە دەهێننەوە. ئەوان لەو باوەڕەدان لەناوبردنی سەرکردایەتیی سەرەکی ناو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تواناکانی ئۆپەراسیۆنی گروپەکان سنووردار دەکات، ئەمەش داڕستنی پلان بۆ هێرشی کوشندە بۆ گروپە تیرۆریستییەکان سەختتر و گرانتر بێت. لە لایەکی دیکەوە، لەناوبردنی سەرکردە دەتوانێت گرووپێکی دیاریکراویش توندڕەو بکات و پاڵنەرێک بۆ تۆڵەسەندنەوە دروست بکات.
جەنگی درێژخایەن
چەند دەیەی ڕابردوو چەندەها جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی درێژخایەن لە دژی تیرۆریستان بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، هێزە سەربازییەکانی پاکستان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ لەناوبردنی پەناگە پارێزراوەکانی تیرۆریستان لە ناوخۆی وڵات و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی گشتیی ناوچەکە ئەنجامدا.
ناسراو بە ئۆپەراسیۆنی زەڕب عەزب، سوپا ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP)، ئەل قاعیدە و گروپە تیرۆریستییەکانی تر لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور ئەنجامدا. هێزەکانی پاکستان ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دەزگای وەزیرستانی باکوور و ناوچە خێڵەکییەکانی ئیدارەی فیدراڵی لە نزیک سنووری پاکستان و ئەفغانستان دەستپێکرد. زەرب عەزب وەڵامێک بوو بۆ هێرشێکی تیرۆریستی کوشندە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جیناحی لە کاراچ کرد بە ئامانج. نزیکەی 30,000 سەربازی پاکستان بەشداربوون.
زەرب عەزب هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگ، هێرشی زەمینی و ئۆپەراسیۆنی گەڕانی لەخۆگرتبوو. دەزگا هەواڵگرییەکانی پاکستان لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و ڕێگریکردن لە یاخیبوونی تاقمە تیرۆریستییەکان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا. لە هێرشە ئاسمانییەکاندا، هێزی ئاسمانیی پاکستان حەشارگەی تیرۆریستانی لە میرانشای پایتەختی وەزیرستانی باکوور کردە ئامانج.
دوابەدوای ئەو هێرشانە، شەڕێکی زەمینی لە نێوان سوپای پاکستان و چەکدارە تیرۆریستییەکان مسۆگەرکرد. جگە لە هێرشە سەربازییەکان، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیش ئەنجامدران. ئەمەش پێکهاتبوو لە دابڕاندنی ناوچە بەئامانجکراوەکان و دەستگیرکردن یاخود لەناوبردنی یاخیبووان و چەک لە ناوچەکەدا. لەبەرئەوەی زۆرینەی شەڕەکان لەنزیک سنووری پاکستان و ئەفغانستان ئەنجامدرا، هەوڵەکان بۆ ئاسایشکردنی سنوور و ڕێگریکردن لە جوڵەی تیرۆریستان بەسەر سنووردا خرانەگەڕ. تا ساڵی 2015، 2,763 تیرۆریست کوژراون و 837 پەناگەی پارێزراوی تیرۆریستان خاپورکران.
ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دۆڵی شەوال کۆتا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی زەرب عەزب بوو. ئۆپەراسیۆنەکە لە کەمکردنەوەی بەرچاوی تۆڕە تیرۆریستییەکانی ناو پاکستان بە سەرکەوتوو دانرا. ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردایەتی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) دەستگیرکران یاخود کوژران. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نموونەیەکی کاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دادەنرێت، بەڵام چالاکیی توندڕەوەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە و بەرپەرچدانەوەیان پرسێکی ئاڵۆز و بەردەوامە.
ئەنجامەکان
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتەکان بۆچوونیان لەبارەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا گۆڕیوە. لە نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، هێزی سەربازی وەک بەشێکی تەواو چارەنووسساز لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا هەژمار نەدەکرا. لە ئەمریکا، گرنگی زیاتر بە ڕێبازە یاسایی و وەڵامدانەوەکانی پۆلیس درا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا دوای قەیرانی بارمتەگرتنی ئێران، حکومەتی ئەمریکا هەنگاو بە هەنگاو دەستی بە بەسەربازکردنی ڕێبازەکەی کرد. هێرشەکانی 9/11 لە ئەمریکا ئەو تێگەیشتنەی هێنایە ئاراوە کە پێویستییەک بۆ ڕێوشوێنی بەهێزتری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە.
بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ئەرکەکانی ڕزگارکردنی بارمتە و شوراکردنی باڵیۆزخانەکان لە کەمکردنەوەی ژمارەی کوژراوانی مەدەنی و کاریگەریی هێرشە تیرۆریستییەکان یارمەتیدەر بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز لە شەقامەکاندا ترس زیاد بکات و سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری حکومەتێک بێمتمانەیی دروست بکات.
بە هەمان شێوە پێشلێگرتنیش بابەتێکە مشتومڕی لەسەرە. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشلێگرتن بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە تیرۆریستی گرنگ، بەڵام زۆرجار سەلماندنی ئەوەی کە ئایا ئەو ئۆپەراسیۆنانە ڕێگرییان لە هێرشە کوشندەکانی تر کردووە، ئەستەمە.
ڕێگریکردن پەیامێکی ڕوونی دەسەڵاتی سەربازی و ئیرادەی وڵاتێک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان دەنێرێت. وڵاتانی جۆراوجۆر وەڵامی سەربازیی بەهێزیان بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکانی داهاتوو بۆ سەر خاکەکانیان بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ڕێوشوێنەکانیش هێشتا چالاکیی تیرۆریستان لە ماوەی درێژخایەندا بەردەوامیی هەیە.
تۆڵەسەندنەوەی سەربازی، کاتێک لەڕێگەی یەکەی سەربازیی مەشقپێکراوی گونجاو و پلانی کاریگەر ئەنجام دەدرێت، ئەوا سەرچاوە گرنگەکانی گروپە تیرۆریستییەکان لەناودەبات و ئەندامەکانیان دەکوژێت. سەرەڕای ئەوەش، کاریگەرییەکەی لە ماوەی درێژخایەندا هێشتا جێگەی مشتومڕە.
کوشتنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو پەیکەری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبێتە هۆی دروستکردنی بۆشایی کورتخایەن لە دەسەڵاتی ناوخۆیی و لە کەمکردنەوەی ورەی گشتیی گرووپە تیرۆریستییەکان بەشداریدەکات. بەڵام دەکرێت تیرۆرکردن کاریگەری شەهیدبوون دروست بکات و هەندێک جار هانی هێرشی تیرۆریستیی زیاتر دەدات.
جەنگەکان پەناگە تیرۆریستییەکانیان خاپوورکردووە، سەرچاوە داراییەکانیان پەکخستووە و تەنانەت نزیک بووەنەتەوە لە بنبڕکردنی هەندێک گرووپی تیرۆریستی. سەرەڕای ئەوەی لەناوبردنی تەواوەتیی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەدی نەهێنراوە، بەڵام جەنگەکان توانای ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
شەش شێوازەکەی بەکارهێنانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زۆربەیان لە ماوەی کورتخایەندا ئەنجامیان بەدیهێناوە. سەرەڕای ئەوە، لە ماوەی درێژخایەندا، هەندێک جار گروپە تیرۆریستییەکان چالاکییە توندوتیژییەکانیان دەستپێ دەکەنەوە. هەرچەندە حاڵەت هەبووە کە تێیدا کردەوەکانی تۆڵەسەندنەوە و جەنگی سەرتاسەری ئەنجامێکی باشتریان بەدەستهێناوە وەک لەوەی چاوەڕوان دەکرا، بەڵام توێژینەوەی زیاتر لەسەر ئەو بارودۆخ و چوارچێوە تایبەتانەی کە تێیدا جەنگەکانی دژ بە تیرۆر لەوانی تر سەرکەوتووترن پێویستە.
بەهەمان شێوە ئێمە ئەوە دەبینین کە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، لەگەڵ هێزێکی ناڕێکخراو، دەزگای هەواڵگریی لاواز و نەبوونی پشتیوانیی کۆمەڵگا، بەگشتی لە لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەکان سەرکەوتوو نابن.
ڕێگریکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە درێژەدان بە چالاکییەکانیان پێویستی بە بەشداریکردنی کۆمەڵگا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیروباوەڕە توندڕەوانەی لە دروستبوونی گروپە تیرۆریستییەکان بەشدارن. وڵاتانى جۆراو جۆر بۆ زیانگەیاندن بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەبێ ئەوەی ببنە هۆکارى وێرانکاریی فیزیکی، ستراتیژى جیاواز بەکاردەهێنن.
لەنێوان ئەو ستراتیژانەدا، بەکارهێنانی ڕێوشوێنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە جیهانی بەرەوپێشچووی دیجیتاڵیمان و پەکخستنی تۆڕە داراییەکان کە پشتیوانی لە تیرۆر هەن. هاوشێوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکانیش ڕۆڵی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی جیهانیدا دەگێڕن.
لە کاتێکدا ئێمە بەدوای باشترین ستراتیژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەگەڕێین، ئەوا بەرلەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین، پێویستە باشتر لە کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ڕێوشوێنەکانی تری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێبگەین.
وەشانێکی ئەم بابەت لە لایەن هاوپەیمانیی سەربازیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیسلامی بڵاوکراوەتەوە.
