کازاخستان و ئەمریکا لەسەر هاوبەشیی ستراتیژی گفتوگۆدەکەن
بە پشتبەستن بە 31 ساڵ لە هاوبەشی، جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆماری کازاخستان کایرات عومەرۆڤ بۆ پێنجەمین گفتوگۆی ساڵانەی هاوبەشیی ستراتیژیی پەرەپێدراوی ئەمریکا و کازاخستان (ESPD) لە ئاستانە، پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری باشوری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست دۆناڵد لو کرد.
گفتوگۆی هاوبەشیی ستراتیژیی پەرەپێدراوی ئەمریکا و کازاخستان لەپێناو دۆزینەوەی دەرفەت بۆ هەماهەنگیی سوودبەخشی هاوبەش و برەدان بە پرسە لەپیشینە هاوبەشەکان پێکهێنرا. دوایین گفتوگۆ لە 6ـی مانگی تشرینی دووەمی 2023 ئەنجامدرا.
شاندەکانی کازاخستان و ئەمریکا پرسە سیاسی و ئاسایشییەکان تاوتوێکرد، کە جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەماهەنگیی جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان و بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان پاراستنی ناوەندە کراوەکانی پەیوەندیکردن، لەوانەش گفتوگۆ و ئەنجامدانی سەردانی هاوبەشیان تاوتوێکرد.
وەزیر عومەرۆڤ بە تیشک خستنە سەر سەرکەوتن و بەرهەمداریی یەکەمین دیداری سەرۆکانی C5+1 لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە مانگی ئەیلوولی 2023، کۆبوونەوەکەی دەستپێکرد.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لو، لە سەکۆی دیپلۆماسی C5+1 وەکو ئامرازێکی گرنگ بۆ پێکەوە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بنیاتنانی ئاسیایەکی ناوەڕاستی خۆشگوزەرانتر و ئاسایشتر جەختی لە پشتیوانی چالاکانەی کازاخستان کردەوە، وە پشتیوانیی نەگۆڕی ئەمریکای بۆ سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی کازاخستان دووپاتکردەوە. دوابەداوی سەردانەکەی کازاخستان، ڕۆژێک دواتر لو لە ئۆزبەکستان بەشداری لە کۆبوونەیەکی دیپلۆماسیدا کرد.
شاندەکان ئاسانکاریکردن و هەمەچەشنکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان، هەماهەنگی بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی خاوێن و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوبەشیی جیۆلۆجی و کانزا گرنگەکان، بە هەمان شیوە هەماهەنگی زانستی و تەکنەلۆژیایان تاوتوێکرد.
هەروەها بەشداربووان جەختیان لە گرنگی ئاسانکاریی گەشەپێدانی بەردەوامی ڕێگاکانی گواستنەوە و دەستنیشانکردنی هاوبەش بۆ ژێرخان و وەبەرهێنانی جیهانی (PGI) وەکو ڕێگایەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئامانجە کردەوە. هەردوولا بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بە ئاڕاستەی پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییە هەمیشەییەکان خواستێکی هاوبەشیان هەیە. مەبەستی شاندەکان بەردەوامیدانە بە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە سیاسەتی سزاکان.
لەسەر بابەتی مافەکانی مرۆڤ، ئەمریکا و کازاخستان تیشکیان خستە سەر چاکسازییە سیاسییەکان، حوکمڕانی باش، سەروەری یاسا و بەردەوامییدان بە بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندن. گفتوگۆکان بە هەمان شێوە هەوڵەکانی بۆ برەودان بە ئازادی ڕاگەیاندن و پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی خۆڕاگر و ڕێگاکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان لەخۆگرتبوو.
عومەرۆڤ جەختی لە پابەندبوونی کازاخستان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی کارنامەی چاکسازیی سەرۆک قاسم جومرات تۆکایێڤ کردەوە. لە لێدواندا بۆ وڵاتەکەی، لو لەگەڵ هەوڵەکانی چاکسازیدا هاوڕا بوو.
سەرچاوەکان: باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کازاخستان، Akorda.kz ئەستانا تایمز، 24.kz
Comments are closed.