ئەرکێکی فرەنەتەوەیی لەپێناو ئاشتی
سەربازانی کازاخستان، قرغستان، مەنگۆلیا، پاکستان، تاجاکستان و ئۆزبەکستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر سنوور پێکەوە ڕاهێنان دەکەن
دەستەی یونیپاس | وێنەکان لەلایەن عەریفی پلە یەک تێررا گاتی/پاسەوانی نیشتمانی سوپای ئەمریکا
وڵاتی دۆنۆڤیا، کە وا بڕیارە گۆرگاسی دراوسێی ناسەقامگیربکات و بەڕێوەبردنی ناوچەیی دووپات بکاتەوە، دەست دەکات بە هەڵمەتێکی جەنگیی ناهاوسەنگ: ئەنجامدانی تیرۆرکردن، وەستاندنی بۆڕییەکانی گاز، پاڵپشتیکردنی دارایی هێزە بەکرێگیراوەکان و دروستکردنی قەیرانی پەنابەران.
بەڵام لە ناوەندی ناسەقامگیریی دروستکراوی دۆنۆڤیا، کە بە دەستدرێژیی چەکداری بە درێژایی ڕوبارێکدا دەگاتە لوتکە، حەوت وڵات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئاشتی لەسەر سنورە پەشێوەکە هێزەکانیان یەکدەخەن.
هەر یەک لە کازاخستان، قرغستان، مەنگۆلیا، پاکستان و تاجاکستان بۆ پێکهێنانی هێزی ئەرکی نیشتمانپەروەر لە ژێر فەرماندەیی یەکگرتووی ئەفسەرانی باڵای خۆیان، کەرتێک دابین دەکەن. ئۆزبەکستان هێزێکی ئەرکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی ئاشتی بە درێژایی سنورەکە ڕەوانە دەکات. هێزی ئاسمانی، ئەگەر پێویست بێت، ئەوا لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت.
هەماهەنگیی ناوچەیی 23، کە مەشقێکی کۆمەڵیی نمایشییە، کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە مانگی ئابی 2023ـدا بۆ هاوبەشە سەربازییەکانیی ئاسیای ناوەڕاست و باشوری ئاسیا ڕێکخرا، نواندنێکی ڕۆڵگێڕانی بە ئامانجێکی توندگیر پێشکەش کرد.
سیناریۆکانی سەقامگیرکردنی سنور کە قەیرانە سەربازی، سیاسی و مەدەنییەکانی لەخۆگرتبوو، کە هەماهەنگیی ئەفسەرانی دەستەی فرەنەتەوەیی بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکانی زمان، کلتووری سەربازی و ڕواڵەتی نەتەوەیی کردبوو بە پێویستییەک.
نزیەکی 200 سەربازی کازاخی، قڕغی، مەنگۆلی، پاکستانی، ئەمریکی و ئۆزبەکی پلاندانان، ئۆپەراسیۆنەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییان لە ناوەندێکی ڕاهێنان لە هێلێنا، لە مۆنتانا هاوکات کردبوو، کە بە ناوەندێکی پەخشکردنی هاوبەش و کۆمپیوتەری پێکەوە بەستراو ئامێربەندکرابوون بۆ نوێنەرایەتیکردنی بارەگایەکی سەربازی.
لەبری ئەوەی کە سەربازەکان بەگوێرەی نەتەوایەتییان جیابکرێنەوە، ئەفسەران دوایان لە هەموو بەشداربووان کرد لە پێناو بەرژەوەندیی پێکهێنانی تیم، لە تەنیشت هاوتاکانیان کە لە وڵاتانی ترەوە هاتوون دابنیشن.
”ئێمە لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لە ئاسیای ناوەڕاست و بە هەمان شێوە ئەمریکا کاردەکەین و بە ئەنجامدانی ئەمەیش ئێمە زۆر شت فێردەبین. هەتا دوایین سەرباز، هەریەکێک ئەرکێکی دیاریکراوی پێسپێردراوە” عەقیدی تاجیکی نورزۆدا نورایل، یەکێک لە پلە بەرزترین ئەفسەرانی وڵاتەکەی لە مەشقەکەدا، ڕایگەیاند.
لە 2001ـەوە نزیکەی هەموو ساڵێک هەماهەنگیی ناوچەیی ڕێکدەخرێت، لەگەڵ هەر دووبارەبووونەوەیەکدا زۆر پوختتر دەبێت. سەرەڕای ئەوەی ڕێچکەی چیرۆکی مەشقەکان نمایشیین، بەڵام قەیرانە ڕاستەقینەکانی جیهان بە گشتی لە ناوەڕۆکەکەدا ڕەنگدەداتەوە.
”ئەمە بە تێپەڕبوونی کات لە مەشقێکی چڕکراوە لە پاراستنی ئاشتییەوە بۆ مەشقێک کە سەرنج دەخاتە سەر کێشە ناوچەییەکان کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیری، هاوکاریی مرۆیی و کەسانی ئاوارەبوو لە خۆدەگرێت، پەرەی سەند،” گای زیڕۆ، جێگری بەڕێوەبەری مەشقەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند.
هەماهەنگیی ناوچەیی 23 زنجیرەیەکی لە وروژاندنی پەرەسەندووی بۆ باشترکردنی چۆنیەتیی کاردانەوەی سەربازە فرەنەتەوەییەکان وەکو تیمێک بەرامبەر بە سیناریۆ جیاوازەکان دابینکرد. دەستەیەکی تاوانبار سەرۆک شارەوانیی ناوچەیەکیان کوشت و ماددەی هۆشبەریان بە سنوورەکەدا بە قاچاخ گواستەوە. کەمپێکی خەڵکی ئاوارە، بوو بە گۆڕپانێکی شاراوەی دۆزینەوەی ئەندام بۆ تیرۆریستان. بارهەڵگرێکی دەست بەسەرداگیراوی دزراو چەکی کیمیایی مەترسیداری تێدایە. یاخیبووانی دوژمن بە دانانی پردی سەرئاوکەوتوو بەسەر ڕووبارێکدا، یاسای نێودەوڵەتییان پێشێل کرد.
ئەرکەکانی لەناوبردن و دەستگریکردنی تاوانبارێکی داواکراو یان تیرۆریستێک بە ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە جیاواز لە هێزە ئەرکییە سەرەکییەکان لە ژێر فەرماندەیی خۆیاندا کاردەکەن.
وەک هاوشێوەی جیهانی ڕاستەقینە، ئەفسەرانی دەستە کە ڕۆژانە زانیاری بە فەرماندەکانیان دەدەن، پێویستبوو وەڵامی کەموکوڕییەکانی ئۆپەراسیۆن بدەنەوە. بۆ نمونە، فەرماندەی هێزی ئەرک سەبارەت بە نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هێزی ئەرکی ئۆزبەکستان بۆ داخستنی کەلێنێک لە بەرگرییە سنورییەکان، پرسیاری لە ژێردەستەکانی کرد.
”مەشقەکە نەک تەنها بە بەکارهێنانی سەرمایەی خۆمان بەڵکو ئەوانەی وڵاتانی بەشداربووش، دەرفەت بۆ بەرگریکردن دژ بە دوژمنان دەڕەخسێنێت،” عەقیدی ئۆزبەکی تاهیر جەبارۆڤ ڕایگەیاند. “ئێمە توانای هەمووان لە ئاسیای ناوەڕاست بۆ کارکردن بەیەکەوە لەڕووبەڕووبوونەوەی شەڕانگێزی یەکدەخەین.”
بە هەمان شێوە هەماهەنگیی ناوچەیی هەلێکی بۆ سوپاکانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان دابینکرد، کە وەکو بەشێک لە بەرنامەی هاوبەشی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتیی ئەمریکا یەکخراون.
کازاخستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی مۆنتانا، ئۆزبەکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی، قرغستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ئاریزۆنا و تاجاکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ڤێرجینیادا هاوبەشن. تورکمانستان، کە چاودێری بۆ مەشقەکە ڕەوانەکرد، بە هەمان شێوە هاوبەشی پاسەوانی نیشتمانیی مۆنتانایە.
ئەنتۆنی لێیتۆ لە دامەزراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی کۆلێژی سەربازیی جەنگیی ئەمریکا لە داڕشتنی سیناریۆکانی هەماهەنگیی ناوچەیی ڕۆڵێکی مەزنی گێرا.
لەبەرئەوەی پاراستنی مەدەنییەکان لە زیان لە ماوەی ململانێی چەکداریی ستراتیژی لەپێشینەی ئەمریکایە، لێیتۆ دڵنیاییدا لەوەی کە لە سیناریۆکانی مەشقەکەدا ئەمە بوونی دەبێت بۆ ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان لە شوێنەکانی وەک ئاسیای ناوەڕاست، وەکو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کەمپێکی پەنابەراندا.
”ئێمە لەوانەوە فێردەبین و ئەوانیش لە ئێمەوە فێردەبن،” لێیتۆ سەبارەت بە هاوبەشەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست، پاکستان و مەنگۆلیا ئەمەی ڕاگەیاند.
فێربوون لە هاوبەشەکانەوە بە هەمان شێوە هاندەرێکی سەرەکی بوو بۆ عەقید دانیار عیساکۆڤ، جێگری فەرماندەی هێزی ئەرکی فرەنەتەوەیی لە مەشقەکە. سەرەڕای ئەوەی کازاخستان مەشقی کۆمەڵیی نمایشیی خۆی ئەنجامدا، عەقید عیساکۆڤ بۆ ئاشنابوون بەوەی کە چۆن سوپاکانی تر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن، بەپەرۆش بوو.
بەشێوەیەکی فراوان عەقید شاندە 16 کەسییەکەی لە ئەفسەرانی پلە نزم پێکهێنابوو بە ئومێدی ئەوەی لە ئەزموونکردنی کەسیی لە بوارەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و پلاندانانی سەربازی سوود وەربگرن.
”لێرە لە ئەمریکا، هەموو بەشداربووان لە فەرماندەی باڵاوە بۆ ئەفسەرانی پلە نزم ئەوە دەزانن کە ئەو چی دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی،” عەقید عیساکۆڤ ڕایگەیاند.
عەقیدی کازاخی کاناتبێک ئەسیمۆڤ زۆربەی مەشقەکەی وەکو بەشێک لە تیمی ئەفسەرانی باڵا لە ڕێبەریکردنی 200 بەشداربووەکە لە ڕێگەی سیناریۆکانی ڕاهێنانەوە، بەسەربرد. هەماهەنگیی ناوچەیی سەکۆیەکی نمونەیی بۆ بەشداریکردنی ڕووبەڕووی لەگەڵ ئەفسەرانی شەش وڵاتە بەشداربووەکانی تر دابینکرد، ناوبراو ڕایگەیاند. دۆستایەتییەکە زۆر زووتر دەستی پێکرد کاتێک تیمە فرەنەتەوەییەکان بۆ داڕشتنی پلان بۆ هاوکاریی ناوچەیی کۆبوونەوە.
”زۆر باش ڕێکخرابوو و ئامادەکاریی بۆ کرابوو،” عەقید ئەسیمۆڤ بەو شێوەیە باسی هەماهەنگیی ناوچەیی 23 ـی کرد.
”ئێمە هیوادارین ئەم مەشقە لە باشترکردنی سەقامگیری لە وڵاتەکانی خۆماندا یارمەتیمان بدات.”
عەمید حەماد ڕەزا، بەڕێوەبەری جەنگیی هاوبەش لە بارەگای دەستەی هاوبەشی پاکستان، سەرۆکی شاندی 15 ئەفسەری پاکستان بوو لە هەماهەنگیی ناوچەیی. ئەو وەک “بێ کەموکوڕ” ستایشی ئەنجامدانی مەشقەکەی کرد.
”ئەم مەشقە هاوبەشە دوو هەفتەییە بە دابینکردنی دەرفەتێکی ناوازە بۆ تێگەیشتن لە دوایین ئاڵنگارییە ئاسایشییەکان، ئێمەی لە هاوبەشەکانمان نزیک کردەوە،” عەمید ڕەزا ڕایگەیاند.
”ئەم مەشقە سروشتی تێگەیشتنی هاوبەشی پەرەسەندنی هەڕەشەکان، کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان لەسەر دانیشتوانی مەدەنی، یاسا نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی ئاسایش و سەروەریی نەتەوەکان، وە گرنگی پلاندانی هاوبەش و پڕۆسەی دەرکردنی بڕیاری سەربازی زیاتر بەرەوپێشبرد.”
لایەنێکی مەشقەکە بریتی بوو لە پشکنین لەلایەن فەرماندەکانی یەکەکانی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا کە هاوبەشیی سەربازانی ئاسیای ناوەڕاست دەکەن. عەمید جەیمس ڕینگ، سەرۆکی پاسەوانی نیشتمانیی ڤێرجینیا، بە گەرمی پێشوازی لە کەسایەتییە ئاشناکانی پاکستانی وڵاتی هاوبەشی خۆی کرد.
”ئێمە ناتوانین لە گرنگی ئەم جۆرە مەشقانە کەمبکەینەوە،” عەمید ڕینگ ئەمەی ڕاگەیاند.
Comments are closed.