Getting your Trinity Audio player ready...
|
وتار و وێنەکان لەلایەن ناوەندی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
فڕۆکە جەنگییە فاڵکۆنەکانی F-16ـی هێزە ئاسمانییەکانی پاکستان و ئەمریکا بە هێرشێکی مووشەکی زەوییان داتەپان لە کاتێکدا کە کۆپتەرە هێرشبەرەکان کە سەربازانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی پاکستان و ئەمریکایان هەڵگرتبوو دزەیان کردە ناو بنکەیەکی تیرۆریستییەوە. سەکۆکانی خولانەوە لە سەرەوە، هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕی ڕێکخەری ژمارەیی ئامانجکردنیان بۆ تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکەکە گەیاندە هێزە هێرشبەرەکان.
’چنگی هەڵۆ’، مەشقێکی ڕاهێنانیی مەیدانیی پاکستان و ئەمریکایە کە بۆ پێنجەمین جار لە مانگی حوزەیرانی 2024 لە بنکەی ئاسمانی موشەف لە پاکستان بەڕێوەچوو، کە بواری بە یەکخستنی هێزەکان بەخشی لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بۆ هەردوو وڵات بە گرنگ دادەنرێت.
جگە لە هێرشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەربازەکان لەسەر ئاگرکوژاندنەوە، لە ناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی، ئاسایشی بنکە ئاسمانییەکان، چاودێری پزیشکی و شێوازێکی بانگەوازکردن بۆ هێرشە ئاسمانییەکان کە بە بەڕێوەبردنی هێرشی تێرمیناڵی هاوبەش ناسراوە، مەشقیان ئەنجامدا. ئەوەی وەک فێرکاری پۆل دەستی پێکرد گوازرایەوە بۆ گۆڕەپانی دەرەوە بۆ ئەو سیناریۆ تەکتیکییانەی کە ڕووداوەکانی جیهانی ڕاستەقینە نمایش دەکەن.
فڕۆکەوانەکان لە سەرانسەری ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە ‘چنگی هەڵۆ’ ڕەوانەی پاکستان کران. لە دوای گەیشتنی فڕۆکە جەنگییە فاڵۆنە F-16ـەکانی هێزی ئاسماینی ئەمریکا لە تیپی جەنگیی 510ـی هەڵمەتبەر کە لە دۆخی ئاساییدا لە ئیتاڵیا جێگیرن، فڕۆکەی C-17 Globemaster IIIـی سەر بە فەرماندەیی جووڵەی ئاسمانی سەرنشینان و بارەکانیانی گەیاند.
”مەشقی ‘چنگی هەڵۆ’ـی 2024 دەرفەتێکی جیاواز بوو بۆ تیپی جەنگیی 510ـی هەڵمەتبەر بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی هێزی ئاسمانیی پاکستان و بەرزکردنەوەی لێهاتووییەکانمان لە ئاسمان و لەسەر زەوی،” فەرماندەی تیپەکە موقەدەم لیۆ مۆر ڕایگەیاند.

فڕۆکەوانانی ئەمریکی کە لە ئاگرکوژاندنەوەدا تایبەتمەندن، لەگەڵ بەشی ئاگرکوژێنەوەی هێزی ئاسمانیی پاکستان بۆ ئەنجامدانی مەشقەکانی دەرهێنانی فڕۆکەوانە بریندارەکان لە فڕۆکەکانیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی سووتەمەنی و تەقەمەنی لە دوای نیشتنەوەی زبر یەکیانگرت.
ئەوان زانیارییان ئاڵوگۆڕ کرد و لە کۆتایی مەشقەکەدا پێشبڕکێیەکی دۆستانەی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ تاقیکردنەوەی ئەو لێهاتووییە نوێیانەی کە لە ماوەی ‘چنگی هەڵۆ’ فێریبوون ئەنجامدا.
”کاریگەرییەکەی بێئەندازە بەڵام ئەرێنی بووە؛ هەندێک لە وردەکارییە بچووکەکان گرنگییەکی زۆر ئەرێنییان پێدراوە و زۆرێک لە پێشنیار یاخود شێوازەکانمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکان لە ئێستاوە گرنگییان پێدەدرێت.” عەریفی گشتیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا جۆناسان کامپۆس، سەرۆکی بەشی ئاگرکوژێنەوەی تیپ ڕایگەیاند. “ئەم ئاڵوگۆڕانە نەک تەنها یارمەتیدەرمانە لە نیشاندانی شارەزاییەکانمان، بەڵکو پەیوەندی و دۆستایەتی بنیاتنراو لەسەر ئاستی کەسی و هەستی کۆمەڵایەتی لە دوای ئەم جۆرە ڕاهێنانانە هەست پێدەکرێن.”
تیمە ئاسایشییەکانی هێزە ئاسمانییەکانی پاکستان و ئەمریکا بۆ پاراستنی بەردەوامی فڕۆکەخانەکان یەکیان گرتبوو.
”گەورەترین دەستکەوت بریتییە لە ئاڵوگۆڕی جیاوازییەکان لەو شێوازەی کە پێمان وایە دەبێت ئاسایش بەدیبهێنرێت، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە بیرۆکەی نوێ بە شێوەیەکی بیرمەندانە لەگەڵ پێوانە ئاسایشییەکانیان کە پێشتر چەسپێنراون ئاوێتە دەکرێت.” تەکنیکاری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا عەریف کیڤن بێرک ئەوەی وت.
تیمێکی پزیشکی دوو کەسی پێکهاتوو لە تەکنیکارێکی پزیشکی و پزیشکی نەشتەرگەریی بەشی فڕین بۆ پشتیوانیکردنی مەشقەکە جێگیرکران. کارمەندانی پزیشکی نەک تەنها چارەسەری نیگەرانییە بچووکەکانی ئەندامەکانیان کرد لە میانی مەشقەکەدا، بەڵکو مەشقەکانیان بۆ لاساییکردنەوەی وەڵامدانەوەکانی فڕۆکەیەکی تێکشکاو هەماهەنگ کرد و ئەنجامدا. هەروەها پزیشکانی ئەمریکی یاوەری پزیشکی نەشتەرگەری بەشی فڕینی هێزی ئاسمانیی پاکستانیان کرد بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی بۆ ڕووداوێکی نمایشیی قوربانی بەکۆمەڵ.
”هێزی ئاسمانی پاکستان زانیاریی پزیشکی باشی هەیە، و ئێمەش ئەوەی کە پێشتر فێریبووین هاوبەشمان کرد و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی مەشقەکانمان نیشاندا بۆ یارمەتیدانی باشتر نمایشکردنی ڕووداوێکی جیهانی ڕاستەقینە.” عەریفی دەستەی هیزی ئاسمانی ئەمریکا بڕایەن ساندەرز، تەکنیکاری پزیشکی کە بۆ مەشقەکە گەشتی بۆ پاکستان ئەنجامدا ڕایگەیاند.
ناوەندی جەنگی ئاسمانیی سەر بە ناوەندی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ڕاهێنەرێکی هاوبەشی بەڕێوەبردنی هێرشی تێرمیناڵی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئەکادیمی لەسەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئاسمانی، هێرشە هەماهەنگەکان، بەڕێوەبردنی هەستەوەرەکان و بەئامانجگرتنی ئاست بەرز ڕەوانەکرد. ئەم سەربازانە لە ڕووداوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ‘چنگی هەڵۆ’ـدا بە پشتیوانی ئاسمانی لێهاتووییەکانی خۆیان نیشان دا.

”ئاڵوگۆڕی بابەتیی پسپۆڕان زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لە کارکردنی پێکەوەیی و پەرەپێدانی متمانە بە تواناکانی هاوپەیمانەکانمان.” تەکنیکاری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، عەریف بڕاندۆن تاتۆم لە ناوەندی جەنگیی ئاسمانی ئەوەی ڕایگەیاند. “بە نزیک کارکردن لەیەکەوە، ئێمە دەتوانین باشتر لە تواناکانی یەکتر تێبگەین، ئاستی هەماهەنگیمان بەرز بکەینەوە و کاریگەری گشتی ئەرکە هاوبەشەکانمان باشتر بکەین. ئەم هەماهەنگییە ستراتیژ و ئامادەیی بەرگریی هەردوولا بەهێز دەکات.”
هێزی ئاسمانی پاکستان ساڵانە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییە چارەنووسسازەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشخستنی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچەکە میوانداری ‘چنگی هەڵۆ’ دەکات. ناوەندی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە بەردەوامی لە ماوەی سیناریۆی ڕووداوەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی جیهانی ڕاستەقینەدا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئاسایش دژ بە دەستدرێژکاران لە ناوچەکەدا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان کاردەکات.
”هاوبەشیی بەردەوامیی نێوان گەلەکانمان هێشتا بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرینگە لەکاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی پاکستان لە بەرەنگاربوونەوەی سەختترین ئاڵنگارییە جیهانی و ناوچەییەکان، وەک چۆن لە دوای ڕێککەوتنی هاوکاریی بەرگریی دوولایەنەمان لە ساڵی 1954ـەوە هەمانە.” موقەدەمی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا نیکۆلاس گاردنەر، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ‘چنگی هەڵۆ’ـی 2024 ڕایگەیاند.
”‘چنگی هەڵۆ’ـی 2024، دوای 70 ساڵ، لەڕێگەی بنیاتنانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریەوە هاوبەشیی ئێمە دەپارێزێت. ‘چنگی هەڵۆ’ کوشندەیی فڕۆکەوانەکانمان بەهێزتر دەکات. ئێمە لە چاوەڕوانی کارکردنی شان بە شانداین لە پاراستنی فڕۆکەکان، پارێزگاریکردن لە فڕۆکەوانەکانمان و بنیاتنانی پەیوەندییەکانمان تا بۆ ماوەی 70 ساڵی تر بەردەوامی هەبێت”.