سەنگەرێک لە بەرامبەر تیرۆریزم
میسڕ وەکو هەڕەشەیەکی جیهانی دەڕوانێتە توندڕەوە توندوتیژەکان
لیوا مەسعەد ئەلشەشتاوی، هێزە چەکدارەکانی میسڕ
مەشقی ’ئەستێرەی گەشی’ـی میسڕ و ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین و هەرە گرنگترین مەشقە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ساڵی 1980ـوە، ‘ئەستێرەی گەش’ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، کە تیرۆریزم یەکێکە لەوانە، هەوڵی ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە چەندین بوار و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان دەدات.
تیرۆریزم ئەوانە لەناودەبات کە بەرهەمی دەهێنن، ئەوانەی کە پەنای دەدەن و ئەوانەی پشتیوانیی دەکەن. تیرۆریزم هیچ نەتەوە و ئایینێکی نییە. هەڕەشەیەکی جیهانییە هەم بۆ بوونی مرۆڤایەتی و هەم بۆ شارستانیەت. بەبێ گومان کاریگەری لەسەر هەموو وڵات و پێکهاتەیەک هەبووە، وە تەنانەت زلهێزەکانیش لە مەترسییەکانی بێبەری نەبوون.
تیرۆریزم میسڕ و زۆرێک لە وڵاتانی تری گرتووەتەوە. تیرۆریستان لە ئەوروپا و ئەمریکادا پێشتر لەناوچوون، بەڵام تیرۆریزم لە ئەفریقادا لە پەرەسەندندایە. گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دروستکردنی قوربانی لە شوێنی دیکە، دەتوانن بگەنە دەرەوە. بۆ نمونە، ڕفێنەرانی فڕۆکە کاریگەرییان لەسەر سەرنشینانی چەندین وڵات هەیە.
بەشێوەیەکی گشتی تیرۆر بەو کردارە پێناسەدەکرێت کە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان کە بەگوێرەی یاسا و داب و نەریتەکانی ئێستا ڕێگەپێنەدراون، لە ڕێگەی توندوتیژی یاخود هەڕەشەوە هەوڵی تۆقاندنی تاک، گروپ، ڕێکخراو یاخود وڵاتێک دەدات، وە لە ڕێگەی تیرۆرکردن، بڕینی جەستە، تێکشکاندن، ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی بنەماوە ترس و ناسەقامگیری بڵاودەکاتەوە.
تیرۆری نێودەوڵەتی هەر هێرشێک بۆ سەر ژیان و موڵکی گشتی یاخود تایبەت دەگرێتەوە کە لەلایەن گروپەکانی وڵاتێکەوە دژی کەسانێک کە لە وڵاتێکی تردا دەژین ئەنجام بدرێت، وە کردەوەی جیاکاریی نەتەوەیی و نەژادی کە هەندێک وڵات تێیدا بەشدارن لەخۆدەگرێت.
زۆرجار تیرۆریستان بۆ لەناوبردنی بنەمای گشتی لە وڵاتێکدا و دروستکردنی گومان لە تواناکانی، بە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵاتی و کەناڵی ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی دەروونی ئەنجام دەدەن.
بە خێرایی و بە وردی ڕوونکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان بۆ زیادکردنی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی گومڕاکردنی تیرۆریستی زۆر پێویستە و پووچەڵکردنەوەی گێڕانەوەی ناڕاستیش لە ئەستۆی هەموواندایە.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە سەر پەیوەندی نێوان تیرۆریزم و تاوانی ڕێکخراو، کە بەو پێیەی هەریەکەیان بریتیین لە دەربڕینی توندوتیژیی ڕێکخراو بە سەرکردایەتی گروپ و ڕێکخراوەکان کە بۆ پلاندانان بۆ کردارەکان بە نهێنی و ورد توانای ڕێکخراوەیی بەرچاویان هەیە، هاوشێوەی تیرۆریزمە. تاوانی ڕێکخراو لە هەندێک لەو شێوازانەی کە پەیڕەو دەکرێن هاوشێوەی تیرۆریزمە.
هۆکارەکانی تیرۆریزم جۆراوجۆرن. یەکەم، سەرپەرشتیکردنی تیرۆریزم لەلایەن هەندێک وڵات و ڕێکخراوی سیاسییەوە دەبێتە هۆی گەشەکردن و فراوانبوونی پانتاییەکەی لەسەر ئاستی جیهان، وە فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بەو دەوڵەت و ڕێکخراوە سیاسیانە.
دووەم، ئامانج و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی هەندێک هێز یاخود دەوڵەت کە هەوڵی دروستکردنی کاریگەری بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری دەدەن لە کاتێکدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانیان دەکەن. زۆرجار ئەمە بە ناوی “تیرۆریزمی سەرپەرشتیکراو لەلایەن دەوڵەت”ـەوە دەناسرێت.
سێیەم، دیاردە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی وەکو بێکاری، هەژاری و گەندەڵی، بە دیاریکراوی کاتێک لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڵاوە، بەشداری لە توندوتیژیدا دەکەن.
چوارەم، ناتوانین بێ توانایی گوتاری ئایینی، کلتووری و میدیایی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و ئەو دەقخوازە چەق بەستووانەی کە بەکارهێنانی عەقڵ لە لێکدانەوەی واقیع یان دەقە ئایینییە دروستەکاندا ڕەتدەکەنەوە، پشتگوێ بخەین. بەهەمان شێوە لایەنی ڕاگەیاندنی بەکرێگیراوی پڕوپاگەندەی کینەدارانە ناتەبایی لە نێوان خەڵکی وڵاتی بەئامانجکراودا بڵاودەکەنەوە و ئارامی و ئاسایشی ئەو کۆمەڵگایە تێکدەدەن.
لەگەڵ پەرەسەندنی تیرۆریزم، بە سەرهەڵدانی چەند قەوارە و ڕێکخراوی سەر بە بیروباوەڕی توندڕەو، تەکفیریزم، و تۆقاندن بە ناوی ئایین لە ژێر ئاڵای ڕەشدا، لەوانە جیهادی ئیسلامیی داعش، ئەلقاعیدە، ئەنسار بەیت ئەلموقەدەس، بۆکۆحەرام لە نەیجیریا و ئەلشەباب لە سۆماڵ پرسەکان ئاڵۆزتر بوون. ئامانجە شەیتانییەکانیان برەو بە وێرانکاری، کوشتن و گێرەشێوێنی دەدەن و هەموویان بە شێواندنی ئیسلام لە ڕێگەی لێکدانەوە نادروستەکانی دەقە ئایینییەکانەوە فەلسەفەی دڕندانەی خۆیان هەناردە کردووە.
لەم ڕووەوە، چەندین وێستگەی تەلەفزیۆنیی ئاسمانیی تەواو پاڵپشتیکراوی دارایی کە بەشێکن لە چوارچێوەیەکی “ڕاگەیاندن و تیرۆریزمی ئەلیکترۆنی” کە زانیاری و ئینتەرنێت بۆ مەبەستی تۆقاندن و زۆرەملێکردن لە خزمەت ئامانجە سیاسییەکاندا بەکاردەهێنن، هەن. ئەم شێوازانە تا ڕادەیەکی زۆر بەو ڕۆڵە پێشکەوتووەی کە تەکنەلۆژیای زانیاری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەیگێڕێت و هەروەها ڕۆڵی پێشتر ئاماژەپێکراو وەکو یەکێک لە شێوازە سەرەتاییەکانی جەنگی هاوچەرخ، پەیوەستن.
میسڕ ئەو باوەڕەی پاراستووە کە تیرۆریزم هیچ نیشتمان یاخود ئاینێکی نییە و پێویستە لە هەر شوێنێک و بە هەر شێواز و دەرکەوتنێک لەدژی بجەنگین. هەر بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهان ئەم جەنگە بخەنە نێوان ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەیان و مرۆڤایەتیدا دەیگرنە ئەستۆ.
لە ئەنجامدا، ئەگەر ئەم وڵاتانە بەڕاستی ئارەزووی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گەلەکەیان دەکەن، ئەوا پێویستە دەستبەکاربن، چونکە ناکرێت لە کاتێکدا تیرۆریزم هێشتا ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە ئامادەن پەناگە، ئاڕاستەکردن، پاڵپشتیکردنی دارایی و پڕچەککردنی بۆ ئەنجام بدەن، بوار بۆ فراوانبوونی جێبهێڵرێت.
ئەمە ئەوەیە کە میسڕ ڕایگەیاندووە و سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی چەندین جار لەبارەیەوە هۆشداری داوە. میسڕ سەبارەت بە پرسی تیرۆریزم وەک چۆن هەندێک وڵات بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان دەیکەن، مامەڵەی دوو ڕووییانە ناکات. میسڕ ڕووبەڕووی تیرۆریزم دەبێتەوە کە تێیدا لایەنی وڵاتانی بیانی و کەناڵی ئاسمانیی خەرجی تەرخانکراو بەشدارن تێیدا. زۆرجار میسڕ قورسایی بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی ناشیرینییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوپەیمان و پشتیوانکراو لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوەی لە ئەستۆ گرتووە.
لە جەنگی دژ بە لایەنە تیرۆریستییەکانیشدا، میسڕ درک بەوە دەکات کە ئەمە ڕووبەڕوونەوەی قەوارەیەکی سیاسی یاخود یاسایی نییە، بەڵکو ڕێکخراوە ناپاکە نهێنییەکانن کە دان بە ناسنامەی نەتەوەییدا نانێن، ئەو ڕێکخراوانەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی وێرانکاری و گەندەڵی نەک بە تەنها لە میسڕ بەڵکو بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی جیهانیش شانە تیرۆریستییە سنووربەزێنەکان لێیانەوە سەریان هەڵداوە. ئەم شانە تیرۆریستانە وەکو بەشێک لە ستراتیژیەتێک بۆ لەناوبردنی سەقامگیریی دەوڵەت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە بە پاڵپشتییەکی دارایی گەورە لەلایەن چەندین وڵاتێکەوە گەشەیان کرد و بوون بە نێونەتەوەیی، کە بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ڕیشەی نەتەوەیی هەوڵی (شکستخواردوو) زیانگەیاندن بە میسڕ دەدەن، هەوڵیان داوە ململانێ لە میسڕدا هەڵبگیرسێنن، بۆیە بۆ سەرکەوتن لە بنبڕکردنی تیرۆریزم لە ڕێشەوە پێوییستی بە جێگیرکردنی هێزە نیشتمانییەکان هەیە.
میسڕ بە نوێنەرایەتی جیهانەوە جەنگێک بۆ کۆتاییهێنان بەم تیرۆرە تاوانکارییە کە ڕێگری لە گەشەکردن و بەرەپێشچوون دەکات و گەنجانی میسڕ دەکاتە ئامانج، ئاخۆ ئەفسەر، سەرباز یان خەڵکی مەدەنی بێتاوان بن، بەڕێوەدەبات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە مانگی شوباتی 2019، لە شەرم ئەلشێخ دیداری یەکێتیی ئەوروپا و یەکێتیی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو و زیاتر لە 50 وڵات بۆ قسەکردن لەسەر پرسەکانی تیرۆریزم و کۆچکردنی نایاسایی لە پاشخانی جەنگی بە نوێنەرایەتی جیهانی میسڕ لە دژی لایەنە تیرۆریستییەکان لە نیمچە دورگەی سینا و ناوچە سنوورییەکان، ئامادەبوون.
بە جێگیرکردنی بەکۆمەڵی سەرباز، بۆ بنبڕکردنی تیرۆریزم و لە ڕێشەدەرکردنی سەرچاوەکانی لە باکور و ناوەڕاستی سینا لەسەر بنەمای چاودێرییەکی تەواو و ورد کە دەرەنجامی هەوڵە سەربازی و هەواڵگرییەکان بوو بۆ چەسپاندنی ئاسایش لەسەر هەر بستێکی وڵات و دروستکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی گەشەپێدان لە سینا، هێزە چەکدارەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دەوڵەت ئۆپەراسیۆنی بێشوماریان ئەنجامدا.
هێزی ئاسمانی چەندین بنکە، حەشارگە، کۆگای چەک و تەقەمەنی، کە لەلایەن باڵە تیرۆریستییەکانەوە وەکو گۆڕەپانی هێرشکردنە سەر کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسای هێزە چەکدارەکان و ئامانجە پۆلیسی و مەدەنییەکان لە باکور و ناوەڕاستی سینا بەکاردەهێنران، کردە ئامانج. بە هەمان شێوە پێکهاتە هاوبەشەکانی سوپا و پۆلیس بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە زۆر گرنگەکان کە بایەخی ستراتیژیان بۆ دەوڵەت هەیە، ڕێوشوێنەکانیان چڕکردەوە.
بە کورتی، میسڕ لەسەر ڕێگای ڕاستەکەیە و بە هیچ ڕوداوێکی تیرۆریستی یان پیلانێکی خراپەکارانە کە توندوتیژی و کینە زیاد دەکەن لە بەرامبەر دەستکەوتە نیشتمانییە گەورەکانمان و خۆڕاگری گەلەکەمان — کە مەزنترین چەکی ئێمەیە دژ بە تیرۆریزم و پیلانگێڕی، ڕێگری لێناکرێت.
میسڕ لە بەرامبەر تیرۆردا بە بەهێزی دەمێنێتەوە، سەرۆکایەتی ئابوورییەکی بەهێز و پڕۆژەی بیناسازیی نیشتمانیی بەرفراوان دەکات، کە بە پشتیوانی خودا، وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن دەبات، خەندە بۆ ڕووخساری گەلی میسڕ دەگەڕێنێتەوە و میسڕ بۆ پێگەی خۆی وەکو پێشەنگ لە ئەفریقا و جیهانی عەرەبیدا دەگەڕێنێتەوە.
ئەمانە هەوڵە چاکەکارییەکانن کە ڕەنگی سەوزی خۆیان بەسەر بیابانەکاندا بڵاودەکەنەوە، بنیاکردنی خانووی شایستە بۆ هەژاران، وێستگەی کارەبا کە تاریکی دەگۆڕن بۆ ڕووناکی، تۆڕەکانی ڕێگاوبان کە هێڵی ژیان بۆ هەموو گۆشەکانی میسڕ دابین دەکەن. هەروەها بە واتای چەک و تەقەمەنی نوێش بۆ سوپا مەزنەکەمان و گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ خاکە مەزنەکەمان دێت.
هیوادارین میسڕ بە پارێزراوی و سەلامەتی بمێنێتەوە، سوپاس بۆ خوای گەورە و بەڵێنە ڕاستەقینەکەی کە “هەرکەسێک تێیدا بژی پێویستە سەلامەت بێت.” هیوادارین میسڕ بە متمانە و ڕاستگۆییانە بەرەوپێش بچێت و هیوادارین نەوەکانی باشترین سەربازبن لەسەر ڕووی زەوی. وڵاتەکەمان، بە نەریت و ڕۆحی سەربەستی خۆیەوە، بە شانازییەوە دەمێنێتەوە، سەربەرزە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ شارستانێتییان لە کەناری ڕووباری نەمریی نیلدا بنیاتناوە، شانازی بە گەلە دێرینەکەیەوە دەکات. Φ
Comments are closed.