Getting your Trinity Audio player ready...
|

کاتێک پەتای COVID-19 لە ساڵی 2020 دەستی پێکرد، بەرپرسانی ئاسایش و سەربازی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ بوونەوە کە زۆر جیاوازبوو لە ڕزگارکردنی شارێک یاخود گەڕان بەدوای گروپێکی تیرۆریستی. لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە نوێیەدا، دەسەڵاتدارانی ئاسایش و تەندروستی سەرنجیان خستە سەر داخستنی بۆشاییەکانی نێوان دامەزراوەکانی ئاسایشی و تەندروستی تا بتوانن بەرەنگاری پەتاکان ببنەوە و بڵاوبوونەوەیان سنوورداربکەن. لەگەڵ ئەوەی وڵاتان پێشبڕکێ بۆ داخستنی سنوورەکانیان دەکەن و بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پەتاکان کۆشش دەکەن، بە هەمان شێوە خۆیان بۆ ئەگەری پلانی گروپە تیرۆریستییەکان لە ئەنجامدانی هێرشی بایۆلۆژی بۆ زیانگەیاندنی زۆر و تێکدانی سیستەمی ئابووری جیهان، ئامادە دەکەن.
لە دەرەنجامدا، حکومەتەکان هەوڵی پڕکردندەوەی کەلێنەکانی نێوان کەرتی ئاسایش و تەندروستی دەدەن بۆ ئەوەی پێشوەختە مەترسییە تەندروستییەکان دەستنیشان بکەن، بڵاوبوونەوەیان جڵەوبکەن و لەگەڵ وەڵامدەرەوەی یەکەمدا هەماهەنگی بکەن. بۆ قسەکردن لەبارەی بیرۆکەی پشت دامەزراندنی ناوەندەکە و ڕۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشی لە سنوورەکانەوە، یونیپاس لەگەڵ موقەدەم ئەمال عوبێیدات، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و پسپۆڕی پەتاکان لە ناوەندی ئەردەن بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشییەکان (JCDC) کۆبووەوە.
یونیپاس: بیرۆکەی پشت دامەزراندنی ناوەندەکە و گرنگییەکەی بۆ ئەردەن چییە؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: لە ژێر ڕۆشنایی مەترسییە بایۆلۆژییە دەرکەوتووەکان و نەخۆشییە نوێیە گۆڕاوەکان کە ماوە ماوە دەردەکەون، شانشینی هاشمیی ئەردەن هاوشێوەی هەموو وڵاتانی تر ڕووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و پەتاکان دەبێتەوە. هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەردەن، لە نێوان چەند وڵاتێکدا کە تووشی ململانێی ناوخۆیی، جەنگ و بڵاوبوونەوەی دووبارەی نەخۆشی دەبن، وایکردووە کە بە دیاریکراوی بەرزیان بێت بە گواستنەوەی نەخۆشیەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە وەڵامدانەوەی کاریگەر و دەستبەجێ کلیلی بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی ئاسایشی تەندروستی و هەڕەشە تەندروستییەکانە. لەبەر ئەم هۆیە ئێمە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ڕابردوو، دیاریکردنی کاریگەری و خێرایی وەڵامدانەوە پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکاندا دەکەین، کە دوایین دۆخ پەتای COVID-19 بوو. لە ڕێگەی ئەم ڕاپۆرتانەوە، بۆمان دەرکەوت کە هەموو ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بە ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی مەترسییە تەندروستییەکانەوە هەیە بە شێوەیەکی زۆر باش ئەرکەکانیان ئەنجامداوە، سەرەڕای بوونی چەندین بەربەست و ئاڵنگاری ئەرکە سەرەکییەکانیان ئەنجامداوە. ئەوان توانیان بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک میکانیزم، لە ناو خودی دامەزراوەکانەوە یاخود لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی تر، هەروەها لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەدا زاڵببن. ئەو بۆشاییەی کە هەمیشە لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا بوونی هەبووە، پەیوەندی بە نەبوونی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان ئەو دامەزراوانەیە کە ئەرکی وەڵامدانەوەی ڕووداوەکانیان پێسپێردراوە. ڕۆڵی دامەزراوە جیاوازەکان ڕوون نەبوو، بەرپرسیارێتی دیاریکراو بە ڕوونی دیاری نەکرابوو. زۆرجار ئەمە دەبووە دروستبوونی هۆی کەڵەکەبوون و زیادەڕۆیی لە ڕۆڵەکاندا، کە ڕێگری لە وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ڕووداوەکان دەکرد.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕێنمایی شاهانەیی لە خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی ئەلحوسێنەوە بۆ دامەزراندنی JCDC دەرکرا. ناوەندەکە لە ساڵی 2020 دامەزراوە، بەڵام کارە ڕاستەقینەکانی لە دوای ساڵی 2021ـەوە دەستی پێکرد. ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە بەهێزکردنی توانا نیشتمانییەکانە لە دەستنیشانکردن، بەدواداچوون، ئامادەکاری، ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە تەندروستییەکان. هەروەها بە ئامانجی سەرەکیی پاراستی ئاسایشی تەندروستی، JCDC میکانیزمەکانی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەبات.

ناوەندەکە لە شەش بەرێوەبەرایەتی سەرەکی پێکدێت: خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درمیەکان، چاودێریکردنی پەتا، تاقیگەکان، ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی، وە تەکنەلۆژیای زانیاری. لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی ناوەندەکەدا، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ڕاپرسییەکی سەرتاسەری وڵاتی ئەنجامدا و هەموو هەوڵەکانی ئێستایان لە چوارچێوەی بوارە پسپۆڕییەکاندا بەبەڵگەکرد. لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر ئاستی پلاندانانی ستراتیژی کاردەکەین، گرنگە ئاگاداری سیاسەت، ستراتیژ و ڕێکارەکانی ستانداردی کارکردنی بین لە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە وەڵامدانەوە و خۆپاراستن لە نەخۆشییە درم و پەتاییەکان لە ئەردەن بۆ ئەوەی باشتر ڕۆڵی خۆمان دیاری بکەین و بزانین کە دەتوانین لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشییە درمیەکان، چۆنیەتی وەڵامدانەوە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پلانێکی سیستماتیکی و ستراتیژیی کرداری چ شتێک بکەین.
ئێمە سەردانی سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانمان کرد، پێداچوونەوەمان بە فایل و پلانەکانیان کرد، وە هەروەها نەخشەی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان خۆمان و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان داڕشت. یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی ڕاپرسییە مەیدانییەکە سەبارەت بە وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی تەندروستی بریتی بوو لە پلانێکی گشتگیری سەرتاسەریی وڵات بۆ ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی نەخۆشییە درمیەکان و پەتاکان. ئەم پلانە بە شێوەیەکی ستراتیژی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، دەزگا پزیشکییە شاهانەییەکانی هێزە چەکدارەکان و ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەردەن پەرەی پێدراوە. شێوازی کاری پلانەکە لەسەر بنەمای ڕێگاکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکان دانراوە. ڕۆڵی سەرەکی هەر دامەزراوەیەک لەگەڵ ئامرازەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی دیاری دەکات. هەروەها ئێمە میکانیزمێکمان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئەگەری باری نائاسایی تەندروستیدا دامەزراند تا هەموو دامەزراوەیەک ڕۆڵ و ئامرازەکانی پەیوەندی کاریگەرانەی خۆی بزانێت. هەروەها تیمی ڕاهێنراو و شیاومان هەیە کە لەسەر ئاستی نیشتمانی بەشداری لە پلانی ستراتیژیدا دەکەن.
یونیپاس: چۆن ناوەندەکە یارمەتیی کەمکردنەوەی هەماهەنگی خراپ و کەڵەکەبوونی نێوان دامەزراوەکان دەدات؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: نەک هەر کێشەی خراپی هەماهەنگی چارەسەر کرد؛ بەڵکو بە هەمان شێوە یارمەتی زیادکردنی هاوکاریی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دا. ئێمە سیاسەتێکی ستاندارد و پەسەندکراومان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن و وەڵامدانەوەی ڕووداوە تەندروستییەکان چەسپاندووە. هەرچەندە پرۆسەکە 100% تەواو نەبووە، بەڵام ئێمە لەسەر ڕێگا دروستەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەمە. پەیوەندی و هەماهەنگی زۆر باشتر بوون. توانیمان ئەو پەیوەندییە دەستنیشان بکەین کە پێشتر لە نێوان تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵدا نەدۆزرابووەوە. گرینگیدانی ئێمە هەمیشە تەندروستی مرۆڤ بووە، بەڵام ئێستا دەزانین زۆربەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی کە توانای بوون بە پەتایان هەیە لە ئاژەڵەوە سەرچاوە دەگرن. پێشتر ئەم جیاوازییە گرنگە نەزانرابوو. JCDC توانی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان کەرتی تەندروستی مرۆڤ و ڤێتێرنەریدا بنیات بنێت بە ئامانجی زوو دەستنیشانکردنی مەترسییەکان ڕێگریکردن لە گواستنەوەیان بۆ مرۆڤ.
یونیپاس: چۆن کارمەندت بۆ ناوەندەکە دامەزراند؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: دامەزراندنی کارمەندانی ناوەندەکە هێشتا تەواو نەبووە. ئێمە بە ژمارەیەکی کەم لە کارمەند دەستمان پێکرد و بەگوێرەی پێویست زیادی دەکەین. بەپێی ئەو پلانەی لە سەرەتاوە داڕێژراوە، ژمارەی کارمەندان دەگاتە نزیکەی 150 کارمەند. هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2024، کارمەندەکانمان نزیکەی 45 کەسن، کە 27ـیان ئەندامی خاوەن پسپۆڕی تەکنیکین لە کاتێکدا ئەوانی تر کارگێڕن. ئێمە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی کارەکانداین و لە ئێستادا بەشێوەی هەنگاویی لە پرۆسەی ڕاکێشانی سەرنجی پسپۆڕییەکانداین، بەگوێرەی پێداویستییەکان.
یونیپاس: ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە پشتیوانیکردنی ناوەندەکەدا چییە؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: هێزە چەکدارەکان لە هەموو ئاستەکاندا پشتیوانن. لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی ناوەندەکەدا، هەوڵێک هەبوو بۆ وەرگرتنی شارەزایانی ئەردەنی، بەتایبەتی لە دەزگا حکومییەکانەوە. ئەم هەوڵانە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی پزیشکی شاهانە (RMS)ـی لەخۆگرت. لە هەموو ڕووداوەکانی پەیوەست بە تەندروستی کە لە سەرانسەری شانشینەکەدا ڕوودەدەن، RMS وەکو پشتیوانی سەرەکی بۆ وەزارەتی تەندروستی و هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەرکی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە نەخۆشی و پەتاکانیان پێسپێردراوە خزمەت دەکات. RMS بەشێکە لە کەرتی حکومەت و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن و خێزانەکانیان دەکات. زیاتر لە 30%ـی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی پێشکەش دەکات و چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی پزیشکی بەڕێوەدەبات، لە هەمان کاتدا ڕاهێنان بەو کارمەندانە دەکات کە لەوێ کاردەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ڕووداو و هەڕەشەی پەیوەندیدار بە تەندروستی ڕوودەدات، وەکو بڵاوبوونەوەی هەندێک پەتا، ئەوا بە کردنەوەی هەندێک لە نەخۆشخانە و بنکە پزیشکییەکانی بە ڕووی کەرتی گشتی و دابینکردنی کارمەند، شارەزایان و پسپۆڕان بۆ وەزارەت وەکو پشتیوانیی سەرەتایی بۆ وەزارەتی تەندروستی کار دەکات. RMS بە کارمەندە شارەزاکانی پشتیوانیی تاقیگە پزیشکییەکانی ناوەندەکەی کردووە. ڕێگەی زیاتریش هەیە کە دەتوانێت لەڕێیەوە بە هاوکاری لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، وەکو ئامادەکاریکردن بۆ وەرگرتنی فڕۆکەی مەدەنی و سەربازی کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و ڕزگارکردن ئامێربەندکراون، وە دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی ستراتیژی خۆی لە پێداویستییە پزیشکی، ئامێری پاراستنی کەسی و پێکوتەکان پشتیوانی پێشکەش بکات. هەروەها سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنی خۆی، وەکو بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی سەربازی، و جێگیرکردنی تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هێزە چەکدارەکان، بە هەمان شێوە یارمەتیدانی لێکۆڵینەوەکانی پەتا و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێزانەکانیان، بەکاردەهێنێت. باشترین نموونەی ئەمەش کۆکردنەوەی هەموو پسپۆڕییەکانی هێزە چەکدارەکان بوو لە ماوەی پەتای COVID-19.
یونیپاس: ئایا هاوبەشی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی تا چەند لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا گرنگن؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی لە سنوورەوە ئاڵنگارییەکە هەموو وڵاتان ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەمەش بە تایبەتی بۆ وڵاتێکی وەک ئەردەن کە دراوسێیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەو ناوچانەی کە زۆرجار وەک ژینگەی سەرهەڵدانی پەتا و نەخۆشییەکان لەبارن و دەکرێت بۆ تاقیکردنەوەی چەکی بایۆلۆژی لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بەکاربهێنرێن. لەوەش زیاتر، هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ئەگەر وڵاتێک سنووری لەگەڵ زۆرێک لە دراوسێکانیدا هەبێت، ئەوا مەترسییەکانی ئەو پەتایانەی دەتوانن سنوورەکان ببەزێنن چەند هێندە زیاد دەکات. پێویستە ڕێککەوتن لە نێوان ئەم وڵاتانەدا بۆ هاوبەشپێکردنی زانیاری سەبارەت بە هەر هەڕەشەیەک کە لەوانەیە لە کۆمەڵگاکانیاندا سەرهەڵبدات ئەنجام بدرێت. پێویستە بە ئەنجامی تاقیگەیی و وردەکارییەکانی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە وە بە هەمان شێوە نیشانەکانی پاڵپشتی بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت حاڵەتە گومانلێکراوەکان دەستنیشان بکرێن و چاودێری بکرێن بەمەبەستی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی. کاتێک وڵاتان سیاسەتێکی دامەزراویان هەبێت و لە پرسە تەندروستییەکاندا هەماهەنگی بکەن، ئەوا ئێمە لە بەرامبەر گواستنەوەی نەخۆشی بەرگری زیاترمان دەبێت و بۆ خۆپاراستن ئامادەکاری باشتر دەکەین. بەبێ ئەم جۆرە لە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە تا هەموو وڵاتێک لە بەڕێوەبردنی ڕووداوەکان و دەستەبەرکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان وڵاتان ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی بزانێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانن نوێترین پێشهاتەکان و مەترسییە تەندروستییەکان هاوبەش پێبکەن. ئێمە تاقیگەمان هەیە کە لەلایەن حکومەتی کەنەداوە دابینکراون، وە لەگەڵ ناوەندەکانی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان هەماهەنگیی ڕاستەوخۆمان هەیە، کە لەگەڵیاندا بەرنامەیەکمان بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی دەروونی و ئاکاری بۆ تیمەکانی وەڵامدەرەوەی یەکەم دەستپێکرد. پڕۆژەکە بە هەڵسەنگاندنی تواناکان، نوێکردنەوەی ڕێکارەکان و دانانی مەرجە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ئەزموون و خولی ڕاهێنانی پێویست بۆ ئەندامان دەستیپێکرد. هەروەها بودجە بۆ مەشقپێکردنی سەرکردەکان و ئەندامانی تیمی وەڵامدانەوە دابینکراوە. بە هەمان شێوە دەزگای کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سەر بە بەرگری ئەمریکا لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و ڕاهێنانی تایبەتمەندا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا. لە ماوەی COVID-19ـدا، تواناکانی کەرتی تەندروستیی ئەردەن هەڵسەنگێنرا. ئەمەش کەمیی شارەزایی لە پسپۆڕییەکانی چاودێری چڕدا خستەڕوو. لەژێر ڕۆشنایی ئەمەش، بەهێزکردنی تواناکانمان لە ڕێگەی خولی شیاندنی دەرەکی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامێکی نایابی بەدەستهێناوە.
یونیپاس: هەماهەنگیی نێوان ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی پەتای دیاریکراوی وڵاتانی ناوچەکە چۆنە؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: هەماهەنگی لەسەر ئاستی حکومەت و وەزارەتدا هەیە، بەڵام لە نێوان دامودەزگاکان و ناوەندەکاندا بوونی نییە. لێرەدایە کە ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دێتە ئاراوە. بۆ نموونه ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سوریا، ئەردەن و لوبنان بۆ ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا ئەنجامدا. سیاسەتێکی گشتگیر لە ڕێوشوێنی خۆپارێزی دانرا، وە بەرنامەی وەڵامدانەوە داڕێژرا بۆ ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە بڵاوبوونەوەیەکی لەو چەشنە.
یونیپاس: ئایا لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندیی ڕۆژانەت هەیە؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ دەزگا سەرەکییەکانی وەکو ناوەندی بەڕێوەبردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و دەزگای ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەمە جگە لە زۆر دەزگای تری وەک دەزگای کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سەر بە بەرگری ئەمریکا و ڕێکخراوی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA). سەبارەت بە هەڕەشە تەندروستییەکان، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) داوای لە ئەردەن کردووە لیستی مەترسییەکانی نوێ بکاتەوە، بەو پێیەی دوایین نوێکردنەوە لە ساڵی 2019ـدا بووە. ئەمەش بە پشتیوانی تەکنیکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و UNRWA ئەنجامدرا. ئەمە بۆنەیەکی بۆنەیەکی گرنگ بوو کە وەکو وۆرک شۆپێک بەڕێوەچوو کە تێیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە بانگهێشت کران و لە میانیدا ئامرازە ستراتیژییەکانمان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان بەکارهێنا. بە هەمان شێوە ئەو مەترسییانەمان دەستنیشان، پۆلێن و ڕیزبەندکرد کە دەکرێت وڵاتەکە ڕووبەڕووی ببێتەوە، وە ئاستێکی هەڕەشەمان بۆ هەریەکەیان دیاری کرد. ئێمە پلانەکانمان لەسەر بنەمای کارە لەپێشینەکان دادەڕێژین.
یونیپاس: ئایا ناوەندەکە ڕووبەڕووی چ ئاڵنگارییەک دەبێتەوە؟
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: هەرە گرنگترین ئاڵنگاری بریتییە لە نەبوونی هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی کە وەکو دەزگای بەڕێوەبردنی ڕووداوەکان مۆڵەت بە ناوەندەکە بدات. ئێمە لە ژێر سیستەمێکدا کار دەکەین نەک یاسایەک. یاسای تەندروستیی گشتی کە لە ساڵی 2008 پەسەند کرا، بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی بەو پێیەی ناوەندەکە لەو کاتەدا بوونی نەبووە. ئێمە دەزگایەکی سەربەخۆین و سەر بە وەزارەتی تەندروستی نین. ئێمە پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای تەندروستیی گشتی دەکەین تاکو بۆ بەڕێوەبردنی ڕووداوەکان دەسەڵات و مۆڵەتی پێویست بدرێت بە ناوەندەکە. لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە پشتیوانی ئاسایشی تەندروستی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە پەتاکان دەکات. پرسی دووەم بریتییە لە سەختیی لە ڕاکێشانی پسپۆڕی. JCDC ناوەندێکی تازە دامەزراوە کە ئاڕاستە و داهاتووی ڕوون نییە. بە دیاریکراوی ڕاکێشانی ئەو کەسانە سەختە کە ئەزموونیان لەم بوارەدا هەیە و دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە کارەکانیاندا بووبن و دڵنیایی کاریان هەبێت، بۆیە نەتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری ببن. دەکرێت جێهێشتنی پێگە پارێزراوەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە ناوەندێکی نوێوە بە مەترسیدار سەیر بکەن. ئێمە خەریکە بەسەر ئەم پرسەدا زاڵدەبین، چونکە کار و ناوبانگی ناوەندەکە زیاتر بۆ خەڵکی دەرکەوتووە. بە گشتی، ڕۆڵی بنەڕەتیی دامەزراوەیەکی تەندروستیی حکومی کە بەرپرسیارە لە تەندروستیی گشتی ڕوون نییە بۆ کۆمەڵگە. کاتێک ئێمە لە هەر بۆنەیەکی پەیوەندیدار بە تەندروستییەوە بەشداری دەکەین، هەمیشە خەڵک لێمان دەپرسن ئێمە کێین. و بۆیە، دەبێت هەوڵی ڕوونکردنەوەی ڕۆڵ و گرنگی ناوەندەکە بدەین، تەنانەت ئەگەر چەمکەکەش ڕوون نەبێت لایان. بە هەمان شێوە پرسی ناڕوونی سەبارەت بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی دامەزراوە تەندروستییە جیاوازەکان بوونی هەیە، بە تایبەت ئەگەر قەوارەیەک لە ڕابردوودا ئەو بۆشاییەی پڕکردبێتەوە و سەرکردایەتی دامەزراوەکانی تر بکات. لەبەر ئەو هۆکارە، ئێمە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی هەندێک لایەن بووینەوە لە پەسەندکردنی ئەو ڕۆڵەی کە ناوەند دەبێت بیگێڕێت. ئێمە توێژینەوەی نیشتمانیی پێویستمان نییە لەسەر بابەتی بەڕێوەبردنی مەترسیی تەندروستی، ئەمەش مانای وایە ئێمە لە سفرەوە دەست پێدەکەین. سەرەڕای ئەوەش، کورتهێنان لە ڕوونی و ئاشکرایی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی کارەسات و بودجەی پەیوەندیدار بە مەترسیی تەندروستی لەسەر ئاستی نیشتمانیدا بوونی هەیە. ئێمە سەختییەکی زۆرمان لە پاڵپشتیکردنی دارایی پڕۆژەکاندا بینیووە، بەتایبەتی لەناو دامەزراوە تەندروستییەکان کە هیچ بودجەیەکیان بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیی تەندروستی نەبووە. ئێمە لە ڕێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاشناکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی JCDC کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکەین، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین بگەیان بە سەربەخۆیی دارایی خۆمان. پرسێکی تر بریتییە لە شەفافیەت لەناو کەرتی تەندروستیدا. کاتێک دەستمان بە شیکردنەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی و گەڕان بەدوای چارەسەردا کرد، سەرنجمان دا لە هەندێک دامەزراوەدا خواستێک بۆ شاردنەوەی کەلێن و کەموکوڕیەکان بوونی هەیە بۆ ئەوەی خۆیان وەکو وێنەیەکی نموونەیی نیشان بدەن.
یونیپاس: تکایە کەمێک زیاتر باس لەو ڤایرۆسانە بکە کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ.
موقەدەم ئەمەل عوبێدات: کاتێک دەستمان بە دامەزراندنی ناوەندەکە و پەرەپێدانی پلانی بازرگانی ستراتیژی کرد، سەرنجمان خستەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا. ئێمە هانی هاووڵاتیان دەدەین کە ئەگەر هەر پرسیارێکی پەیوەندیداریان بە تەندروستی گشتی و مەترسییەکانی پەتاکانەوە هەیە، ئەوا ئاڕاستەی ناوەندەکەمانی بکەن. ئەرکی یەکەممان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشیەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان. نەخۆشییە درمییە ئاژەڵییەکان ئەو نەخۆشیانەن کە دەکرێت بەهۆی هۆکاری بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر یان هۆکاری نوێی نا نەریتییەوە بگوێزرێنەوە. لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و دەتوانن لە نێوان مرۆڤەکاندا لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، خۆراک، ئاو یاخود هەوا بڵاوببنەوە. کێشەکە لەو پەیوەندییە نزیکەدایە کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵدا هەیەتی، ئاخۆ ماڵی بێت، کشتوکاڵی بێت یاخوود کێوی. دەکرێت ئەمەش ببێتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی بازرگانی هەندێک بەرهەمی ئاژەڵیی. دەکرێت پیسبوونی ژینگە، ئاو، خۆراک و هۆکارەکانی توشبوونی تر گۆڕانکاری لە کڕۆمۆسۆمەکاندا دروست بکات کە ببێتە هۆی دروستبوونی جۆری نوێی نەخۆشی کە تەنها مرۆڤ تووش بکات. گەورەترین مەترسی بریتییە لە ئەگەری چەندین جار دووبارە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە نێو مرۆڤدا کە دەکرێت بگۆڕێت بۆ پەتای جیهانی.