هاوکاری لە ئاسمانەوە
هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە ڕێگەی خستنەخوارەوەی ئاسمانییەوە پێداویستیی خۆراک و دەرمان بۆ خەڵکی مەدەنیی غەزە دابیندەکەن
عەمید لیوا مستەفا عەبدول حەلیم ئەلحەیاری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەربازی، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن-سوپای عەرەب
وێنە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەردەن
لە ڕۆژی یەکەمی جەنگی غەزەوە، ئەردەن ماندوونەناسانە کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەزە دەکات. ئەمە جگە لە داواکارییەکانی خاوەن شکۆ پاشا عەبدوڵلای دووەم بن ئەلحوسەین بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی کاری سیاسی لەپێناو بڕیارنامەیەکی هەمەلایەنە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی. ئا لێرەدا ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن- سوپای عەرەب بە بەرزڕاگرتنی پێگەی فەرمی و پشتیوانیکردن لە هەوڵە مرۆییەکان لە کەرتی غەزە بۆ کەمکردنەوەی ئازارە مرۆییەکان لە ژێر ئەم هەلومەرجە سەختانەدا، هاتەکایەوە.
نەخۆشخانە مەیدانییە سەربازییەکانی ئەردەن، لەگەڵ تیمی پسپۆڕانی پزیشکییان، لە پێشەنگی دابینکردنی چاودێریی پزیشکیی گرنگدان. ئەمە یەکەیەکی نەشتەرگەری کە لە ڕامەڵڵا جێرگیرکراون لەگەڵ یەکەیەکی تر لە جێنین، لەخۆدەگرێت. لە ساڵی 2009، ئەردەن یەکەم نەخۆشخانەی عەرەبی، کە لەو کاتەوە 2 ملیۆن نەخۆشی وەرگرتووە، لە کەرتی غەزە دامەزراند.
لەگەڵ ئەوەی ڕەوشی تەندروستی بە بەردەوامبوونی جەنگ خراپبوو، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن نەخۆشخانەی مەیداینی سەربازیی تایبەتی 2/کەرتی باشوری غەزەیان ڕەوانەی شارۆچکەی خان یونس کرد. سەرەڕای ئەمەش، نەخۆشخانەی مەیدانیی نابلوسی ئەردەنی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکانی تر، پێکهێنرا و جێگیرکرا. بە هەمان شێوە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، بە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی خێرخوازیی هاشمیی ئەردەن و وەزارەتی کاروباری دەرەوە و بیانیەکان، لە ڕێگەی پردێکی ئاسمانییەوە کە لە نێوان فڕۆکەخانەی سەربازیی مارکا لە ئەردەن و فڕۆکەخانەی ئەلعەریشلە لە کۆماری میسڕی دۆستدا بنیاتنرابوو، پێداویستی پزیشکی، خۆراک و فریاگوزاریی تریان ڕەوانەکرد.
لە ئەنجامی سەختی گەیاندنی هاوکاری لە ڕێگەی دەروازە وشکانیەکانەوە، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن دەستیان بە خستنەخوارەوەی ئاسمانی کەلوپەلی پزیشکی و فریاگوزاری بۆ نەخۆشخانە مەیدانییەکانی ئەردەن لە کەرتی غەزە بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی پزیشکی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی. ئەمەش ئازاری زامدار و بریندارەکانی لەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، سووکتر کردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ لەخۆگرتنی گەیاندنی ڕاستەوخۆی یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی مەدەنی لە غەزە فراوانترکرا. بۆ گەیشتنە دەستی هەموو ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە پێویستیان بە یارمەتی و کەمکردنەوەی بارگرانیی جەنگێک، لە سەرانسەری غەزە خستنەخوارەوەی ئاسمانی ئەنجامدرا. لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا خستنەخوارەوەی ئاسمانی زیادیکرد، لەبەرئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی ئاسمانی، شانبەشانی زۆرێک لە وڵاتانی تر کاریانکرد.
ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی ئاسمانی بەشێکی گرنگن لە ستراتیژییەک بۆ دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەدەست ململانێ و کارەساتەکانەوە دەناڵێنن. ئەم ئۆپەراسیۆنانە پڕ ئاڵنگاری و ئاڵۆزن. ئەمانە زۆرجار بەهۆی کەشوهەوای نالەباری وەکو بایە بەرزەکان، تەم و زریانەکانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت. دەستینشانکردنی شوێنی نیشتنەوە پێویستی بە وردبینی و کاتی دیاریکراو هەیە. جێگیرکردنی سووتەمەنی و کارمەندی تێچوو زۆر بریتیین لە ئاڵنگاریە لۆجستیکییەکان. سەرەڕای هەموو ئەوانە، خستنەخوارەوە ئاسمانییەکانی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکانی ئەردەن بۆ غەزە سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، وە ئۆپەراسیۆنە کارامەییەکانی ئەردەن خۆراک و دەرمانی زۆر پێویستیان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی گیریخواردوو دابین کردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەتەنها لە لایەن ئەردەنەوە ئەنجام نەدران، بەڵکو بە بەشداریی زۆرێک لەو وڵاتانەی لە ناردنی هاوکاری لە ڕێگەی وشکانییەوە کێشەیان هەبوو و لە ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی یارمەتییەکان ڕوویان لە ئەردەن کرد، ئەنجامدران. بە گیانی هاوکاریی هاوبەش، وە بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئەردەن- سوپای عەرەب، ئەمریکا بەشداری لە خستنەخوارەوەی ئاسمانیی مرۆیی لە کەرتی غەزەدا دەکات.
ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی ئاسمانیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بە بەکارهێنانی فڕۆکەی گواستنەوەی C-130 کە دەتوانن بارێکی زۆر لە کەرەستە هەڵبگرن هەتا بە پەرەشوت بخرێنە خوارەوە، هاوکاریی مرۆیی بۆ غەزە دابیندەکەن. خستنەخوارەوەکان چەندین سوودیان هەیە. ئەوان لە نەبوونی ژێرخانی کارادا یاخود کاتێک هاوڵاتییانی مەدەنی لەو شوێنەکاندا کە ڕێکخراوە فریاگوزارییە مرۆییەکان دەستیان پێناگات گیردەخۆن، سەرکەوتوو دەبن. سەرەڕای ئەوەش، خستنەخوارەوە ئاسمانییەکان بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی زۆریان بە بەراورد بە گواستنەوەی وشکانی، مەترسییەکانی فڕین بەسەر ناوچە جێناکۆکەکاندا و مەترسی برینداربوون کاتێک باری قورس لە شوێنی هەڵەدا بنیشێتەوە، بە دوا ڕێگە دادەنرێن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ئێوارەی پێش کریسمس لە ساڵی 2023، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن-سوپای عەرەب، بۆ یارمەتیدانی کەسانی گەمارۆدراو لە کڵێسای کاسۆلیکی دێر ئەللاتین لە ناوچەی حەی ئەلزەیتون لە باکوری غەزە، خستنەخوارەوەیەکی ئاسمانییان ئەنجامدا. فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئەردەن کەلوپەلی مرۆیی و خۆراکی بۆ 800 دانیشتووی مەسیحی غەزە کە پەنایان بۆ کڵێساکە دەبرد، دابەزاند. ئەوان بەدەست کورتهێنانی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ترەوە دەناڵێنن و لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین. ئەمە لە ئێوارەی پێش کریسمس پەیامێکی خۆشەویستی بوو لە ئەردەنەوە بۆ ئەو کڵێسایەی کە پەناگەیەکی بۆ مەسیحییەکان دابین دەکرد.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ و بەرەو خراپبوونی قەیرانی مرۆیی، زیاتر لە نیو ملیۆن دانیشتووی غەزە یەک هەنگاو دوورن لە توشبوون بە برسێتی. لە هەر شەش منداڵێکی خوار تەمەن دوو ساڵ لە باکوری غەزە، یەکێکیان تووشی بەدخۆراکییەکی توند دەبێتەوە.
هەرچەندە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان چارەسەرێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی ئازارە مرۆییەکانی قوربانیانی جەنگ، خستنەخوارەوەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دۆست و برا، بەردەوامن لە دابینکردنی یارمەتییە پزیشکی و مرۆییەکان.
Comments are closed.