عێراق برەو بە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەدات
دەستەی یونیپاس
سێیەمین کۆنفرانسی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لە ژێر دروشمی “پەروەردەی شیاو بۆ نەوە نوێیەکان ڕێچکەی ئاشتی و گەشەسەندنی هەمەلایەنەیە”، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لە بەغداد، عێراق، بەڕێوەچوو.
جگە لە سەرکردە ڕۆحییەکانی ئایینە جیاوازەکانی عێراق، نوێنەرانی ئەنجومەنی پاپا بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و وەقفە ئاینیەکانی عێراق لەنێوان بەشداربووانی کۆنفرانسەکەدا بوون.
کارنامەی کۆنفرانسەکە تیشکی خستە سەر پەروەردە و چۆنیەتی ئامادەکردنی مامۆستایان بۆ ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی ئاشتیدا، دڵنیایی دەدەن لەوەی کە مەنهەجەکانی خوێندن برەو بە کولتوری پێکەوەژیان لەنێوان ئەندامانی ئایین و نەژادە جیاوازەکان دەدەن.
لە نێوان ئەو بابەتانەی کە لە دانیشتنەکانی کۆنفرانەسەکەدا بە چڕی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، پێویستبوونی گەشەپیدانی ئەو سیاسەتانەبوو کە پاڵپشتیی ئەو عێراقییە مەسیحی و یەزیدییانە بکات کە لە کاتی داگیرکرانی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014ـدا وڵاتەکەیان جێهێشتووە و هانی گەڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان لە دەشتەکانی نەینەوا، هەرێمی شەنگال و هەر شوێنێکی تری عێراق بدات.
”دەوڵەتی عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، وەک چۆن لە دەستووری عێراقدا هاتووە، لەوانەش مافی ئازادییە کولتووری و ئایینییەکانی کەمینەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تر،” باڵوێز سەفیە ئەلسوهەیلی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند.
نوێنەری ئەوقافی شیعە بۆ کاروباری ئایینی و کلتووری، ئیحسان جەعفەر ئەحمەد، ڕایگەیاند: “وەقفی سوننە و شیعە لەپێناو بنیاتنانی زۆرێک لە هاوبەشییەکان و گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی نیشتمانی لە عێراقدا پێکەوە کاردەکەن، کە بیروباوەڕی توندڕەو هەوڵی لەناوبردنی دا. عێراق گروپی هەمەچەشنی ئایینی، نەژادی و ڕەگەزی لەخۆدەگرێت، ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم فرەچەشنییە ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ عێراق.”
ئەنجومەنی عێراقی بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لە ساڵی 2013ـدا دامەزرا، کە ڕێبازی میکانیزمی کرداریی بۆ بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنی ئایینی و دەستەبەرکردنی بەشداریی کاریگەر لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو مەترسییە بوونگەراییەی کە کەمینە ئایینییەکان ڕوبەڕووی دەبنەوە دادەڕێژێت. ئەنجومەنەکە لە ساڵانی 2013 و 2017 کۆنفرانسی ئەنجامدا کە نوێنەرانی سەرجەم ئەوقافە ئاینییەکانی عێراق و ئەنجومەنی پاپای دەوڵەتی ڤاتیکان بەشدارییان تێدا کرد.
Comments are closed.