ئاسایشی وزە یەکسانە بە ئاسایشی جیهانی
وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو پابەند دەبن بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە
جاسم محەمەد ئەلبەدەوی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاریی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو
سەرەتا دەمەوێت بە دەربڕینی سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم بۆ سەرکردایەتیی شانشینی بەحرەین کە بە میهرەبانییەوە میوانداری ئەم بۆنەیەیان کرد و بۆ ئەوەی قسە بۆ بەڕیزتان بکەم، ڕێز و شکۆیان پێبەخشیم. هەرەوەها لە دابینکردنی ئەم سەکۆ گرنگە کە وەزیرەکانی حکومەت، داڕێژەرانی سیاسەت، پسپۆڕان و کەسایەتییە خاوەن کاریگەرییەکان لەم کۆڕبەندە ناوازەدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگەکان لە تەوەرەکانی سیاسەتی دەرەوە، بەرگری و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆدەکاتەوە، من دەمەوێت پێزانینی خۆم ئاراستەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان (IISS) و ڕێکخەرانی “گفتوگۆی مەنامە” بکەم.
بە ڕووکردنە سەر بابەتێکی چارەنووسسازی وەک سیاسەتی نوێی ئاسایشی وزە، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەم بابەتە لە سیاسەتەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداودا پێگەیەکی باڵای هەیە کە وەکو پایەیەکی سەرەکی لە کایەی جیهانی نەوت و گازدا خزمەت دەکەن، وە دڵنیاکەرەوەی ئاسایشی وزەن لە سەرانسەری جیهاندا.
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاسایشی وزە لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆر گرنگە، کە دەتوانرێت بۆ کۆمەڵێک هۆکار بگەڕێنرێتەوە:
- ململانێی ئاسایی.
- نەبوونی پلانی جێگرەوە.
- ئەو گێڕانەوەی چەواشەکارییەی کە دەڵێت سەرچاوەی وزەی جێگرەوە دەتوانێت جێگەی سووتەمەنیی بەردین بگرێتەوە.
- ساڵانێکی زۆر لە کەم وەبەرهێنان.
بۆ چەندین دەیەیە، وڵاتانی کەنداو بە بەردەوامی وەکو هاوبەشی متمانەپێکراوی وزە خۆیان سەلماندووە، پابەندبوونی نەگۆڕی خۆیان بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی نیشانداوە. جێگەی سەرنجە، لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق لە ساڵانی 1980ـاکاندا، سەرەڕای مەترسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانیان، بەشێکیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی جوڵەی نەوت ڕێوشوێنی ناوازەیان گرتەبەر، لەوانەش گۆڕینی تۆماریی کەشتیە نەوتییەکانیان.
وە لەم دواییانەشدا، قەیرانی جەنگی ئۆکرانیا جەختی لەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگە کردەوە، کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) لە پاراستنی ئاسایشی وزەدا دەیگێڕن. سەرەڕای ئاڵنگارییە مەزنەکان کە بەردەوامن لە دروستکردنی سێبەری نادڵنیایی لەسەر بازاڕەکانی وزە، وڵاتانی GCC خۆڕاگری خۆیان نیشانداوە و بەردەوامی و سەقامگیریی دابینکردنیان پاراستووە. بۆ نمونە، ڕێڕەوەکانی بازرگانیی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ ئەوروپا و شوێنەکانی تر سەریانهەڵدا.
لە هەمان چوارچێوەدا، پێویستە جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایشی ڕێگا ئاوییەکان بکەینەوە، کە یەکێکن لە هۆکارە گرنگ و بنەڕەتییەکان لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی. ئەم ڕێڕەوانە تۆڕی دەماریی گواستنەوەی دەریایی کە دڵنیایی دەدات لە جوڵەی بەرهەمەکانی وزە بۆ بازاڕکانی جیهان، پێکدەهێنێت. دەکرێت هەر هەڕەشەیەک یان پچڕانێک لەم ڕێڕەوانەدا ببێتە هۆی پەککەوتنێکی سەخت لە بازاڕەکانی وزەدا. بۆیە پێویستە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئەم ڕێڕەوانە لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکان، چەتەی دەریایی یان کارەساتە ژینگەییەکان هەوڵەکانیان یەکبخەن.
پێویستە جەخت لە هەوڵە بێوچانە ستراتیژییەکانی وڵاتانی کەنداو لە بەهێزکردنی ئاسایشی وزەدا بکرێتەوە، لەوانە برەودان بە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە، وەبەرهێنانی بەهێز لە توێژینەوە و برەودان بە چارەسەری وزەی بەردەوام، پەرەپێدانی کرداریی کارامەیی وزە و پێشخستنی هەماهەنگیی کەرتی تایبەت لە پڕۆژە هاوبەشەکاندا. جگە لەوەش، بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی وزە و گونجاوی دارایی، وڵاتانی GCC دان بە گرنگی دابینکردنی درێژخایەنی وزەی نەریتیدا دەنێن. سەرەڕای ئەوەش، شەش وڵاتی ئەندام وزەی نوێبووەوەشیان پەسەندکردووە، وەک لە پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی خۆیاندا نیشاندراوە.
تکایە بوارم پێبدەن تیشک بخەمە سەر هەندێک لە پلان و پڕۆژە سەرەکییەکانی وزەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، کە هاودەم لەگەڵ 17 ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs) هەنگاودەنێن، بە تایبەتی ئامانجی ژمارە 7: وزەی گونجاو و خاوێن، وە هاوتەریب لەگەڵ ڕێککەوتننامەی پاریس:
- ستراتیژی 2050ـی وزەی ئیماڕات کە بۆ گەیشتن بە ئاستی پێداویستییە ئابوورییەکانی ئیماڕات و ئامانجە ژینگەییەکان، وزەیەک دەکاتە ئامانج کە تێکەڵەیەک بێت لە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە، ئەتۆمی و خاوێن، وەک ئەم شێوەیەی خوارەوە یەکدەخات: 44% وزەی خاوێن، 38% گاز و 12% خەڵوزی خاوێن.
- بەحرەین ئامانجی ئەوەیە هەتا ساڵی 2035 ڕێژەی %20ـی وزەکەی بۆ وزەی نوێبووەوە بگۆڕێت و لە ساڵی 2060 بگات بە بێلایەنیی کاربۆن. پلانەکە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی خۆر و با لەخۆدەگرێت و ئامانجیەتی تا ساڵی 2025 ڕێژەی 5%ـی کارەبای وڵاتەکە لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەمبهێنێت.
- بە پابەندبوون بە وزەی خاوێن و بەردەوامی، ڕوانگەی 2030ـی سعودیە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی وزە و کەشوهەوا پێشەنگە. تیشک دەخرێتە سەر چارەسەری داهێنەرانەی وەکو سوڕیی ئابووریی کاربۆنی (CCE) و ئاوێتەیەکی وزەی هەمەچەشنتر، کە تێیدا تا ساڵی 2030، ڕێژەی 50%ـی وزە لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەمدێن.
- لە ساڵی 2022، عومان ئامانجێکی بۆ گەیشتن بە دەردانی سفری گازی ژەهراوی تا ساڵی 2050 ڕاگەیاند و دەستی بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین لە ئاوێتەی وزەی ناوخۆییدا کرد. بە پشتبەستن بە شیکاری پڕۆژەی بۆڕی سووتەمەنی جیهانی ئێستا، عومان لەسەر ڕێچکەی بوون بە شەشەم گەورەترین هەناردەکاری هایدرۆجین لەسەر ئاستی جیهان و گەورەترین هەناردەکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە تا ساڵی 2030.
- سەبارەت بە ڕوانگەی نیشتمانیی قەتەڕ بۆ ساڵی 2030، ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2030 ڕێژەی 20%ـی کارەبا لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بەرهەمبهێنێت.
- لە کۆتاییدا، کوەیت ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2035 ڕێژەی 15%ـی کۆی بەرهەمی کارەباکەی لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەمبهێنێت.
بۆ ماوەیەکی درێژخایەن داڕێژەرانی سیاسەت لە ئابوورییە پێشکەوتووەکاندا، هۆشدارییەکانی پیشەسازی نەوت و گازیان سەبارەت بە نەبوونی وەبەرهێنان پشتگوێ خستووە. ئەم داڕێژەرانەی سیاسەت متمانەیەکی زۆریان خستبووەتە سەر سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە. لەماوەی ساڵانی 2014 تا 2021، وەبەرهێنانی نەوت و گاز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. بەم جۆرە، پێویستیەکی بەپەلە لە ئارادایە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەمە تا زامنی ئاسایشی وزە و داخستنی هەر کەلێنێک بکرێت. جیهان بۆ داهاتوویەکی نزیک بۆ دابینکردنی خواستی فراوانبوو، پێویستی بە نەوت و گاز دەبێت.
ئەمە لە ئاسۆی جیهانیی 2023ـی OPEC کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، تیشکی خراوەتەسەر. وادەردەکەوێت خواست لەسەر وزە بە ڕێژەی 23% لە نێوان ئێستا و ساڵی 2045 بەرزتر ببێتەوە، وە هێشتا چاوەڕوان دەکرێت تا ئەو کاتە نەوت و گاز زیاتر لە 50%ـی پێداویستییەکانی وزەی جیهانی دابین بکەن.
هەتا ساڵی 2045 بە تەنها لە پیشەسازی نەوتدا، OPEC پێویستی بە بڕی 14 تریلیۆن دۆلار لە وەبەرهێنان دەبێت، واتە نزیکەی 610 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. ئەنجامدانی ئەمانە بۆ بەکاربەران، بەرهەمهێنەران، ئابووری جیهانی و لە کۆتایشدا ئاسایشی وزەی جیهانی زۆر گرنگن.
بۆ ئەم مەبەستە، دەمەوێت بەم چوار تێبینییەی خوارەوە کۆتایی بە وتارەکەم بهێنم:
- من دەمەوێت پێویستی بەپەلەی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی دووپات بکەمەوە، لەوانەش پاراستنی ژێرخانی وزە و ڕێگاکانی گواستنەوە، بە هەمان شێوە ڕوبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان، ئاخۆ سەربازی بن یاخود پەیوەندیدار بە ئەلیکترۆنی.
- من دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە، بەبێ گوێدانە ململانێکانی ئێستای وەک جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا یان ئاڵنگارییە کورتخایەنەکانی تر، ڕوانگەی درێژخایەن پێویستە. جگە لەوەش، پەرەپێدانی هەماهەنگی و شەفافیەت لە نێوان بەرهەمهێنەران و بەکاربەران بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری بازاڕەکانی نەوت زۆر گرنگە.
- دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە سەرەڕای هەوڵە پێزانراوەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بۆ هەماهەنگیکردن وەکو ئەندامی چالاک لە کۆمەڵگەی جیهانی، چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی داهاتوو پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەرفراوان و جیهانی هەیە، چونکە هەر پچڕانێک لە دابینکردنی وزەدا، بەبێ گوێدانە دۆخی گەشەسەندنیان مەترسی لەسەر هەموو وڵاتان دروست دەکات.
- وە لە کۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە داننان بەوەی کە ئاسایشی وزە پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی ئاسایشی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت زۆر گرنگە، وە هەر هەڵەیەک لە ئاسایشی وزەدا ئاماژەیە بە نەبوونی ئاسایشی گشتی.
Comments are closed.