چاوی چاودێر لەسەر سنور
فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق شێوازەکانی ڕاگرتنی تیرۆریستان و قاچاخچییەکان هاوچەرخ دەکات
دەستەی یونیپاس
لەدوای شکستی سەربازیی داعش لە عێراق و وشکبوونەوەی سەرچاوە داراییەکانی، گروپە تیرۆریستییەکان لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و قاچاخچییەتی ماددە هۆشبەرەکانەوە ڕوویان لە دارایی سەربەخۆ کردووە. هەرێمەکە بەرزبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە و بەڕێوەبردنی سنوری بۆ دەزگاکانی ئاسایش کردووەتە پرسێکی بەپەلە. عێراق پڕۆژەی گرنگی بۆ بەڕێوەبردنی سنورەکانی لەگەڵ سوریا تەواو کردووە، ڕێڕەوێکە کە گروپە تیرۆریستییەکانی داعش لە ڕێگەیەوە داگیرکاری عێراقیان لە ساڵی 2014ـدا ئەنجامدا. یونیپاس لەگەڵ فەریق محەمەد سوکەر ئەلسەعیدی، فەرماندەی پاسەوانی سنوری عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاسایشی سنور و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچییەتی کۆبووەوە.
یونیپاس: وەکو فەرماندەی پاسەوانی سنور، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاسایشی سنوردا دەکەیت؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی سنورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پلانی زۆر گرنگمان هەیە، کە سوود لەو تەکنەلۆژیایانە وەردەگرن کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بەکاردەهێنرێن، ئەمە جگە لە سیستەمێکی سنوریی زیرەک کە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی هێزی مرۆیی و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەبردنی وردی سنورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کامێرا، درۆن و هەستەوەر بەکاردەهێنێت. لایەنی دووەم بریتییە لە تەواوکردنی بەهێزکردنی تەلبەندی ئاسایشی، کە پێشتر کاریگەری خۆی سەلماندووە، لەگەڵ دیوارە کۆنکرێتی و خەندەقەکان. لایەنی سێهەم پەیوەندیدارە بە ڕێگاوبانەوە. ئەم سێ تایبەتمەندییانە لە هەموو سنورێکدا هاوبەشن. گرنگترین بابەت بۆ ئێمە بریتییە لە جەختکردنە سەر بەڕێوەبردنی سنوری عێراق و سوریا، کە هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر وڵاتەکە، کە تەواوکردنی تۆکمەکردنی سنوری عێراق و ئێرانی بەدوادا دێت، بەو پێیەی سەرچاوەی دزەکردنی ماددەی هۆشبەر و خەڵکە.
یونیپاس: ئایا پاسەوانانی سنوری عێراق ڕووبەڕووی چی مەترسییەکی ئاسایشی دەبنەوە؟
فەریق ئەلسەعیدی: سنوری عێراق و سوریا لە باکوری ڕووباری فورات، لە ئەلقائیمەوە هەتا ڕەبیعە، لەبەر چەندین هۆکار بریتییە لە یەکەم بەرەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سنوری عێراق، گرنگترینیان نەبوونی دەوڵەتێکی کارایە لە دیوی سوریای سنورەکە بۆ بەڕێوەبردنی هێڵە سنورییەکە لە لای خۆیەوە. ئەوەی کە لەوێدا بوونی هەیە بریتییە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام ئەوان لە توانایاندا نییە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی هێڵی سنورەکە لە ئەستۆ بگرن. ئەم ناوچەیە نزیکەی 340 کم درێژە. ئەو پارێزگایانەی عێراق کە لەسەر سنورن، گەواهیدەری نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و هاتوچۆی ئازادانەی تیرۆریستانی داعشن لەوێ، ئەمە جگە لە بوونی کەمپ بۆ خێزانەکانی داعش و بوونی زیندانەکان، وە بە هەمان شێوە پەرەسەندنی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە سوریا و ئەو هاوڵاتییە سوریانەی کە داوای پەناخوازی لە عێراق دەکەن. هەموو ئەم خاڵانە ئەم هەرێمە دەکەن بە خاڵی سەرەکیی جێ سەرنجی ئێمە.
یونیپاس: لە چ ڕوویەکەوە کەمپی پەنابەرانی ئەلهول پەیوەندیدارە بە ئاسایشی سنورەوە لەگەڵ سوریا؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئەلهول و کەمپەکانی تر نزیکەی 7 بۆ 8 کم لە سنوری عێراقەوە دوورن. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی حکومەتێکی بەهێز لە سوریا، ئەم مەودایە زۆر نزیکە. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئەلهول هاوڵاتیی عێراقین. ئەوانی تر لە نەتەوەی جۆراوجۆرن، وە بەگوێرەی هەواڵگری ئێمە، خێزانەکانی داعش و کەسانی هەڵگری بیروباوەڕی توندڕەون. لەبەر ئەمە قوتابخانەیەکە بۆ توندڕەوەکان و یاخیبووان کە ئەگەر بارودۆخی ئاسایش لەناو کەمپەکە ناجێگیربێت، ویستی جێهێشتنی کەمپەکە و گەیشتنە سنوریان هەیە. ئێستا بە توندی بەڕێوەدەبرێت، بەڵام لە دیوی سوریاوە حاڵەتی دزەکردن لە کەمپەکەوە بوونی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بۆ بەڕێوەبردنی سنورەکان هەنگاوی بەرچاومان ناوە، ڕێژەی بەڕێوەبردنی سنورەکان لە 95% زیاترە؛ بوونی یاخیبووانی ڕادیکالێ بە ئەم جۆرە بیروباوەڕانە نەوەیەکی توندڕەوی لەناو کەمپەکاندا بەرهەم هێناوە کە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی ئاسایشی نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ ناوچەکەش دەکەن. بۆیە بەرپرسیارییەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ئەم کەمپانە هەڵبوەشێنێتەوە و پەنابەران ئاوێتەی کۆمەڵگە بکاتەوە. پێویستە وڵاتان گەڕانەوەی هاوڵاتییانیان پەسەند بکەن، بەدیاریکراوی کاتێک عێراق پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی خۆی بۆ کەمپی ئەلجەدا لە موسڵ گواستەوە.
یونیپاس: ئایا عێراق بۆ ئاسایشکرنی سنورەکە هیواخوازە چ جۆرە تەکنەلۆژیایەکی بەدەستبگات؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە بەدوای تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هاوشێوەی ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەکو سعودیە و ئەردەندا بەدیدەکرێن، دەگەڕێین. ئەمەش کامێرای پێشکەوتووی ژێر سور، ڕادار بۆ دەستنیشانکردنی مەودای دوور و تەکنەلۆژیا بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە زەمینییەکان لەخۆدەگرێت. تەکنەلۆژیای یەکەم تایبەتە بە دەستنیشانکردنی مرۆڤ، ئۆتۆمبێل و تەنە جوڵاوەکان، تەنانەت ئاژەڵەکانیش. ڕاداری وەها هەن کە بە وردی لەگەڵ ئامانجە زەمینییەکاندا مامەڵە دەکەن، کامێراکان ڕادەگرن و ئاراستەیان دەکەن و کاری مرۆیی کەم دەکەنەوە. کەواتە پێویستمان بە کامێرا، پاشان ڕادار هەیە، دواتر درۆن و هەستەوەرەکان. زۆر ناوچە و وڵات سنوری زیرەک و هەستەوەریان هەیە کە جوڵە دەستنیشان دەکەن، بەڵام یەکەم کاری لەپێشینە بریتییە لە چاودێریکردنی سنورەکانمان بە کامێرای پێشکەوتوو. درۆنەکان لە دوورەوە ئاسایش دابین دەکەن، ڕووبەرێکی فراوانی سنورەکە بە قووڵی و پانی ئاشکرا دەکەن.
یونیپاس: ئایا فەرماندەیی پاسەوانی سنور درۆنەکان بەڕێوەدەبات یاخود ئەم ئەرکە بە فڕۆکەوانیی سوپا یاخود هێزی ئاسمانی سپێردراوە؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە لێرەدا باسی درۆنی بچووک دەکەین، کە مەودای کەمی هەتا 25-30 کم دەبڕن. ئەمە بەشێکە لە فەرماندەیی پاسەوانی سنور. ئێمە تەکنەلۆژیای زانیاریمان هەیە، بەشی درۆنمان هەیە، وە خودی درۆنەکانیشمان هەیە، بەڵام مەودای فڕینی سنورداری نێوان 5 بۆ 6 کیلۆمەتریان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەوەی بتوانرێت سنورەکە بە قووڵی ئاسایش بکرێت، ئەرکی هەواڵگری ئەنجام بدرێت و ئامانجەکان لە دیوی سوریای سنورەکە یاخود بەدرێژایی هێڵی سنوری نێوان بنکە سنورییەکان ئامانجەکان بگرن و چاودێری بکەن، پێویستمان بە درۆنی مەودا فراوانتر و کاتی فڕینی درێژتر هەیە.
یونیپاس: ئایا ئێوە چەندێک لە بەدەستخستنی ئەم تەکنەلۆژیایانە نزیکن؟
فەریق ئەلسەعیدی: هەوڵی بەرچاو لە لایەن دەوڵەتی عێراق و لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ بۆ پاڵپشتیکردنی فەرماندەیی پاسەوانی سنور لە تەواوکردنی مەرجەکانی پاراستنی سنوری عێراق و بۆ دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستییانە لە ئارادان. من دڵنیام، ئەوەی کە لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی پڕۆژەکانی شووراوە بینیمان لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا هیچ پێشینەیەکی نییە. ئێمە هەوڵی بەرچاومان داوە و بۆ یەکەم جارە پڕۆژەی گرنگمان لەسەر سنورەکان جێبەجێکردووە، بە تایبەتی لەسەر سنوری عێراق و سوریا. ئێمە بە سەختی کاردەکەین و سنووری عێراق و سوریامان بە سیستەمێکی نمونەیی بەربەست کردووە، کە نزیکەی 340 کم درێژە، خەندەقێکی 3 مەتر پان و 3 مەتر قووڵ، تەپۆلکەیەکی زەمینی 3 مەتر بەرز و پاشان زنجیرەیەک تەلبەندی دڕکاوی لەخۆدەگرێت. لە هەر 1,000 بۆ 1,500 مەترێک خاڵی بەهێزکراو و تاوەری کۆنکرێتی هەن. کامێرای پلەی گەرمی بەدرێژایی سنوری سوریا جێگیرکراوە، یەک لەدوای یەک، تەواوی سنوورەکە دەگرێتەوە. پڕۆژە گرنگەکەی ئێستا بریتییە لە دانانی دیوارێکی کۆنکرێتی لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا. ئەم دیوارە بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچییەتی و بۆ بەهێزکردنی ئەو پێگە بەرگرییەی کە دوای تەواوبوونی زیاتر لە 140 کم بەدرێژایی سنوری عێراق و سوریا هەمانە، بەربەستێکی نمونەییە. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی تری گرنگ بکەم. فەرماندەیی پاسەوانی سنور کارگەیەکی کۆنکرێتی ئامادەکراو کە دیواری بەربەست دروست دەکات بەڕێوەدەبات، وە کارکردن لەسەر هێڵی سنور لە چیای شەنگالەوە بەرەو ڕەبیعە بەردەوامە. ئەمە ئەو سیستمە شووراییەیە کە لەسەر سنوری سوریا دامان مەزراند. ئەمە هەمان ئەو سیستەمەیە کە ئێمە لە دیوی ئێرانەوە دایدەمەزرێنین. ئێمە کامێرای پلەی گەرمیمان لە ناوچەی ڕەئس ئەلبیشە لە بەسرەوە هەتا پارێزگای سلێمانی داناوە و تەواوی ئەم ناوچەیەمان بە کامێرای یەک لەدوای یەک داپۆشیووە. هەروەها لە سەرانسەری هەرێمەکە تاوەری کۆنکرێتیمان هەیە. بە هەمان شێوە دەستمان بە دروستکردنی بنکەی پۆلیس و پاشکۆ بۆ سنوری عێراق کردووە. دەکرێت بەسەر سێ بەشدا دابەش بکرێن: یەکەمیان سنوری ئێمەیە لەگەڵ تورکیا و ئێران. عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بۆ دروستکردنی 240 بنکەی پۆلیسی بەدرێژایی تەواوی سنوری عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا، دەستی بە ئەنجامدانی گرێبەست کردووە. ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە. سەبارەت بە سنورەکەمان لەگەڵ ئێران، ئێمە لە پارێزگای میسان دوو پڕۆژەمان بە درێژایی 200 کم هەیە، یەکەمیان بریتییە لە تەلبەندێکی ئاسایشیی دڕکاوی، و ئەوەی تریان بریتییە لە تەلبەندی PRC، کە گەیشتوونەتە دوا قۆناغەکانی تەواوبوون. بە درێژایی سنوری عێراق و ئێران لە ئەلشەیبەوە بۆ سلێمانی ڕێگایەکمان دروستکردووە کە درێژییەکەی 650 کم و هەزاران مینی بەجێماوی جەنگی ئێران و عێراقمان هەڵگرتووەتەوە و ئەمڕۆش شوورامان لەسەر دروستکردووە. هەوڵی بەرچاو لەسەر هەموو سنورەکانمان لە ئارادایە.
یونیپاس: ئایا پاسەوانانی سنور چ مەشقێکی تایبەت وەردەگرن؟
فەریق ئەلسەعیدی: دوای تەواوکردنی خولی خوێندن، دەرچووی کۆلێژی پۆلیس یاخود پەیمانگای باڵا ناوی خۆی لە خولێکی تایبەتمەنددا تۆمار دەکات، پاشان لە ماوەی خزمەتەکەیدا و دوای هەر پلە بەرزکردنەوەیەک چەند خولێک دەخوێنێت. بە هەمان شێوە، سەرجەم ئەندامانمان ناویان لە خولی ئاستەکاندا تۆمار کردووە. ئێمە لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور چوار قوتابخانەمان هەیە کە بۆ مەشقپێکردنی هەر پۆلێکی نوێ و فێرکردنی خولەکانی گەشەپێدان کاردەکەن، هەروەها ئەو خولانەی کە لە مەنهەجی مەشقی تایبەتمەنددا هاتووە. بۆیە پرۆسەی ئامادەکردن و پەرەپێدانی ئەفسەر و ئەندامانی هێزە سنورییەکان بە درێژایی ساڵ بەردەوام دەبێت.
یونیپاس: چۆن پاسەوانانی سنور زانیاریی هەواڵگریی ناوخۆیی لەگەڵ تەواوی دەزگا ئاسایشییەکانی دەوڵەتدا هاوبەشی پێدەکەن؟
فەریق ئەلسەعیدی: بەدڵنیاییەوە، فەرماندەیی پاسەوانی سنور بەشێکە لە پێکهاتەی ئاسایشیی دەوڵەت. ئێمە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگیمان هەیە، هەروەک لقەکانی تر، پەیوەستین بە فەرماندەیی پاسەوانی سنورەوە، کە وەزارەت و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە. بۆیە ئێمە زۆربەی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگریانەی کە پەیوەندیدارن بە سنورەوە لەم ڕێگەیەوە و لە ڕێگەی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەگات بەدەستمان. ئێمە لە هەموو دەزگاکانی هەواڵگیرییەوە ڕاپۆرتمان بەدەست دەگات.
یونیپاس: ئایا ئێوە زانیاریی هەواڵگریی دەزگاکانی دیکەتان بۆ پچڕاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچییەتیی ماددە هۆشبەرەکان یاخود چەک بەکارهێناوە؟
فەریق ئەلسەعیدی: بەدڵنیاییەوە سنوری سوریا لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی تری وەکو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراقەوە چاودێری دەکرێت. ژمارەیەکی زۆر لە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکان لە ژێر ڕۆشنایی زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختە ئەنجامدراون. بۆ نمونە، ئێمە لەسەر سنوری ئێران لەسەر ڕاپۆرتی دروستی هەواڵگری لەلایەن دەزگای ئاسایشیی نیشتمانییەوە سەبارەت بە بارێک لە حەشیش ئەرکێکمان ئەنجامدا. هەوڵێک بۆ بە قاچاخهێنانی لە ئێرانەوە لە ڕێگەی شەتولعەرەبەوە بە ئەرکێکی هاوبەش لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەسرە ڕێگری لێکرا. زانیارییەکە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دابینکرا و هێزی جێبەجێکار بریتی بوو لە پاسەوانانی سنور. ئەم هەماهەنگییە پیشەییە بەرزە هەمیشە دەبێتە دەرەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو لە بەدواداچوون بۆ قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر یاخود کەرەستەی تر کە قاچاخچییەکان هەوڵدەدەن بیهێننە ئەودیوی سنورەکانەوە.
یونیپاس: ئایا دەتوانیت دەربارەی سەرکەوتنەکان لە وەستانی تیرۆریستان و قاچاخچییەکان لەسەر سنور بدوێیت؟
فەریق ئەلسەعیدی: سەرچاوەی یەکەمی مەترسی بریتییە لە سنوری سوریا، لە ئەلقائیمەوە هەتا ڕەبیعە. ئەمڕۆ، ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سنورە، ڕێگریکردن لە قاچاخچییەتی و دزەکردن بۆ ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەرزترین ئاستمان بەدەستهێناوە. شایەنی ئاماژەیە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئاستێکی بەرزی سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی سنورەکاندا بەدیهێنراوە. لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە پشتیوانییەکی بەهێز لەئارادایە، وە ئێمەش بە پەرۆشییەوە دەڕوانینە پشتیوانییەکانی دەزگای بەرگریی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا (DTRA) لە ئامێربەندکردنمان بە سیستەمێکی کامێرای ژێر سور، کە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەم سنورانە بگرێتەوە هەتا مەودای 162 کم درێژدەبێتەوە. ئەمەش لە بەدەستهێنانی ئەنجامی مەزن لەسەر سنورەکانمان لەگەڵ سوریا و هەروەها سنورەکانمان لەگەڵ ئێران یارمەتیدەر دەبێت. ئێمە ئەم ساڵ لە ڕێگەی ئەم بەهێزکردنانەوە و ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێشتر باسمان کرد، وەکو کامێرا، دانانی تاوەری چاودێری، دروستکردنی بنکە سنورییەکان و بەهێزکردنی یەکەکان لە ڕێگەی مەشق و ئامادەیی جەنگ و ئامادەکاریی چاودێریکردن ئەنجامی مەزنمان بەدەستهێناوە. بەم چەشنە ئێمە ئاستێکی بەرزی بەڕێوەبردنی سنورمان لە دژی دەستدرێژیکەران و قاچاخچییەکان بەدەستهێناوە.
یونیپاس: پاسەوانی سنوری ئەردەن هەوڵەکانی بەکارهێنانی درۆن و پەڕەشووتەوانەکان بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان پوچەڵکردووەتەوە. ئایا پاسەوانی سنوری عێراق هەوڵی هاوشێوەی پوچەڵکردووەتەوە؟ ئایا هەستەوەرەکان دەتوانن دەستنیشانیان بکەن؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە ئاگاداری ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە نوێیانەین لە سوریاوە کە ئەردەنییەکان تێکیان شکاندوون. ئەم درۆنانە کەمێک لە یاریی منداڵان کە لە ماڵەوە هەڵیاندەدەن ئاڵۆزترن، بەهۆی خێرایی و قەبارە بچووکەکەیانەوە چەکێکن کە شوێنهەڵگرتنیان و خستنەخوارەوەیان سەختە. دەکرێت ئەم شێوازە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندا کە لە یەکترەوە نزیکن کار بکات، بەڵام بە دەگمەن گوندمان هەیە بکەونە تەنیشت سنورە نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەمانە درۆنی بچووکن، کیلۆیەک یان کەمتر هەڵدەگرن و پێویستە خانووەکان لە نزیک یەکترەوە بن. ئێمە دوو ناوچەی شارستانیمان هەیە لە نزیک سنری سوریا، واتە ڕەبیعە و ئەلقائیم، کە هەوڵە هەواڵگرییەکان لەسەریان چڕ دەکەینەوە. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچییەتی و دزەکردن لە نزیکی گوندەکانی عێراق و هێزەکانی سوریاوە، لە بەشی باکور و باشوری ڕوباری فورات لە باغوز دەستمان کردووە بە بنیاتنانی دیوارێکی بەربەستی کۆنکرێتی 12 کیلۆمەتری. وە لە بارەی بەکارهێنانی درۆنەوە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ هیچ مەترسییەک لەئارادا نەبووە.
یونیپاس: ئایا هێزی ئاسمانیی عێراق و فڕۆکەوانیی سوپا چی ڕۆڵێکی پشتیوانی دەگێڕن؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە لە ڕێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە سود لە هەماهەنگیی بەرچاو لەگەڵ هەموو دەزگاکانی ئاسایش وەردەگرین، وە هەرکاتێک داوای پاڵپشتی بکەین، بەتایبەتی بۆ ناوچە وێرانەکانی دەوروبەری ئەنبار و ئەلجەزیرە کە تێیدا شانەکانی داعش ناوبەناو خۆیان دەردەخەن، هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپا، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە پاڵپشتیی هاوکات بۆ یەکەکانمان دابیندەکەن.
یونیپاس: ئایا چی جۆرە هەماهەنگییەکی ئاسایشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە بەردەوامی پێدەدەن؟
فەریق ئەلسەعیدی: سنورەکانی عێراق لەسەر ئاستی فیدڕاڵی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بارەگاکانی فەرماندەیی پاسەوانی وڵات لەپێناو سەرپەرشتیکردنی فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هەموو بەشەکانی سنوری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ببنیاتنران. ئەمە سنورێکی 3,700 کم لەگەڵ شەش وڵاتی دراوسێ لەخۆدەگرێت. سەبارەت بە هەماهەنگیمان لەگەڵ دراوسێکان، ئێمە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەکانی سنورەکانی ئەو وڵاتانە میکانیزمێکی تایبەتمان هەیە. لە ئاستی ئەفسەری پەیوەندییەوە دەست پێدەکات. ئەو بەرپرسیارە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتاکەی لە وڵاتی بەرامبەر. ئەوان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەسەر هەر ڕووداوێک کە لەسەر سنور ڕووبدات، دادەمەزرێنن. بۆ چارەسەرکردنی هەر بۆشایییەکی ئاسایشی، دەتوانن لە ناوچەیەکی گونجاوی هاوبەشدا داوای کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێ بکەن. ئەفسەری پەیوەندییەکانی ناوچەی سنور هەر شەش مانگ جارێک لەگەڵ هاوتاکەی لە وڵاتی دراوسێ کۆنفرانسێکی هەیە. هەمان شت بۆ فەرماندەی ناوچەیی پاسەوانی سنور و هاوتاکەی جێبەجێ دەبێت. فەرماندەکان ساڵانە کۆنفرانسی ئاڵوگۆڕییان هەیە، جارێک لە وڵاتی بەرامبەر و جارێکیش لێرە، ئەمە جگە لە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ سنورەکانی وڵاتانی دراوسێ. بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی لیوا و فەرماندەکانی ناوچەکەدابێت، ئێمە بە شێوەی کەسی سەردانی سنور دەکەین. ئاستی هەماهەنگی بەرزە. ئەم وڵاتانە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا نیازی دڵسۆزانەیان هەیە. هەموو ئەوانەی لە بەڕێوەبردنی سنورەکان بەرپرسن، کە لە ئێرانەوە دەست پێدەکات بۆ کوەیت، سعودیە، ئەردەن، هەروەها باشوری سوریا، ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی بەدیدەکەن.
یونیپاس: تێڕوانینت لەسەر سەردانەکەت بۆ بارەگای گومرک و پاراستنی سنورەکانی ئەمریکا لە شاری توکسۆن، لە ویلایەتی ئاریزۆنا چۆن بوو؟
فەریق ئەلسەعیدی: ئێمە سەردانی زیاتر لە یەک شوێنمان کرد، لەنێویاندا یەکێک لە دەروازە سنورییەکان، کە زۆر سودبەخش بوو. ئەوان لە دەروازە سنوورییەکاندا نیشانیان داین چۆن کاردەکەن، کە بریتی بوو لە دەروازەیەکی سنوری نێوان ئەمریکا و مەکسیک بۆ خەڵک و کاڵا. ئێمە دەربارەی میکانیزمەکەیان بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێل و کاڵاکان، بەتایبەتی ئەو سەوزانەی کە لەم دەروازەیەوە دەچنە ژوورەوە، وە بە هەمان شێوە دەربارەی میکانیزمەکەیان بۆ پشکنینی خەڵک زانیاریمان وەرگرت. سوودێکی بەرچاومان لە ئەزموونەکە وەرگرت. لە ویلایەتی ئاریزۆنا، سەردانی بارەگای فەرماندەیی و بەڕێوەبردنمان کرد، کە بەرپرسیارن لە سنورێکی درێژەوەبووی 400 کیلۆمەتری، کە تێیدا ڕوونکردنەوەیان لەسەر ڕۆڵی ناوەندەکە پێداین. ئێمە سەردانی هێڵی سنورەکەمان کرد، خاڵێک بە درێژایی سنوری ئاریزۆنا، وە ئەوانیش نیشانیان داین کە چۆن کار دەکەن. بە هەمان شێوە دەربارەی ئەندازیاری، نەخشەسازی و کارایی دیواری جیاکەرەوە زانیاریمان وەرگرت. بە هەمان شێوە سەردانی ناوەندی بەڕێوەبردنی مەیدانیمان کرد، کە چاودێری مەودایەکی 30 کیلۆمەتری دەکات. ئەوان لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردن و کامێرا زانیاریان پێداین. هەروەها تیمە ئەمریکییەکە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تونێلەکانی قاچاخچێتی ڕوونکردەوە، پاشان لە نزیک دەروازەی پەڕینەوەکە سەردانی تونێلێکمان کرد. ئێمە لە ڕێکارەکانیان لەسەر سنور زۆر شت فێربووین: ئەزموونی گەورە، توانای مەزن و پشتبەستنی زۆر بە تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان. هەروەها ئێمە دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەوان لەگەڵ کۆچبەران و پەنابەران و ناوچەی دەستبەسەرکردندا زیانیاریمان وەرگرت. تێبینیی ئاستی بەرزی پیشەیی کارمەندەکانمان لە کارکردن لە چوارچێوەی یاسادا کرد.
یونیپاس: باس لە هاوبەشیتان لەگەڵ ئەمریکادا لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سنوردا بکە؟
فەریق ئەلسەعیدی: بەرنامەی پارەدارکردنی بیانیی سەربازیی ئەمەریکا (FMF) و دەزگای بەرگریی کەمکردنەوەی هەڕەشەی ئەمریکا (DTRA) لە پشتیوانیکردنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوردا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن، چونکە فەرماندەیی پاسەوانی سنور نوێنەرایەتی یەکەم هێڵی بەرگری نیشتمان دەکات. بۆیە ئەرکەکەی لە هەر دەزگایەکی ئاسایشیی تر کەمتر نییە؛ تەنانەت ڕەنگە هەرە گرنگترینیان بێت. بەبێ بەڕێوەبردنی سنور، هیچ وڵاتێک سەقامگیر نابێت، چ لە ڕووی ئاسایشییەوە بێت یاخود ئابوورییەوە. بۆیە ئەم ڕوانگەیە بە هەمان شێوە لە لایەنی ئەمریکییەکانیشەوە بوونی هەیە. ئەو پاڵپشتییەی بە فەرماندەیی پاسەوانی سنور بەخشراوە بەپێی پێویست بووە. سەرەتا، لە نزیکەی 11 خولی مەشقدا لە ئەردەن مەشقمان بە ئەندامەکانمان کرد. هەروەها دەزگای بەرگریی کەمکردنەوەی هەڕەشە (DTRA) و پارەدارکردنی بیانیی سەربازیی ئەمریکا (FMF) سنورەکانیان بە ئامێری ئەندازیاری نایابی وەکو بولدۆزەر، بارهەڵگری گواستنەوەی ئامێر و تانکی ئاو ئامێربەند کرد. لە ئاسۆدا پڕۆژەی دەزگای بەرگریی کەمکردنەوەی هەڕەشەی ئەمریکا (DTRA) بۆ داپۆشینی 162 کیلۆمەتر لە سنوری عێراق و سوریا بە کامێرا، بوونی هەیە. ئێمە پێویستییەکی بە پەلەمان هەیە بەو سەرچاوانەی کە ئەمریکا تەرخانی کوردوون و بەرز دەیاننرخێنین. ئامێرەکانی ئەمریکا لە بەڕیوەبردنی سنورەکانی سوریا و ئێران بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە. ئێمە بەوپەڕی پەرۆشییەوە دەڕوانینە پەرەپێدانی هاوبەشییەکە، بەو پێیەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.
Comments are closed.