بەرگریی مووشەکیی هاوبەش لە کەنداوی عەرەبی
سیستەمێکی هاوبەشی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە پارێزگاری دەکات لەدژی هەڕەشەی ئاسمانی لەلایەن کارەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکان
لیوا خالید ئەلشریان، فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانی کوەیت
بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی یەکخراو (IAMD) لە سەردەمی ئاشتی و ململانێدا پێویستە و چارەسەرێکی نموونەییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی ئێستا و داهاتوو. ئەمە ئاوێتەکردن و هەماهەنگی لە نێوان هەموو سیستەمەکانی بەرگریدا فەراهە دەکات بۆ پاراستنی ناوچە گرنگ
و ستراتیژەکان لە هەڕەشە ئاسمانییەکان.
پەرەسەندنی هەڕەشەی ئاسمانی بە بەکارهێنانی سیستەمی ئاسمانی بی فڕۆکەوان (UAS)، مووشەکی کروز (CM) و مووشەکی بالیستی تاکتیکی (TBM) بە خێرایی ڕوودەدات و بە شێوەیەکی بەرفراوان و کاریگەر لەلایەن کاراکتەرە جیاوازەکانەوە بەکاردەهێنرێت.
UAS پێوەری تاکتیکی و تەکنیکی باشتر دەکات هەروەها ئاماژەی ڕادار و گەرمی کەم دەکاتەوە و ڕەنگە گرنگییەکەی گەشە بکات چونکە ژیریی دەستکرد (AI) ڕۆڵێکی زیاتر دەگێڕێت.
لە لایەکی دیکەوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بچووکی بازرگانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بەرەکانی شەڕدا بەکاردەهێنرێت دوای ئەوەی تواناکانیان بۆ هەڵگرتنی چەکی کوشندە بەرزکراونەتەوە. ئەم جۆرە درۆن تێچوویان کەمە و بە ئاسانی لە بازاڕە بازرگانییەکان دەستدەکەون.
سەبارەت موشەکە کرووزەکان، پێشبینی دەکرێت کە پێشکەوتنەکانی داهاتوو ببێتە هۆی زیادبوونی مەودا و بەردەوامبوونی توانای جووڵەیان لە بەرزاییە نزمەکان و خێراییە بەرزەکاندا. مووشەکی کروز توانای کارکردنیان بە خێرایی ژێر دەنگی و سەروو دەنگی و هایپەرسۆنیک هەیە.
مووشەکی کروزی هایپەرسۆنیک بە چەکی زۆر پێشکەوتوو دادەنرێن. ئەمەش بەهۆی توانای گۆڕینی ڕێڕەوی موشەکییەوە بە درێژایی گەشتەکە بە خێرایی ماک 7 یان زیاتر. نزمیی ڕێژەی یەکتبڕی بەریەککەوتنی ڕاداریی ئەوان وایان لێدەکات بەشێوەی کرداری دەستنیشان نەکرێن و توانای جووڵەیان لە ماوەی تەواوی ڕێڕەوی فڕیندا ئەگەری دەستنیشانکردنی کەمدەکاتەوە.
هەروەها بڵاوبوونەوەی TBM بە ژمارەیەکی زۆر و هەڵگرتنیان لەلایەن سەرچاوەی هەڕەشە جۆراوجۆرەوەکان گەشەیەکی مەترسیدارە لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا چونکە ئەم مووشەکانە سوود لە خێرایی و گەیشتنیان وەردەگرن. بۆیە پێویستە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ئامادەیی باڵای شەڕ 24 کاتژمێری ھەر ڕۆژێک بەردەوام بێت بۆ وەڵامدانەوەی خێرا.
بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر پێویستە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کاتێکی پێویست بۆ سیستەمی فەرمان و بەڕیوەبردن دابین بکات بۆ ئەوەی لە ساتەوەختی گونجاودا بڕیاری دروست بدات، چونکە لەم دواییانەدا هەڕەشەی ئاسمانی پەیوەست بە بەکارهێنانی هەندێک سوودەوە کە گرنگترینیان بریتییە لە هۆکاری دزەکردن بە یاخود کروزی نزم فڕیو ‘UAS’ بەکارهێنانی مووشەکی کە ڕێژەی یەکتربڕی بەریەککەوتنی ڕاداری زۆر نزمیان هەیە و توانای مانۆڕکردنیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی دۆزینەوە و بەدەستهێنانی سەرسوڕمان.
چەمکی IAMD بە زۆر گرنگ دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی بەرگری ئاسمانی ناوچەیی کاریگەر، ئاوێتەکردن و هاوئاهەنگی هۆشداری پێشوەختە، فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن، و سیستەمی بەرگری ئاسمانی. بۆیە، بۆ ئەوەی هەر بەرگرییەکی ئاسمانی کاریگەر بێت، پێویستە ئەمانەی خوارەوە بەدەست بهێنرێت:
یەکەم، پەرەپێدانی سیستەمی بەهێزی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کە بتوانێت هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی ئاسمانی دەستنیشان بکات، بەتایبەتی ئەو ئامانجانەی کە یەکتبڕی بەریەککەوتنی ڕاداریان زۆر بچووکە (هێواش و نزم و بچووک) و لە کاتی گونجاودا دەستنیشانیان بکات بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بتوانێت بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان بداتەوە و لەناویان ببات پێش ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن.
دووەم، پێویستە لە ڕێگەی پەیوەندیی پارێزراوەوە ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی کاریگەر و پێشکەوتوو لەگەڵ ھەستەوەرەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و سیستەمی چەکی بەرگریی ئاسمانیدا بگونجێنرێت یەکبخرێت بەجۆرێك هەموو پێداویستییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەخۆبگرێت. پێویستە ناوەندی فەرمان و بەڕێوەبردن بتوانێت وەک بەشێک لە تۆڕە نیشتمانی و ناوچەییەکان کار بکات. پێویستە لەگەڵ سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو هەروەها لەگەڵ سیستەمی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاوێتە بێت. مەشقی بەردەوام کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لەخۆدەگرێت، پێویستە کارامەیی کارمەند لەم ناوەندانەی فەرمان و بەڕێوەبردندا چڕتر بکاتەوە بۆ دڵنایبوونەوە لە بڕیاردانی دەستبەجێ.
سێیەم، پێویستە چەترێکی بەرگری ئاسمانی یەکگرتوو پەرەپێبدەین کە توانای تێکشکاندنی هەموو جۆر و سەرچاوەکانی هەڕەشەی هەبێت بەبێ گوێدانە بەرزی، خێرایی و ڕێڕەوەکەیان. پێویستە پلاندانان تیشک بخاتە سەر بەرگریی ئاسمانیی کە توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشی بەکۆمەڵی 360 پلەیان هەبێت و لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای کارکردن بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد ئامادەیی جەنگیی کارمەندان و ئامێرەکان بپارێزن. بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی سیستەمی کۆمپیوتەر، پێویستمان بە سیاسەتێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هەیە کە لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشەکان پەرەبستێنێت. و لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی گونجاو بێت.
هێشتا IAMD لە هەردوو پرسی سیاسەت و تەکنیکیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. پێویستە بەسەر ئەمانەدا زاڵ بین. یەکەم، پێویستە بە پلانێکی درێژخایەن سیاسەتی ڕوونی نیشتمانی بنیات بنرێت کە پرسەکانی چۆن، کێ، لە کوێ و کەی ڕوونبکاتەوە. پێویستە سیاسەتە نیشتمانییەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی هاوئاهەنگ بکرێن بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی هاوبەش.
لە لایەکی ترەوە پێویستە بە زووترین کات ئاستەنگە تەکنیکیەکان چارەسەر بکرێن چونکە هەڕەشە ئاسمانییەکان بە خێرایی پەرەدەستێنن. پێویستە IAMD بە خێرایی نوێبکرێتەوە تا لەگەڵ ئەو هەڕەشانە بگونجێت.
عەقید جۆن بۆید لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا شێوازێکی بڕیاردانی بە ناوی سووڕی OODA پەرەپێدا کە چوار هەنگاو لەخۆدەگرێت(چاودێریکردن، ئارڕستەکردن، بڕیاردان، کردار).
ئەگەر ئێمە سووڕی OODA لە بڕیاردانی IAMD جێبەجێ بکەین و بتوانین کار بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئاسمانی لە کات و شوێنی گونجاودا، ئەوا دەتوانین هەڕەشەی ئاسمانی شکست پێبهێنین. بەڵام ئەگەر ئێمە لە دوای تەواو پێشکەوتنی هەڕەشەی ئاسمانی کاردانەوەمان هەبێت، ئەوا تووشی پاشەکشە دەبین.
هەر بۆیە IAMD چاودێری لەلایەن سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ئاڕاستەکردن و بڕیاردان لە ناوەندی فەرمان و بەڕێوەبردن، و کردار لەلایەن سیستەمی چەکی بەرگریی ئاسمانییەوە دابین دەکات. ئاوێتەکردن و کارکردنی هاوبەش لە هەموو ئەم ئاستانەدا یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ شکستپێهێنانی هەڕەشە ئاسمانییەکان.
Comments are closed.