شوێنهەڵگرتنی ئامڕازەکانی گواستەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە کارەسات
بەرپرسانی ئاسیای ناوەڕاست ڕیگای نوێ تاقی دەکەنەوە لەپێناو وەستاندنی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ
دەستەی یونیپاس
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، دانیشتوانی ئاسیای ناوەڕاست درکیان بەوەکرد کە ئەوان لە نێوان ماددەی تیشکدەری کەڵەکەبوودا دەژین. کانەکانی یۆرانیۆم، کۆکای عەمبارکردن و کارگەکانی بەڕێوەبردن، و لە هەندێک دۆخدا چەکی ئەتۆمیی ڕاستەقینە، بریتی بوون لە مێژووی ئەم دواییانەی سۆڤیەتەکەیان.
سی ساڵ لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی و پاقژکردنەوەی پاشماوە تیشکدەرەکان کازاخستان، قڕغستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەگستانی سەلامەتتر کردووە. بەڵام کێشەی گواستنەوەی نایاسایی ماددەی ئەتۆمی، و دەرکەوتنی ئاڵنگاریییە نوێیەکان لەگەڵ ویستی تیرۆریستان بۆ چەکە بایۆلژییەکان، گرنگیدانێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ (WMD) دەبێتە کارێکی پێویست.
د. ئیلهۆم میرسەیدزادە، سەرۆکی دەزگای ئاسایش و سەلامەتیی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیکشی و ئەتۆمی (CBRN)، باس لە ڕوداوی مانگی ئایاری 2021 دەکات، کاتێک کارمەندانی تاجیکی خۆیان وەکو کڕیارانی ئەفغانی نیشاندا و دەستیان بەسەر بارێکی کەپسولی 607 گرامی یۆرانیۆمی 235 (U-235)ـی قاچاخچییەکاندا گرت. یۆرانیۆمی 235 (U-235) جۆرێکی دەوڵەمەندی ئەو توخمە قورسەیە کە بۆ پیتاندنی ئەتۆم بەکاردەهێنرێت. لە سەرەتادا سەرچاوەی یۆرانیۆمە قاچاخەکە دەستبەجێ دیارنەبوو.
”ئێمە لەگەڵ هاوکارەکانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ناردنی کەپسولە یۆرانیۆمەکان بۆ لۆس ئاڵامۆس کاردەکەین بۆ زانینی وڵاتی سەرچاوەکە،” میرسەیدزادە ئەمەی ڕاگەیاند.
ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ زۆربەی هەفتەکەی گرتەوە لە بۆدابست، هەنگاریا، لە مانگی ئەیلوولی 2022. دەزگای کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەیان نوێنەری لە کەرتی ئاسایشی ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ چوارەمین دیداری باشور و ناوەڕاستی ئاسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوچەیی دژ بە چەکی کۆمەڵکوژ بانگێشت کرد.
دیدارەکە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک وتاری پسپۆڕانی بوارەکە و هاوشێوەکردنی خەیاڵی لەسەر کۆمپیوتەری دیسکتۆپ کە داوای لە بەشداربووە فرەنەتەوەییەکان دەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانێکی چەکی کۆمەڵکوژ هێزەکانیان یەکبخەن. ئامادەبووان 25 بەرپرسی لە کازاخستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەگستان لەخۆگرتبوو، کە زۆربەیان سەرباز و ئەفسەری گومرک بوون کە کارەکانیان پاسەوانی سنورەکانی وڵاتی دەگرتەوە.
داوا لە وڵاتەکان کرا لەڕێگەی بەهێزکردنی ئاسایشی سنور، ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی مەترسیەکان لەسەر بنەمای هەواڵگری و توندکردنی ڕێساکان لەسەر ئاستی وڵات، چەکی کۆمەڵکوژ جڵەو بکەن. بەشێکی زۆری کۆتایی دیدارەکە پەیوەست بوو بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی کەرەستە و تەکنەلۆژیای جێ مەترسی “دوو لایانەی بەکارهێنان” کە دەکرێت تیرۆریستان و تاوانباران بۆ دروستکردنی چەک بەکاریبهێنن.
زۆربەی بەشداربووانی سیمینارەکە ئاشنای مەترسیی کوشندەیی ڤایرۆسەکان و ئەو ماددە بایۆلۆژییانەی ترن ئەگەر بکەونە دەستی کەسانی خراپەوە. وەک چۆن د. سێرمەت سێزگین لە زانکۆی زانستە تەندروستییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند: “دوای کۆڤید- 19، هەڕەشە بایۆلۆژییەکان جێگەی گرنگیی زیاترن.”
بەڵام تەنانەت ماددە بە ڕواڵەت بێ زیانەکان و تەکنەلۆژیا دامەزرێنراوەکان بۆ جێبەجێکارییە پیشەسازییە ڕۆتینییەکان بەرمەترسین بۆ خراپ بەکارهێنان لەلایەن دەوڵەتە خراپەکار و تیرۆریستەکانەوە. لە هەندێک لە دۆخەکاندا، ئەو بازرگانیانەی کە ئەم بەرهەمانە بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازنەوە، تەنانەت ئاگاداریی ئەوەش نین کە بەشداربوون لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی شاراوە.
هەروەها پەستانی شاوڵی، کە بۆ بەرهەمهێنانی کانزا بەکاردەهێنرێت، ئامرازێکی گرنگە بۆ دروستکردنی نوکی مووشەک یاخود ئامێری جیاکەرەوەی ناوەکیی ئەتۆمی. بە هەمان شێوە، تۆزی ئەلەمنیۆم، کە لە ڕوپۆش و بۆیاخدا سودی لێوەردەگیرێت، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ماددەی پاڵنەری موشەکی.
بۆ تیشک خستنە سەر سەختیی وەستاندنی هەناردەکردنی زیانبەخش، دەرکەوت کە پاشماوەی مووشەکێکی کۆریای باکوور کە کەوتە ناو زەریای هێمنەوە، پێکهاتەی بەرهەمهێنراو لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای تێدایە. هەردوو حکومەتەکە هەوڵیان دابوو ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە لە دەستی پیۆنگیانگ بپارێزن.
چیرۆکەکانی سەرکەوتن
نزیکەی هەموو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە ژێر بڕیارنامەی 1540ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی کارکردنی نیشتمانیان مۆرکرد، کە لە ساڵی 2004 بە ئامانجی وەستاندنی بڵاوبوونەوەی مادەی کۆمەڵکوژ پەسەندکرا. تەنانەت هەندێکیان، وەکو تاجاکستان، هەنگاوی زیاتریان ناوە بە دامەزراندنی پۆلی سەربازی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ.
میرسەیدزادە دووپاتی کردەوە کە هەموو بنکە سنورییە سەرەکییەکانی وڵات ئامێری پێوەری تیشکدانەوەیان تێدایە. لە مانگی ئابی 2022، تاجاکستان فەرمانگەی لقی باکوری سەر بە دەزگای ئاسایش و سەلامەتی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکدەر و ئەتۆمیی کردەوە. ئەم فەرمانگەیە لە بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ ڕاهێنان بە هێزەکانی چەسپاندنی یاسا دەکات. دەزگاکە بە هەمان شێوە پلانەکانی بۆ کردنەوەی لقی فەرمانگەی هاوشێوە لە نزیک سنوری باشوی وڵات لەگەڵ ئەنغانستان ڕاگەیاند.
تەنانەت بە ویستێکی بەهێزەوە، تاجیکییەکان ناوەندێکی ڕاهێنانی لێکۆڵینەوەی زانستیی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکدەر و ئەتۆمی لە دەشەنبێ بەڕێوەدەبەن کە ئومێدەوارن ببێتە پێشەنگ لە بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ. وەکو بەشێک لە ناوەندی ڕاهێنانەکە، تاجاکستان ئامانجیەتی کتێبخانەیەکی کۆکراوەی لێکۆڵینەوەی زانستیی ئەتۆمی بۆ بەدواداچوون و تۆمارکردنی سەرچاوەی جوگرافی ماددە پیتێنراوەکان بکاتەوە.
”ئێمە هیوادارین ئەمە خزمەتی پێویستییەکانی هەموو ناوچەکە بکات،” میرسەیدزادە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە زانستییەکان و ناوەندی ڕاهێنانەکە ئەمەی ڕاگەیاند.
هەروەها دەکرێت بەڕیوەبردنی توندی سنور ببێتە بەربەست لە بەرامبەر مەبەستی زیانگەیاندنی تاوانباران و تیرۆریستان.
عەمید ئەمین ئەلقاعی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن بەشێکی زۆری سنورە گوندنشین و شاخاوییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکە تیشکی و کیمیاییەکان بە هەستەوەرەکان ئامێربەند کراون و سەربازی ڕاهێنراو بۆ بەڕێوەبردنیان دەجوڵێنێت.
کاتێک دێتە سەر بابەتی ڕێگریکردن لە ماددەی ئەتۆمی، پێویستە دەستنیشانکەرەکانی وەکو ڕادار و ئامێری گەیجەر (Geiger) جێگیر بکرێن لە دەروازە ستراتیژییەکانی وەکو بەندەرەکان و گۆڕەپانی هێڵەکانی شەمەندەفەر، ئامادەبوویەکی تری دیدارەکە ئەمەی ڕاگەیاند. بەرگریەکی “فرە چین و پێشبینی نەکروا” باشترین ڕێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لایەنە ناحەزەکان.
جێسی مونۆز، جێگری سەرۆکی یەکەی چاودێریی سنووری ئەمریکا، دڵنیایی دەدات لە کاریگەریی دیوار و پەرژینەکان لە سنووردارکردنی پەڕینەوە. هەندێکجار تیرۆرستان کۆمەڵەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەکرێ دەگرن بۆ سود وەررگرتن لە تۆڕەکانی کۆمەڵەکە و چۆنیەتی کارکردنیان، ئەو ئەمەی ڕاگەیاند، کە بەربەستە جێگیرەکان بە ڕێژەی 90% کاریگەرن لە بەڕێوەبردنی جوڵەکانی پەڕینەوەی سنور.
شوێنهەڵگرتنی گواستنەوە
زۆرجار ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ، شوینهەڵگرتن و شوێنکەوتنی جوڵە ئاڵۆزەکانی باری جیهانیی بۆ ئاشکراکردنی بەکارهێنەرێکی بەدخوو لەخۆدەگرێت.
دۆسیەی مونیر ئەلئدریسی شێوەکراوە. تیمێکی سوپای بەڕیتانی کە لە بەسڕە، عێراق جێگیر کراون، پێکهاتەکانی دروستکردنی بۆمبیان، بە دیاریکراوی تەختە نەخشە ئەلیکترۆنی، لە حەشارگەکانی تیرۆرستاندا دۆزیەوە و کەرەستەکانیان گواستەوە بۆ بەڕیتانیای مەزن.
بەرپرسانی بەریتانیا لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کاریان کردوو و زانیان کە ئەلئدریسی، هاوڵاتییەکی بەریتانی بە ڕەچەڵەک لیبی کە پێشینەی تاوانکاریی هەیە، تەختە نەخشە ئەلیکترۆنییەکانی کڕیووە.
لە بری ئەوەی کە ڕاستەوخۆ ئەلئدریسی دەستگیر بکەن، حکومەتی بەڕیتانیا ئەم جارەیان ڕێگەی پێدا لەرێگەی بەکارهێنانی کۆمپانیایەکی جیهانی بەناوبانگی گواستتەوە تەختە نەخشەی ئەلیکترۆنی زیاتر بگوازێتەوە بۆ ئیماڕات. لە ئیماڕاتەوە، بارەکە بۆ عێراق ڕەوانەکرا.
پلانی نهێنی بۆ ئاشکراکردنی ڕۆڵی ئەلئدریسی لە دروستکردنی بۆمبی تیرۆریستیدا هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، ئیمارات، عێراق، ئەڵمانیا و ئازەربایجان لەخۆگرتبوو. لە ساتێکی پێشوەختدا، پۆلیس شوێنهەڵگری ئەلیکترۆنی بە پاکەتەکەوە لکاند کە بە “گەیەنەری جڵەوکراو” ناسراوە.
بۆ هاوکاریکردن لە کەمکردنەوەی هاوشێوەکانی ئەلئدریسی، ڕێکخراوی گومرگی جیهانی کتێبێکی ڕێبەریی بۆ یارمەتیدانی وڵاتان لە چەسپاندنی بەڕێوەبردنی بازرگانی ستراتیژی لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بەکارهێنانی دوو لایەنی بڵاودەکاتەوە. ئەم جۆرە بەڕێوەبردنانە بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا لە دەرکردنی یاسای نیشتمانییەوە دەست پێدەکات، لەوانەش غەرامە و سزا بۆ ئەو کەس، کۆمپانیا و تاقیگەی توێژینەوانەی کە یاساکان پێشێل دەکەن.
بەرەوپێشچوونەکان هێواش بوون. کاتێک دێتە سەر باسی لە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی ماددە بایۆلۆژی و کیمیاییەکان، ئەو ماددانەی کە بە بڕی کەم دەتوانن زۆرترین زیان بگەیەنن، ئەوا نزیکەی 95%ـی وڵاتان هیچ یاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنیان نییە.
Comments are closed.