Getting your Trinity Audio player ready...
|
ئەردەن دەکەوێتە چەقی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە هەڕەشە نەریتی و نانەریتییەکان تێیدا زۆر و هەمەچەشنن، بەردەوام سەقامگیریی شانشینییەکە دەخاتە مەترسییەوە و سیستەمی بەرنامەڕێژییەکەی ناچار دەکات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوویەک کە پێشبینی نەکراوی و نادڵنیایی زاڵە بەسەریدا، کاربکات.
لەبەر ئەو هۆکارە، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب، پێویستییەکی بەردەوامی بە بەرزکردنەوەی تواناکانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرکەوتووەکان بە هەموو شێوەیەک. ئەمەش بەشداریکردن لە مەشق و مانۆڕی سەربازی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
مەشقە سەربازییەکان بە پێکهاتەیەکی سەرەکی دادەنرێن بۆ پاراستنی ئامادەیی هێز و دڵنیابوونەوە لە توانامان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان بەشێوەیەکی خێرا و کاریگەر. شانشینی هاشمیی ئەردەن بە بەشداریکردنی 33 وڵات لە مانگی ئایاری 2024 میوانداریی مەشقی ‘شێری تامەزرۆ’ـی کرد. ‘شێری تامەزرۆ’ یەکێکە لە گرنگترین مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان کە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ خۆپاراستن لەهەمبەر هەڕەشە دەرکەوتووەکان و بەزاندنی سنوور ئەنجامی دەدەن.
ئەم مەشقە بوار بە سوپای وڵاتانی بەشداربوو دەدات لە ژێر پێکهاتەیەکی هاوبەشی فەرماندەییدا بۆ دەستنیشانکردنی ئامراز و شێوازە پەسەندکراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشە زەمینی، ئاسمانی و دەریاییەکان، و باشترکردنی تواناکانی وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی تری وەکو هەواڵگری، ڕاگەیاندن و خزمەتگوزارییەکانی زانیاری پێکەوە کاربکەن.
’شێری تامەزرۆ’ـی 2024 بۆ گەیشتن بە چەندین ئامانجی ستراتیژی، ئۆپەراسیۆنی و تەکتیکی داڕێژرابوو. لە ئاستی ستراتیژییدا، مەشقەکە بنیاتنانی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لە سروشتی هەڕەشە دەرکەوتووەکان و بەزاندنی سنوور، وەکو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەو گروپ، قەوارە و لایەنانەی کە پشتگیریان دەکەن، هەروەها بڵاوبوونەوەی دڕۆن و چەکی کۆمەڵکوژی بایۆلۆژی، کیمیایی و ئەتۆمی (WMD) و شێوازە جیاوازەکانی گەیاندنیان، بەدیاریکراوی سیستەمی مووشەکیی جۆراوجۆری کردبووە ئامانج.
لە ئاستی ئۆپەراسیۆنییدا، مەشقەکە لە ڕووی پلاندانان و شێوازگەریی بە ئامانجگرتن، فەرماندەییکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ (زەمینی، ئاسمانی و دەریایی)، ئۆپەراسیۆنەکانی پشتیوانی لۆژستی و وەڵامدانەوەی کارەساتی سروشتی و پەتاییەوە هێزەکانی وڵاتانی بەشداربووی یەکخستن.
لە ڕووی تەکتیکییەوە، مەشقەکە کارمەندانی، بەشێوەی تاک و بەکۆمەڵ، ئامادەکرد و کارامەیی بەرپەرچدانەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ، چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان و ئەنجامدانی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی پەرەپێدا.
فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بێ تەل و سیستەمە ئاسمانی و دەریاییە بێ کارمەندەکانی تر هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەر سیستەمەکانی بەرگری دروست دەکەن. لە کاتێکدا کە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی بەسوودن، بەڵام زۆرجار هەندێک لەم سیستەمە تاڕادەیەک هەرزانانە لەلایەن یاریکەرە خراپەکانەوە، کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەدەن، دەقۆزرێنەوە.
گروپە چەکدارەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هێشتا مەترسییەکی ڕوون و هەنووکەیین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەمەیش دەبێت ئێمە زرنگ بین و ڕووبەڕووی چالاکیی و ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانیان ببینەوە کە بە چەندین شێوە ئەنجامیان دەدەن. لە دەرەئەنجامدا، ئەردەن هێزی وەڵامدانەوەی خێرای پێکهێناوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە هەڕەشەڕانە بە نوێترین تەکنەلۆژیا ئامێربەندکراوە. هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی توندڕەویی و تیرۆریزم هەڵمەتی هۆشیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدات.
ڕاهێنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ سەرەکیتیرین کاری لەپێشینەی هەرێمییە و پێکاتەیەکی سەرەکی بوو لە ‘شێری تامەزرۆ’. هەروەها هێزە چەکدارەکانی ئەردەن و وەزارەت و دامەزراوە جۆراجۆرەکانی دەوڵەت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی باشترین پەیڕەوی بەرەنگاربوونەوەی
چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکدەر و ئەتۆمی بەشدارییان لە سەکۆ و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا کرد.
پەتای جیهانیی COVID-19 دۆخناسکیی جیهانی بۆ بڵاوبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نەخۆشییە درمیەکان ئاشکراکرد. ئێستا لەگەڵ دامەزراندنی ‘ناوەندی ئەردەن بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشیەکان’، ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە بایۆلۆژییەکان باشتر ئامادەین. ئەمەش بابەتێکی سەرەکی دیکە بوو لە ‘شێری تامەزرۆ’ـی 24.
شۆڕشی دیجیتاڵی، کە وایکردووە دامەزراوە و تاکەکانی بە پلەی یەکەم پشت بە کۆمپیوتەر و تۆڕەکانیان ببەستن، بەهێزکردنی بواری ئەلیکترۆنی و گرنگیدان بە خاوەندارێتی باشترین ئامراز و تەکنیکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانەی کە تادێت ئاڵۆزتر دەبێت، کردووە بە پێویستییەک. یەکەیەکی وەڵامدانەوەی ئەلیکترۆنی لە میانی ‘شێری تامەزرۆ’ـی 24 بۆ پاراستن لەبەرامبەر هەڕەشە ئەگەرییە ئەلیکترۆنییەکان و بەرکەوتنی سەربازەکان بەو سیناریۆیانەی کە تێیدا دوژمن هەوڵدەدات بچێتە ناو فەزای ئەلیکترۆنیمانەوە پێکهێنرا. ڕاهێنانەکە بە هەمان شێوە بەرەنگاربوونەوەی ئۆپەراسیۆنە زانیارییە دوژمنکارییەکانی لەخۆگرتبوو کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دەرکردنی بڕیاری نیشتمانی و باری گشتیی دەروونیی دانیشتووان هەیە.
هەڕەشە دەرکەوتووەکان ناچارمان دەکەن کە وڵاتانی هاوپەیمان و دۆست هاوبەشیی بەهێز دابمەزرێنن و بیپارێزن. ڕاهێنانەکە وەکو بەردی بناغەی ئەم هاوبەشییانە دەمێنێتەوە، بەڵام تاکە ڕێگە نییە بۆ بنیاتنانی هەماهەنگیی ئاسایشی. پێویستە ئێمە بۆ دۆزینەوەی هەڕەشە هەنووکەییەکان، بەستنەوەی چەتری بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ سیستەمی مووشەکی لەسەر ئاستی نیشتمانی و فراوانکردنی ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە وەڵامدانەوەی کاریگەر و خێرا بۆ سیستەمی مووشەکیی دوژمنکارانە زانیاریی هەواڵگری هاوبەشی پێبکەین.
ئێمە لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرکەوتووەکان و گەیشتن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەکۆمەڵ بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی چەمکی شەڕکردن، پتەوکردنی هاوبەشی و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان دەدەین. ئاسایشی شانشینی هاشمیی ئەردەن پێکهاتەیەکی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانییە، ئەمەش پاڵنەری بڕیاری ئێمەیە بۆ بەردەوام میوانداریکردنی ‘شێری تامەزرۆ’.
ئەم وەشانەی گۆڤاری ‘یونیپاس’ بە وردەکارییەکی زیاتر باس لە بابەتی هەڕەشە دەرکەوتووەکان دەکات. دەرفەتت پێدەدات تا لە توخمەکانی هەڕەشەی گەورەتر و کاریگەرترین ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەیان تێبگەیت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی نیشتمانی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
عەمید ڕوکن مستەفا عەبدول حەلیم ئەلحەیاری
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەربازی، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن