شێرەکانی وڵات و قەڵغانە نەبەزیووەکەیان سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی ‘بازی شێر’ـیان بۆ بنبڕکردن و کۆتاییهێنان بە کاری سەرکردە تیرۆریستییەکان کرد، کە بیریان لەوە دەکردەوە بیابانەکان وەکو مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ هێرشکردنە سەر پارێزگاکانی عێراق و ناوەندەکانی شار بەکاربهێنن.
شێرەکانی وڵات هەرگیز ڕێگەیان پێنەدان ئەو کارە بکەن. ئەوان ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد کە تامێکی تاڵی دوو لایەنی بە داعش نۆشت: کۆتایی هاتنی چالاکییەکانیان لە بیابان، وە شکست و لەناوبردنی ڕووڕەشترین تۆڕیان لە ناوچەیەکی جوگرافیی زۆر ئاڵۆزدا.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی دامەزراوەیەکی گەورەیە، وەکو قەڵغانی دەرەکی خزمەت بە عێراق دەکات. ئێمە گەواهیدەری زۆربەی ئەو شەڕە بووین کە پیاوەکانی بە ئیرادەی تەواویانەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕووخاندنی تۆڕە تیرۆریستییە دەرەکی و ناوخۆییەکان جەنگان. ئەوان گەورەترین هەستی قارەمانێتی نەتەوەیی لە تێکشکاندنی تیرۆر و لەناوبردنی یەکێک لە گەورەترین تۆڕە ناوخۆییەکانی پەیوەست بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داشی لە بیابانی ئەنبار بەرجەستە دەکەن.
زۆربەی جار ڕاپۆرت و بابەتەکان ئاماژە بە وادی قەزف (دۆڵی قەزف)ـی ئەنبار دەکەن، کە پێشتر پەناگەیەکی سەلامەت بووە بۆ سەرکردایەتیی داعش. لەو کاتەوەی محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی حکومەتی عێراقی گرتووەتە ئەستۆ، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگەی هەواڵگری لە عێراق لە بەدواداچوون و لەناوبردنی سەرکردایەتی باڵای داعش دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ.
یەکێک لە یەکەم ئۆپەراسیۆنە گرنگەکانی لە ڕووی ستراتیژییەوە، بریتی بوو لە لەناوبردنی تواناکانی دابینکردن، جوڵەکردن و گواستنەوەی داعش. بە هەمان شێوە چاودێری ئەو ئاسۆ و گردە دوورانەی دەکرد، کە تاڕادەیەکی زۆر لە دوورەوە بە سیخوڕیکردنی نەریتی نەبینران. ئێمە بۆ بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و هەڵبژاردنی شانۆکانی داهاتووی ئۆپەراسیۆن پێویستمان بە زیرەکی مرۆیی بوو.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئامانجەکانی دەستنیشان کرد و هەڵبژارد و لەگەڵ لقی هەواڵگری و بەشی بەئامانجکردنی هاوبەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ لەلایەن جێگری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانییەوە هاوبەشی پێکرد.
ئەوان لە شوێنپێهەڵگرتنی گەورەترین تۆڕی سەرکردەکانی داعش لە یەکێک لە مەترسیدارترین بیابانەکانی جیهان سەرکەوتوو بوون. ئەم بیابانە شوێنی گرنگترین سەرکردە تیرۆریستەکان بووە، کە جوگرافیاکەیان بۆ خۆدزینەوە، خۆحەشاردان و هەڵهاتنیان قۆستبووەوە. ئەوان بەرپرسیارن لە سەرکردایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە بیابانی عەرەبی، وە بە شێوەیەکی بەرفراوان باوەڕ وایە بەشێک بن لە پێکهاتەی فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی دەرەکی و جیهانیی داعش.
ئۆپەراسیۆنی بیابانی ئەنبار بریتی نەبوو لە تەنها ئۆپەراسیۆنی گەورە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانییەوە لەو ناوچەیەدا ئەنجامدرابێت. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی تری بە هەمان گەورەیی و گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا کە دەکرێت وانەی بەنرخ بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دابین بکات.
عێراق لە بەرەبەیانی 29ـی ئابی 2024، لە بیابانی ئەنبار ئۆپەراسیۆنی ‘بازی شێر’ـی دەستپێکرد، کە بارەگا و حەشارگەکانی سەرکردەکانی داعشی کردە ئامانج. ئەمە بەرهەمی چەند مانگێک کۆبوونەوەی ئاسایشی، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، کاری تەکنیکی و مەیدانی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، پاڵپشتی تەکنیکی و لۆژستی و هاوبەشپێکردنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی و بەدواداچوونی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بوو.
ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و نیشتنەوەی هێزی ئاسمانی بە پلاندانان و سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهاتبوو. ئەمە لە لایەن دەزگای دژە تیرۆری عێراق، یەکەی هێزە تایبەتەکان و یەکەکانی لەشکری 5 بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئەنجامدرا. هەروەها لەلایەن هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپاوە پشتیوانی کران و لە لایەن ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هاوکاری تەکنیکییان پێشکش کرا. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە کوژرانی 14 تیرۆریستی داعش کۆتایی هات. هەندێک لە سەرکردە تیرۆریستە سەرەکییە تاوانبارەکان بریتی بوون لە:
ئەبو سدیق یان ئەبو موسلیم. ناوی ڕاستەقینە: ئەحمەد حەمەد حسێن عەبدولجەلیل زوەین، خۆی بە جێگری پارێزگاری عێراق ناساندبوو.
مەنسور ئەبو عەلی ئەلتونسی. ناوی ڕاستەقینە: عومەر بن سوەیح بن سالم قەرا، بە ناو ئەمیری بەرهەمهێنان، گەشەپێدان و کاروباری کیمیایی بوو.
ئەبو هیمام. ناوی ڕاستەقینە: سەعد مەحەمەد ناصر، بە ناو بە پارێزگاری ئەنبار دیاریکرابوو.
تیرۆریستی تاوانبار شاکر هیرات ئەلنەجدی، بە ناو بە فەرماندەی سەربازیی داعش لە ئەنبار دیاریکرابوو.
ئەبو عەبد حەنوب یان ئەبو عەبدولڕەحمان. ناوی ڕاستەقینە: موعەمەر مەهدی خەلەف حسێن، بە ناو بە پارێزگاری باشوور دیاریکرابوو.
ویقاس. ناوی ڕاستەقینە: عەلی ڕەباح ڕەجە، بە ناو بە ئەفسەری پەیوەندییەکان دیاریکرابوو کە بە بەرپرسی کاروباری ئابووری و دارایی بوو لە پارێزگای ئەنبار.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی کە زیاتر لە 20 ساڵە خزمەت دەکات، هەوڵێکی ئێجگار زۆری داوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. شانبەشانی برایانی لە هێزە چەکدارەکان، بەگوێرەی پێکهاتە وەزارییەکان، وە بە هەمان شێوە دەزگا ئاسایشییەکانی تر و لەڕێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە بۆ شکستپێهێنانی تیرۆر و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ماددی و مرۆیییان خزمەتی کردووە.
ئۆپەراسیۆنە بێشومارەکانی لە دەرەوەی عێراق بوونە هۆی گرتن و ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگیی دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی دیکە، ئاخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا یان وڵاتانی تر بووبن. لە ناوخۆشدا دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لە پارێزگا ئازادکراوەکاندا تۆڕە تیرۆریستییەکانی لەناوبردووە، بە هەمان شێوە ئەو ئەرکە هەواڵگرییانەشی کە پێی ڕاسپێردرابوو جێبەجێکردووە. ئەم ئەرکانە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام دەدات و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی تۆڕە تیرۆریستییەکان، هەمیشە لە پێش دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی ناوچەکەدایە.
ئەم پیاوانە ژیانی بەنرخی خۆیان بۆ عێراق، بۆ پاراستنی گەلەکەی و سیستەمە دیموکراسییەکەی، بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی عێراق و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تەرخان کردووە. خودا عەقڵ و دەستی ئەو قارەمانانەی بەشی ئۆپەراسیۆن و سەرجەم بەشەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە بنبڕکردنی تیرۆر لە عێراق بپارێزێت.