
سوپاکان پشت بە پشتیوانیی لۆژیستی دەبەستن چونکە ئەمە ئەو خوێنبەرەیە کە ژیان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەدات. لە هەر ئۆپەراسیۆنێکدا، ئەم هێزانە دەیانەوێت یەکەم هێز بن لە گەیشتن و دوا هێزبن لە جێهێشتن. سەرکەوتنی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەندە لەسەر تۆکمەیی و بەردەوامیی تۆڕی پشتیوانی لۆژیستی. ئەم تۆڕە لە شوێنەکانی نزیک بە مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها شوێنە جێگرەوەکان، لە کەمترین ماوەدا پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ هێزەکان دابین دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە سوپاکان بەردەوام بۆ تاقیکردنەوەی توانا لۆژیستییەکان مەشق ئەنجام دەدەن. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەم بابەتە، یونیپاس لەگەڵ عەمید ڕوکن محەمەد ئەلسەمەدی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی لۆژیستیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن کۆبووەوە.
یونیپاس: چۆن پێناسەی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی لۆژیستی دەکەیت؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆمەڵێک ئەرکی سەرەکی بۆ خزمەتکردنی پێکهاتەکان و یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن ئەنجام دەدات. ئەم ئەرکانە بەڕێوەبردنی سیستەمی لۆژیستی بە گشتی بۆ خزمەتکردنی پێکهاتە و یەکە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت. ئەگەر بچینە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە، ئەوا دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان دەگرێتەوە لەڕووی کەرەستەی جۆراوجۆری پێویست، وەکو جلوبەرگ، ئامراز و ئامێر، ئەمە جگە لە دروستکردنی کەلوپەل بۆ هێزە چەکدارەکان. هەروەها ئەرکەکان بەڕێوەبردنی داهێنانانەی ستراتیژی بۆ مسۆگەرکردنی بەردەستبوونی بەرفراوانی کەرەستە و ئامێری بەکارهێنراو لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لەڕێگەی فەرماندەیی کۆگا سەربازییەکان، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی لۆژیستییە لەخۆدەگرێت. ئەرکێکی دیکە بریتییە لە دروستکردنی ئەو جلوبەرگانەی کە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەکاریدەهێنن، ئەمەش لە ڕێگەی فەرماندەیی جلوبەرگ و ئەرکەکانی هێزە چەکدارەکانەوە. ئەم یەکەیە یەکەیەکی بەرهەمهێنانی یەکخراوی بۆ دروستکردنی جلوبەرگ بۆ ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و هەموو پلەکانی هێزە چەکدارەکان هەیە. جگە لەوەش، بەشێوەیەکی گشتی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەرکی ئامادەکردن و هەماهەنگیکردنی پلانە کارگێڕییەکانی بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکان پێسپێردراوە.
یونیپاس: بۆچی سوپا هاوچەرخەکان تیشک دەخەنە سەر گەشەپێدانی سیستەمی پشتیوانی لۆژیستی خۆیان؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: بۆ ئەوەی هەر هێزێکی چەکدار ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سەرکەوتوو ئەنجام بدات، بەبێ گوێدانە قەبارەکەی، دەبێت لەگەڵ پلانێکی لۆژیستی پتەو و سەرکەوتوو کە توانای پشتیوانیکردنی هەموو ئەرک و فەرمانەکانی ئۆپەراسیۆنی هەبێت، هاوکات و هاوتەریب بێت. لەم ڕوانگەیەوە، سوپا هاوچەرخەکان، بەبێ گوێدانە ئەرکەکانیان، هەوڵی بنیاتنان و پەرەیێدان سیستەمی لۆژیستیی کارا و متمانەپێکراو دەدەن کە لە توانایدابێت لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا پشتیوانی یەکەکان و پێکهاتەکان بکات. هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لەسەر ئاستی ناوچەیی بە دابینکردنی هەموو ئەو ئامێر، پێداویستی و سیستەمی لۆژیستیی هاوچەرخ کە یەکەکان و پێکهاتەکان پێویستیان پێیەتی ڕۆڵێکی پێشەنگ دەگێڕن. لەبەر ئەوەی ئەردەن لە ناوچەیەکی وەها ناجێگیردا هەڵکەوتووە، ئێمە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و هەڕەشە دەبینەوە. هەر لەبەر ئەمەش دەبێت پلانی لۆژیستی بەردەوام نوێ بکرێتەوە تا لەگەڵ ئاڵەنگراییە نوێیەکان بەرەوپێش بچێت و لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی تایبەت بۆ سەر زنجیرەکانی دابینکردن مامەڵە بکات.
یونیپاس: چۆن لە کاتی دیاریکراودا بەبێ تێکدانی ژیانی ڕۆژانە لە ئەردەن، هێزی سەربازی و کەرەستەکان دەجوڵێنن؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: هێزە چەکدارەکانی ئەردەن خاوەنی کاروانێکی یەکخراون کە بۆ کۆکردنەوەی ستراتیژی و گواستنەوەی چەک، ئامێر و هێزی مرۆیی لە هەر شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لە مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەردەن بەکاریدەهێنن. ئەمەش هەڵگری تانک، و پاس بۆ گواستنەوەی کارمەندان و گوێزەرەوەکان بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی ئامێرەکانی تر لەخۆدەگرێت. ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوە لە کاتی دیاریکراو و لەسەر ڕێگای دیاریکراو ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی بەگشتی جوڵەی خەڵکی مەدەنی، باری مەدەنی و گواستنەوەی مەدەنی پەک نەخەن. لەبەر ئەم هۆکارە، ئێمە مەشی بەردەوام ئەنجام دەدەین، کە هەندێکیان ناوخۆیین بۆ هێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانی تری دەوڵەت، ئەوانی تر شانبەشانی هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانمان لە مەشقەکانی وەکو ‘شێری تامەزرۆ’ـدا ئەنجام دەدرێن. لەم میانی ئەم مەشقانەدا، ئێمە تواناکانمان بۆ گواستنەوەی یەکەکان لە کاتێکی پێوانەییدا تاقی دەکەینەوە، وە بۆ ئەوەی باشترین و خێراترین ڕێگاکان دەستنیشان بکەین، بەردەوام پرۆسەکانمان نوێ دەکەینەوە.
یونیپاس: سوپای ئەردەن چۆن پەرە بە بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی
لۆژیستی پێشدەخات؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بە دابینکردنی ئەو کارمەندانەی کە توانای بەڕێوەبردنی سیستەمەکەیان هەیە، لەوانە ئەفسەر، ئەفسەری ناڕاسپێردراو و کارمەندی ئاسایی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە لۆژیستییەکان بۆ هەموو هێزەکانی. ئەمە بە هەمان شێوە مەشق و پەرەپێدانی بەردەوام دەگرێتەوە بۆ ئاگاداربوون لەو سیستەمە هاوچەرخانەی کە پێشکەشی هێزە چەکدارەکان دەکرێت و لە ئۆپەراسیۆنە لۆژیستییەکاندا بەکاردەهێنرێن. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ سوپای وڵاتانی دۆست لە بواری پەرەپێدانی لۆژیستیدا لەخۆدەگرێت. ئەمە هەمووی سەر بە بەشی سەرچاوە مرۆییەکانن. سەبارەت بە کەرەستە و ئەرکەکان، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆ و بەپەلە لە سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشەوە، بۆ هەنگاونان لەگەڵ پلانەکانی کارکردنی ئێستا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بە دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیا و میکانیزمەکان بۆ هێزە چەکدارەکان و بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی لۆژیستی و سەرجەم یەکەکانی کارپێکردن لە سیستەمی لۆژیستیدا گرنگییەکی بەرچآو بەم لایەنە دەدات. بە هەمان شێوە ئێمە سەرنج دەخەینە سەر چەمکی بنەڕەتیی “جێگرەوە ئەگەرییەکان،” چ لەناو خودی سیستەمەکە، لە نێوان یەکە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکان یاخود لەگەڵ سوپای وڵاتانی دۆستدا. ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەبێت یەکخستن، هێز و توانا بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی سیستەمی لۆژیستی بوونی هەبێت تا بە شێوەیەکی گونجاو و کاریگەر کاربکەن. ئێمە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەین، هەر یەکەیەکیش ڕۆڵی خۆی بە تەواوی بەجێدەهێنێت، وە هەر بەشێکیش بە تەواوی دەزانێت چ شتێک پێویستە. هەروەها یەکخستن لە نێوان پلان و ڕێکاری لۆژیستی لەگەڵ پلانە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئێستا لە هێزە چەکدارەکاندا بوونی هەیە. ئێمە لە ماوەی مەشقە هاوبەشەکانی وەکو ‘شێری تامەزرۆ’ـدا توانا لۆژیستییەکانمان تاقی دەکەینەوە. ئەمەش دەرفەتێک بۆ سوپای دۆستانەی بەشداربوو لە تاقیکردنەوەی تواناکانیان بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەڕەخسێنێت. ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەر ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی داهاتوو دەبێت.
یونیپاس: چۆن مەشقی ‘شێری تامەزرۆ’ لۆژیستیک ئاوێتەی مەشقەکانی دەکات؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: بۆ ئەوەی هەر پلانێکی کارپێکردن سەرکەوتوو بێت و ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت، دەبێت لەگەڵ پلانێکی لۆژیستیدا هاوتەریب و گونجاو بێت. ڕۆڵی سیستەمی پشتیوانیی لۆژیستی لە ‘شێری تامەزرۆ’ـدا لەسەر بنەمای ئەم چەمکە دامەزراوە. سیستەمی پشتیوانیی لۆژیستی زەمینی شانبەشانی هێزەکان لە هەموو چالاکییەکانی مەشقییەکان و لە هەموو بوارە جیاوازەکانی مەشقکردن و ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ستراتیژی لە مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکاندا بوونی هەبوو. ئەمەش خستنەخوارەوەی ئاسمانی بۆ گەیاندنی بار، گواستنەوەی ئامێرەکان بە بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر یاخود فڕۆکەی باڵدار و هەروەها ئۆپەراسیۆنە نەریتییەکانی دابینکردنی میکانیکی لەخۆدەگرێت. بە هەمان شێوە بڵاوکردنەوەی یەکەکانی لۆژیستی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هێزانەی کە لەسەر زەوی کاردەکەن، جا چ هێزە چەکدارەکانی ئەردەن یاخود سوپای دۆست بێت، تێدا ئەنجامدرا.
یونیپاس: لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی ئەردەن تەنها یەک بەندەری دەریایی هەیە، ئەو ئاڵنگارییانە چین کە ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتییەکەتان دەبنەوە؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: ئەمە ئاڵنگارییەکە بەڵام سەرەکی نییە بۆ سیستەمی پشتیوانیی لۆژیستی چونکە ئێمە سنووری وشکانیمان لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا هەیە و دەتوانین خاک، دەریا و فڕۆکەخانەکانیان بۆ بەردەوامیدان بە زنجیرەکانی دابینکردن بەکاربهێنین. هەروەها دەتوانین سوود لە گواستنەوەی ئاسمانی وەربگرین. جگە لەوەش، ئێمە ئامادەیی هەمیشەیی بۆ هەر کێشەیەک لە زنجیرەکانی دابینکردن دەکەینە ئامانج لەڕێگەی پاراستنی یەدەگی پێویست و گونجاو بۆ پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان لە هەر بارودۆخێکدا، جا چ ئۆپەراسیۆن بێت یاخود کارگێڕی، بۆ ماوەیەکی پێویست.
یونیپاس: تا چەند ناوەندە لۆژیستییە تازە دامەزراوەکە لە
هەرێمی ڕۆژهەڵاتی سەربازیی ئەردەن گرنگە؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: ئەمە ناوەندێکی پێشکەوتووی پشتیوانیی لۆژستیە کە دەکەوێتە ناوچەی ڕوەیشید. ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر دامەزراندنی دەکرێت. ئەمە دەرئەنجامی هاوکارییەکی بەخشندە و دوو قۆناغیی یەکێتیی ئەوروپایە کە ئێمە سوپاسگوزارین بۆی. ناوەندەکە بریتییە لە زیادکردنێکی چۆنیەتیی بۆ سیستەمی لۆژیستی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی لۆژیستیی کۆگاکان لە ناوخۆی مەیدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەردەن. هەموو ئەو کەرەستانەی کە سوپا پێویستی پێیەتی، لەوانە جلوبەرگ، کەلوپەل و تەقەمەنی، ئێستا لەوێ بەردەستن. قۆناغی سێیەم ناوەندێکی پێداویستیی پزیشکی لەخۆدەگرێت. ئەمەش بەو واتایە دێت کە هەموو ئەو یەکانەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵات کاردەکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ناوەندە لۆژیستییەکان لە عەممان و زەرقا، دەتوانن هەموو پێداویستیەکانیان لە هەمان ناوەندەوە وەربگرن. سەبارەت بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی، یەکێتی ئەوروپا بە دامەزراندنی نۆرینگەیەکی بێبەرامبەر و بە هەمان شێوە نۆژەنکردنەوەی هەندێک خوێندنگە، لایەنێکی زۆر پشتیوانکەر بووە. لایەنی سێهەمی ناوەندی پشتیوانیی لۆژیستی بریتییە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگا حکومی و ئاسایشییەکانی تر کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لەوانەش ئیدارەی گومرگ، ئاسایشی گشتی و دەزگاکانی هەواڵگری. لەبەرئەوەی سەنتەرەکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر قەیرانێکی مرۆیی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، بەتایبەتی کە دەکەوێتە ناوچەیەکی سنووری کە گەواهیدەری لێشاوی پەنابەران بووە. لە ئێستادا پێویستی بۆ بوونی ئەم دەزگایانە لە ئارادایە و بە هەمان شێوە پێویستی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن لە ئارادایە. لەبەر ئەمە، ناوەندەکە زیادکردنێکی چۆنایەتی و ستراتیژییە بۆ ئەو لۆژیستییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لە ناوچەکە دابین دەکرێن. هیوادارین ناوەندێکی هاوشێوە لە ناوچەی باشوور دابمەزرێنرێت بۆ ئەوەی هەمان ڕۆڵی بگێڕێت.
یونیپاس: چۆن لۆژیستی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیی ئەردەن لە دەرەوەی وڵات ڕۆڵی گێڕاوە؟
عەمید ڕوکن ئەلسەمەدی: من بەرپرسی لۆژیستی بووم بۆ بەشداریکردنی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە ئەرکی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتی کۆت دیڤوار، کە لە ساڵی 2017 کۆتایی هات. فەرماندەیی من یەکەمین بوو بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئامێرەکان بەر لە گەیشتنی کەرتەکانی ئاشتیپارێز بگەن، وە دوا هێزەکانیش دوای چوار مانگ لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکە بە فەرمی هاتنە دەرەوە. پێویست بوو دڵنیابینەوە لەوەی کە ئامێرەکان لەناو کەشتیەکاندا بار کراون و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەردەن.