Getting your Trinity Audio player ready...
|
حەفتا و دوو گوێزەرەوەی سەربازی کە سەدان سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکایان هەڵگرتبوو، لە بەرەبەیانیدا دەستیان بەجوڵەکرد، سێبەرەکەیان بەسەر ئاسۆی درەوشاوەدا بڵاوبووەوە کە خۆری سعودیەی لەباوەشگرتبوو.
لە کەمپێکی سەربازیی دەرەوەی یەنبوع لەسەر دەریای سوور، تایەکان تۆز و خۆڵی بیابانیان بڵاوەپێدەکرد لە کاتێکدا کە کاروانەکە دەچووە سەر ڕێگایەکی خێرا کە سەردەکەوت بۆ بەرزاییە بێ پیتەکانی دەرەوەی شارەکە.
لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، کاروانە سەربازییەکەی ئەمریکا بە یاوەری هاوبەشە سعودی و ئیماڕاتییەکان، شاخەکان، کێڵگە گڕکانییەکان و تەپۆڵکە لمییەکانیان لە مانۆڕێکی سەربازیدا تێدەپەڕێنن کە پانتایی نیمچە دوورگەی عەرەبی دەگرێتەوە.
ئەمانە هەموویان بەشێک بوون لە ‘توڕەیی ڕەسەن’ـی 24، مەشقێک کە تیشکی دەخستەسەر زانستی سەربازیی لۆژیستی. بەبێ هەوڵەکانی سەربازانی هێزی دابینکردن و پشتیوانی، لەم دۆخەدا واتە جوڵاندنی سەرباز و ئامێرەکان بە درێژایی 1,900 کیلۆمەتر بەسەر هەندێک لە سەختترین زەویەکانی جیهاندا، زۆربەی ئەرکە سەربازییەکان شکستیان دەهێنا.
’توڕەیی ڕەسەن’ نیشانیدا کە چۆن هێزێکی هەڵمەتبەری فرەنەتەوەیی ڕەوانەکراو دەتوانێت بە خێرایی بەسەر وشکانیدا بجوڵێت لە ئەگەری بڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکان لەلایەن نەیارانەوە. ئەم “بەکارهێنانە ستراتیژییەی لۆژیستی” “کرۆکی کاری تیم” لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا، سعودیە و ئیماڕات نیشان دەدات، عەمید ڕوکنی هێزی دەریایی ئەمریکا مایکل ئی. مەک ویلیامز، فەرماندەی گشتی، گروپی دووەمی لۆژیستیی دەریایی، لە کەمپی لێجۆن، کارۆلینای باکوور ڕایگەیاند.
”ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵام دەرئەنجامی سەرکەوتووی ‘توڕەیی ڕەسەن’ دەبێتە گەواهیدەرێک لەسەر توانای بەکۆمەڵمان بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکان لە هەر بوارێکدا،” عەمید ڕوکن مەک ویلیامز لە کاتێکدا کاروانەکە لە سەرەتای مانگی ئایاری 2024 ئامادەکاری دەکرد بۆ دەرچوون، ڕایگەیاند.

”ئەمە لاپەڕەیەکی مێژوویی لە هەماهەنگیی سەربازیدا تۆماردەکات، کە جەخت لەسەر پابەندبوونی هاوبەش دەکاتەوە بە ئاسایش و ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”
عەمید ڕوکنی سعودیی عوقاب بن عەواد ئەلموتەیری، فەرماندەی ‘توڕەیی ڕەسەن’ـی 24 ڕایگەیاند؛ ئامانجە سەرەکییەکانی مەشقەکە بریتین لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوبەشی، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی مەشقکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان و تۆڕەکانی ڕێگاوبان لە ناوخۆی سعودیە.
هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکان لە ساڵی 2008ـەوە هەشت جار ‘توڕەیی ڕەسەن’ـیان ئەنجامداوە، بەڵام مەشقی ساڵی 2024 زنجیرەیەک لە ڕوودای یەکەمیی لەخۆگرت.
یەکەم بەشداریی هاوبەش لەلایەن سعودی و ئیماڕاتییەکان چینێکی دیکەی لە هەماهەنگی زیادکرد، لەنێویاندا دەروازەیەکی سنووری لە نزیک ئەلبەتحا کە تێیدا سەربازانی سعودیە دەستبەرداری ئەرکی یاوەریکردنی کاروانەکان بوون بۆ هاوتا ئیماڕاتییەکانیان.
سەربازانی سوپای ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی یەکەم تاقیکردنەوەی مەودا دوور، تاقیکردنەوەی سەرتاسەریی وڵات بۆ سیستەمە گوێزەرەوە تەکتیکییە سەربەخۆیە نوێیەکەی، بەشداریان لە کاروانەکەدا کرد. ئەم بارهەڵگرە دابینکارییە بەڕێوەبراوانە بە ڕۆبۆت دەتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەبێ بوونی شۆفێرێکی مرۆڤ کاربکەن، خێرایی زیادبکەن، ئیستۆپ بگرن، ئاڕاستە بگۆڕن و گەڕانەوە ئەنجام بدەن. ئاوێتەکردنیان لەگەڵ هێزە زەمینییەکان پێویستبوونی سەربازان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە مەترسیدارەکانی دووبارە دابینکردنەوە کەم دەکاتەوە.
هەروەها جێگای ئاماژەبوو کە ‘توڕەیی ڕەسەن’ هاوکات لەگەڵ چەندین مەشقی فرەنەتەوەیی دیکە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدرا، وەکو ‘شێری تامەزرۆ’ لە ئەردەن، ‘پارێزەری دڵسۆز’ لە سعودیە و ‘یەکیەتیی پۆڵایین’ لە ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی.

عەریفی دەستە بنجامین ماکدۆناڵد/ هێزی پیادەی دەریایی ئەمریکا
کاروانێکی پشتبەخۆبەستوو
ئەو بارهەڵگر و کەلوپەلانەی کە کاروانەکە پێکدەهێنن لە کۆتایی مانگی نیساندا گەیشتنە بەندەری یەنبوعی سعودیە و لە کۆگایەکی دابینکاریی بیابانەکەدا خۆیان بۆ دەرچوون ئامادەکرد، کە میکانیکەکان ئامێرەکانیان بۆ پەڕینەوەیەک بەسەر بیابانی عەرەبیدا لە پلەی گەرمیی سەروو 40 پلەی سەدی ئامادەکرد.
زۆرینەی بارەکانی کەشتییە بارهەڵگرەکە پێکهاتبوو لە 72 گوێزەرەوە، کە لاسایی ئاڵنگارییە لۆژیستییەکانی ئەرکێکی دابینکاریی شەڕی دەکردەوە. بارهەڵگرەکانی ڕاکێشان بۆ هەڵگرتنی هەر گوێزەرەوەیەک کە توانای لەدەستدابێت، یاوەری کاروانەکەیان کرد. لە ئەگەری ڕوودانی برینداربوون و نەخۆشکەوتن، هەر بەشێکی کاروانەکە پزیشکێک و پەرستاری هەڵگرتبوو.
هەروەها ئەندازیارانی سەربازییش بەشدارییان لە ‘توڕەیی ڕەسەن’ـدا کرد، خزمەتگوزارییەکانیان کاتێک پێویست بوو کە کاروانەکە لە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە نزیک ڕیاز بەیەکگەیشتن و نمایشێکی چاککردنەوەی فڕۆکەخانەیان بۆ هاوبەشە سعودییەکان ڕێکخست.
تانکەرە پڕە گەورەکان لە نێو کاروانەکەدا بۆ لاساییکردنەوەی پێویستیی جیهانی ڕاستەقینە بۆ پشتیوانیی ئاسمانی لەم جۆرە ئەرکە مەودا دوورانەدا سووتەمەنییان بۆ هێلیکۆپتەرەکان هەڵگرتبوو.
هەروەها بۆ یەکەمجار لە ‘توڕەیی ڕەسەن’ ئامێری دەستیی لەکارخەری دڕۆن، کە بە لەناوبردنی شەپۆلی ڕادیۆیی
فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بێ تەلی دوژمن کاردەکات، خرایەڕوو.
”هەموو ئەو کەس و ئامێرانەی لە کاروانەکەدا هەمانە، ئەوە دەردەخەن کە توانای خۆچاککردنەوەمان هەیە لە ئەگەری ڕوودانی هەر شتێكی خراپ،” ڕائیدی هێزی دەریایی ئەمریکا بڕایتن وارن، یەکێک لە فەرماندەکانی کاروانەکە ڕایگەیاند.
سەرباز و پۆلیسی سعودیە زانیاریی وردی ئاسایشییان بۆ قۆناغی یەکەمی مەشقەکە دابینکرد، دڵنیاییاندا لەوەی کە هاتوچۆی مەدەنی لە هاوبەشیی ڕێگاوبانەکان زنجیرەی کاروانەکە تێکنادات. هەر شەوێک لەگەڵ وەستانی کاروانەکە، هێزەکانی سعودیە چادر و خواردنیان بۆ سەربازە ماندوو و برسییەکان دابین دەکرد.

بنیاتنانی هاوبەشی
دۆستایەتی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە ئۆپەراسیۆنەکانی کاروانەکەی تێپەڕاند. لە سەرەتای ‘توڕەیی ڕەسەن’ـدا، موسڵمانانی هێزی دەریایی ئەمریکی شەرەفی ئەنجامدانی “عومرە”ـیان بۆ مەککەی پیرۆز پێبەخشرا.
کاتێک کاروانەکە چەند ڕۆژێک دواتر گەیشتە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان، سعودییەکان لە ئاڵوگۆڕێکی کولتووریدا کە نمایشکردنی هەڵۆ، خوانی خواردنە خۆشەکانی سعودیە و گەشتکردن بە سەر وشتری لەخۆگرتبوو، میوانداری سەربازانی ئەمریکایان کرد.
سەربازانی ئەمریکا ئەو چاکەیان بە میوانداریکردنی سەربازانی سعودیە لە چالاکیی مەشقەکاندا گەڕاندەوە: چاودێریکردنی قوربانیانی شەڕ، مەشقی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و چاککردنەوەی ڕێڕەوی فڕینی فریاگوزاری.
حەفتا و پێنج ئەندامی هێزی ئاسمانیی شاهانەی سعودیە، لەنێویاندا ئاگرکوژێنەوەکانی فڕۆکەخانەکان و پزیشکانی نەشتەرگەری بەشی فڕین، بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی پزیشکیدا کرد کە لەلایەن فەرماندەی فەیلەقەکانی هێزی دەریایی ئەمریکاوە سەرۆکایەتی دەکرا. وانەکان بریتی بوون لە دانانی برینپێچ بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی سووتاوی و تەقەکردن، جڵەوکردنی خوێنبەربوونی سەنگەرەکان بە بەستەری برین و ژیاندنەوەی دڵ و سییەکان.
”ئەمە بۆ ئێمە تایبەتە،” یەکێک لە ئەفسەرانی هێزی ئاسمانیی سعودیە دوای دەرچوون لە هۆڵی ڕاهێنان ڕایگەیاند. “ئێمە دەرفەتی ئەوەمان نیە زوو زوو ئەم کارانە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا ئەنجام بدەین.”
نمایشە کردارییەکان بە هاوڕێیەتی و پێکەنینەوە بە هاوکاری دوو وەرگێڕی زمان ئەنجامدران، سەرۆکی هێزی دەریایی ئەمریکا شارلا بەستامانتێ ڕایگەیاند.
”سەرەتا کەمێک نیگەرانبووم کە بە زمانی عەرەبیم نەدەزانی،” بەستامانتێ ڕایگەیاند. “بەڵام زۆر بە ساناتر بەڕێوەچوو وەک لەوەی چاوەڕێم دەکرد.”

بۆ ناو ئیماڕات
سەرنجی ‘توڕەیی ڕەسەن’ لە بەکارهێنانی تۆڕ و ژێرخانی بەرفراوانی ڕێگاوبان لە سەرانسەری نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بەردەوامبوو کاتێک کاروانەکە نزیکەی هەفتەیەک لە دوای جێهێشتنی یەنبوع بۆ ناو ئیماڕات پێشڕەوی کرد.
شاری مەشقیی ئەلحەمرەی ئیماڕات لە ئەبوزەبی وێستگەیەکی وەستانی سەرەکی بۆ کاروانی ‘تووڕەیی ڕەسەن’ دابین کرد. لە ئەلحەمرە، سەربازانی ئەمریکا و ئیماڕات لە میانی ڕاهێنانی خاڵی پڕچەککردن و پڕکردنەوەی سووتەمەنی پێشەوە (FARP)، کە یەکێکە لە چەندین دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان هێزە هاوبەشەکاند، بۆسەیەکی نمایشییان بۆ سەر کاروانەکە ئەنجامدا. FARP داوا لە لە بەڕێوەبەری تێرمیناڵ دەکات فەرمان بە فڕۆکەوانەکان بکەن هێلیکۆپتەرەکانیان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بنیشێننەوە، کە لەوێدا لەگەڵ بەردەوامبوونی سوڕانەوەی پەروانەکان سووتەمەنییان پێدەدرێت تا بتوانن بە خێرایی بگەڕێنەوە بۆ ئەرکەکانیان.
لە پاشان، کاروانەکە بەرەو دەریا هەنگاوی نا، ئەرکەکەی لە بەندەری فوجەیرە لە کەنداوی عومان کۆتایی پێهێنا. سەربازەکان بۆ لابردنی تۆز، چەوری و پیسی بەهۆی گەشتەکەوە گوێزەرەوەکانیان شوشت، ئامێرەکانیان کۆکردەوە و هەموو شتێکیان بۆ سەر کەشتییەکانی گواستنە بارکردەوە.
هێزەکانی ‘توڕەیی ڕەسەن’ لە ئەمریکا، سعودیە و ئیماڕات شانازیی خۆیان بۆ دەستکەوتەکەیان دەربڕی: جوڵەکردنی سەرکەوتووی شەمەندەفەرێکی دابینکاری دوور مەودا بە درێژایی 1,900 کیلۆمەتر لە یەکێک لە سەختترین پانتاییە زەمینییەکانی جیهان.
مەشەقەکە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بە هەماهەنگی نێوان گواستنەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا، دەسەڵاتدارانی بەندەرەکان لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عومان، هێزە چەکدارەکانی شاهانەی سعودیە، هێزە چەکدارەکانی ئیماڕات، هێزی دەریایی ئەمریکا، سەربازانی سوپای ئەمریکا، پۆلیس و وەزارەتە مەدەنییەکانی سعودیە و ئیماڕات ئەنجامدرا.