بەرگریکردن لە سنوورە درێژەکانی وڵاتەکە لەگەڵ سوریا و عێراق، لەنێو سەرەکیتریین خەمە ئاسایشییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەندایە. ململانێ ناوخۆییەکان لە وڵاتانی دراوسێدا بوونە هۆی تێکچوونی ئاسایشی سنوورەکان کە لە شێوەی قاچاخچێتی و دزەکردندا ئاڵنگاریی بۆ ئەردەن دروستکرد.
لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییە لە سوریا، یونیپاس سەبارەت بە دۆخی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئەردەن گفتوگۆی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئەردەن، عەمید ڕوکن جیهاد حمود ئەل عەدوانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن/سوپای عەرەب ئەنجامدا.
یونیپاس: دۆخی ئاسایشی سنوورەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا چۆنە؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەردەوام بوون لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە ئاسایشییەکان کە پێشتر بەدرێژایی سنووری ئەردەن و سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکە دانرابوون، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایش لە ناوخۆی سوریا (بەتایبەت لە باشووری سوریا) و شکستی ڕژێم لە سەپاندنی بەڕێوەبردنی تەواو بەسەر سنووری سوریا و ئەردەن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی بە سوود وەرگرتن لە هەموو شێواز و ئامڕازە بەردەستەکانی وەک مرۆڤ، باڵۆن و درۆن کەمی کرد. ئەم کەمکردنە قاچاخچێتی جۆرەها ماددەی هۆشبەری لەخۆگرتبوو. بە هەمان شێوە قاچاخچێتیی چەک و تەقەمەنی، وە دزەکردنی شانە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و میلیشیا چەکدارەکانی تر، بە هۆی لاوزبوونی کاریگەریی میلیشیاکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سووریا تۆڕی قاچاخچێتییان بەڕێوەدەبرد، بەرەو نەمان چوو. حکومەتی نوێی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی هەوڵی داوە. سەرەڕای ئەوەش ئێمە واز لە چاودێریی وردی خۆمان ناهێنین. ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچە پەرشوبڵاوەکانی باشووری سوریا، بەگوێرەی تواناکانی خۆی بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکی.
یونیپاس: چۆن دەتوانن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و لوبنان بۆ یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەماهەنگی بکەن؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: چەندین بژاردە بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ پەکخستنی قاچاخچێتی لەبەردەستدان. ئێمە بۆ ئاشکراکردنی هەر پلانێکی قاچاخچێتی بە شێوەیەکی بەردەوام زانیاریی هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەکەین. زۆرجار ئەمە لە ڕێگەی ئەفسەرانی پەیوەندییەوە ئەنجام دەدرێت. بە هەمان شێوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی هاوبەشپێدەکەین کاتێک ئەندامەکانیان دەستگیردەکەین. هەروەها هەر وڵاتێک بەدرێژایی سەرجەم سنوورەکان هەوڵی بەهێزکردنی سیستەمەکانی ئاسایش دەدات، لە نێوانیاندا چاودێریکردنی ئەلیکترۆنی.
یونیپاس: چ ناوچەیەکی کێشەداری سنوور پێویستی بە چاودێریکردنی زیاتر هەیە؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: زۆرێک لە ناوچە کێشەدارەکان بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی تێدا بەدیدەکرێت لە ناوچەکانی سوریاوە، بەدیاریکراوی ناوچە بیابانییەکانی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی سنووری ئەردەن کە لە پارێزگای سوەیدەوە هەتا سنووری عێراق درێژدەبێتەوە. ئەمەش ناوچەکانی ئەل حەمەد، ئەل حەرا، ئەل سوریە، ئەل شەعب، تەلول ئەل صفا و ئەل زەلف دەگرێتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم ناوچانە هێشتا لە ژێر بەڕێوەبردنی تەواوی حکومەتی نوێی سوریادا نین. لە ئێستادا بەهۆی دزەکردنی هاووڵاتیانی بیانی لە ئەردەنەوە بۆ ناو ئیسرائیل بۆ گەڕان بەدوای کاردا، قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لە ئیسرائیلەوە بۆ ئەردەن بە بەکارهێنانی درۆن و هەوڵدان بۆ بەقاچاخبردنی دەمانچەی دەستی لە ئەردەنەوە بۆ ئیسرائیل، سنووری ئەردەن و ئیسرائیل بە ناوچەیەکی کێشەدار دادەنرێت.
یونیپاس: چۆن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە پاراستنی سنووردا پشتیوانیی ئەردەنیان کردووە؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی هەواڵگری، هەماهەنگیی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی زانیاریی پەیوەست بە هەڕەشە ئاسایشییەکانی بەزاندنی سنوور، بەتایبەتی زانیارییەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی داعش، و میلیشیا ئێرانییەکان و تۆڕەکانی قاچاخچێتی لە ناوچەکانی تەنیشت سنووری ئەردەن. سیستەمی ئاسایشی سنوور کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەردەنەوە بەڕێوەدەبرێت، وەک ئامێری چاودێری، ڕادار و کامێرای شەو و ڕۆژ، لە ئەنجامی پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە دامەزراوە. بە هەمان شێوە ئەمریکا، بە هاوکاریی کەنەدا، ژێرخانی پاسەوانی سنووری ئەردەنیشی بەهێزتر کردووە، ئەمە ئەگەر باس لە مەشق و خولەکانی بەرزکردنەوەی لێهاتوویی سەربازەکان نەکەم.
یونیپاس: چۆن تەکنەلۆژیای هاوچەرخی هاوشێوەی درۆنەکان و کامێرای پلەی گەرمی شێوازی بەرگریکردنی ئێوەی لە سنوورەکان گۆڕیووە؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان ئەرکی چاودێریکردن و پاراستنی سنوورەکانی هێزە چەکدارەکانی ئاسانتر کردووە. بە شێوەیەکی بەرچاو کات و هەوڵی پێویست کەم دەکەنەوە و پشتبەستن بە هەوڵی مرۆیی بۆ ڕووماڵی ناوچە سنوورییەکان و شوێنهەڵگرتنی قاچاخچییەکان کەم دەکەنەوە. درۆنەکان لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیدا لەڕێگەی دۆزینەوەی قاچاخچییەکان لە ناوخۆی سوریا بەرلەوەی بگەنە سنووری ئەردەن یاخود دیارنەمانیان بەرو ناو زناوچەی قەدەغەکراوس هاوکاربوون. بەداخەوە، تۆڕەکانی قاچاخچێتیش بە هەمان شێوە تەکنەلۆژیا بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان دەقۆزنەوە. بۆ نموونە، ئەوان بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، درۆن بۆ دەستنیشانکردنی بەشە لاوازەکانی سنوور و پشکنینی کەشوهەوا بەکاردەهێنن.
یونیپاس: چۆن کارمەند هەڵدەبژێریت و مەشقیان پێدەکەیت؟
عەمید ڕوکن ئەل عەدوان: ئێمە هەمان ئەو پرۆسە پەیڕەو دەکەین کە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بۆ خزمەتی سەربازی بەکاری دەهێنن. سەرجەم کارمەندانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لەسەر ئەو ئامێر، ئامراز و میکانیزمانەی کە بەکاریان دەهێنین، بە هەمان شێوە ئەو ڕێکارانەی کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا پەیڕەو دەکرێن، ڕاهێنانی تایبەتمەند وەردەگرن. ئەوان بە هەمان شێوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیان، بەشداری لەو خولە جۆراوجۆرانەدا دەکەن کە لە قوتابخانە و پەیمانگاکانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەڕێوەدەچن. خولی تایبەتمەند لە بواری ئاسایشی سنوورەکان لە ناوەندی مەشقی ئاسایشی سنوورەکان بەڕێوەدەچێت. ئەمانە ئاسایشی سنوورەکان و ڕێگریکردنی نێودەوڵەتی، شوێنهەڵگرتن، ڕێگری لە قاچاخچێتی و پشکنینی ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە. هەروەها بەگەڕخەرانی سیستەم و تەکنیکاران بۆ پاراستنی ئەو ئامێرانەی کە لەسەر سنوور بەکاردەهێنرێن ڕاهێنانیان پێکرا. دۆزینەوەی ڕاهێنان بۆ پاسەوانانی سنوور لە دەرەوەی ئەردەن بەهۆی کەمی خولی تایبەتمەند کە لە پەیمانگا و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن سەختتر بووە. زۆربەی ڕاهێنانەکانی دەرەوەی وڵات بۆ تەکنیکارانە.
