ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی سەر بازرگانیی دەریایی
یاخیبووە حوسییەکانی یەمەن و ئێرانی هاوپەیمانیان بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە گواستنەوەی ئاوی و بەقاچاخبردنی چەك و تەقەمەنی
محەمەد عریانی، وەزارەتی زانیاری، کلتوور و گەشتیاریی یەمەن
لە 8ی مانگی تشرینی دووەمی 2022، کەشتییەکی هێزی دەریایی و کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا لە ڕێگایاندا بۆ یەمەن، ڕێگرییان لە کەشتییەکی ئێرانی کرد کە کەرەستەی بەرهەمهێنانی چەکی هەڵگرتبوو. لێکۆڵەران 70 تەن لە ئامۆنیای کلۆرایدیان دۆزییەوە کە بەکارهاتبوو بۆ دروستکردنی سووتەمەنیی موشەکی بالیستی و 100 تەن لە پەینی یوریای تەقەمەنی.
لە بەیانێکدا، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەشتییەکە هەڕەشەی بۆ سەر جوڵەی بازرگانی و ئاسایشی ناوچەکە دروستکردبوو. بارەکەیان لەناوبرد، کەشتییەکەیان نوقم کرد و دەستەی کەشتیوانییان ڕادەستی هێزەکانی پاراستنی کەناریی یەمەن کرد.
هەڕەشە بۆ سەر دابینکاری وزەی جیهانیی
ئەمە یەکەمجار نەبوو کە دەست بەسەر کەشتیی هاوشێوەدا بگیرێت. لە ساڵی 2015 ـەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر چەندین کەشتیدا گرتووە، کە باری چەک و پێکهاتەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی و درۆنیان هەڵگرتووە. هەروەها لە ساڵی 2022 ـدا ئەوە ڕاگەیەنرا کە کەشتییەکی هاوشێوە کە لە سۆماڵەوە بەڕێکەوتووە و باری یویای هەڵگرتووە، کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهێنرێت، لە ڕێگایدایە بەرەو لای حوسییەکان.
بە هەمان شێوە، لە مانگی نیسانی 2022، هێزی دەریایی شاهانەی بەڕیتانیا کەشتییەکی ئێرانی بارکراو بە موشەکیان لە کەنداوی عوماندا گرت کە بۆ حوسییەکان دەنێردرا. بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی ناو کەشتییەکە، شارەزایانی بواری تەقەمەنی توانیان بیبەستنەوە بەو هێرشەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 بۆ سەر دوبەی، پایتەختی ئیماڕات ئەنجامدرابوو.
ئێمە ئەوەمان بینیووە کە چۆن لە ساڵی 2016 ـدا حوسییەکان موشەکیان ئاڕاستەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە باب ئەلمەناب دەکرد، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی مینی دەریاییان لە ناوچە ئاوییەکانی یەمەندا دەچاند، بەلەمی بۆمبڕێژکراوی لە دوورەوە جڵەوکراویان بۆ هێرشکردنە سەر بەندەری مۆچا لە دەریای ناوەڕاست لە ساڵی 2017 بەکاردەهێنا و هێرشیان دەکردە سەر کەشتییەکانی سعودییە لە بەندەری حودەیدە لە ساڵی 2018.
هەروەها لەم دواییانەشدا دوو هێرش کرایە سەر بەندەرەکانی ئەلنەشیمە و ئەلزەبا لە پارێزگای حەزەرمەوت، ئەمە جگە لە ئەو ئامانجگرتنەی سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگر لە وێستگەی نەوتی شەبوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022.
هەروەها ئێمە بۆمان دەرکەوت کە ئێران لە 16 تشرینی دووەمی 2022 ـدا کەشتی نەوت هەڵگری پاسیفیک زیرکۆنی لە کەناراوەکانی عوماندا لە ڕێگەی درۆنی بۆمبییەوە کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ناوپۆشی کەشتییە نەوت هەڵگرەکە زیانی بەرکەوت. ئەمە هەوڵێکبوو بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دابینکاری وزە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانەی کە جیهان ڕوبەڕووی بووەتەوە، سەپاندنی مەرجەکانی لە دانوستانەکان بۆ ژیانەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەشەدان بە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا.
کارەساتی ژینگەیی لە ئارادایە
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێشبینیی کارەساتێکی ژینگەیی لە کەشتی نەوت هەڵگری سەیفەر دەکەین کە لە کەناراوەکانی یەمەن لە دەریای سوردا لەنگەری گرتووە. ئەگەر بارودۆخی کەشتییە نەوت هەڵگرەکە بەرەو خراپتر بڕوات، دەکرێت نەوتی ڕژاو تێچووی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوێت بۆ پاقژکردنەوە. لە ساڵی 2015ـەوە، حوسییەکان بە بەردەوامی ڕێگرییان لە دەستگەیشتنی تیمەکامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی سەیفەر و دەستپيکردنی پلانێکی کارکردن کردووە.
ئەوە ڕونبووەتەوە کە بەڕێوەبردنی بەشەکانی یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە بە پاڵپشتی ئێران، نەک تەنها هەڕەشە بۆ سەر یەمەن بەڵکو بە هەمان شێوە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان و ئاسایشی ڕێڕەوە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات. حوسییەکان و پشتیوانەکانی ئێران هەموو ڕێککەوتننامەکانیان پێشێل کردووە، لە نێوانیاندا ڕێککەوتننامەی ستۆکهۆڵم و ئاگربەستی سەرپەرشتیکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان، ماف و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، لە هەمان کاتدا لەناوبردنی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی توندگیری و ئاشتی.
وەکو دەرەنجام، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا و وڵاتانی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی دەریای سور، سەقامگیرکردنی هاوتوچۆ و ئاسایشکردنی ڕاڕەوە گرنگەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی باب ئەلمەندەب، دەیای سور و کەنداوی عەدەن لە مانگی نیسانی 2022 ـدا، یەکەیەکی نوێیان پێکهێنا بە ناوی هێزی ئەرکی یەکخراوی 153.
ئەمەش تەواوکەری ئەو ڕۆڵە چالاکەیە کە سعودیە پێشتر لە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانێتی عەرەبی، پاراستنی ڕێڕەوە کەشتیوانیە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و باب ئەلمندەب و ڕێگریکردن لە دەیان هێرشی تیرۆریستی گێڕاویەتی، کە حوسییەکان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی بەلەمی بۆمبڕێژکراوی جڵەوکراوی مەودا دور و مینی دەریایی پلانیان بۆ داڕشتبوو، کە هەموو تەکنیکە سەربازییەکان لە ئێرانەوە هاوردەکرابوون.
گرنگیی گەرووی هورمز
لە مانگی ئایاری 2022 ـەوە، چەندین وڵاتی ئەوروپیی بە سەرکردایەتیی فەڕەنساوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەوروپا دەکەن – کە لە سەرەتای ساڵی 2020 لەلایەن هەشت وڵاتی ئەوروپییەوە پێکهێنرا – دەستگەیشتنیان بە دەریای ناوەڕاست و زەریای هیندی لە ڕێگەی باب ئەم مەندەبەوە فراوانتر بکەن. گرنگی ئەم ڕێڕەوە لەوەدایە کە 10%ی بازرگانیی جیهانیی لەم گەرووەوە تێدەپەڕێت و پێشبینی ئەوەش دەکرێت بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاد بکات.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا، وڵاتانی ئەوروپی بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا دەگەڕێن لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، کە باشترین جێگرەوەیە لە ڕوانگەی بڕ و ژێرخانەوە. لەوەش زیاتر، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕێککەوتنی نوێیان لەگەڵ قەتەڕدا مسۆگەرکردووە، و فەڕەنساش هەمان شتی لەگەڵ ئیماڕاتدا ئەنجامداوە.
پرسەکە بە تەنها بە نەوتەوە پەیوەست نییە: هەماهەنگییەک لە نێوان ئەوروپا و دەوڵەتانی کەنداودا لەبارەی وزەی خاوێنی وەکو درژکردنەوەی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو لەسەر بەکارهێنانی وزەی هایدرۆجینی لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا، سعودیە و ئیماڕات بوونی هەیە.
سەقامگیری دەریایی
پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە ڕادەیەکی زۆر بەندە لەسەر سەقامگیریی جموجۆڵی ئاوی لە ڕێگەی گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب، ئەمەش بەهۆی ناوەندێتی شوێنی جیۆپۆڵەتیکیانەوە وەکو خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا. هەرەها زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ناوچەی عەرەبی دەبەستن، بە تایبەت وڵاتانی کەنداو.
جیهان ڕوبەڕووی ئەگەری سستی ئابووری بووەتەوە، کە زۆرێک لە زلهێزەکانی ناچار کردووە بیر لە پێگەی جیۆپۆلەتیکیی خۆیان بکەنەوە. سەڕەڕای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری داوە بەشێک لە هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخاتەوە، بەڵام دەرئەنجامی نەخوازراوی ئابووری هێشتا وادەخوازێت سەقامگیریی لە ناوچەکە و یەمەن وەک پێوویستیەک بەدیبهێنرێت. چەندین وڵاتی ئەوروپی بەشدارن لە ئاسایشکردنی ڕێگەکانی بازرگانی جیهانی و برەو بە ڕۆڵی پێشەنگیان لە جوڵەی دەریایی لەم ڕێڕەوە کەشتیوانییە ئێجگار گرنگانە دەدەن.
ئابووریناسان پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2050، گەشەسەندنی بەرهەمی نیشتمانیی ناوچەی دەریای سورد ببێت بە سێ ئەوەندە، لە 1.8 تریلیۆنەوە بۆ 6.1 تریلیۆن. سەرەڕای ئەم شیمانەییانە، پێشبینییە ئابوورییەکان لەسەر بنەمای زانیاریی بەردەست ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکەوە وەبەرهێنان لە ئاسایشی بازرگانیی جیهانی لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە لە دەیەکانی داهاتوودا زیاد ناکات. ئەگەر هیچ هەوڵێکی هاوبەش بۆ ئاسایشکردنی ناوچەکە نەدرێت، ئەوا دەکرێت ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردابێت، بەتایبەتی زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی جیهانی لە ڕێگەی دەریای سور و باب ئەلمەندەب بۆ پێنچ ئەوەندە لە ئاستی ئێستای، لە 881 ملیار دۆلارەوە بۆ 4.7 تریلیۆن دۆلار هەتا ساڵی 2050.
هۆکارە ڕیشەییەکان
سەڕەڕای ئەم دەستپێشخەریانە، جیهانی ڕۆژئاوا مامەڵە لەگەڵ نیشانەکانی کێشە ناوچەییەکاندا دەکات، نەک هۆکارە ڕیشەییەکان. چارەسەرە هەرە ساناکە بریتی دەبێت لە پەیڕەوکردنی ستراتیژییەک کە بە تیۆری دژە ئاڕاستەی بنەڕەت ناسراوە، کە شوێنی نیشانەکان هەڵدەگرێت بە ئاڕاستەی سەرچاوەی کێشەکە.
چین بە تەواویی لە گرنگیی ئەم ناوچەیە ئاگادارە. چین هەوڵدەدات سەنگی خۆی لە ڕێگەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا درێژ بکاتەوە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە جیبۆتی، و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووریی مەزن لە وڵاتەکە، وەک چۆن هەوڵدەدات لە ئەفریقادا جێگەی خۆی بکاتەوە لە هەمان کاتدا بە دیاریکراوی کاریگەرییەکانی ئەمریکا کەمبکاتەوە.
لەبری ئەوەی دەستپێشخەری زیاتر بکەن و ملیۆنەها خەرج بکەن و هەوڵێکی زیاتر بۆ پاراستنی ڕێڕەوە کەشتیوانیە بازرگانیەکان بدەن، سەرکردە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی ئەوانەی ئەوروپا، پێویستە هەوڵەکانیان بۆ پشتگیریکردنی ئەنجومەنی پێشەوایی سەرۆکایەتی و حکومەتی دەستوریی تەرخان بکەن کە نوێنەرایەتی تەواوی چینی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەمەن دەکات، توانای سەپاندنی بەڕێوەبردن و دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری بەدرێژایی کەناراوەکانی یەمەنی پێبدات.
لە هەمان کاتدا، ئەمە حوسییەکان و توانا سەربازییەکانیان سنوردار دەکات، کە لەم دواییانەدا بەشدارییان لە جەنگێکی بەیان نەکراوی ئێرانیدا کرد بۆ سەر ژێرخانی وزە، دامەزراوەکان، بەندەر و کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە ناوچەی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
Comments are closed.