ئاسیای ناوەڕاست لە کەنداوی عەرەبی بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت
دیدارێک لە شاری جەددە، پەیوەندییە ئابووری و کلتووریەکانی نێوان ناوچەکان بەهێزتر دەکات
دەستەی یونیپاس
وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ماوەیەکی کەم لە دوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤیەت پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا دامەزراند. لە سەرەتادا بازرگانی وزە، گەشەپێدانی ژێرخان و پەیوەندییە ئابوورییەکان چەقی بابەتی بوون، پاشان ئەم پەیوەندییانە بۆ لەخۆگرتنی دەستپێشخەرییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و بە هەمان شێوەش پەیوەندییە ئایینییە هاوبەشەکان پەرەیان سەند. لە دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ناوچەکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
ڕێوڕەسمی یەکەمین دیداری ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو و ئاسیای ناوەڕاست کە لە مانگی تەمموزی 2023 لە شاری جەددە، سعودیە بەڕێوەچوو، لەم هاوبەشییە پەرەسەندووەدا ساتێکی وەچەرخانی گرنگ بوو. سەرکردەکانی 11 وڵات، لە نێوانیاندا سعودیە، ئیمارات، قەتەڕ، کوەیت، بەحرەین و پێنج دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست، بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد.
سعودیە دیدارەکەی بۆ برەودان بە هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوناوچەیی، پتەوکردنی پەیوەندییە ئاسایشییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە کەرتی مرۆیی و گەڕان بەدوای بواری هەماهەگی زیاتردا دەستپیکرد. بە هەمان شێوە پەیوەندییە باوە کلتووریە هاوبەشەکان لەلایەن نەتەوەکانەوە لە هەردوو ناوچەکە وەکو بناغەیەک بۆ هەماهەنگیی فرەلایەنەی بەهێزتر یارمەتیدەر دەبن. بە ڕابەرایەتیی خاوەن پایە شازادەی جێنشین سەلمان بن حەمەد ئەلخەلیفە ئالسعود، دیدارەکە جەختی لە گرنگی هەماهەنگی لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی وزە و زنجیرەی بەرهەمهێنانی جیهانی کردەوە.
لە دیدارەکەدا بەیاننامەی هاوبەش، کە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژی و سیاسییەکان، فراوانکردنی هەماهەنگییە ئابوورییەکان، بەرەپێشبردنی ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنان و بنیاتنانی پەیوەندیی کولتووریی نزیک کردەوە، بڵاوکرایەوە.
جێگری وەزیری ئۆزبەکستان بەخرۆمجۆن ئالۆێڤ دیدارەکەی بە مێژوویی وەسف کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی لە بنیاتنانی شێوازێکی نوێ هەماهەنگیی نێوناوچەیی لە نێوان ئاسیای ناوەڕاست و دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) (بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەڕ، سعودیە و ئیمارات).
”بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی نێودەوڵەتی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) گرنگییەکی ستراتیژییە هەیە.” ئەوە قسەی ئالۆێڤ بوو.
دیداری داهاتووی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) و ئاسیای ناوەڕاست، کە بڕیارە لە سەمەرقەند، ئۆزبەکستان بەڕێوەبچێت، پابەندبوونی زیاتر بە پێشخستنی ئەم هەماهەنگییە دووپاتدەکاتەوە.
دیدارەکە بەڵگەیەکبوو لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و کازاخستان، قڕغستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان. بەر لەوە کۆبوونەوەی فەرمی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕیاز لە 7ـی مانگی ئەیلوولی 2022، بەڕێوەچوو. ئەوان تاوتوێی ڕێکخستنی گفتوگۆیەکی ستراتیژی نێوان هەرێمەکانیان کرد. وەزیرەکان لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەرێمەکان لە چەندین بواردا، لەوانە گەڕاندنەوەی زنجیرەکانی دابینکاری کە بەهۆی پەتا جیهانییەکە پچڕابوون؛ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، وزە و ئاو؛ برەودان بە وزەی سەوز؛ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان؛ و دامەزراندنی میکانیزمی بازرگانی و وەبەرهێنان ڕێککەوتن.
ئەم کۆبوونەوەیەی ساڵی 2022 بوو بە هۆی گەشەپێدانی پلانی چالاکیی هاوبەش بۆ گفتوگۆی ستراتیژی و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی بەشداربوو لە ساڵی 2023ـەوە هەتا 2027. دیداری کەنداو و ئاسیای ناوەڕاستی 2023 پلانی کارکردنی هاوبەش و هەوڵەکانی هەماهەنگیی فرەلایەنەی چەسپاند.
پەیوەندییەکانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو
ڕیشەی پەیوەندییەکانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بۆ پەیوەندییە مێژوویی و ئاینییەکان دەگەڕێتەوە. سەردەمی سۆڤیەت بەهۆی جەنگی ساردەوە ئەم ناوچانەی تاڕادەیەک بە دابڕاوی هێشتبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوخانی یەکیەتیی سۆڤیەت ئەو سەرکوتکردنە ئاینییەی کە لە ژێر حکومڕانیی مۆسکۆدا لە ئارادابوو، لەناوچوو و ئەمەش ڕێگەی بە ناوچەکە دا زیاتر لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیک ببنەوە. کرانەوەی سنورەکان لە دوای ڕوخانی یەکیەتیی سۆڤیەت نەک بە تەنها سەرنجی بازرگانیکردن و وەبەرهێنانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا بەڵکو پەیوەندییە کلتوورییەکانیشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زیندوکردنەوە.
لە کاتێکدا بازرگانیی نێوناوچەیی بە شێوەیەکی نەریتی کاڵاکانی وەکو بەرهەمی کشتوکاڵی، قوماش و شتومەکی بەرهەم هێنراوی لەخۆگرتبوو، وەبەرهێنانەکانی وڵاتانی کەنداو لە ئاسیای ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990ـەوە لە وزەدا چڕبووەوە. بۆ نمونە، سندوقی سامانی سەروەریی ئیمارات، موبادەلە، لە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ژێرخانی وزە لە ناوچەکەدا وەبەرهێنانێکی زۆری ئەنجامداوە، لەوانە وێستگەیەکی کارەبای خەڵوز و کارگەیەکی کیمیایی لە کازاخستان.
ئەو کۆمپانیایانەی کە بارەگاکانیان لە دوبەیە، لە کازاخستان ژێرخانی گواستنەوەیان دروستکرد و لە تورکمانستان بەرهەمهێنانی نەوتیان گەشەپێدا. سعودیە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتیی تورکمانستانی لە دروستکردنی بەشێک لە هێڵی بۆریی تورکمانستان-ئەفگانستان-پاکستان-هیندستان (TAPI)ـی کردووە، کە وەکو ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی گازی تورکمانستان بۆ هیندستان پێشبینی دەکرێت.
بە هەمان شێوە پەیوەندییە کلتووریەکان گەشەیان سەندووە، کە ئاڵۆگوۆڕەکانی نەتەوە بەرامبەر نەتەوەی گەشەپێداوە. ساڵانە نزیکەی 50,000 گەشتیاری سعودی سەردانی قڕغستان و ئۆزبەکستان دەکەن. بە هاوکاری دارایی ڕێکخراوە سعودییەکان، مزگەوتەکان لە ناوەڕاستی ئاسیادا نۆژەنکرانەوە و بنیاتنران. ژمارەیەکی هەڵکشاوی موسڵمانانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەنجامدانی بنەما ئاینییەکان سەردان بەرەو مەککە و مەدینە ئەنجام دەدەن.
خواست بۆ پەیوەندیی بەهێزتر
کاریگەریی سعودیە لە ئاسیای ناوەڕاست سنوری کایەی کولتووری بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ خاوەنکارە ناوخۆییەکانی تێپەڕاندووە. پەرەسەندنی هەماهەنگییەکانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو سوودی ئابووریی هاوبەش دابین دەکات، ئاسایشی وزە بۆ هەردوو ناوچەکە بەهێزتردەکات و لە ڕێگەی هەماهەنگیی دیپلۆماسی و ئاسایشەوە سەقامگیریی ناوچەکە بەرەوپێش دەبات. لەگەڵ ئاڵنگارییە جیۆپۆلیتیکییەکان و سزا ئابووریەکانی سەر ڕوویسا، ئاسیای ناوەڕاست لەپێناو دەرفەتدا ڕوودەکاتە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو.
سیاسەتە ئابووریەکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست هاوچەرخکردنی ئابووری و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەکاتە کاری لەپێشینە. ئەم پرسانە گرنگرتین بابەتەکانی گفتوگۆی کۆبوونەوەکەی چۆڵپۆن عەتا بوو لە قڕغستان، کە دەرەنجامی ڕێکەوتنی دۆستانەی ناوچەیی، کە لەلایەن قڕغستان، ئۆزبەکستان و کازاخستانەوە واژۆکرا، لێکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوچەرخکردنی گەورە بەبێ سەرمایەی بەهێزی وڵاتانی بیانی ڕوونادات. سەرکردەکانی ئاسیای ناوەڕاست ولاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، بە دیاریکراوی سعودیە، وەکو هاوبەشێکی تەکنەلۆژیی جێ سەرنج و وەبەرهێنەرهێنان دەبینن.
وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بەرەو دەستپێشخەری ڕوانگەی 2030ـی سعودیە ڕادەکێشرێن. پابەندبوونی محەمەد بن سەلمان بە ئابووریی دوای نەوت و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای سەوز لەگەڵ خواستەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا یەکدەگرێتەوە. ناوچەکە نوێگەرییەکانی سعودیە وەکو شێوازێکی گەشەپێدانی گرنگ سەیردەکات. لە ساڵی 2021ـەوە سەرکردەکانی ئاسای ناوەڕاست بۆ بەدەستخستنی وەبەرهێنانی زیاتری سعودیە لە هەوڵدان.
بە گشتی، هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانیی زیاتر لە ناوچەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو لە دوای سەپاندنی سزا ئابووریەکان بەسەر سەرمایەی ڕووسیادا، چڕتر بووەتەوە. سەرۆکەکانی ئۆزبەکستان، قڕغستان و تورکمانستان لەپێناو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ سعودییە، سەردانی فەرمیییان بۆ وڵاتەکە ئەنجامداوە. هەرسی سەرکردەکە بەدوای وەبەرهێنان لە هێڵی بۆڕیی گازی سروشتیی ناوچەیی و گەشەپێدانی پڕۆژەکانی وزەی خاوێندا دەگەڕێن.
لەگەڵ گەشەسەندنی بەردەوامی هاوبەشییەکان، سعودیە و ئەندامانی تری ئەنجمونی هاوکاریی کەنداو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و سەرمایەگوزاریکردن لە توانا بەرفراوانەکان لەناو بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا پاڵپشتی دەکەن. یەکگرتنی بەرژەوەندییە ئابووری، تەکنەلۆژی و کولتوورییەکان ئاماژەیە بۆ خواستی پەیوەندییەکی بەردەوام و بەهێز لە نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداودا لە ساڵانی داهاتوودا.
Comments are closed.