کوەیت دەستی هاوکاری بۆ قوربانیانی کارەساتەکان درێژدەکات
دەستەی یونیپاس
لە وەڵامی داخوازییەکانی پاکستان بۆ یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کوەیت، لە ڕێگەی کۆمەڵەی مانگی سووری کوەیتەوە هەڵمەتێکی سێ ڕۆژەی هاوکاری مرۆیی دەستپێکرد، کە لە مانگی ئابی 2022ـدا، یارمەتییەکانی گەیاندە پاکستانییە زیان بەرکەوتووەکانی لافاوە وێرانکەرەکە.
لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و ئابی 2022 ـدا، وەرزی بارانبارینی هاوین لافاوێکی دروستکرد کە گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1,100 کەسی لێکەوتەوە و لە هەمان کاتدا ملیۆنان کەسی تر ئاوارەبوون.
بە هەماهەنگی وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، 27 ڕێکخراوی خێرخوازیی ناوخۆیی پێداویستییان بۆ هەزاران کەسی زیان بەرکەوتووی لافاوە وێرانکەرەکەی ناو پاکستان دابینکرد.
بە هەمان شێوە لە مانگی ئەیلولی 2022ـدا، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەی سودانییەکان بەهۆی لافاوی دروستبووەوە لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە مانگی ئابی 2022ـدا چەشتیان، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی کوەیت کە 40 تەن لە پێداویستی پزیشکی و خۆراکی هەڵگرتبوو گەیشتە سودان.
بە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، موڵک و دانەوێڵە، لافاوەکان هەزاران ماڵی لە پارێزگاکانی جەزیرە، کۆردۆفانی باکوور، کۆردۆفانی باشوور، دارفوری باشوور و ڕووباری نیل وێران کرد.
هەروەها کۆمەڵگەی هاوکاریی ڕاستەوخۆی کوەیت (DA) بۆ دابینکردنی خۆراک و ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 200,000 هەزار سۆماڵی ئاوارە لە ناوخۆدا، بەردەوامبوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی. لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و تا مانگی ئابی 2022 بەردەوام بوو، هەزاران سەبەتەی خۆراک کە برنج، ڕۆن، ئارد، خورما و شەکریان تێدابوو لەگەڵ سەدان بارهەڵگری ئاوی خواردنەوە گەیەندرانە سۆماڵییەکان.
وشکەساڵییەکی وێرانکەر، کە بە خراپترین دادەنرێت لە پانتایی شاخی ئەفریقا، بووە هۆکاری برسێتی لە سۆماڵ و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە ناوخۆدا.
کۆمەڵگەی هاوکاریی ڕاستەوخۆی کوەیت ڕێکخراوێکی ناحکومیی بنەما ئیسلامییە و هاوکاریی فریاگوزاری و پەرەپێدان بۆ وڵاتانی ئەفریقا و یەمەن دابیندەکات. بە سود وەرگرتن لەو پارەیەی کە لە سەرفیترە و خێرخوازی و بەخشینەوە (زەکات، سەدەقات و کەفارەت بە زمانی عەرەبی) کۆکراوەتەوە، هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و زیان بەرکەوتوو بەهۆی کارەساتی سروشتی و دەستکردەوە دابین دەکات. سەرچاوەکان: https://direct-aid.org، دەزگای هەواڵی کوەیت، ئەل جەزیرە
Comments are closed.