Getting your Trinity Audio player ready...
|
دەستەی یونیپاس | وێنەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سعودیە
سیناریۆیەکی مەترسیدارە: ڕێکخراوێکی تیرۆریستی یاخود لایەنێکی خراپەکار دڕۆنێکی ئاسمانیی هەڵفڕاند کە بارێکی کوشندەی لە چەکی کیمیایی هەڵگرتووە و نەک تەنها دامەزراوە سەربازییەکان بەڵکو گەڕەکە مەدەنییەکانیش دەکاتە ئامانج.
بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە سیناریۆیانە کە چەکی کۆمەڵکوژ (WMD)ـی تێدایە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا شان بە شانی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست کاریکردووە، کە بە کۆتایی هاتنی مەشقی سەربازیی ‘قەڵغانی پاراستن’ بە سەرکەوتوویی لە مانگی ئایاری 2024 گەیشتە لوتکە.
مەشقەکە لە شاری سەربازی شا فەهد لە دەمام، سعودیە، بەڕێوەچوو، هێزە سەربازییەکان و دەزگا مەدەنییەکان وەکو تیمێک بۆ ڕێگریکردن لە وێرانکاری و قوربانییدان وەڵامی هێرشێکی نمایشیی فڕۆکەوانی بێ فڕۆکەوانیان دایەوە. ئەم چوارەم دووبارە ئەنجامدانەوەیەی ‘قەڵغانی پاراستن’ دوای چڕکردنەوەی مەشقەکانی نێوان هێزەکانی سعودیە و ئەمریکا هات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکدەر و ئەتۆمییە ئەگەرییەکان (CBRN).
دوای چەند مانگێک لە ئامادەکاری، بەرنامەداڕێژەی سەرەکیی سعودیە عەمید ڕوکن سامی ئەلعولیان خۆشحاڵی خۆی دەبڕی کە ‘قەڵغانی پاراستن’ ئامانجەکانی خۆی بەدیهێناوە.

”مەشقی ‘قەڵغانی پاراستن’ـی 4 ئەنجامدانی چەندین سیمینار و وانەی تیۆری سەبارەت بە پاراستن لە بەرامبەر چەکی کۆمەڵکوژ (WMD)، ڕاهێنانی فەرماندە و کارمەندان لە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە قەیرانە، بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆن و ئەنجامدانی وۆرک شۆپی هاوبەشی لەخۆگرت، ئەمە جگە لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک مەشقی مەیدانی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ڕێگریکردن لەو قەیرانەکانی دەرئەنجامی چەکی کۆمەڵکوژ (WMD)ـەوە سەرهەڵدەدەن،” عەمید ڕوکن سامی ڕایگەیاند.
زیاتر لە 200 بەشداربووی مەشقەکە کە لە چەندین ڕێکخراوەوە هاتبوون، لە ژینگەیەکی هەڕەشەی جیهانی ڕاستەقینەدا ڕاهێنانیان کرد، کە ئامادەیی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە ناوچەییەکان وەکو تیمێک نیشاندا.
مەشقەکە هێزە زەمینییەکانی شاهانەی سعودیە، یەکەکانی بەرگری ئاسمانی و بەرگریی شارستانی؛ هێزی ئەرکیی سپارتای فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا؛ یەکەکانی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری، لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی و پزیشکیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا؛ وە مانگی سووری سعودیە، وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی تری لەخۆگرتبوو، کە شانبەشانی یەکتر بەرەو ئامانجێکی هاوبەش کاردەکەن.
لە وتاردان بۆ سەرکردە باڵاکان کە لە ڕۆژی میوانە تایبەتەکان لە ‘قەڵغانی پاراستن’ ئامادەبوون، عەمید ڕوکن جۆزێف شارکی، جێگری فەرماندەی لەشکری هێزی ئەرکیی سپارتای ئەمریکا، ستایشی قەڵغانی پاراستنی کرد بۆ تواناکەی لە بنیاتنان و پاراستنی پەیوەندییەکاندا.

”نزیکەی 66 ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکی شانبەشانی هێزە چەکدارەکانی شاهانەی سعودیە بەشدارییان لەم مەشقە دوولایەنە و پێکەوەییە نێو وەزارەتییەدا کرد،” عەمید ڕوکن شارکی ڕایگەیاند. “ئامانجی ئێمە بریتییە لە بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی ئاسایش و برەودان بە کارکردنی پێکەوەیی لە ڕێگەی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پشتیوانی وەزارەتەکان و دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی CBRN.”
هەروەها مەشقەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کاریگەریی چۆنیەتی هاوبەشپێکردنی زانیاری و ڕاپۆرتەکانی هێز و دەزگاکانی سعودیە و ئەمریکا و پەرەپێدانی ڕێککەوتننامەی هاوبەشی وەڵامدانەوەی مەیدانی کرد.
لوتکەی مەشقەکە ئەو ساتەبوو کە سیستەمێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (UAS) بۆ نمایشکردنی هێرشێکی جەنگیی کیمیایی بە مەبەستی کوشتنی بەکۆمەڵ، سنووری سعودیەی بەزاند. هێزە دۆستانەکان، کە پەیوەستکرابوون بە ناوەندێکی فەرماندەیی کە سەربازانی سعودی و ئەمریکا بەڕێوەیان دەبرد، هەڕەشەکەیان دەستنیشان کرد و ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنی ئاڕاستەکرد. هێزە زەمینیەکان و دەزگا مەدەنییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەوا، خاک، گوێزەرەوەکان و کارمەندان بەدوورن لە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان دەستیان بە ڕێکارەکانی پاککردنەوە کرد.
مەشقە هاوبەشەکان لە ڕاهێنانی هێزەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ، کە چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکدەر و ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن، عەمید ڕوکن سامی ڕایگەیاند.
هێزە سەربازییەکان و دەزگاکانی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی و هەماهەنگی و وەڵامدانەوە بۆ ڕێگریکردن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ پێکەوە کاردەکەن.
“مەشقی لەم جۆرە کارایی و ئامادەیی بنیات دەنێن و تەکنەلۆژیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ بەکاردەبەن کە پێویستیی بە گوێزەرەوەی تایبەتمەند هەیە تا بتوانێت ماددە کیمیاییەکان دەستنیشان بکات، ناوچە زیانلێکەوتووەکان پاک بکاتەوە و بە سەلامەتی مامەڵە لەگەڵ ماددە مەترسیدارەکان بکات.” فەریق ڕوکن سامی ڕایگەیاند.

”مەشقە هاوبەشەکان ئەزموونی کرداری لە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای دەستنیشانکردن و ئامێری پاراستن پێشکەش دەکەن، کاتەکانی وەڵامدانەوە و هەڵەکان لە کاتی قەیرانە ڕاستەقینەکاندا کەم دەکەنەوە. مەشقە هاوبەشەکان متمانە و هاوبەشپێکردنی زانیاری بەرز دەکەنەوە، کە زۆر گرنگن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی چەکی کۆکوژ.”
عەمید ڕوکن شارکی دووپاتیکردەوە کە ‘قەڵغانی پاراستن’ بوار بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات بەکۆمەڵ بە ناوی ئاسایش و سەقامگیرییەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی چەکی کۆمەڵکوژ (WMD) ببنەوە.
”ئەندامانی خزمەتگوزاری ئەمریکا دڵخۆشن و شانازمەندن بە کارکردن لەگەڵ هاوتا سعودییەکانیان،” ناوبراو ڕایگەیاند. “ئەم مەشقە ئامرازێکی گرنگی پەرەپێدانی پیشەییە بۆ تاقیکردنەوە و چەسپاندنی چەمک، ڕێکار و تەکتیکەکانی بەرگری CBRN. بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، بوار بە سەربازەکان دەدات تواناکان گەشە پێبدەن و خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی خێرای دۆخە قەیراناوییە سەختەکان ئامادە بکەن”.