کۆبوونەوەی بیرمەندانی ڕاگەیاندن
شاندێکی عێراقی هەوڵی بەدەستهێنانی دەرفەتی زیاتر لەگەڵ سوپای ئەمریکادا دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پروپاگەندەی توندڕەوەکان
ماوەیەکی زۆری نەبرد لە دوای ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرکەکەی لە عێراقدا بۆ ڕاوێژکاری، هاوکاری و توانای کرداری چڕ دەکاتەوە، شاندێکی عێراقی بۆ گەیاندنی بیرۆکە سەرکەوتووەکانی و داواکردنی ڕاوێژ لەسەر بابەتێکی گرنگ بۆ خەباتی بەردەوام دژ بە توندوتیژی توندڕەو گەیشتە ئەمریکا: چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بەو تیرۆرسیتانەی کە جەنگی بیروباوەڕ لەسەر ئینتەرنێت بەرپادەکەن.
ئەندامانی شاندەکە لە وەزارەتی جۆراوجۆرە هاتبوون، بەڵام پابەندبوونی هاوبەشیان لە بەرەوپێشبردنی پەیامەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆریستە شارەزاکانی ڕاگەیاندن کۆی کردبوونەوە. ئەوان پێکهاتبوون لە لیوا یەحیا ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕێنمایی ئاکاری لە وەزارەتی بەرگری، لیوا سەعد مەعەن، بەڕێوەبەری شانەی ئاسایشی ڕاگەیاندنی عێراق و لیوا عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها بەشێک لە شاندەکەی عێراق بریتی بوو لە دوو کەسی مەدەنی کە بەشداربوون لە ئاسایشی عێراق: د. حوسەین عەلەوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕیز سەباح نوری، وتەبێژی خزمەتگوزاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم (CTS) ڕاوێژکاری فەرماندەی خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
شایەنی باسە کە ئەم چالاکیانە بەشێک بوون لە زنجیرەیەکی ئاڵوگۆر بۆ زیادکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زانیاریی پەیوەندیدار بە هەڕەشەی نەیاران.
وێستگەی یەکەم بریتی بوو لە بارەگای فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) لە فلۆریدا، کە تییدا عێراقییەکان لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا گفتوگۆیان ئەنجامدا و چاودێری چالاکییە ئینتەرنێتی و ڕاگەیاندنییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکایان کرد. عێراقییەکان دڵنیاییان وەرگرت لەوەی کە ئاشتی و ئاسایشی عێراق وەکو بابەتی لە پێشینەی هاوبەشە ئەمریکییەکان دەمێنێتەوە.
پاشان عێراقییەکان بەرەو خوێندنگەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرمان، بەڕێوەبردن و زانیاری لە زانکۆی بەرگری نیشتمانیی ئەمریکا لە ڤێرجینیا گەشتیانکرد.
عێراقییەکان بە ئەگەرەکانی چڕکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی زانیاریدا گەرموگوڕ بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 دەستبەرداری هەر ڕۆڵێکی جەنگی بوو لە وڵاتەکەدا.
لیوا یەحیا جەنگەکانی لەپێناو ئازادکردنی عێراق لە دەستی داعش هێنایەوە بیر، کاتێک کە بەرێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و ڕێنمایی ئاکاریی سەر بە وەزارەتی بەرگری لەگەڵ ئەمریکا و هێزە فرەنەتەوەییەکان لەپێناو داڕشتنی هەڵمەتێکی ڕاگیاندنی پیشەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەی دوژمنکارانە کاریان دەکرد. ئەو ئارەزوو دەکات ئەم جۆرە هەماهەنگییانە بەردەوام بێت.
”بەرژەوەندییەکانمان لە بەرنامەی ئۆپەراسیۆنی زانیاری لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی بەهێزکرا، و ئێمە پێویستیی زۆرمان بەم جۆرە بەرنامانە هەیە کە گرنگییەکی ئێجگار زۆریان هەیە بۆ پسپۆڕانی بوارەکە،” لیوا یەحیا لە دوای سەردانەکە ڕاگەیاند. “ئێمە لە عێراقدا، بۆ گەیشتن بە ئاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم بەشەدا، پێویستمان بە ڕاهێنان و بەرەوپیشچوونە.”
لیوا مەعەن شانەی ئاسایشی ڕاگەیاندن بەڕێوەدەبات، کە بەرپرسیارە لە پوچەڵکردنەوەی گێڕانەوەکانی ترۆریستان و برەدان بە چیرۆکی دروست لە شوێنی ئەوان. ناوبراو ستایشی بەردەوامی یارمەتی و هاوکارییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرد، لەنێویاندا بەشی چاودێریکردنی وتاری توندڕەویی کە عێراقییەکان لە بەغداد پەیڕەوی دەکەن.
”هاوبەشییەکەی نێوان شانەی ئاسایشی ڕاگەیاندن و هێزەکانی هاوپەیمانان کە بەندە لەسەر بناغەی پیشەیی، بەردەوامیی هەماهەنگی، و هاوکاری ئاست بەرز لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان لە تێکشکاندنی داعش و بەردەوامیدان بە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە، زۆر بەهێزە،” ناوبراو ڕایگەیاند.
”خاڵی هەرە گرنگی هەماهەنگیی نێوان شانەی ئاسایشی ڕاگەیاندن و هێزەکانی هاوپەیمانان بریتییە لە شیکردنەوەی گفتوگۆی تیرۆریستان و دەرخستنی درۆکانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان.”
لە قسەکردن بۆ خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی عێراق، نوری جەختی لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی شیکردنەوەی ڕاگەیاندن بۆ دەستنیشانکردن و بەرەنگاربوونەوەی ناوەڕۆکی توندڕەو کردەوە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن، کە تەواوکەری چالاکییەکانی عێراقییەکانە.
”ئەو بیرۆکانەی کە ئێمە لە میانی سەردانەکەدا تاوتوێمان کرد زۆر گرنگ بوون، و بۆچوونەکانی فەرماندەیی ناوەندی یەکگرتوو و ئەرێنی بوون لە دەستنیشانکردن و دەرخستنی چوارچێوەی کاری ستراتیژیی هەماهەنگ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەو و لە پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقدا،” نوری ئاماژەی پێکرد.
جەنگی ئەلیکترۆنی و گۆشکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە وەکو هەڕەشەی بەهێز نەک بە تەنها بۆ عێراق، بەڵکو بە هەمان ڕادە بۆ ناوچەکە و جیهان دەمێننەوە، لیوا عوسمان ڕایگەیاند. ئەو داوای لە عێراق و ئەمریکا کرد کە وەکو یەک تیم کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیروباوەڕی لادەر کە تیرۆر و تۆقاندنی لە کۆمەڵگەدا چاندووە.
”جەنگی ڕوبەڕوو لەگەڵ داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام جەنگیکی نوێ دەستی پێکردووە کە بریتییە لە جەنگی ڕاگەیاندن و دەروونی. ئەم جەنگە پێویستیی بە یەکخستنی هێز و تواناکانمان هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی،” ناوبراو ڕایگەیاند.
لیوای کورد ستایشی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی زانیاریی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای کرد و پاڵپشتی خۆی نیشاندا بۆ کردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە لە ناو خاکی عێراقدا. ئاشکراکردنی بیری تیرۆریستی، و بەرهەمە لاوەکییە ژەهراوییەکانی وەک دامەزراندنی منداڵان لە کەمپەکانی پەنابەران، پێویستی بە هەوڵێکی ناوچەیی هەیە.
”لە وڵاتانی هاوپەیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو سعودیە و ئیماڕات، ناوەندی هاوشێوە بوونی هەیە. تەماشاکردنی کارەکانی ناوەندە ئەمریکییەکە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ من، وە ئەمە گرنگ و هەستیارە” ناوبراو ڕایگەیاند.
لیوا مەعەن گەشتەکەی بۆ ئەمریکا وەکو هەوڵێکی بەرهەمدار لە هاوبەشییەکی بەردەوام وەسفکرد کە تێیدا ڕاوێژکاریی گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕێت.
”هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ هاوڕێکانمان لە فەرماندەیی ناوەندی سودێکی فرەلایەنی بە هەردوولا گەیاندووە و پەیوەندییەکانی متمانە و چالاکی پێکەوەیی بەهێزتر کردووە،” ناوبراو ڕایگەیاند.
”دوایین سەردان زۆر پاداشتبەخش بوو و لە ڕوی هەماهەنگییەوە دەستکەوتی زۆری هەبوو. لە هەر سەردانێکدا، ئێمە فێری بەرنامە گرنگەکان و هێزێکی ئەرکی نوێ دەبین کە بەجۆشی کردین بۆ ئەوەی تواناکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی وتاری تیرۆریستیدا پەرەپێبدەین.”
Comments are closed.