Getting your Trinity Audio player ready...
|
بە لەبەرچاوگرتنی سنوورە درێژ و کەلێندارەکانی لەگەڵ ئێران و سوریا، عێراق ڕووبەڕووی پەتایەکی نەخوازراوی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان دەبێتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2024، هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت 18 تۆمەتباری دەستگیرکرد. ئەوان خاوەنی دڕۆن، ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراو، دۆشکە، چەکی دیکە و جۆرەها ماددەی هۆشبەر بوون.
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتی گشتیی دژە هۆشبەری عێراق (IANGA)، ماددەی کریستاڵی میسامفیتامین بەربڵاوترین ماددەیە، کە لەلایەن 37%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانی عێراقەوە بەکاردەبرێت، لەکاتێکدا بەکاربەرانی کاپتاگۆن نزیکەی 35%ـی بەکاربەرانی ماددە هۆشبەرەکان پێکدەهێنن.
“دەسەڵاتی گشتیی دژە هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی پێشوەختەییان دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم جۆرە تاوانانەدا هەیە ئەنجامداوە.” حوسێن ئەلتەمیمی، ئەفسەری کاروباری گشتی ڕایگەیاند.
”ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە گەورەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە یەک تەن و نیو لە جۆرەهاماددەی هۆشبەر و نزیکەی 10 تەن لە دەرمانە دەروون شێوێنەکان، وە دەستگیرکردنی نزیکەی 7,000 هەزار کەسی تێوەگلاو لە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر.”
دەزگا ئاسایشییەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە تەنها پشتیان بە ڕێوشوێنی سزادان نەبەستووە. بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ 16 ناوەندی چاکسازیی لە پارێزگاکانی عێراقدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر کۆمەڵگا کردەوە.
کریستاڵی مێسامفیتامین لە ڕێگەی سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق بە قاچاخ لە ئێرانەوە دەهێنرێتە عێراق، لە کاتێکدا حەبی کاپتاگۆنی هێورکەرەوە لە سوریاوە لە سنووری باکووری ڕۆژئاوای عێراقەوە دەهێنرێتە ناوەوە.
بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. بازرگانیکردنی نایاسایی و بەکارهێنانی ماددە هێورکەرەوەکانی جۆری ئەمفیتامین لە شێوەی حەبی کاپتاگۆن و کریستاڵی میسامفیتامین، نەک تەنها بۆ حکومەتی عێراق بەڵکو بۆ حکومەت و کۆمەڵگاکانیش لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە.
لە مانگی شوباتی 2024. ئەردەن میوانداریی کۆبوونەوەیەکی بۆ وەزیرانی ناوخۆی عێراق، ئەردەن، سوریا و لوبنان سازکرد، کە بە پێکهێنانی شانەیەکی پەیوەندیی هاوبەش بۆ هەماهەنگی، یەکخستنی هەوڵەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردنی سنووریی بە ماددە هۆشبەرەکان کۆتایی هات.
”لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا عێراق و وڵاتانی دراوسێ زیادبوونی بەرچاوی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی حەبی کاپتاگۆنیان بە بەڵگە کردووە … دەستبەسەرداگرتنی حەبی کاپتاگۆنەکان لە عێراق لە ساڵی 2019 هەتا 2023 نزیکەی لەسەدا 3,380 زیادی کردووە”، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان بڵاویکردووەتەوە.
بە پابەندبوون بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق، نووسینگەی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان و کاروباری چەسپاندنی یاسای سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان هاوکاریی تەکنیکی پێشکەش بە دەزگاکانی چەسپاندنی یاسای عێراق کردووە.
سەرچاوەکان: ئەشرەق ئەلئەوسەت، baghdadtoday.news، سکای نیوز، .U.N