ڕێگریکردن لە تیرۆریستان
مەشقی سەربازیی جەلموود 3 هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری بەحرەین و ئیماڕات نمایش دەکات
دەستەی یونیپاس
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پشت بە کاری هەواڵگریی دروست و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هاوکات دەبەستێت لە نێوان دەزگاکانی ئاسایش و وڵاتانی دۆست. لەبەرئەوەی گروپە تیرۆرستییەکان لە ناو خەڵکی ناوخۆییدا خۆیان حەشاردەدەن و هاوڵاتییانی مەدەنی وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن، پێویستە وڵاتان جەخت لەسەر هەوڵەکان بۆ وەڵامدانەوەی بەپەلە و هەماهەنگی ئاست بەرزی نێوان دەزگاکانی ئاسایش بکەنەوە بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان، پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و ڕێگریکردن لە گروپە تیرۆرستییەکان لە جێبەجێ کردن پلانەکانیان. لەبەر ئەم هۆکارانە بوو جەلموود 3، مەشقی ئیماڕاتی بەحرەینی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە 2022 ئەنجامدرا.
بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان خاوەن شکۆ شا حەمەد بن عیسا خەلیفە و سەرۆکی ئیماڕات و فەرماندەی باڵا و خاوەن پایە شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان کۆتا قۆناغی مەشقەکە ئەنجامدرا. لە گیانێکی هەماهەنگیی نزیکدا کە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا دروستکراوە، پاسەوانی شاهانەی بەحرەین و چەندین یەکە لە هێزی بەرگریی بەحرەین (BDF)، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی شانبەشانی برایانی ئەندام لە هێزە چەکدارەکانی ئیمارات بەشدارییان لە مەشقەدا کرد.
ئامانجەکانی شانشینی بەحرەین و ئیماڕات پەیوەندیی هاوکاتی لەسەر ئاستی ستراتیژی، ئاڵوگۆڕی دەستبەجێی ڕاپۆرتی هەواڵگریی پەیوەندیدار بە چالاکی تیرۆریستی کە هەڕەشە دروست دەکات بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، وەڵامدانەوەی بەپەلەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و هەماهەنگیکردن لە ژینەیەکی ئۆپەراسیۆنیدا لە خۆگرتبوو.
بە هەمان شێوە شانشینی بەحرەین تیشکی خستبووە سەر کاتەکانی وەڵامدانەوەی بەپەلە و بنیاتنانی یەکگرتوویی ئۆپەراسیۆنی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ، هێزی بەگری بەحرەین و دامەزراوەکانی تری دەوڵەت، وە جێگیرکردنی هەموو دەزگا ئاسایشییە بەشداربووەکان و تیمەکانی فریاکەوتن لە ژێر یەک فەرماندەیی مەیدانی و یەک فەرماندە.
ئیمارات جەختی لە جێگیری و خێرایی گواستنەوەی یەکە تایبەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئامێرەکانیان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە کردەوە و بەشداری لە ئەرکێکدا کرد کە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەدا بوو. چاودێرانی سەربازی سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ خێرایی ئیماڕاتییەکان لە بەدیهێنانی بڵاوەپێکردنی هێزی تەکتیکی یەکخراو بۆ مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکان هاوشان لەگەڵ برا بەحرەینییەکان نیشاندا.
لە نێوان ئامانجەکانیدا، جەلموود 3 لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنانەوە بۆ ژمارەیەک دەزگا و تاقیکردنەوەی تواناکانیان و هەروەها سیستەمەکانی پەیوەندی ستراتیژی و ئۆپەراسیۆنی برەوی بە هەماهەنگی سەربازی دا. هێزەکانی لە بواری لۆژیستیکی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕاهێنا و کارکردنی یەکە تایبەتمەندەکانی ستاندارد کرد بۆ دڵنیابوون لە توانای کردارییان بۆ پێکەوە کارکردن بە شێوەیەکی پیشەیی. هەروەها هەوڵیدا زۆرترین سوود لە توانا و شارەزایی بەردەستی هەردوولادا بەدەستبهێنێت و بناغە بۆ هەماهەنگیی ئاسایشی زیاتر دابنێت.
لە بەرژەوەندیی بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندییەدا، خاوەن پایە لیوا شێخ ناسر بن حەمەد ئەلخەلیفە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەی پاسەوانی شاهانە لە شانشینی بەحرەین، وە ئەندازیار لیوا عیسا سەیف بن عەبلان ئەلمەزروعی، جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، (لەو کاتەوەی پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی دەستە)، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر واژۆ کرد.
بەشداربووانی مەشقەکە ئەرکەکانیان بە کارامەیی ئاست بەرزی شەڕ و بە ئەدای کرداریی مەیدانی ئەنجامدا، کە ڕەنگدانەوەی ئامادەیی و توانای کارکردن بوو لە چوارچێوەی سیناریۆ ڕاستەقینەدا، کە لە شیکاری بارودۆخی ناوچەیی، مەترسی و ئاڵنگارییەکانەوە پەرەی سەندبوو.
سەرکەوتنی مەشقەکە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی وەکو ئەنجامی پلاندانان و ئامادەکاریی ورد لە هەموو ئاستەکاندا بەدیهات. لیژنەی باڵا کە مەشقەکەی داڕشتبوو و سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی دەکرد لە پێناو کارایی و شارەزایی ئاست بەرز زوو زوو کۆدەبوونەوە.
سیناریۆی ڕاهێنانی سەرەکیی مەشقەکە لەسەر گریمانەی سەر مەترسی بۆ وڵاتێکی سەقامگیر لەلایەن تیرۆریستە ڕاهێنراوە دزەکردووەکانەوە، کە هەوڵدەدەن زۆرترین ژمارەی قوربانی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە حکومییەکان دروستبکەن، هەروەها گۆڕینی هەواڵەکان لە ڕێگەی تیڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە کۆمەڵگە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، داڕێژرابوو.
سیناریۆکە بە چاودێریکردنی سەردانی بریکارێک کە بەناوی وڵاتێکەوە کاردەکات کە لە ڕێگەی دامەزراندنی گروپە تیرۆرستییەکان پاڵپشتی چالاکییە زیانبەخشەکان دەکات لە ناوچەکەدا، لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی بەحرەینەوە دەستی پێکرد. دەزگاکانی ئاسایشی بەحرەین کۆبوونەوەیەکی نهێنیان لە نێوان بریکارەکە و ئەندامێکی گروپی تیرۆریستیی ناوخۆیی داواکراو لەلایەن یاساوە ئاشکراکرد. بۆ برەودان بە تەڵەکەیان، دەزگاکانی ئاسایش بواریان بە بریکارە بیانییەکە دا ڕابکات و بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستە ناوخۆییەکە بەبێ وروژاندنی گومان لە گروپەکەدا، وەستانێکی ڕۆتینی هاتوچۆیان بەکارهێنا.
لێکۆڵینەوەیەک پلانێکی نهێنیی تیرۆریستی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئیماڕات لە بەحرەین دەرخست، وە دەزگاکانی ئاسایش بە خێرایی دەستیان بە جوڵە کرد. لەبەرئەوەی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستەکە دەستی پێکردبوو، ئیماڕات لە ڕێگەی فڕۆکەی گواستنەوەی C-17ـەوە هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ترۆری بۆ بەحرەین ڕەوانەکرد. سەربازەکان بەخێرایی لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکان و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان بەزویی گەیشتنە بنکەیەکی سەربازیی بەحرەین.
بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە نێوان هاوڵاتیان و سەرلێشێواندنی دەزگاکانی ئاسایش، گروپە تیرۆرستییەکە پلانی بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکیی دیپلۆماسی، قوتابخانەیەک و تەلارێکی نیشتەجێبوونی نزیک داڕشتبوو. بەڵام گەیشتنی بەپەلەی تیمی وەڵامدەرەوەی یەکەمی وەزارەتی ناوخۆیی بەحرەین ئەوانی وەستان. پۆلیس بۆی دەرکەوت کە تیرۆریستەکان توانیبوویان هاوڵاتیان بە بارمتە بگرن کاتێک کە پلانەکانیان پوچەڵ کرابووەوە. یەکەی دژە تیرۆری وەزارەتی ناوخۆ هێنرایە ناو کارەکەوە. بە لەبەرچاوگرتنی توندگیریی بارودۆخەکە و زانیارییە بەردەستەکان سەبارەت بە نیازی گروپە تیرۆریستییەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەحرەین هێزە تایبەتەکانی پاسەوانی شاهانەی بۆ فەرماندەیی کردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەی ڕاسپارد. فەرماندەیی مەیدانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادیی دەستبەسەرکراوان داوای پاڵپشتی لە چەندین یەکەی BDF، وەزارەتی ناوخۆ و تیمێکی دانووستانی بارمتە کرد.
فەرماندەی ئەرکەکە بەهۆی ئامێر بەندکردن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پەیوەندیکردن و چاودێریکردن لە ڕێگەی سیستەمی سەکۆیی بەڕێوەبردنەوە، لەگەڵ سەرکردەکانی تیمە بەشداربووەکان کۆبووەوە. لە نمایشێکی دروست و خێرادا، ئەو پاسەی کە بارمتە مەدەنییەکانی هەڵگرتبوو هێرش کرایە سەری، بەلەمێکی بچووکی پڕ لە ماددەی تەقەمەنی کە نیازی هێرشکردنە سەر ئامانجە گرنگەکان بوو لێیدرا و هێزەکانی دژە تیرۆری ئیمارات دەستیان بەسەر بینایەکی دیپلۆماسیدا گرت کە لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیرکرابوو، لە پڕدا دەستگیریان کردن.
نمایشی مەشقەکە تیمارکردنی بریندارەکانی لە لایەن دەستەی پزیشکان و پەرستارانی بەحرەینی لە نەخۆشخانەی مەیدانی لەخۆگرتبوو، ئەمە جگە لە تیمێکی نەشتەرگەری کە لە ئیماڕاتەوە هاتبوون. کارمەندانی تەندروستی دۆخی بریندارە سەختەکانیان جێگیر کرد، خوێنبەربوونەکانیان وەستاند و گواستنەوەی خوێنیان ئەنجامدا بەرلەوەی بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە تایبەتمەندەکان بکەن. پزیشکە مەیدانییەکان لە پێناو بەردەوامبوونی چارەسەرکردنی بێ پچڕان، خشەی تەندروستیی نەخۆشەکانیان بۆ هاوکارەکانیان کە لە نەخۆشخانەکان چاوەڕوانبوون، ڕەوانە دەکرد.
بەرنامە داڕێژەرانی مەشقەکە جەختیان لە ڕۆڵی مافەکانی مرۆڤ کردەوە لە ڕێگەی دابینکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ تیرۆریستە بریندارەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا. فەرمانگەی داواکاری گشتی بەڵگەکانی کۆکردەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانیی ئەنجامدا. زیاتر لە 26 چاودێری نێودەوڵەتی خاوەن شارەزایی جۆراوجۆر لە نێوانیاندا چالاکوانانی سەربازی، ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ لە بەحرەین، ئیماڕات، ئەمریکا، بەڕیتانیا و ئوستڕالیاوە ئەدای کرداریی هێزەکانی ئاسایشیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆرستە دەستبەرکراوەکان هەڵسەنگاند تا ئەوەی کە بزانن هاوتای ڕێککەتننامە نیودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤن.
جەلموود 3 بواری بە دەزگاکانی ئاسایش بەخشی لێهاتوویی تەکتیکی و ستراتیژی بەدەستبهێنن و پردی متمانە لە نێوان هاوکارەکانی وڵاتانی برای نزیک دروست بکەن. فەرماندەکان هیواخوازبوون کە کەلێن و هەڵەکان لە گۆڕەپانی مەشقدا دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا ڕوونەدەن.
Comments are closed.