پەیامی سەرەکیی سەرۆك
بۆ ئەم بانگهێشتنامە میهرەبانە بۆ نووسینی سەروتاری ئەم وەشانەی گۆڤاری ‘یونیپاس’ لەبارەی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، من دەمەوێت سوپاسی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بکەم. ئێمە لە عێراقدا، کاتێک کە هاوبەشەکانمان لە میانی هەرە مەترسیدارترین قۆناغی مێژووی هاوچەرخی عێراق شان بە شانی ئێمە وەستان، لە کاتێکدا کە گروپەکانی داعش زۆر بە خێرایی لە زۆربەی بەشەکانی باکور و ڕۆژئاوای عێراق دەرکەوتن، بەرهەمی ئەمەمان بەدیکرد. لە سایەی بوێری و خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکانمان و وەڵامدانەوەی بەپەلەی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان بۆ ڕاگرتنی پێشڕەویی گروپە تیرۆرستییەکان، تێکشاندنی هێڵە دابینکارییەکانی دوژمن و ناوەندەکانی فەرماندەیی و بەڕێوەبردن، هێزەکانمان بە هاوکاریی ڕاهێنەران و شارەزایانی هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە ئەرکێکی مەزنی بنیاتنانەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد. ئێمە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مەشقپێکردن و پڕچەککردنی سەربازەکان بەرلەوەی بەرەو جەنگ ڕەوانە بکرێن، ڕێکخستەنەوەی یەکەکانی دوای شەڕ و ئامادەکردنیان بۆ ئەرکی داهاتوو، بەبێ وچان کارمانکرد.
چەمکەکانی جەنگی ئاسایی گەشەیان سەند و جیهان ڕوبەڕووی ئاڵنگارییەکی سەرەکیی جەنگی ئاوێتە دەبێتەوە، کە تێیدا دوژمن لە ناو شارەکان خۆی حەشاردەدات و تەکتیکە جەنگییەکانی کۆڵان بە كۆڵان دەگرێتەبەر. ئەم جۆرە جەنگە بۆ سوپا ئاساییەکان ئاستەنگدارە، چونکە پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی و موڵکی گشتی، بەکارهێنانی چەکە قورسەکان سنوردار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، گروپە تیرۆرستییەکان بۆ دروستکردنی تۆڕی ئاڵۆزی سنوربەزێن لەو ناوچانەدا کە بەهۆی ململانێکانەوە دەناڵێنن سەرهەڵدەدەن، پێویستە دەوڵەتان هەوڵەکانیان لەسەر کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری چڕبکەنەوە و بچنە ناو یەکێتییەکی سەقامگیرەوە تا بتوانن لە ڕێگەیەوە مەودای چاودێریکردن بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆرستان و شوێنهەڵگرتنی گروپە توندڕەوەکان فراوانتر بکەن، پاڵپشتییە داراییەکانیان ببڕن و سەرکردەکانیان بکەنە ئامانج.
هێزی ئاسمانیی عێراق خاوەنی ئەزموونی کەڵەکەبووە لە لایەن فڕۆکەوان و ئەندازیار و تەکنیکارەکانییەوە، بەڵام بەهۆی سەرکێشییە هەڵەکانی ڕژێمی پێشووەوە زیان بەر ژێرخان و ئامێرەکانی کەوتووە. وەکو دەرەنجامێک، لە دوای پاشەکشەی موسڵ لە ساڵی 2014 بەهۆی کەمیی بەرچاوی فڕۆکەی جەنگی و نەبوونی ژێرخانی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆرستان، ئێمە خۆمان لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکی مەزندا بینییەوە. فڕۆکەوانە قارەمانەکانمان ناچار بوون لەو فڕۆکەخانانەی کە بە هیچ جۆرێک نزیک نەبوون لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی کۆن بۆ لێدانی ئامانجەکان بفڕن، ئەمەش ئەرکەکەی سەختتر و ئاڵۆزتر کرد.
پێویستە دان بە ڕۆڵی شکۆداری هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیماناندا بنێم، کە بۆ خێرا گەیاندنی یەکەم پۆلی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕێککەوتننامەی F-16، هەموو هەوڵێکی خۆیان خستەگەڕ. گەیشتنی ئەم فڕۆکە جەنگییە هاوچەرخانە لە ساڵی 2015ـدا خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێک بوو بۆ هێزی ئاسمانیی عێراق. توانا جەنگییە پێشکەوتووەکانی فڕۆکە جەنگییە F-16 ـەکان ورەی کارمەندانی هێزی ئاسمانیی عێراقی بەرزکردەوە و ئەرکەکەی بۆ فڕۆکەوانان و کارمەندانی تەکنیکی ئاسانتر کرد. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، بە وردبیینی و توانای پیشەیی ئاست بەرزەوە لەو ناوچانەی کە دوژمن باوەڕی نەدەکرد دەستمان پێیان بگات، فڕۆکەکانی ئێر هاوکس ئامانجەکانیان دەپێکا.
لە کۆتایی ئەرکی جەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، هێزی ئاسمانی لە توانایدابوو ئەرکە پەیوەندیدارەکان بە چاودێریکردنی هێڵی سنورەکە، دابینکردنی پاڵپشتی ئاسمانیی نزیک و پێکانی ئامانجەکان لە ناوەندی بیاباندا بە ئەنجام بگەیەنێت. ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ مەشقپیکردنی فڕۆکەوان و ئەندازیاران لە ئەمریکا و لەگەڵ ئەندامانی تری ناتۆ بۆ برەودان بە مەنهەجی کۆلێژی هێزی ئاسمانیی عێراق بەردوام دەبین لە کارکردن.
ئێمە لە دووبارە بنتاتنانەوە و مەشقکردن نەوەستاوین؛ بەڵکو لە ڕاستیدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی هێزی ئاسمانی عێراقدا، مەشقێکی هاوبەشی ئاسمانیمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە هێزی ئاسمانیی فەڕەنسی ئەنجامدا. لە یەکەم هەنگاوی بێ هاوتادا، فڕۆکەی جەنگیی ڕافاڵی فەرەنسی لە بنکەی ئاسمانی بەلەد نیشتەوە و لە مانۆڕەکەدا بەشداریی کرد، لە ڕێوڕەسمەکەدا فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان ئامادەی بوون. ئەم مەشقە گرنگە پەیامێکە بۆ تیرۆریستان و هەموو ئەوانەی کە گومانیان لە تواناکانی هێزەکانی عێراقە لەوەی کە ئێمە دەتوانین تیرۆریزم تێکبشکێنین و ئاسایش و سەقامگیری بنیاتبنێین. ئێمە لەگەڵ هاوبەشە نیودەوڵەتییەکانماندا بۆ بەشداربوون لەو مەشقە نێودەوڵەتییانەی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن، کاردەکەین.
لە ڕێگەی سەردانی بەردەوام بۆ بنکە ئاسمانییەکان لە وڵاتانی ناتۆ و کارکردن بە شێوەیەکی نزیک لەگەڵ سەرکردەکانی هێزی ئاسمانیی دۆستەکان، ئێمە لەوە تێگەیشتین کە عێراق لە ڕووی تەنکەلۆژیا، چاککردنەوە و هاوچەرخکردنی بنکەی ئاسمانییەوە بە ئاستی وڵاتانی تر گەیشتووە. لە سەردانێکی ئەم دواییانەدا بۆ فەرماندەیی ناوەندی هێزی ئاسمانی، ئێمە بە هەمان شێوە سەرنجمان لە بارەگا ئۆپەراسیۆنییەکان و فڕۆکەکانمان دا. هەروەها بۆ ناردنی پەیامێک بۆ نەیارانی ئاشتی، ئێمە فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگیی F-16 ـەمان بەکارهێنا.
بەهۆی سنورداریی ژمارەی کورسییە بەردەستەکان بۆ مەشقکردن لەسەر فڕۆکەی جەنگیی F-16 لە ئەمریکا، ئێمە لەگەڵ براکانمان لە شانشینی ئەردەن بۆ مەشقپێکردنی دەستەیەک فرۆکەوان و ئەندازیار دەستمان بە کارکردن کرد. بە هەمان شێوە بۆ خێراکردنی تواناکانمان لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان، ئێمە تامەزرۆی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و مەشقکردنین لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە.
دروستکردنی هێزێکی ئاسمانیی یەکخراو بۆ ئامادەکاری بۆ جەنگ ئەنجام نەدرا، بەڵکو بۆ بەردەوامبوونی ئاشتی و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک ئەنجامدرا. هێزی ئاسمانیی عێراق لە گواستەوەی پشتیوانیی مرۆیی بۆ سوریا و تورکیا لە ماوەی بومەلەرزە تۆقێنەرەکەی مانگی شوباتی 2023 کە ناوچەکەی هەژاند، ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا. یەکەکەمان لە C-130 لە نێوان عێراق، سوریا و تورکیادا بۆ ماوەی زیاتر لە 24 ڕۆژ پردێکی ئاسمانی دروستکرد، زیاتر لە 330 تەن لە دەرمانی پزیشکی، خۆراک و کەرەستەکانی ناوماڵیان گواستەوە. یەکەکە، تیمەکانی گەران و ڕزگارکردی وەزارەتی ناوخۆیان گواستەوە و لە میانی 62 گەشتدا، کە بە کۆی گشتی مەوادی 65,100 کیلۆمەتریان بڕیووە، 400 هاوڵاتی عێراقییان لە ناوچەکانی ژێر کاریگەری کشاندەوە. هەروەها فڕۆکەکانمان لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە لە دوای بەرپابوونی جەنگیی ناوخۆ لە مانگی نیسانی 2023، 392 هاوڵاتی عێراقی و برایانی عەرەبی لە سودان کشاندەوە.
فەریق شەهاب جاهد زەنگەنە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق
Comments are closed.