لە میانی مەشقی ‘شێری تامەزرۆ’ـی 24 کە لە ئەردەن بەڕێوەچوو، یونیپاس لەگەڵ عەمید ڕوکن حەسەن ئەلخالیدی لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، فەرماندەیی گشتی سوپای عەرەب چاوپێکەوتنی کرد. ئەو باسی لەو ئاڵنگارییە هاوچەرخانە کرد کە لە داڕشتنی مەنهەجێکی مەشقی کاریگەر بۆ سەربازانی ژێر فەرماندەیی خۆی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
یونیپاس: ئایا تا چ ڕادەیەک مەشقە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکانی وەکو ‘شێری تامەزرۆ’ بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب، گرنگن؟
عەمید ڕوکن حەسەن: لە مەشق و ستراتیژییە ئاسایشییەکانیدا، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سەربازییەکانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە گەلانی دۆست و برا دەکاتە ئامانج. ‘شێری تامەزرۆ’ یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم هاوبەشییانە کە هەڵقوڵاوی و هەماهەنگی نێوان گەلانی بەشداربوو لە سەرانسەری هەموو بوارە سەربازییەکاندا بەهێز دەکات.
’شێری تامەزرۆ’ بەرهەمی هەوڵە ستراتیژییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەنە لەپێناو بەهێزکردن و برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلانی بەشداربوو لە سەرانسەری هەموو بوارە سەربازییەکان، بە دیاریکراوی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە مەشقکردنەوە، بەمەش هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە هاوپەیمانەکان بەرەوپێش دەبات و برەو بە هەماهەنگیی هاوبەش دەدات لە کاتێکدا هەماهەنگی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، دەزگاکانی ئاسایش و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی دەوڵەتی وەکو ناوەندی نیشتمانی بۆ ئاسایش و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەهێزدەکات. ئەمەش لە چوارچێوەی ژینگەیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا ڕوودەدات تا هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بتوانن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە.
لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە، ئێمە دەتوانین سەرکەوتنە خوازراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئاسایشییە جیهانی و ناوچەییانەی کە دەورەمان دەدەن بەدەست بهێنین، کە پێویستی بە هەوڵێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هەمووان.

یونیپاس: چۆن سوپای ئەردەن مەشقەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی وەک دڕۆنەکان و هێرشی ئەلیکترۆنی گونجاندووە؟
عەمید ڕوکن حەسەن: گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا سەربازییەکان، لەگەڵ هەمەچشنیی بەکارهێنانەکانیان، ئاڵنگارییەکەی بەرچاو بۆ پلاندانەران و داڕێژەرانی بەرنامەکان دروست دەکات، کە پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی مەشق و گرنگیدان بە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای دروست هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیان.
هەروەها هێزە چەکدارەکان سیاسەتێکی مەشقی جێگر پەیڕەو دەکەن کە توانای بەرەنگاربوونەوەی هەموو گۆڕاوەکان و بنیاتنانی هێزێکی سەربازی زۆر کارا، پتەو و جوڵاوی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە خێراکاندا بکات.
جیهان گەشەسەندن و بەرەوپێچوونی ڕۆڵی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بێ تەلی (UAVs) بەخۆیەوە بینیووە، کە بوونەتە ئامرازێکی جەنگیی هاوچەرخ و بژاردەیەکی ستراتیژی کاریگەر لە زۆر دۆخدا و لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە جیاوازەکان، کە لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، چاودێریکردن و سیخوڕییەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە بۆ هێرشی ئاسمانی ئاڕاستەکراو. هەروەها هێرشە ئەلیکترۆنییەکان هەڕەشەیەکی ڕوون و بەسیستەمکراو پێکدەهێنن. هەروەها بە بەڕێوەبردن، لەکارخستنی یان لەناوبردنی سیستەمی کارپێکردنی دامەزراوە گرنگەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئامانجی دیاریکراو، هێرشە ئەلیکترۆنیەکان یەکێکن لە تەکتیکە هەرە گرنگەکانی جەنگی هاوچەرخ.
بە پشتبەستن بەم هەموو ڕاستیانە، ‘شێری تامەزرۆ’ـی 24 بۆ بەدیهێنانی بە کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیژی، ئۆپەراسیۆنی و تەکتیکی، کە زیادکردنی توانا لە ئۆپەراسیۆنەکانی زانیاری و ژیریی دەستکرد، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی ئاسمانی بێ کارمەند لەخۆگرتبوو ڕێکخرا.
یونیپاس: ئایا سوپای ئەردەن لە پلانی مەشقەکانیدا گرنگی بە چ پابەندییەکی کرداری دەدات؟
عەمید ڕوکن حەسەن: هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە سەرانسەری هەموو پلەکانیدا لە بوارەکانی تەکتیک، لێهاتوویی تەکنیکی و لۆژیستیدا پەیڕەوی سیاسەتێک دەکات کە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی ئاستی مەشقکردن دەکات. سیاسەتێکی لەم جۆرە خزمەت بە چەمکی سەربازیی پتەوی ئەردەن دەکات کە لەسەر توانای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕاوەکان و بنیاتنانی هێزی سەربازی تەواو کارامە و جوڵاو کە توانای خۆگونجاندیان لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکان، بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاری و گۆڕاوە سەرهەڵداوە ناوخۆیی و دەرەکییانەدا هەبێت بنیاتنراوە. جگە لەوەش، سیاسەتەکە هەوڵیدەدات سەربازەکان بۆ گۆڕانی بەردەوامی ڕووداوەکان، گۆڕانی شێوازی جەنگەکان و هەمەچەشنی هەڕەشەکان ئامادە بکات، بۆ ئەوەی یەکەکان و پێکهاتەکانی سوپای ئەردەن بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی ئامادەیی شەڕ بۆ ئەنجامدانی ئەو فەرمان و ئەرکانەی پێیان ڕاسپێردراوە.

ڕاهێنانەکان پەیوەندییەکی نزیکیان بە ئاڕاستەی سیاسی دەوڵەتەوە هەیە، کە چەمکی سەربازی دیاری دەکات. مەشقکردن شێوازەکانی خۆی لەو چەمکەوە وەردەگرێت کە سروشتی هەر جەنگێکی ئەگەری، ئامانجەکانی و چۆنیەتی ئامادەکردنی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان بۆ بەشداریکردن لە جەنگێکی لەو شێوەیە بە باشترین شێوە بە بەکارهێنانی نوێترین ئامراز و شێوازە بەردەستەکان دیاری دەکات.
سەرکردایەتی لە هەموو ئاستەکاندا بەرپرسیارێتی ڕاهێنان لە ئەستۆ دەگرێت. دەبێت پراکتیکی و یەکگرتوو بێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا، پەرەسەندنی چەمکەکانی شەڕکردن و ئەو ئاڵنگاری و هەڕەشە ئەگەریانەی کە لە گۆڕانکارییەکانی ژینگەی ستراتیژییەوە سەرهەڵدەدەن. ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە یارمەتیدەرن لە دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگری لە سەر ئاستی ئۆپەراسیۆن و تەکتیکدا، وە لە هەمان کاتدا لەگەڵ توانا بەردەستەکان بەراوردیان دەکات. هەموو ئەمانە پێویستی بە گەشەپێدانی پلانی ڕاهێنان و مەشقی ڕێکخراو هەیە کە ئامادەیی شەڕی هێزە چەکدارەکان بەرز دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا بەردەوامی گەشەپێدان و هەوڵی بە ئابووریکردن لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە و تەکنەلۆژیای بەردەست، ڕێکخستنی کات بە باشترین شێوە و پابەندبوون بە پلانی مەشقکردن لەبەرچاوبگرێت.
بۆیە مەنهەجی ڕاهێنانەکە گرنگی دەدات بە چەندین تەوەری جیاواز، بە دیاریکراوی هەڕەشەی نەریتیی درێژخایەنی ئەگەری، وە هەروەها هەڕەشە نانەریتییەکانی وەکو قاچاخچێتی و ئاسایشی سنوورەکان، لایەنە ناحکومییەکان، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هێرشی ئەلیکترۆنی و جەنگی زانیاری.
یونیپاس: تا چ ڕادەیەک تەکنەلۆژیا و ئامێرە پێشکەوتووەکان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب، گرنگن؟
عەمید ڕوکن حەسەن: تەکنەلۆژیا و ئامێرە پێشکەوتووەکان لە ستراتیژی بەرگریی نیشتمانی و ئاسایشی هەر نەتەوەیەکدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن. بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، جیهان گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە سەربازییەوە بەخۆیەوە بینیوە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سروشتی جەنگ و ململانێی چەکداری هەبووە. تەکنەلۆژیا بە کاریگەریی زیاتر توانای هێزە چەکدارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسایشییە نوێ و گۆڕاوەکان بەرزکردووەتەوە. ئەمە زۆر بە ڕوونی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای چەکی زیرەک، موشەکی ئامانج دروست، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی، دڕۆن، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیای تردا دیارە.

بە هەمان شێوە ئەم بەردەوامی باشتربوونەی تەکنەلۆژیا سەربازییەکان توانای کێبڕکێی دەوڵەتەکەی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا باشتر کردووە. زۆرجار دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پاراستنی سنوورەکانی پشت بە هێزی سەربازی و توانای سەربازیی خۆی دەبەستێت. پاشان، وڵاتان بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا سەربازییەکاندا پێگە و کاریگەری خۆیان بەرز دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا تێچووەکان کەم دەکەنەوە و کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سەربازییەکان زیاد دەکەن. بۆیە هەتا هێزە چەکدارەکان تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتریان هەبێت، ئەوا بە شێوەیەکی کاراتر و ئابووریانەتر دەتوانن ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن، ئاخۆ لە مەشقکردن، چاککردنەوە یاخود شەڕی ڕاستەقینەدا بێت.
پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی جۆراوجۆری سەربازییان ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە پلان و بەرنامەی مەشقەکان دادەڕێژن. ئاڵنگارییەکی لەو شێوەیە پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی مەشق و گرنگیدان بە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیا گونجاو هەیە بە شێوەیەک کە هەوڵەکان کەم بکاتەوە، مەشقەکان بەرەوپێش ببات و هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لە نێوان لقە جیاوازەکانی سەربازیدا زیاد بکات. بەم شێوەیە هێزە چەکدارەکان بەشێک لە توانای شەڕکردن، ئامێر و تەکنەلۆژیاکانیان ڕێکخستووەتەوە وهاوچەرخ کردووە، وە تەکنەلۆژیای چەکی پێشکەوتووی نوێی سەر ئاستی جیهانییان جێگیرکردووە تا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بەرەوپێش بچن و چارەسەری هەڕەشەکان بکەن.
هێزە چەکدارەکانی ئەردەن ڕۆڵێکی بەرچاویان لە توێژینەوە و پەرەپێداندا هەیە، ئەمەش وەک دروستکردنی نووسینگەی دیزاین و گەشەپێدانی ئەردەن (JODDB) وەک بەڵگەیەک، کە دەزگایەکی حکومییە و لە ژێر چەتری هێزە چەکدارەکاندا کار بۆ دیزاینکردن، گەشەپێدان و دروستکردنی نموونەی سەرەتایی ئامێری مەدەنی و سەربازی دەکات. دروستکردنی JODDB خاڵێکی وەچەرخان بوو بۆ پێکهاتە و بەدامەزراوەییکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی ئەردەن و لە پێشانگە سەربازییەکانی وەکو پێشانگە و کۆنفرانسی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەردەن (SOFEX) و پێشانگا و کۆنفرانسی بەرگری نێودەوڵەتیی ئیماڕات (IDEX) نموونەیەکی درەوشاوە بووە بۆ وڵاتەکە. تەکنەلۆژیاکانی پیشەسازی سەربازیی ئەردەن تیشک دەخەنە سەر نایابیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.