پێشنیازی هێڵی بۆریی تورکمانستان پەیمانی وزەیەکی پشتپێبەستراو دەدات
لەم دواییانەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان لە ماڵپەڕی خۆیدا بەیاننامەیەکی وردی سەبارەت بە پابەندبوونی وڵاتەکە بە دروستکردنی هێڵی بۆریی گاز لە تورکمانستانەوە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە لەسەر زەویی دەریای قەزوین، بڵاوکردەوە.
بۆرییەکە دابینکاری وزە، بەدەر لە سەرچاوە وزە متمانەپێنەکراوەکانی وەکو ڕووسیا و ئێران هەمەچەشن دەکات. بەدرێژایی ساڵان ئەم پڕۆژەیە جێگەی سەرنج بووە، چونکە گازی سروشتیی بەرفراوانی تورکمانستان بە بازاڕە گەورەکانی گاز لە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە.
”تورکمانستان لەو باوەڕەدایە کە هیچ هۆکارێکی سیاسی، ئابووری و دارایی کە ڕێگری لە دروستکردنی بۆرییە گازەکە بکات، لە ئارادا نییە،” وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە. “بە پێچەوانەوە، بۆری ترانس کاسپیان پڕۆژەیەکی تەواو ڕاستەقینەیە. توانای بەشدارییەکی بەرجەستەی لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزە لە ئۆراسیادا هەیە، وە دەستڕاگەیشتنێکی درێژخایەن و بێ پچڕان بە سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو بۆ بەکاربەرانی ئەوروپی مسۆگەردەکات.”
ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە هات کە ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان سەبارەت بە توانای پڕۆژەکە بۆ بەدەستهێنانی بودجەی پێویست نیگەرانیی خۆی دەربڕی. تورکمانستان ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی هێڵی بۆریی ترانس کاسپیان دەربڕی.
ئەگەر بۆرییەکە دروست بکرێت، دەکرێت تورکمانستان پشکێک لە بازاڕی گازی ڕووسیا لە ئەوروپادا بۆ خۆی ببات یاخود جێگەی گەیاندنی گازی ڕووسیا بۆ تورکیا بگرێتەوە. ڕووسیا نزیکەی 40 لە سەدی پێداویستییەکانی گازی تورکیای دابینکردووە.
وادەردەکەوێت ئەمریکا پێشوازی لە پابەندبوونی تورکمانستان بە دروستکردنی بۆری ترانس کاسپیانەوە بکات.
”ئەو ڕاستییەی کە تورکمانستان دان بەوەدا دەنێت کە ڕێککەوتنی سنوردارنەکردنی دەریای قەزوین بوار بە دروستکردنی بۆرییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدات، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە.” ئالان مەستاڕد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکمانستان، بڕیارەکەی ئەشقئابادی بە “ڕوداوێکی زۆر گرنگ” وەسفکرد.
سەرچاوەکان: وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان، TRT ڕووسی، ئۆراسیا نێت
Comments are closed.