بەرپاکردنی ئاشتی لە ڕێگەی چەسپاندنی باشتری یاسا
بەرنامەی چەسپاندنی یاسا لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوان سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت
دەستەی یونیپاس
بەرنامەی چەسپاندنی یاسا لە ناو کۆمەڵانی عێراق سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە دادگاییکردنی تاوانباران، لەناوبردنی دەنگۆکان، بەهێزکردنی گەنجان لە بەرامبەر مەترسیی توندڕەوەکان و تیرۆریزم و ڕاهێنانەوەی قوربانیانی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بەدەستهێناوە. پۆلیسی کۆمەڵایەتی، بۆ بەدواداچوون بۆ پرسەکان لە سەر ئاستی بنچینەیی، پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیاندا لە ناو ماڵەکانیان، لە دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستییەکان و لە دامەزراوەکانی تری دەوڵەتدا دروست دەکات. یونیپاس لەگەڵ لیوا دکتۆر سەعد مەعان، ڕاوێژکاری ئاسایشیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق (MOI) بۆ تاوتوێکردنی ڕۆڵی پۆلیسی کۆمەڵایەتی کۆبووەوە.
یونیپاس: ئایا جیاوازی چییە لە نێوان پۆلیسی کۆمەڵایەتی و پۆلیسی ناوخۆیی؟
لیوا سەعد: پۆلیسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ڕێکخراوێکی ئاسایش لە ناو وەزارەتی ناوخۆ، کە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی ئاسایش و کۆمەڵگایە لە ڕێگەی دەستێوەردانی ئەندامانی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لەو پرسانەی کە هەڕەشە لە ئاشتیی مەدەنی لە وڵاتەکەدا دەکەن. دەکرێت ئەم دەستێوەردانانە بە چەند شێوەیەک بن، کە پێکدێن لە دابینکردنی ئامۆژگاری، داخوازی و پەروەردە، بە هەمان شێوە برەودان بە هەماهەنگی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ پێشگرتن لە تاوان و کاری هەڵە. کاری پۆلیسی ناوخۆیی بەندە لەسەر لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەردەچێت، ئەمە جگە لە چەندین ئەرکی تر. سەرەڕای ئەوەش، لێکچوونی نێوان ئەم دووانە لە خەمی هەر تاکێکدا بۆ سەروەریی یاسا و بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیریی کۆمەڵگا خۆی دەبینێتەوە.
یونیپاس: ئایا بەشی پۆلیسی کۆمەڵایەتی چەند ئەندام و هۆبەی هەیە؟
لیوا سەعد: دەستەی کارمەندان لە 1،000 ژن و پیاو تێدەپەڕێت و لە ئەفسەرانی هەموو ئاستێک و فەرمانبەرانی حکومی پێکدێن کە بە سەر سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکانی وڵاتدا دابەشکراون. بەشی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لە 24 کەرت پێکدێت، لەوانە 16 کەرت لە بەغدا و پارێزگاکان، و شەش کەرتی پسپۆڕیی تەکنیکی، یەکەی کارگێڕی و یەکەی چاودێریکردن.
یونیپاس: چی شتێک وەکو هۆکاری سەرکەوتنی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا هەژماردەکرێت؟
لیوا سەعد: هۆکاری سەرکەوتنی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا بریتییە لە نزیکایەتی ئەفسەران لەگەڵ کۆمەڵگە و چالاکییەکانی. پۆلیسی کۆمەڵایەتی جیاوازترە لە پێکهاتەکانی تر، بەوپەڕی سانایی بریتییە لە: دابینکردنی ئامۆژگاری، ڕاوێژکاری، داکۆکیکاری و پەروەردە بەبێ هیچ دەستێکی زبری هاوشێوەی شێوازە نەریتییە پۆلیسییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت سەرکەوتن بە وەزارەتی ناوخۆ ببەخشرێت، کە لەلایەن خودی وەزیری ناوخۆ بەرجەستکراو و پشتیوانی گەورە و بەردەوامی ئەو بۆ پاسەوانیکردنی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و لۆژیستی بەرجەستەکرا. ئەمانە هۆکاری گرنگن لە سەرکەوتنی چەسپاندنی یاسا لەناو کۆمەڵانی خەڵک، کە بە هەمان شێوە بەهۆی سروشتی مرۆیی کارەکەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشتیوانی دەکرێت.
یونیپاس: ئایا دەتوانیت بە شێوەیەکی وردتر باسی ئەرکی ئەم ئەفسەرانە بکەیت؟
لیوا سەعد: بە ڕاستی ناوتوانرێت ئەرکی پۆلیسی کۆمەڵایەتی بۆ چەند دێڕێک کورت بکرێتەوە، بەڵام دەتوانین بە گشتی باسی گرنگترین ئەو ئەرکانە بکەین کە پێی سپێردراوە، بە دیاریکراوی، دڵسۆزییان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان دامەزراوەی ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆ و کۆمەڵگا بە تاک، ڕێکخراوەکان و هەموو وردەکارییەکانیەوە لەسەر بنەمای خواستێکی هاوبەش بۆ باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تاوان بە هەموو شێوەکانییەوە. وەزارەتی ناوخۆ لەو باوەڕەدایە کە ئاسایش و سەقامگیری لە هیچ بەشێکی جیهان، نەک بە تەنها لە عێراق، ناتوانرێت بەبێ هەوڵە چڕەکانی دانیشتوانەکەی و پشتیوانییە مەزنەکەیان بۆ کاری دامەزراوەکانی ئاسایش بەدەستبهینرێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەرکی پۆلیسی کۆمەڵایەتی فرەلایەنە. ئەمە بەهێزکردنی پەیوەندی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانانە لەخۆدەگرێت کە هەڕەشەن بۆ سەر پێکهاتەکەی، وەکو هێرشی ئەلیکترۆنی و خاوەسەندن، و بەرەنگاربوونەوەی داب و نەریتە ناتەندروستەکان لە ترسی بڵاوبوونەوەیان لە کۆمەڵگادا. ئەمە جگە لە پشتیوانیکردنی هەموو دامەزراوەکانی پۆلیس لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان بەر لە ڕوودانیان، ئەمەش لە ڕێگەی داکۆکی، پەروەردە، ئامۆژگاریکردن و ڕاویژکاری، بەشداریپێکردنی هەموو هاوڵاتییان لە چالاکییەکان، ڕێوڕەسمەکان و پەیوەندی یەک بەدوای یەک و ئامادەبوون لە رێوڕەسمە ئاینییەکانی هەموو ئاینیەکان.
هەروەها پۆلیسی کۆمەڵایەتی بەرپرسە لە ئەرکێکی تری گرنگ، کە بریتییە لە دڵنیابوونەوە لە ڕاهێنانەوەی هەموو ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگەی عێراق کە تووشی ئاڵوودەبوون، ئاوارەبوون یاخود چەوساندنەوە بوون، ئەمەش لە ڕێگەی ئاوێتەکردنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە بەشێوەیەکی قۆناغدار. پۆلیسی کۆمەڵایەتی سەردانکردن بۆ قوتابخانەکان و زانکۆکان ئەنجام دەدات و لەسەر بابەتەکانی سەلامەتیی گشتی و مەترسیی بوون بە قوربانیی تاوانباران قسە دەکەن، و بە هەمان شێوە چەندین ئەرک و کاری تر بە ئەنجام دەگەیەنن.
یونیپاس: بۆچی پۆلیسی کۆمەڵایەتی سەرنج دەخاتە سەر دەستگەیشتنی تۆڕی کۆمەڵایەتی؟
لیوا سەعد: بۆ پێڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئاسانی بەدەستخستن، بەکارهێنان و پشتبەستن بە ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و گروپە تەمەنییەکان، پێویستە پۆلیسی کۆمەڵایەتی ژمارەیەک کەناڵی گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکی گشتی لەسەر سەکۆکانی وەکو فەیسبووک، ئینستاگرام و یوتیوب دروست بکات. ناوەڕۆکەکە نوێکردنەوەی هەواڵەکان، خۆ گەیاندن، بڵاوکراوەی فرەلایەن و گفتوگۆکردن لە ڕێگەی بەرنامەی نامەناردنی مۆبایل و هەروەها بەرنامەی ڕاستەوخۆی ئینتەرنێتی کە بەشی پەروەردەیی دەربارەی دیاردەی نەرێنی، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تاوانە دوبارەبووەکان لەخۆبگرێت بەبێ لەدەستدانی ڕۆڵی خۆی لە بوارەکەدا، کە سەرەکیترین خاڵی کارەکانە.
یونیپاس: ئایا چۆن پۆلیسی کۆمەڵایەتی دادگایی تاوانبارانی تاوانی ئەلیکترۆنی دەکات؟
لیوا سەعد: هەرە دیارترین تاوانی ئەلیکترۆنیی چادێریکراو لەلایەن پۆلیسی کۆمەڵایەتییەوە بریتییە لە سەرانە وەرگرتنی ئەلیکترۆنی. لەم بارەیەوە هێڵی گەرمی “497”ـی پۆلیسی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە پەیوەندی پێوەدەکرێت، و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە هەزار پەیوەندی کراوە. پۆلیسی کۆمەڵایەتی بە دوو ڕێگە چارەسەرکردنی ئەم بابەتەی گرتووەتە ئەستۆ: یەکەم، ئێمە وەڵامی ئەو هاوڵاتییانە دەدەینەوە، کە تووشی ناچارکردن و سەرانەوەرگرتن بوونەتەوە. بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت خۆیان بەدوربگرن لە ڕێکارییە دادوەرییەکان، بە جۆرێک کە کەسی ناچارکەر لە لایان ئاشنابێت (ناونیشانەکەی یان شوێنی کارەکەی لەگەڵ هەر وردەکارییەک کە دەکرێت بەدەستبخرێت)، پۆلیسی کۆمەڵایەتی بە بەکارهێنانی هێزی یاسایی دەچێت بۆ ناونیشانەکەی و قسەکردن لەگەڵیدا، ئامرازی ناچارکردنەکە لەناودەبات، و بەڵێننامەی نووسراو بەدەستدەهێنێت لەوەی کە ئەو کەسە جارێکی تر ئەم کارە دووبارە ناکاتەوە. دووەم، لەو حاڵەتانەی کە کەسی ناچارکەر هیچ ناونیشانیکی ئاشکرا یان شوێنی کاری نەبێت، ئەوا ئێمە بۆ یارمەتی زیاتر قوربانییەکان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.
یونیپاس: ئایا ڕۆڵی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان چییە؟
لیوا سەعد: هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان هیچ جیاوازییەکی نییە لە هەڕەشەی تیرۆریزم، هەردووکیان کار بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە دەکەن. هەروەها ماددە هۆشبەرەکان سەرچاوەی سەرەکیی پاڵپشتی دارایی تیرۆرن. لەبەر ئەم هۆیە، جەنگی دژ بە ماددەی هۆشبەر بووە بە کاری لەپێشینەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق. لەو ڕوانگەیەوە، مامەڵەکردنی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و مەترسیدارە ڕەهەندی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەر لە هەموویان جێگریکردنی کەرتی پۆلیسی کۆمەڵایەتییە لەو ناوچانەی کە گەنجان، هەرزەکاران و خوێندکاران تێیدا نیشتەجێن، چونکە ئەم پێکهاتانە زۆرترین مەترسی ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەرە. بە هەمان شێوە پۆلیسی کۆمەڵایەتی کار لەسەر بڵاوکردنەوەی کلتوری هۆشیاری دەکات، ئامۆژگاری و ڕێنمایی و ڕاوێژکاری پێشکەش دەکات، و دەرەنجامی شوێنکەوتنی ڕێگەی ماددە هۆشبەرەکان پیشانی ئەم پێکهاتانە دەدات لە کاتێکدا هەمووان لە شێوازەکانی گەیاندنی ماددەی هۆشبەر لەلایەن فرۆشیارانییەوە ئاگادار دەکاتەوە. ئا لێرەوە ڕۆڵی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لایەنێکی تر لەخۆدەگرێت، لەبەرئەوەی ئەمە پەیوەندیدارە بە بەکاربەرانی ماددەی هۆشبەر و ئاڵوودەبووان، واتە کارکردنی هەماهەنگ لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی، سایکۆلۆژی و کۆمەڵاتییەکان بۆ دووبارە ئاوێتەکردنەوەیان بە ژیانی ڕۆژانە، قسەکردن لە شوێنگەکانی دەستبەسەرکردنیان، گەیاندنی یارمەتیی هەمەجۆر بۆ خیزانە خاوەن پێداویستییەکان و ڕێوشوێنی کرداری تر. بەهۆی دەستڕاگەیشتنی بەردەوامی ئێمە بە کۆمەڵگە، زانیای دروستمان لەبارەی حەشارگەی باندەکانی ماددەی هۆشبەر، ناوی فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر و ڕێگاکانی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان شارەکاندا بەدەست گەیشتووە. ئێمە ئەم زانیاریە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەیەنین. ئێمە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجکراو بۆ سەر شوێنگەکانی ماددەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی سەدان تاوانبار سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە.
یونیپاس: ئایا پۆلیسی کۆمەڵایەتی چەند وتاری پەروەردەیی پێشکەش کردووە و ئامڕاز و جۆرە بەردەستەکانی ئەم وتارانە چیین؟
لیوا سەعد: ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان، تیمی پسپۆڕمان هەیە، کە بۆ بەهێزکردنی گەنجان لە بەرامبەر دیاردەی نەرێنی و پاراستنیان لە گاڵتەپێکردن و نائومێدی کە ڕەنگە ببێتە هۆی خۆکوشتن یان تاوانکاری، کاریان لەگەڵدا دەکەین. ئێمە لەسەر هۆکارەکان و چارەسەری خۆکوشتن 124 سیمینارمان پێشکەش کردوون، کە زیاتر لە نیوەیان لە خوێندنگاکاندا پێشەکەش کراون. نزیکەی 1,900 وانە لەبارەی گاڵتەپێکردن و توندوتیژیی خوێندکاران، توندوتیژی دژی مامۆستایان یان تەرککردنی قوتابخانە بوون. وە 235 وتاری تری پەیوەندیدار بە توندوتیژیی خێزانی. ئەم جۆرە لە سەردانکردنانە لە ناو ماڵی قوربانییەکەدا دەبێت. وە 117 وتاری تر کە پێکهاتبوون لە فێرکردنی خەڵکی گشتی لەسەر ڕێزگرتن لە دامەزراوە تەندروستییەکان. لە هەندێک لە بازنەکانی کۆمەڵگادا ئێمە زنجیرەیەک حاڵەتی هێرشکردن بۆ سەر کارمەندی تەندروستی و هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکان و کلینیکەکان لە لایەن کەسوکاری کەسی کۆچکردووەوە هەبووە.
یونیپاس: ئایا هیچ ئامارێکتان لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە لەبەردەستدایە کە ئێوە لە ڕێگەی هێڵی گەرمی 497 وەڵامتان داونەتەوە و ئایا بابەتە باوەکانی ئەو پەیوەندییانە چیین؟
لیوا سەعد: 21,906 پەیوەندی کراون و سەرەکیترین بابەتی هاوبەش بریتی بوو لە داواکاری بۆ پشتیوانی سایکۆلۆژی، وە بۆ یارمەتی مرۆیی (2,178 پەیوەندی). دواتر باوترین بابەتی هاوبەشی پەیوەندییەکان برتی بوو لە توندوتیژیی خێزانی (1,514 پەیوەندی).
یونیپاس: ئایا چۆن پۆلیسی کۆمەڵایەتی دەتوانێت بەدواداچوون بۆ توندڕەوەکان بکات و ڕێوشوێنی ئاسایشی پێویست بگرێتەبەر؟
لیوا سەعد: دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە کۆمەڵگای عێراقی گوتاری توندڕەویی تێپەڕاندووە، تەنها کەسانێکی زۆر کەم نەبن کە ئەفسەرەکانمان لە ڕێگەی بەشە تایبەتمەندەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکەن. وە لەگەڵ ئەوەشدا، پۆلیسی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پەخشانکردنی کەشوهەوای خۆشەویستی، ئاسوودەیی و پێکەوەژیانیی ئاشتیانە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات. وەڵامی ئێمە بۆ ئەم پرسە بەشێوەی ناراستەوخۆیە لە ڕێگەی پوچەڵکردنەوەی درۆ و دەنگۆکان کە ئاشتیی کۆمەڵگای عێراقی دەشێوێنێت. بەهۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ کۆمەڵگادا، ئێمە خۆمان چاودێریی چەند حاڵەتێک دەکەین، یاخود دەکرێت هاوڵاتیان کەرتەکانمان لە چالاکییە گوماناوییەکانی ناو کۆمەڵگا ئاگاداربکەنەوە. لە بەرامبەردا، ئێمە ئەم زانیاریانە دەگەیەنین بە دەسەڵاتی ئاسایشی پەیوەندیدار تا بتوانن ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن.
Comments are closed.