کەشتییەکی گوماناوی هاتە ناو سنوورە ئاوییەکانی ئەردەن و پرسیارەکانی بەڕێوەبەرانی ڕادیۆیی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی دەریایی لە بەندەری عەقەبە پشتگوێخست.
درۆنێکی ژێردەریایی کە چاودێریی ئەو ناوچەیەی دەریای دەکرد، سەرنجی دا کە کەشتییەکە بەلەمێکی خێرای خستەکار. لەناو بەلەمەکەدا چەکدار هەبوون کە بە خێرایی بەرەو کەنار دەریاکە دەجوڵان و دەستیان بەسەر بەندەرێکی مەدەنیدا گرت.
هێزێکی کاردانەوەی خێرای فرەنەتەوەیی کەوتە جوڵە. لە دوای پاشەکشەی سەرەتایی کە تێیدا دەستدرێژیکەران توانیان بە موشەکێکی نارنجۆک فڕۆکەیەکی دۆستانە بخەنە خوارەوە، هێزە فرەنەتەوەییەکان ڕێگرییان کرد و چوونە ناو کەشتییە گومانلێکراوەکە.
یەکینەکانی دیکە لە ڕێگەی وشکانی و دەریاییەوە هێرشیان کردە سەر بەندەرە داگیرکراوەکە لەلایەن تیرۆریستانەوە و دەستیان بەسەر ئەو باڵەخانەدا گرتەوە کە دوژمن داگیری کردبوو.
وەکو ئۆپەراسیۆنی کۆتایی ئەرکەکە، مەلەوانانی ژێر ئاوی هێزی دەریایی بۆ لابردنی تەقەمەنییەکان، دەرهێنانی فڕۆکەوانە گیرخواردووەکان و بەدەستخستنەوەی سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە چوونە خوارەوە بۆ سەر پاشماوەی فڕۆکە کەوتووەکە.
ئەم نمایشە لە توانای سەربازی بریتی بوو لە بەشێک لە مەشقی دەریایی نێودەوڵەتیی (IMX 2025)، یەکێک لە مەشقە سەربازییە هەرە گرنگەکان لە ناوچەکە. IMX مەشقێکی دوووبارە بووەوەیە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە
شانشینی بەحرەین ڕێکدەخرێت. لە نۆیەم گەڕی مەشقەکە لە مانگی لە شوباتی 2025ـدا زیاتر لە 30 وڵات بەشدارییان کرد.
IMX 25 لەژێر سەرپەرشتی سێ فەرماندەییدا ئەنجامدرا: هێزێکی ئەرکیی یەکخراوی ڕۆژهەڵات کە لە بەحرەین جێگیرە، بەو چالاکییانەی کە لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عەرەبی ئەنجامیداوە؛ هێزی ئەرکیی یەکخراوی ڕۆژئاوا کە لە ئەردەن جێگیرە، بەو چالاکییانەی کە لە کەنداوی عەقەبە و دەریای سوور ئەنجامیداوە؛ و هێزی ئەرکیی بەرەنگاوبوونەوەی مین کە لە دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیندی ڕاهێنانی ئەنجامدا.
مەشقی IMXـی ئەم ساڵ توانای وڵاتانی بەشداربووی بۆ جێبەجێ کردنی یاسا لە دەریا و چەسپاندنی ئاسایشی دەریایی لە کاتی پێویستدا، بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان پێکدەهێنن و فراوانکردنی بەشداریکردنی دەریایی جیهانی بە بەشداریپێکردنی ڕێکخراوە دەریاییە نێودەوڵەتییە حکومی و ناحکومییەکان نیشان دا.
بە هەمان شێوە مەشقەکە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای دەریایی نەریتی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێتر و پێشکەوتووتری بەئامانجگرتبوو، بەتایبەتیش سیستەمی دەریایی بێ کارمەند و نیشاندانی تواناکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە هاوبەشەکانی ئاسایشی دەریایی.

IMX 25 دووەم جار بوو کە تێیادا هێزی دەریایی شاهانەی ئەردەن سەرکردایەتی بەشێکی مەشقەکەیان کرد. هەشت وڵاتی دۆست و برا بەشدارییان
لە هێزی ئەرکی یەکخراویی ڕۆژئاوا کرد لە عەقەبە، لە ئەردەن؛ ئەمریکا میسڕ، یەمەن، بەڕیتانیای مەزن، ئیتاڵیا، یۆنان و قوبرس.
ئەم مەشقە لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەنجام درا. هەفتەی یەکەم تەرخانکرابوو بۆ ڕاهێنانی ئەکادیمی لەسەر بابەتەکانی وەکو چاودێریکردنی تاکتیکیی قوربانیانی جەنگ، گوێزەرەوەی ژێرئاویی جڵەوکراو لە دوورەوە، لە ناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی هێزی دەریایی، ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ داروپەردووی ژێر ئاودا.
لە دوای ڕاهێنانە ئەکادیمییەکان، هەفتەیەک لە مەشقی مەیدانی بەڕێوەچوو کە پاککردنەوەی لە مین، سواربوون و گەڕان بە ناو کەشتییەکاندا، ڕزگارکردنی فڕۆکە و چاودێریکردنی دەریاکان بە سیستەمە ئاسمانی، سەر ڕووی ئاوی و ژێر ئاوییە بێ کارمەندەکان.
ئەنجامدانی مەشقە دەریاییە فرەلایەنەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئاستێکی پەسەندکراوی هاوبەش لە هەماهەنگیی نێوان هێزە دەریاییەکان. زۆربەی هێزە دەریاییەکان دەتوانن لەم بوارانەدا لێهاتوویی نیشان بدەن، بەڵام ئەگەر بتوانین وەک تیمێک کار بکەین ئەوا زۆر کارامەتر دەبین.
بەبێ گرنگیدان بەو کڵاوانەی کە لە سەری دەکەین، ئاڵاکانی سەر یەکپۆشیمان یان ئەو نەیارانەی کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، هێزە دەریاییەکانمان لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا کە پێویست بوو وەکو یەک یەکە کاردەکەن، ئەگەر لەو جۆرە هەوڵە یەکگرتووانە وەبەرهێنان بکەین کە لە ماوەی دوو هەفتەی IMX بینیمان.
سەرنجی نوێ لە مەشقی 2025 بریتی بوو لە جەختکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و تێکەڵکردنی لەگەڵ ژینگەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان بۆ دەستنیشانکردنی هەڕەشە دەریاییەکان. ئەگەر بە شێوەیەکی
گونجاو بەکاربهێنرێت، ئەوا ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە دەبێتە هۆی بەرقەرارکردنی ئاسایشی زیاتر.
دەرفەتی بەکارهێنانی سیستەمی دابینکردنی هەوا لەسەر ڕووی ئاوەوە، لەگەڵ زەنگ و سۆندەی درێژی مەلەوانیی ژێر ئاو، بێ ئەندازە بەنرخ بوو. ئەم تەکنەلۆژیایە بواری بە ئەرکە درێژخایەنەکانی ژێر ئاو داوە.
هیوادارین لە گەڕەکانی داهاتووی IMXـدا چالاکییەکانی بەرگریی ئاسمانیی کەناراوەکان لەخۆ بگرێت، بەو پێیەی هێزی دەریایی شاهانەی ئەردەن فراوان بووە و یەکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لەخۆدەگرێت.
ئێمە سوپاسگوزارین لەوەی کە هێزە فرەنەتەوەییە بەشداربووەکان لە هێزی ئەرکی یەکخراوی ڕۆژئاوا لە ئەردەن دەرفەتی باشیان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر ڕەفتار بکەن و فێرببن. ئەمە تەنها دەستپێکە. هیوادارین لە داهاتوودا بەشداری لە چالاکی زیاتری وەکو ئەم مەشقە دیاردەییە بکەین و ڕێکیان بخەین.