بۆ مانەوەی هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنە سەربازییەکان، خاوەن پایە شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، لە مانگی حوزەیرانی 2024ـدا بەرنامەیەکی بۆ گۆڕینی کۆلێژی فەرماندەیی و دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی سعودیە (SAAFCSC) بۆ زانکۆی بەرگریی نیشتمانی (NDU) دەستپێکرد.
ئامانجی بەرنامەکە بریتی بوو لە زەمینەسازی بۆ زانکۆی بەرگریی نیشتمانی (NDU)، بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030، ببێتە زانکۆیەکی سەربازیی ناوچەیی پێشەنگ لە ئامادەکردن و شایستەکردنی سەرکردە سەربازی و مەدەنییەکان لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانیدا.
”ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە و دەستپێکێکی پرشنگدارە بەرەو داهاتوویەکی پیشەیی پەروەردەی سەربازی لە شانشینەکەدا،” فەریق فەیاز ئەلروەیلی، سەرۆک دەستەی ئەرکانی گشتیی سعودیە ڕایگەیاند. “زانکۆکە بەرنامەکانی خوێندن پێشکەش دەکات، توانا و لێهاتووییەکان گەشەپێدەدات و وەکو ناوەندێکی توێژینەوە بۆ دەرکردنی بڕیار [و] چارەسەرکردنی کێشەکان خزمەت دەکات، وە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی کوالیتی بەرزی گونجاو لەگەڵ بەرزترین ستانداردەکان پێشکەش دەکات.”
SAAFCSC بۆ زیاتر لە شەش دەیە ئەکادیمیای باڵای سەربازیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە بووە، کە ڕاهێنانی بە ئەفسەرانی دەستەبژێری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئاسایشییەکانی تری سعودیە و وڵاتانی هاوبەش کردووە.
لە بەرواری دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1958، SAAFCSC بەشێوەیەکی بەردەوام نوێگەری و هاوچەرخکردنی تێدا ئەنجامدراوە، پێداچوونەوەی بە ستراتیژ، شێواز و مەنهەجەکاندا کردووە تا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زانستی سەربازی، ئاڵنگارییەکانی ئاسایش و تەکتیکی جەنگدا هەنگاوبنێت.
SAAFCSC بەرنامەی خوێندنی پێشکەوتوو پێشکەش دەکات، لەوانە بڕوانامەی ماستەر لە توێژینەوەی ستراتیژی و زانستی سەربازی، خولێکی پلاندانانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، وە هەروەها چەندین بڕوانامە لە ئاسایشی نیشتمانی، سەرکردایەتی ستراتیژی، زانیاری سەربازی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
NDU دەبێت بە ئاستبەرزترین دامەزراوەی سەربازی کە پەروەردەیەکی کوالیتی بەرز لە خوێندنی سەربازیدا بە نزیکەی 280,000 کەس کە لە سەرانسەری خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی سعودیە خزمەت دەکەن، پێشکەش بکات، لەنێویاندا هێزە وشکانییەکانی شاهانەی سعودیە، هێزە ئاسمانییەکان، هێزە دەریاییەکان، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و هێزەکانی مووشەکی ستراتیژی.
سەرچاوەکان: al-Arabiya.net، ئەشرەق ئەلئەوسەت، elaph.com