ڕاهێنەر مەترسییە هاوچەرخەکان دەکاتە ئامانج
عەمید عەزام ئەلڕەواحنە، فەرماندەی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن، جەخت لەسەر بەیەکگەیشتنی جیهانی بۆ پێگەیاندنی ئەفسەرانی باش ئامادەکراو دەکاتەوە
دەستەی یونیپاس
بۆ ئەوەی بتوانێت بە هەڕەشە ناوچەییەکاندا بگات، ئەردەن گرنگی بە پەرەسەندنی ستراتیژییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایش و بەرگری دەدات. هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بە یەکێک لەو سوپایانە دادەنرێت کە خاوەنی توانای ئاڵۆز و شارەزایی کەڵەکەبوون. هەر لەم ئەزموونەوە، وەک ئەردەن دەیەوێت لە پێناو ناوچەیەکی سەقامگیر و سەلامەتتدا لەگەڵ براکان و هاوڕێکانیدا هاوبەشی بکات، کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن (RJNDC) بۆ بوون بە خانەیەکی مەزن کە سەرکردەکانی داهاتوو ئامادەبکات دامەزرێنرا. یونیپاس لەگەڵ عەمید عەزام ئەلڕەواحنە، فەرماندەی کۆلیژی بەرگریی نیشتمانی، کە وەکو داب و نەریتی خۆی، بە گەرمی پێشوازی لە یونیپاس کرد و لەبارەی دەستکەوتەکانی کۆلێژەکە و ڕوانگەی خۆی بۆ پێشخستنی گفتقگۆی کرد.
یونیپاس: ئایا ئەرکی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن چییە؟
عەمید عەزام: سەرەتا، دەمەوێت دەربارەی بنچینەی کۆلێژەکە قسە بکەم. هێزە چەکدارەکانی ئەردەن پێکهاتەیەکی دەوڵەتی ئەردەنن و وەکو هێزی داینامیکی لە کاتی دەرکەوتنی ئاڵنگارییەکانی ئاسایش دەردەکەون. لەبەر ئەم هۆکارە، کۆلێژەکە لە سەرەتاوە بە ڕوانگەیەکی ستراتیژیی سەرکردایەتی هاشمی دامەزراوە. ڕاهێنان و پێگەیاندنی سەرکردەکان کە لە توانایاندابێت سەرکردایەتی وڵات بکەن و بەڕێوەی ببەن و ئاڵنگارییەکانی چارەسەربکەن، ئەوا دامەزراندنی کۆلێژێک کە بتوانێت ئەمانە بەدیبهێنێت پێویستییەکی بەرچاوبوو. بۆیە ئێمە بە دامەزراندنی کۆلێژی جەنگیی شاهانە دەستمان پێکرد، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گرنگی بە پلاندانانی ستراتیژیی سەربازی دەدا. ئەمە هەتا ساڵی 2002 بەردەوامبوو، کاتێک کە ڕوانگەی ستراتیژیی سەرکردایەتی سیاسیی و سەربازیی هاشمی لە هێزە چەکدارەکاندا بەرەو ئاستێکی پێشکەوتوو کە بتوانێت هاوئاهەنگی و ئاوێتەیی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی دەوڵەت بەدەستبهێنێت، پێویستی بە گۆڕانکاری هەبوو. ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە ڕاهێنانی سەرکردەیەک کە لە توانایدابێت لە سەر ئاستی سەربازی و مەدەنی دەوڵەت بەڕێوە ببات و ئامانج و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بە ڕێگایەک کە سەرچاوە مرۆییە شایستەکان و لێهاتوویی جوڵەپێکردنی دامەزراوەی سەربازی و دامەزراوەکانی تری دەڵەت بەرەو پێشەوە، هاوتەریب، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هەمەچەشنە پەیدابووەکان، بەکاربهێنێت. لەوێشەوە هەنگاوێک بەرەو چەمکی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن نرا. بیرۆکەی بەرگریی هەمەلایەنە بۆ بەدەستهێنانی هاوبەشکردنی ئەزموون، پێویستی بە شارەزایی ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بوو. لەگەڵ ئەمەدا، کۆلێژی بەرگریی نیشتمانی لە ساڵی 2003 کرایەوە. RJNDC بە خولی هاوبەشی ڕاهێنانی بەرگری و جەنگی دەستیپێکرد. کۆلێژەکە بەردەوامە لەم ڕێچکەیە و 22 یەکەی پیادەی فەرماندەی ئامادەکردووە. کاری کۆلێژەکە تەنها سنوردار نییە بە ئامادەکردنی سەرکردەکان بۆ ئەردەن، بەڵکو بە هەمان شێوە ئامادەکردنی سەرکردەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش لەخۆدەگرێت.
یونیپاس: زۆربەی ستراتیژییە ئاساییەکانی جەنگ گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە. ئایا چۆن مەنهەجەکە باس لە جەنگی ئاوێتە و نەوەی پێنجەم دەکات؟
عەمید عەزام: کۆلێژی بەرگری هەمیشە ئاگاداری ڕەوتە باوەکانی سەردەمە. یەکەم ڕێگا کە ئێمە ئەم ئەرکەی تێدا ئەنجام دەدەین بریتییە لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە ئەوروپا و ئەمریکا. هەروەها ئێمە لە ژینگەی کارکردندا بە تایبەتی، و لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ و توێژینەوەوە ئاگاداری پێشهاتە نوێیەکان دەبین. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی مەنهەج لیژنەیەکمان هەیە تا بتوانین لەگەڵ تەواوی جیهاندا هەنگاوبنێین. لێرەوە، من دڵنیاتان دەکەمەوە لەوەی کە ڕێنماییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان و ڕاهێنانی سەرکردایەتی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییە بەرزەکان چەمکەکانی جەنگی هاوچەرخ لەخۆدەگرن، ئاخۆ ئەمە جەنگی ئاوێتە یان ئەلیکترۆنی، یاخود جەنگی نەوەی چوارەم و پێنجەم بێت. بۆیە ئێمە زۆر بە پەرۆشین لەوەی کە لە هیچ یەکێک لە توێژینەوەکانمان لەم بەشەدا تەنانەت ئەگەر بۆ ساتیکیش بێت دوانەکەوین، لەبەرئەوەی ئێمە لەم بوارەدا لە ناوچەکە بە نمونە دادەنرێین.
یونیپاس: ئایا فەلسەفەی ئێوە لەسەر بنیاتنانی تواناکانی گەنجان بۆ بوون بە هەڵگرانی ئاڵا لە داهاتوودا چییە؟
عەمید عەزام: من وادانانێم کە فەلسەفەکەم فەلسەفەی خودی خۆمە؛ بەڵکو، ئەمە بە گشتی لە فەلسەفەی دەوڵەت و فەلسەفەی سەرکردایەتیی هاشمی سەرچاوەی گرتووە، کە بە شێوەیەکی بنچینەیی لەسەر بیرۆکەی برەودان بە تواناکانی مرۆڤ بۆ باشترکردنی دەوڵەت بەندە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، فەلسەفەی سەرکردایەتیی هاشمی سەرنجی خستووەتە سەر ئامادەکردن و دروستکردنی سەرکردەی گەنج کە لە توانایاندابێت لە پێویستییەکانی سەردەمەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان تێبگەن. ئەمەش لە ژێر ڕێنمایی فەرماندەی گشتیدا هاتە ئاراوە و لەلایەن خاوەن پایە شازادەی جێنشین حسێن ئیبن عەبدوڵڵا، گەنجێک کە خاوەنی ڕوانگە و وزەیەکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی ئەرک، سەرکردایەتی کراوە. من لەو باوەڕەدام کە وەبەرهێنان لە داهاتوو بریتییە لە وەبەرهێنان لە سەرکردەی گەنج لە هەردوو ڕەهەندی مەدەنی و سەربازیدا. ئەمە باوترین ڕێبازە لە شانشینی هاشمیی ئەردەن، وە RJNDC یەکێکە لە ئامڕازەکانمان بۆ چەسپاندنی ئەم فەلسەفەیە. ئێمە پابەندین بە پەیرەوکردنی ئەم ڕێبازە و سەرنج خستنە سەر پێشکەوتنەکان لە توێژینەوە سەربازی و ستراتیژییەکان، ئاخۆ پەیوەنی بە جەنگە هاوچەرخەکان و شێوازەکانیان، ژینگەی سەرهەڵدانی مەترسییەکان و ڕەقەکاڵاوە هەبێت، یاخود بەو ئامڕازانەی کە لە کابینەی حکومەتدا بەکاردەهێنرین. من بە توندی باوەڕم وایە کە ناتوانرێت دەوڵەتی هاوچەرخ لە ڕێگەی ئامڕازەکانی ڕابردووەوە بەڕێوەببرێت.
یونیپاس: خوێنکارەکانت کێن و چی پۆستێک لە هێزە چەکدارەکان وەردەگرن؟
عەمید عەزام: لە ساڵانی ڕابردوودا، خوێندکارەکانمان لە پلە بەرزەکانی عەمید و سەروتردا بوون. سەبارەت بە کەرتی مەدەنی، مەرجی ڕوون بۆ ئاستی پاڵاوتن و ئاستی بڕوانامە هەیە، کە دەبێت پێش پەیوەندیکردنیان بە کۆلێژ و لە پلەی پۆلێنکردن و ئاستی کارەکانیان لە خزمەتی حکومیدا هەیانبێت. لە ڕووی سەربازییەوە، ئێمە پێشتر بە پلەی عەمید دەستمان پێدەکرد، بەڵام بە ڕەچاوکردنی فەلسەفەی وەبەرهێنان لە گەنجەکانمان، ئێستا خوێندکارمان بە پلەی عەقید و موقەدەم لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن هەیە بۆ دروستکردن و ڕاهێنانی سەرکردەی گەنج کە لە داهاتوودا بتوانێت پۆستی سەرکردایەتی لە ئاستی ئۆپەراسیۆن و ستراتیژیدا وەربگرێت، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی باشتر بۆ بنیاتنانی نەوەیەک کە توانای بڕیاردان و پلاندانانی ستراتیژی هەبێت، گونجاوین.
یونیپاس: ئایا پلانەکانی ئێوە بۆ گەشەپێدانی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانی چییە؟
عەمید عەزام: ڕوانگەی من لەو سەرکردانە وەرگیراوە کە پێش من لێرەدا بوون و بناغەیەکی تۆکمەیان داناوە تا بتوانین لەسەری بنیات بنێن. ئا لەوێوە پێویستە ئێمە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و لەگەڵ پەرەسەندنی تیۆرییە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکان دەوڵەت هەنگاوی بەردەوام بنێن. ئەم دامەزراوەیە لە پێشکەشکردنی سەرکرایەتیی بەتوانا بە هێزە چەکدارەکان و پێکهاتەکانی حکومەت، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە. ڕوانگەی من بەندە لەسەر دوو ڕێبازی سەرەکی. یەکەم بریتییە لە پێویستیی دروستکردنی پردی هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ هەموو زانکۆ گەورە جیهانییەکانی هاوشیوەی RJNDC، ئەوانەی کە لە بەرگری، تیۆری ستراتیژی و بنەماکانی جەنگی هاوچەرخ تایبەتمەندن، بۆ گواستنەوە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و وانە، و بە ئەنجامدانی سیمینار و خوێندنی هاوبەش. بە جێبەجێکردنی ئەمە، ئێمە لە هەردوو ئاستەکەدا ئەنجامی زۆر گرنگ بەدەست دەهێنین. یەکەم، ئێمە بە فراوانکردنی کۆلێژەکانی بیرمەندیی خوێندکارانمان و پێگەیاندنی ئەو سەرکردانەی کە زیاتر ئاگاداری جیهانن، خزمەت بە ئەردەن دەکەین. دووەم، ئێمە فەلسەفە و ڕوانگەی ستراتیژیی ئەردەن بە جیهان دەگەیەنین بۆ ئەوەی بتوانین هاوبەشییە نێودەوڵتییەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان دەکەن برەوپێبدەین و بنیات بنێین. وە دەربارەی نیوەکەی تری ڕوانگەکەمان، ئەوا پێویستە ئێمە برەو بە لایەنی بابەتی و تەکنیکیی تەکنەلۆژیا بدەین. ئەمە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆلێژەکە، لقەکانی و خوێندکاران زۆر گرنگە. بە هەمان شێوە پێوستە زیاتر جەخت بخرێتە سەر ڕاهێنان و وۆرکشۆپی کرداری کە بنەماکان بچەسپێنێت و بوارمان پێبدات لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان هاوکاری دەوڵەت بکەین، بە تایبەتی کە ئێمە لە ژینگەیەکداین نقوم بووی قەیرانەکانە.
یونیپاس: ئایا ئێوە خولتان هەیە کە باس لە تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکانی وەکو درۆنەکان و بەرگری ئەلیکترۆنی بکات؟
عەمید عەزام: کاتێک ئێمە دەربارەی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی کە سەرکردەی داهاتوو ئامادە دەکات قسەدەکەین، ئەوا پێویستە ئێمە ئامرازگەلێکمان هەبێت کە بەشداری لە گەشەپێدانی لایەنی ئەکادیمیدا بکات. لێرەدا مەبەستم لە پەرەپێدانی توانای دامەزراوەکە و ژێرخانە بۆ دابینکردنی هەموو ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە یارمەتی خوێندکاران دەدەن توێژینەوە ئەنجام بدەن و دەستیان بە زانیارییە پێویستەکان بگات. وە بەڵێ، پێویستە هەموو سەرکردەکان ئاشنای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنی و پێداویستییەکانیان بن، لەبەرئەوەی ئەمانە بوون بە بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی هەر وڵاتێک. کاتێک ئێمە دەربارەی ئامرازەکانی بەرگری قسە دەکەین، ئەوا ئاسایشی ئەلیکترۆنی بریتییە لە یەکێک لە پایە سەرەکییەکان، چونکە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی زانیاری و دەکرێت ژیانی هاوڵاتیان بخەنە مەترسییەوە، ئەمە ئەگەر تۆڕەکان هاکبکرین. هەروەها لە مەشقە کردارییەکاندا کە حاڵەتی راستەقینە نمایش دەکات، درۆن بەکاردەهێنین. ئەمەش تێگەیشتنێکی فراوان بە خوێندکاران دەبەخشێت، کە چۆن ڕوبەڕووی ئەم هەڕەشە هاوچەرخانە ببنەوە. من لەو باوەڕەدام کە پێویستە ئێمە بە توندگیری بیر لە چۆنیەتی هەنگاونان بەرەو ئاستێکی تەکنیکی پێشکەوتوو بکەینەوە، کە بتوانێت قەیرانەکان تێپەڕێنێت و کارایی و توانای بڕیاردەرەکان بەرز بکاتەوە. من ئەوە دووپات دەکەمەوە کە دەبێت هەر کاربەدەست یان ستراتیژوانێکی دەوڵەت لەگەڵ هەموو تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان و ئەو ڕێگایانەی کە گروپە تیرۆریستییەکان و دەوڵەتە پشتیوانکەرەکانی تیرۆر دەیانقۆزنەوە ئاشنایەتی هەبێت.
یونیپاس: ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا و ناوەندی تویژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئایا هیچ پەیوەندییەکی هاوشێوەتان لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییە سەربازییەکانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی تری جیهان هەیە؟
عەمید عەزام: شانشینی ئەردەن وڵاتێکی تەواو جیگیرە لە ناوچەکە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و وڵاتانی جیهاندا هەیە. ئێمە شانازی بە ڕێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیمانەوە دەکەین و ئەم پەیوەندیانەش لە هەموو ئاستەکاندا بوونەتە دەرەنجامی هەماهەنگی، لەوانە لایەنی ئەکادیمی و سەربازی. ئەگەر ئێمە دەربارەی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا دەدوێین، ئەوا ئەمە دامەزراوەیەکی بنیاتنراوە کە ناوبانگێکی جیهانی هەیە و سەرکردە لە هەموو ئاستەکاندا پێدەگەیەنێت. ئەمە جگە لە توانای مەزن و ئەزموونی کەڵەکەبووی بەردەست، کە ئێمە ئارەزوو دەکەین لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئەکادیمیا نێودەوڵەتییەکانەوە بنیات بنێین و پەرەبستێنین. لە هەمان کاتدا، ئێمە تۆڕێکی پەیوەندیمان لەگەڵ پەیمانگا هاوشێوەکاندا لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ براکانمان لە ناوچەکە لە وڵاتانی کەنداو، میسر، سودان و عێراقدا هەیە، لەوانەش ئاڵوگۆڕی خوێندکاران. بەهەمان شێوە، ئێمە لە دامەزراندنی کۆلێژی هاوشێوە هاوکاری زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەمان کردووە و من پێموایە هاوسەنگییەکی باشی پەیوەندیمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە ڕۆژئاوادا هەیە، وەک چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ زۆربەی ئەکادیمیا سەربازییەکاندا هەیە. ئەم تۆڕی پەیوەندییە بەشێکی سەرەکییە لە ستراتیژی گەشەپێدانمان. لە هەمان کاتدا، بنیاتنانی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان ئەم دامەزراوانە لە بەرژەوەندی هەمووانە.
یونیپاس: کام وڵات خوێندکار و پڕۆفیسۆری لە کۆلێژەکەدا هەیە؟
عەمید عەزام: ئێمە خوێندکاری خەڵکی وڵاتانی ئەمریکا، پاکستان، تایوان، ئەڵمانیا، سعودیە، بەحرەین، ئیمارات، میسر، کوەیت، سودان و لوبنانمان هەیە. وە لەبارەی پڕۆفیسۆرەکانمانەوە، لە ڕاستیدا هیچ پڕۆفیسۆرێکی بیانی لە دەستەی مامۆستایانی کۆلێژدا بوونی نییە، بەڵام ئێمە پرۆفیسۆر و توێژەرەکان بۆ پەیوەندیکردن پێمانەوە وەکو میوانی سەردانکەر بانگهێشت دەکەین، ئاخۆ خەڵکی ئەمریکا یان ئەوروپا، یاخود ناتۆ یان وڵاتانی عەرەبی بن. ئێمە بە بەردەوامی لەلایەن باڵیۆزی گەلانی دۆست و براوە کە لە ئەردەن جێگیرن سەردان دەکرێین. بە هەمان شێوە ئێمە لەگەڵ ئەو دامەزراوە زانکۆییانەدا کە سوودمەند دەبین لە شارەزاییەکانیان پەیوەندیمان هەیە، لەوانە زانکۆی هارڤارد و ناوەندی جنێڤ بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، کە تێیدا ئێمە ساڵانە خولی هاوبەشی سەرکردایەتیی ستراتیژی پێشکەش دەکەین. بۆیە ڕاهێنان و پێشکەوتن بە شارەزایی ئەردەنی سنوردار نین؛ بەڵکو، ئێمە هەوڵی سوودمەندبوون لە شارەزایی هاوڕیان و براکانمان دەدەین. وە هەروەها، ئێمە چەند پرۆفیسۆر و ئەفسەرێکمان هەیە کە لە دامەزراوە ئەکادیمییە سەربازییەکانی وڵاتانی کەنداودا خزمەت دەکەن. زۆربەی ئەکادیمیا سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بە شارەزایی ئەردەنی دامەزراون و هێشتا جێ پەنجەی ئێمە لە دەستکەوتەکانیاندا بوونی هەیە.
یونیپاس: ئایا چۆن پەیوەندی لەگەڵ RJNDC سوود بە کۆلێژی بەرگریی وڵاتانی تر دەگەیەنێت؟
عەمید عەزام: مێژوو و ڕوانگەی کۆلێژەکە، لەگەڵ بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی خاوەن شکۆ فەرماندەی گشتی، خاوەن شکۆ بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی RJNDC دەکات و لە نزیکەوە چاودێریی بەرەوپێشچوون و مەنهەجەکەی دەکات، بەرژەوەندی هاوکاریکردنی لە بەرەوپیشچوون بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت دابینکردووە و لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دایدەنێت، کە توانای پێدەبەخشێت ببێت بە هاوبەشێکی چالاک و ئەرێنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان. ئێمە بزوێنەرێکین لە ناوچەکە، بە تایبەتی کاتێک لە ڕوانگەی ستراتیژی و ئۆپەراسیۆنییەوە قسە دەکەین. هەمەچەشنی بۆ ڕاهێنانی سەرکردایەتی گرنگە، و هەرچەندە کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیمان هەیە کە برەو بە هەموو پێکهاتەکانی کۆلێژەکانی بەرگری لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەدات، هێشتا خوێندکارەکانمان بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و پاکستان و وڵاتانی تر دەنێرین. هەروەها ئێمە لە RJNDC پرۆفیسۆرمان هەیە کە خاوەنی بڕوانامەی چەندین ئەکادیمیا و کۆلێژی نێودەوڵەتین. ئەم هەمەچەشنییە سەرچاوەی باڵایی و بەهێزییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی کەڵەکەبوومان، متمانەی ئاست پلە بەرز، گەشەسەندنی بەردەوام و کەشوهەوای مامناوەند و سروشتی جوگرافیای ئەردەن لە پێشوازیکردن لە سەردانکەران یارمەتیدەرن، بە تایبەت کە کۆمەڵگەی ئەردەن کۆمەڵگەیەکی لێبوردەیە و پێشوازی لە میوانەکان دەکات. متمانەی هاوبەشی نێوان ئێمە و هاوڕێکانمان لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کۆلێژەکەمان دەرچوون، سەلماندوویانە کە دەرچووانی دامەزراوەکانی ئەردەن و کۆلێژی بەرگری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرکردایەتی خۆیان زۆر لێهاتوون و شایشتەن. ئێمە ستانداردی جیاوازمان هەیە. ئێمە لەسەر سەرمایە و ئەزموونی مێژوویی خۆمان و لەسەر متمانەی بەرزمان لە مەشقپێکردنی سەرکردەکاندا بنیات دەنێین. ئەمە سەرمایە و ناوبانگی ئێمەیە، و بەم هۆیە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک سازش بکەین.
Comments are closed.