تەبایی دامەزراوە ئاسایشییەکان لە کاتی یاخود لە دوای قەیرانەکان بەڵگەی دڵسۆزیی سەربازی و پلاندانانی ستراتیژیی ئاڵۆزە بۆ زاڵبوون بەسەر سەختی و ئاڵنگارییەکان. ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دانایی و ئەزموونی فەرماندەکانی ئاسایش، کە کلیلی سەرکەوتنی سوپای هاوچەرخن لە ڕێگریکردن لە شکست و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی دەوڵەت.
زۆرێک لە وڵاتان تووشی قەیران و جەنگ بوون، و نەیانتوانیوە لە ناوخۆدا یەکگرتوویی بپارێزن، کە دەرەنجامی کارەساتباری بۆ ئاشتی و سەقامگیریی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، نەک بە تەنها لە خودی وڵاتەکەدا بەڵکو لە ناوچەکەش، بەو پێیەی زۆرجار ململانێکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان درێژدەبنەوە، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێویستە ئێمە تیشک بخەینە سەر سەرکەوتنی دەوڵەتی لوبنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین قەیراندا، بەتایبەت شەڕی ناوخۆی لوبنان کە گۆڕرا بۆ شەڕی بەکرێگیراو کە لەلایەن چەند لایەنێکی ناوچەییەوە لە شەقامەکانی بەیروت پاڵپشتی دەکران. سەرەڕای ساڵانی شەڕی ناوخۆ و ئەو وێرانکارییە بەرفراوانەی کە بەسەر لوبناندا هات، دەوڵەتی لوبنان بە دانایی و وریاییەوە سەرکەوت و هێزی چەکداری پیشەیی دروستکرد کە دوور لە سنووری مەیلی بەرتەسکی تیرەگەریدا شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە دەکەن.
کاتێک ئاگری شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1989 دامرکایەوە و لوبنان پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خۆی دەستپێکرد، هێزە چەکدارەکانی لوبنان لە نێوان دامەزراوەکانی تری دەوڵەتدا لە توانایاندا بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان و بنیاتنانەوەی ئاسایش کارامەتربوون. بنیاتنانەوەی سوپای لوبنان چاوەڕوانیەکانی تێپەڕاند. تەنها لە ژێر پێکهاتەی فەرماندەیی فرە ئاست و سیستەمێکی بەڕێوەبردندا دەکرێت ئەمە ڕووبدات کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و هەنگاونان لەگەڵ گۆڕانکارییە مەیدانییەکاندا پلانی ستراتیژی و بە هەمان شێوە جێگرەوەی هەبێت. ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی تۆکمەی دامەزراوەیی دەوڵەت و سەربازیی لوبنان، هەماهەنگیی باشی نێوان هێزەکانی ئاسایش و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی سەرچاوەکان.
بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی سەرچاوەکان، سەرەتا بە ئامادەیی سوپا بۆ دانانی بەتواناترین ئەفسەرەکانی لە پێگە هەستیارەکانی سەرکردایەتی، بەدەرکەوت. وەک چۆن لە تەواوی پێکهاتەی سەربازیدا، پێگە و کاریگەریی یەکە جیاوازەکاندا لە پیشەیی بوونی فەرماندەکانی و ئامادەیی و پابەندبوونیان بۆ چەسپاندنی یاساکان و جێبەجێکردنی فەرمانەکاندایە.

دەبێت فەرماندە خاوەنی تایبەتمەندیی سەرکردایەتی، ڕابردوویەکی پڕ دەستکەوتی سەربازی، دەستپاکی و ئاکاریی سەربازی بێت کاتێک لەگەڵ پلە نزمترەکان مامەڵە دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کە سەرکردایەتیی سەربازیی لیوا محەمەد حسێن ئەل مستەفایان بۆ پێگەی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای بەرگریی بەربژێر کرد. ئەزموونی مەیدانیی ئەو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و سەرکردایەتیکردنی پۆلی کۆماندۆی دەریایی و لیوای 2 لەو کاتانەی کە پێویستی بە دەستێوەردانی سەربازی هەبوو بۆ پاراستنی ئاسایشیی نیشتمانی، گەواهیدەری دانایی، بوێری و دڵسۆزی ئەون بۆ وڵاتەکە.
گرنگە سەرەتا تیشک بخرێتە سەر ڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای بەرگری، کە دامەزراندنەکەی بەگوێرەی بنەمای یاسای بەرگریی نیشتمانیی 16ـی مانگی ئەیلوولی 1983 (بەشی دووەم ڕێکخستنی گشتیی بەرگریی نیشتمانی) بوو.
ئەنجومەنەکە پێکدێت لە سەرۆکی کۆمار وەکو سەرۆک، سەرۆک وەزیران وەکو جێگری سەرۆک، وە وەزیرانی بەرگری، کاروباری دەرەوە، دارایی، ناوخۆ و ئابووری وەکو ئەندام.
ئەنجومەنی باڵای بەرگری ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت چونکە بڕیار ، بڕیارەکانی بە نهێنی دەهێڵرێنەوە، لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی سیاسەتی بەرگریی دەوڵەت دەدات وەک چۆن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێناسە کراوە، لەگەڵ گرنگیدانێکی تایبەت بە ئامادەکاری و ڕێکخستنی بەرگری، لەوانەش ئەم پرسە سەرەکیانەی خوارەوە:
- •خزمەتگوزاریی سەربازی و بەسەربازکردن
- •ڕێکخستنی ئەکادیمی
- •ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییەکان لە کشتوکاڵ، پیشەسازی، دارایی و بازرگانیدا
- •ڕێکخستنی چالاکییە تەندروستی و پزیشکییەکان
- •ڕێکخستنی گشتیی دەوڵەت و دانیشتووان، بە تایبەت بەرگریی شارستانی
- •ڕێکخستنی چالاکییەکانی ڕێنمایی و هۆشیاری
بە هەمان شێوە ئەنجومەنی باڵای بەرگری، ئەرکەکانی بەرگری، لەگەڵ ئاڕاستەکردن و ڕێنمایی پێویست بۆ وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دابین دەکات، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دەکات و دابینکردنی ئامێر و کەرەستە بۆ ئەو ئەرکانە پەسەند دەکات.
سەبارەت بە ڕۆڵی سکرتێری گشتی، لە فەرمانی دامەزراندنی ئەنجومەنەکەدا هاتووە کە ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسیارە لە “کۆکردنەوە و نوێکردنەوەی زانیاری لە بەشە پەیوەندیدارەکان و پەرەپێدانی توێژینەوە و ڕاپۆرتەکان کە بوار بە دەسەڵاتە بەرپرسیارەکان دەدات بتوانن بڕیاری گونجاو بدەن. لەم بارەیەوە، پێویستە هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی خۆکار هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە بەرگری و ئاسایش بۆ سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی باڵای بەرگری دابین بکەن. هەروەها سکرتێری گشتی بۆ تەواوکردنی ئەو فایلە ئاسایشی و بەرگرییانەی کە ئامادەی دەکات، دەتوانێت داوای زانیاری لە وەزارەت و ئیدارە گشتییە جیاوازەکان بکات.”
هاوتا لەگەڵ ڕۆڵی ئەو وەکو سکرتێری گشتی، لیوا ئەل مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی سەربازییە، بەرپرسیارە لە ئەرکە سەرەکییەکان لە دەزگاکانی وەزارەتی بەرگری نیشتمانی، لەوانە پلەبەرزکردنەوە، پێکهێنان، بودجە و دامەزراندن. بە هەمان شێوە، ئەو سەرۆکایەتی تیمی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات کە بەرپرسیارە لە داڕشتنی پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و ئامادەکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەدامەزراوەییکردنی کارەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەمە جگە لە سەرۆکایەتیکردنی لیژنەی نیشتمانیی هەماهەنگی کارەسات و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان.

لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە، کە نوێنەری سەرجەم وەزارەت، بەش و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە بەڕێوەبردنی کارەسات لەخۆدەگرێت، ئەل مستەفا لە ئاراستەکردنی هەوڵەکانی وەڵامدانەوەی نیشتمانیدا بۆ ئەو قەیرانەی کە لە ئەنجامی ئەو دوژمنایەتییانەی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی کۆمەڵگا دروستکردبوو و پێویستی بە دەستێوەردان و چالاکیی نیشتمانی هەبوو لەلایەن چەندین بەشی جیاوازەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی.
دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، ململانێکان پەرەیان سەند بۆ جەنگێک کە بووە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان و مردن، ئاوارەبوونی زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات و لەناوچوون یان زیانگەیاندن بە زیاتر لە 90,000 سامانی ماددی، لەوانە ژێرخانی ئابووری، خانوو، قوتابخانە، ڕێگاوبان و زەوییە کشتوکاڵییەکان.
لە سایەی سەرکردایەتی یەکلاکەرەوە و خۆتەرخانکردن بۆ ئەرکەکەی وەک سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی، لیوا ئەل مستەفا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران لە ماوەیەکی کەمدا ژووری ئۆپەراسیۆنی نیشتمانی بۆ دڵنیابوونەوە لە وەڵامدانەوەی هەماهەنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوخۆیی کارا کرد، و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک خۆراک و چاودێریی پزیشکی لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کاری کرد، لەگەڵ گرنگیدانێکی سەرەکی بە دابینکردنی پەناگەیەکی سەلامەت و شکۆمەند بۆ ئاوارەکان لە لوبنان.
پلانەکان لەسەر ئاستی ناوەند چالاک کران و لەگەڵ لقە ناوخۆییەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکاندا هەماهەنگ کران. بە هەمان شێوە لیواکە سەرپەرشتیی کۆکردنەوەی وەزارەتەکان و دەزگاکانی ئاسایشی کرد، و ڕێکارەکانی کارکردنی ستانداردی چالاککرد کە دەکەونە چوارچێوەی گشتیی پلانی وەڵامدانەوەی نیشتمانییەوە. ئەو پلانە نیشتمانییەی کە لیژنەکە دایڕشتبوو نوێکرایەوە تا ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی سەرجەم وەزارەت، بەش و دەزگا نیشتیمانییەکان لەخۆ بگرێت.
لیوا ئەل مستەفا هەوڵیدا پشتیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پلانەکە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە چوارچێوەی دەسەڵات و توانای هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا وەکو چوارچێوەیەکی کاری فەرمی و یاسایی بۆ وەڵامدانەوە خزمەت بکات. پلانەکە چەندین سیناریۆی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت. ڕێنماییە چەسپاوەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سیناریۆیانە پەرەی پێدراوە، لەوانە بوومەلەرزە، لافاو، جەنگ، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و ئاوارەبوونی ناوخۆیی و دەرەکی. ئەرکەکان لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکاری، وەڵامدانەوە و بنیاتنانەوەی پێشوەختەدا بە ڕوونی دیاری دەکرێن، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی پیشەیی هەیە لە نێوان ئەو لایەنانەی کە بەشدارن. سەرەڕای ئەو ئاستەنگە گەورانەی بەهۆی قەیرانە ئابووری و داراییە بەردەوامەکانەوە دروست بوون کە زیاتر لە پێنج ساڵە لوبنانیان گرتۆتەوە، لیوا جەختی لەسەر باشترکردنی هەماهەنگیی نێوان تواناکانی کەرتی گشتی و ئاڕاستەکردنی هەموو ئەندامان کردەوە کە نوێنەرایەتی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە لە ژێر چەتری لیژنەکەدا کاربکەن. ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ پاراستنی وەڵامێکی نیشتمانی یەکگرتوو.

ئەم دەستکەوتانە بەهۆی توانای ئەو لە گۆڕینی ساتە سەرەتاییەکانی پشێوی بۆ دۆخێکی ڕێکخراوی هەماهەنگ لە ئاستی کاری لیژنەکەدا، وە ئاگادارکردنەوەی سەرۆک وەزیران لە ڕاستی و ڕێکارەکانی ڕۆژانە بۆ گەیشتن بە بڕیارە ستراتیژییەکان کە سەلامەتی گشتی و بارودۆخی دارایی لەبەرچاو بگرێت، تیشکیان خرایە سەر. لەڕێگەی بەگەڕخستنی سەکۆیەکی بەرێوەبردن کە زانیاریی هاوکاتی سەبارەت بە شوێنی پەناگەکان، ژمارەی ئاوارەکان و پێداویستییە مرۆییەکانیان بە کۆکردنەوە، یەکخستن و بە نەخشەکردنی زانیاری سەبارەت بە ئاوارەبوون، تەکنەلۆژیا بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەری وەڵامدانەوەکە بەکارهێنرا.
ئامرازە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان و سەکۆکانی بەڕێوەبردنی هاوکات بەدواداچوونی بۆ پێداویستییەکان، خزمەتگوزارییەکان و جووڵەی دانیشتووانیان کرد، ئەمەش بواری بۆ بەئامانجگرتنی دروستتر و کاریگەرتری پشتیوانییەکان ڕەخساند. ئەم ئامرازانە بۆ پشتیوانیکردن لە بڕیاردانی هاوکات و دابینکردنی سەرچاوە لەسەر بنەمای بەڵگە، نەخشە و ڕاپۆرت سەبارەت بە کاریگەریی زیانەکان بەرهەمدەهێنن. وێنەی مانگی دەستکرد یارمەتیدەرە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و هەڵسەنگاندنی دەستبەجێی پێداویستییەکان.
وەک سەرۆکی لیژنەکە، لیوا ئەل مستەفا هەوڵیدا بە شێوەیەکی بەردەوام ستراتیژییەکانی پەیوەندیی گشتی و بەشداریکردنی کۆمەڵگا بە درێژایی وەڵامدانەوەکە بەکاربهێنێت. لە کاتێکدا هەندێک لە دەزگاکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و مسۆگەرکردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەکان و سەرۆکی ناوەندەکان هەماهەنگییان دەکرد ، ئەوانی تر کارمەندی تەواویان نەبوو بۆ ئەم جۆرە لە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ. بە بەکارهێنانی ڕاپۆرتی بارودۆخی ڕۆژانە، جێگەی ئەم دۆخە لە بەڕێوەبردنی کاروبار گیرایەوە، کە لە ڕێگەی سەکۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە وەک بەشێک لە ستراتیژی پەیوەندییەکان بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی بەرفراوانتر و نوێکردنەوەی هاوکاتەوە ئامار و نوێکارییەکانی بۆ گەل بڵاودەکردەوە.
سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، لیوا ئەل مستەفا لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکەدا یەکڕیزیی هەوڵەکانی پاراست، بنەمای کاری هاوبەشی نێوان دامەزراوەکانی بەهێزتر کرد و شێوازێکی سەرکەوتووی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە فریاگوزاریەکان دامەزراند. بەکورتی، ئەدای کرداریی ئەو وەک سەرۆکی لیژنەی نیشتیمانی ڕەنگدانەوەی شێوازێکی کاریگەرە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هەماهەنگی هەوڵە نیشتمانییەکان.
لەبەر ئەوەی لیژنەی نیشتمانی بە پلەی یەکەم بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییە چاوەڕوانکراوەکانی هەر کارەساتێک یان قەیرانێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانەی کە داوای ڕێوشوێنی پێشوەختە دەکەن دامەزرێنرا، جەنابی لیوا، هاوکات ئەرکی ئاسایشی خۆی وەک سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای بەرگری ئەنجام دەدات، بەمەش زانیاریی ئاسایشی کۆدەکاتەوە و شیکار دەکات و لە پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو پرسانەی کە دەکرێت هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی بکەن ئامۆژگاری پێشکەش دەکات.
ئەو ڕۆژانە سەرکردایەتیی سیاسی لە هەموو مەترسی و پێوەرێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشمانی کە دەکرێت ببنە هۆی قەیرانی نیشتمانی کاریگەر لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ئابووری، تەندروستی، کۆمەڵایەتی یاخود ژینگەیی، ئاگاداردەکاتەوە
ئەم ڕۆڵە لە سەردەمێکی نوێدا و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی نوێدا، کە بەڵێنی داوە سەروەرییەکەی هەموو خاکی لوبنان بگرێتەوە و بە پەرۆشەوە کار بۆ سنووردارکردنی چەک بۆ دەستی دەوڵەت دەکات، بەردەوام دەبێت.
هەر لەبەر ئەمەش لوبنان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئاڵنگاریی گەورە بۆ هەرێمەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە. لایەنی لوبنانی سەرنجی خستووەتە سەر بنیاتنانی ئاسایش لە ناوچە سنوورییەکان. ئەمەش پێویستی بە جێگیرکردنی هێزەکانی لوبنان بۆ ناوچەی باشووری ڕووباری لیتانی و دامەزراندنی نزیکەی 5,000 سەرباز هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە. بە هەمان شێوە پێویستی بە بڕیاری نەگۆڕی فەرماندەیی سەربازی و حکومەت و ئیرادەیەکی بەهێزی یارمەتیدان هەیە لەلایەن بەخشەرانی نێودەوڵەتییەوە.
ڕاهێنان و ئامێربەندکردنی ئەم ژمارەیە لە سەرباز پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە بۆ پێدانی مووچە و دروستکردنی سەربازگە و دامەزراندنی وریایانە بۆ دەستەبەرکردنی هەمەچەشنیی کۆمەڵایەتی. ئەستۆپاکیی ئاسایش پێویستی بە کاری ڕاستەقینە هەیە لەلایەن قەوارەیەکی خاوەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرکردایەتیکردنی پیشەیی کە لە دامەزراوە سەربازییەکانی لوبناندا ئەزموونی هەبێت. پێویستە دوور بێت لە گرژیی سیاسی و ناوچەیی و دڵسۆز بێت بۆ وڵات. ئەم لێهاتووییانە لە سەرکردە جۆراوجۆرەکانی سوپای لوبناندا دەبینرێن.
سەبارەت بەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی لوبنان دەبێتەوە، لیوا ئەل مستەفا دەڵێت:
لوبنان بەرگەی ئەو ئاڵنگارییانەی گرتووە کە کەم وڵات دەتوانێت بەرگەی بگرێت، هەڕەشەی ئاسایشیی کەڵەکەبوو، قەیرانی ئابووری و دارایی سەخت، کەمی سەرچاوە، کارەساتی سروشتی، ئاوارەبوونی بەرفراوان و پاشماوەی شەڕێکی وێرانکەر کە داوای ئاوەدانکردنەوەی بەپەلە دەکات. لەگەڵ ئەمانەش بۆ ئامادەکاریی کارەساتە نیشتمانییەکان، پرسەکانی چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو، بەڕێوەبردنی سنوورەکان، قاچاخچێتی، تاوانی ڕێکخراو، تیرۆر و سەرچاوە سنووردارەکان هەن. بەڵام لوبنان هەر بە زیندوویی و دەوڵەمەند بە بەهرەی مرۆیی دمێنێتەوە، توانای بەدەستهێنانەوەی پێگەی خۆی هەیە وەکو “گەوهەری ڕۆژهەڵات” و “پەیوەندی نێوان دوو جەمسەر.” وەکو ئەندامانی ئەو دامەزراوە سەربازییەی کە تەرخانکراوە بۆ شانازیی وڵات، دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیکردنی سوپای لوبنان و هێزەکانی ئاسایش بە ئامێر، چەک و مەشقی گونجاو ڕێگایەکی بنەڕەتییە با ئاڕاستەی دەوڵەتێکی سەربەست، یاسایی و دامەزراوەیی.
