ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC) یەکێکە لە هەرە دیارترین ناوەندە تایبەتمەندەکانی مەشقی سەربازی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ڕوانگەی شاهانەی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم ئیبن حوسێن، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەرجەستە دەکات.
شا، خودا بیپارێزێت، ئارەزووی دەکرد بۆ ئامادەکردن و گەشەپێدانی کارمەندانی سەربازی و ئاسایش بە ئاستێکی بەرزی پیشەیی بە نوێترین چەمک و شێوازگەریی جیهانی لە مەشقی ئۆپەراسیۆنیدا دامەزراوەیەکی پێشکەوتووی مەشقکردن دابمەزرێنێت.
ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC) بۆ ئەو مەبەستە دامەزرێنرا کە ببێت بە سەکۆیەکی پێشەنگ لە بوارەکانی مەشقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بە هەمان شێوە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی مەشقکردنی یەکخراو کە بارودۆخی مەیدانیی ڕاستەقینە هاوشێوە بکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە ژێرخانی پێشکەوتوو و شارەزایی مرۆیی شایستە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان و دەزگاکانی ئاسایش لە ئاستە جیاوازەکاندا. بە ڕووبەری 3,500 مەتر چوارگۆشە، ناوەندەکە لە توانایدایە لە یەک کاتدا میوانداریی 1,500 فێرخواز بکات و لە ماوەی 16 ساڵی کارکردنیدا مەشقی بە زیاتر لە 137,000 کارمەند کردووە.
لە ژێر تیشکی پێشکەوتنە خێرا تەکنەلۆژییەکان و گۆڕانکاریی جیهانی بە ئاڕاستەی سیستەمی پشتبەستوو بە ژیریی دەستکرد، ناوەندەکە بە متمانەوە تەکنەلۆژیا زیرەکەکان ئاوێتەی سیستەمی مەشقی ئۆپەراسیۆنیی خۆی دەکات. ئەم هەوڵانە پەرەپێدانی سیستەمی پێشکەوتووی هاوشێوەکردن، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای شیکارکەری داتای مەیدانی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای کرداریی و بەرزکردنەوەی ئاستی بڕیاردان لە میانی ئەرکە ئاڵۆزەکانی مەشقکردندا لەخۆدەگرن.
ڕوانگەی ئێمە بریتییە لە بەهێزکردنی پێگەی ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC) وەک ناوەندێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی پێشەنگ بۆ مەشقی سەربازیی تایبەتمەند لەسەر بنەمای داهێنان و تەکنەلۆژیای زیرەک، هاوتەریب لەگەڵ پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوچەرخەکان. بە هەمان شێوە هەوڵدەدەین لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ئەدای کرداریی هاوکات، کە بوار بە فێرخوازان دەدات لێهاتووییەکانیان لە زانیاری پێشکەوتوو و چوارچێوەی تەکنیکیدا چڕ بکەنەوە، ژینگەیەکی مەشقی دیجیتاڵی یەکخراو بنیات بنێین.
ئەرکی ناوەندەکە لەسەر ئەو بنەما بنەڕەتییە دامەزراوە کە دەڵێت باڵادەستی لە بوارەکەدا لە باڵادەستبوون لە ڕاهێنانەوە دەست پێدەکات، وە وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەکان بریتییە لە بەردی بناغەی بنیاتنانی سیستەمێکی ئاسایش و بەرگریی کە توانای گونجاندنی لەگەڵ ئاستەنگەکانی داهاتوودا هەبێت.
پیشبڕکێی جەنگاوەر
پێشبڕکێی جەنگاوەر کە ساڵانە لەلایەن ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC)ـەوە ڕێکدەخرێت، سەکۆیەکە بۆ هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە نێوان تیمە دەستەبژێرەکانی سوپا جیاوازەکان لە سەرانسەری جیهان، بە هەمان شێوەش گەورەترین کۆمپانیا جیهانییەکان لە بواری بەرهەمهێنانی سەربازی.
بیرۆکەی پێشبڕکێکە لە ساڵی 2009 سەریهەڵدا کاتێک ناوەندەکە کرایەوە. لە سەرەتادا پێشبڕکێی جەنگاوەر تەنها سێ تیمی لەخۆگرتبوو بەڵام لە دواییدا بوو بە یەکێک لە گرنگترین چالاکییە سەربازییەکان، لەگەڵ پەرۆشیی جەنگاوەران لە سەرانسەری جیهان بۆ بەشداریکردن و ناردنی باشترینەکانیان بۆ پێشبڕکێکردن.
پێشبڕکێ ساڵانەییە پێنج ڕۆژییەکە ڕێگە بە هەموو بەشداربووان دەدات، ئاخۆ تیمە ڕکابەرەکان بن، چاودێر یاخود سەرپەرشتیاران بن، بە هەمان شێوە سەردانکەرانی باڵای سەربازی و مەدەنیش، ئاشنای لێهاتوویی شەڕکردنی وڵاتانی تر بن. ئەمە دەرفەتێکە بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تا نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرە سەربازییەکانیان نمایش بکەن و پێشکەوتنە نوێیەکان لە بواری سەربازی و ئاسایشدا نیشان بدەن.
14ـهەمین پێشبڕکێی ساڵانەی جەنگاوەر لە 5 بۆ 9ـی مانگی تشرینی یەکەمی 2025، بە بەشداری 38 تیم کە لە 23 وڵاتەوە هاتبوون، بەڕێوەچوو. دەزگای دژەتیرۆری عێراق نازناوی پێشبڕکێیەکەی بەدەستهێنا، لە دوای ئەویش هێزە تایبەتییەکان برونای داروسەلام پلەی دووەمیان بەدەستهێنا. هێزی تایبەتی شاهانەی شا عەبدوڵڵای دووەمی ئەردەن پلەی سێهەمی بەدەستهێنا.
پێشبڕکێی ساڵی 2025 ئەو چالاکییە نوێیانەی لەخۆگرتوو کە بۆ هاوشان بوون لەگەڵ پێشکەوتنە بەردەوامەکانی بەرەکانی شەڕ، تەکنەلۆژیای سەربازی نوێ و پێشکەوتوو ناسێنرابوون. بۆ پاراستنی بەردەوامیی کێبڕکێکە و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دادوەریکردنی دادپەروەرانە، ساڵانە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێت. ئەمەش لە کاتی هەڵسەنگاندنی تیمە بەشداربووەکاندا، بێلایەنی دەستەبەر دەکات.
پێشبڕکێکە ئەو تەکنەلۆژیا و شێوازە مەشقکردنە پێشکەوتووانەی لەخۆگرتبوو کە ژینگەکانی ئۆپەراسیۆنی جیهانی ڕاستەقینەیان بەرجەستەکرد، ئەمەش وایکرد تیمە بەشداربووەکان ئاستی بەرزی بەرگەگرتن، لێهاتوویی شەڕکردن و ورەی تیم نیشان بدەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کرۆکی جەنگاوەرێکی ڕاستەقینەیە؛ بوێری، پابەندبوون و ئیرادە.
لەم چوارچێوەیەدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی تیمی عێراق دەکەین بۆ ئاستە ناوازە و سەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەیان لە پێشبڕکێی 2025. ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر لێهاتوویی، پابەندبوون و ئیرادە باڵاکەی، کە گیانی جەنگاوەری ڕاستەقینە بەرجەستە دەکات.
لە کۆتاییدا، ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم بە ڕێبەریی ڕێنماییە شاهانەییەکان، پابەندبوون بە باڵابوون وەک بنەمایەک، سەرکردایەتیکردن وەک بژاردەیەک و پیشەییبوون وەک ڕێبازێکی بەردەوام لە خزمەتکردنی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب و هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە بواری مەشقی ئۆپەراسیۆنی پێشکەوتوودا، بە شێوەیەکی لێهاتووانە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.
