سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی ڕایگەیاند کە داواکراوترین کەس لە عێراق لەلایەن یەکەیەکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە کوژراوە.
ئەو تیرۆریستە، جاسم خەلەف داود ڕامید ئەلمەزروعی، لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی داعش بە “حاکم”ـی عێراق دادەنرا، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا لەگەڵ هەشت لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە کە لە ئەشکەوتێکدا لە چیای حەمرین خۆیان حەشاردابوو، کوژرا.
بەهۆی سەختیی زەوییەکەی، ناوچەکە حەشارگەی سروشتی و شاراوەی باشی بۆ پاشماوەکانی گرووپە تیرۆریستییەکە و بە هەمان شێوە توانای هاتووچۆ و گەشتکردن بۆ ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکانی سەلاحەدین، دیالە و ڕۆژئاوای کەرکوک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بە ئامانجگرتنی گوند و ناوچەکانی تەنیشت چیای حەمرین دابین کردووە.
ئەو گۆڕانکارییە تەکتیکییەی لەلایەن داعشەوە بۆ شاردنەوەی سەرکردایەتی گشتیی خۆی گیراوەتەبەر، بەردەستبوونی زانیارییەکانی بۆ جیهانی دەرەوە سنووردار کردووە. هەروەها ئۆپەراسیۆنە ئاسایشییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە ڕێگری لە ڕەوتی گەیشتنی زانیارییەکان کردووە بۆ ئاستی سەرکردایەتی ناوەڕاست و خوارەوەی ڕێکخراوەکە تا لەلایەن دەزگا عێراقی و نێودەوڵەتییە هەواڵگرییەکان نەدۆزرێتەوە و نەکرێنە ئامانج.

هاوکات، داعش بۆ شاردنەوەی ناسنامەی سەرکردە و ئەندامانی خۆی، بەرزترین ئاستی میدیا و نهێنی ئەلیکترۆنی جێبەجێ کردووە. ئەمەش وایکرد ئەرکی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و داڕشتنی نەخشەی چالاکییە هەواڵگرییەکانی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق، لەنێویاندا دەزگای دژەتیرۆری عێراق سەختتر بکات.
ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی بەنرخ وەکو گورزێکی کوشندە بۆ سەر ڕێکخستن و دەروونی ئەندامانی داعش کە شاردنەوەی ناسنامەی سەرکردە باڵاکەیان لە عێراق لە پێشینەی کارەکانیان دابوو، هاتە کایەوە. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، لقی هەواڵگریی دەزگای دژە تیرۆر توانی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، چاودێریکردن، بەدواداچوون و شیکردنەوەوە ئەلمەزروعی، شوێنی بنکەی فەرماندەییەکەی و شێوازی جووڵە و پەیوەندییەکانی دەستنیشان بکات. کەواتە ئەو پیاوەی پێی دەگوترا “دەستگیرکردنی بەنرخ” کێ بوو؟
ئەو تیرۆریستە، ناسراو بە ئەبو عەبدولقادر، ئەبو عەبدولکەریم و ئەبو حودەیفە، لە ساڵی 1975 لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایک بووە. ناوبراو لە ساڵی 2004ـدا ئەندامی تاقمی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بووە و لە ساڵی 2014 بەیعەتی بە داعش دا. بەرلەوەی بەرپرسیارێتی پارێزگای بەناو باکووری بەغدا بگرێتە ئەستۆ، وەکو “ئەمیری کەرت” لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوەکەدا چالاک بووە. هەروەها لەچوارچێوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی چەتەکانی داعش لە عێراق، سەرپەرشتی بەناو پارێزگای فەللوجە و ئەماڕەتی باشووری سەڵاحەدینی کردووە.
دەزگای هەواڵگریی عێراق سەبارەت بە لایەنە تیرۆریستی و توندڕەوەکان و ئەندامانی ئەو گروپانەی کە توندوتیژی بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاردەهێنن، خاوەنی بنکەزانیارییەکی بەرفراوانە. ئەلمەزروعی سەرەتای 2014 دەستگیرکرا و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، بەڵام دوای داگیرکردنی شاری تکریتی عێراق لەلایەن داعشەوە هەڵهات.

لقی هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆر، بە پشتیوانی و هەواڵگریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەدواداچوون بۆ جموجۆڵی “دەستگیرکردنە بەنرخ”ـەکە کرد. داعش نیازی وابوو لە عێراقەوە بیگوازێتەوە بۆ شاری ڕەققە لە سوریا و شارەکانی دیکەی ناوچەکە تا بتوانێت بۆ ماوەیەک لەوێ خۆی حەشاربدات بەر لە گەڕاندنەوەی عێراق.
دەزگای هەواڵگریی عێراق بە یارمەتی دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەکانی تر بەردەوامبوو لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی جوڵەکانی ئامانجەکە. جوڵە و شوێنە ئەگەرییەکانی لە کۆتاییدا پوختکرانەوە و خرانە ژێر چاودێری مرۆیی و تەکنیکی، ئاسمانییەوە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕێکار و شێوازی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ئامانجە تیرۆریستییەکان، ئەو تۆڕانەی کە لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە پێکهێنراون، جۆری ئەو مەترسیانەی کە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دروستی دەکەن و ئاستی مەترسییەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئامانجە دەستنیشانکراوەکان پەیڕەو دەکات.
دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکە، فەرماندەیی دەزگاکە هەنگاوە هەماهەنگەکان پەیڕەو دەکات و بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک بۆ دەستگیرکردن یان لەناوبردنی ئامانجەکە پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکان مسۆگەر دەکات.

فەریق کەریم ئەلتەمیمی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق سەرکردایەتی قۆناغی جێبەجێکردنی ئامانجەکەی کرد. بە هەمان شێوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرزترین پلەی ئاسایشی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی بەنرخ و لەناوببردنی فەرماندە تیرۆریستەکان و شانەی سەرکردایەتییەکەی، سەرپەرشتی هەماهەنگیی نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و یەکەکانی پشتیوانی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد. شوێنەکەیان بە بەکارهێنانی زانیاریی ورد کە لەلایەن لقی هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دابینکرابوو، دەستنیشان کرا. پاشان زانیارییەکان بە سیخوڕیکردن و چاودێری ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتڕاستکرانەوە.
ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی بەنرخ سەلماندی کە دەزگاکانی ئاسایشی عێراق بە سەرۆکایەتیی دەزگای دژەتیرۆر، خاوەن توانای هەواڵگری و ڕێکخراوەیین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەخت لە ناوچە جوگرافییە ئاڵۆزەکاندا کە چەتەکانی داعش هەوڵدەدەن وەکو حەشارگە بەکاریبهێنن بۆ ئەوەی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە نەگیرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێداگری و ئیرادەی پیاوانی دڵسۆز بۆ عێراق و گەلەکەی، ئەرکەکە بە ئەنجام گەیەنرا.