کاتێک ئەفسەرانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئەوا ئەو زاراوانە بەکاردەهێنن کە لە هیچ شوێنێکی تردا بەکارنەهێنراون. ئەمە وەکو ئەوە وایە ئەم قارەمانانە زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. ئەوان بە ژمارەی ئەو شەڕانەی کە کردوویانە و ئەو برینانەی کە لەم ڕووبەڕووبوونەوە توندانەی دژ بە باندە تیرۆریستییەکان تووشی بوون یەکتر دەناسن، ئەو شەڕانەی کە لە شەڕی داستانە کۆنەکان دەچن.
کۆبوونەوەکانیان تەواوی لایەنەکانی کۆمەڵگای عێراقی، کورد، عەرەب، تورکمان و ئاشووری لەخۆدەگرێت، کە لە ژێر ئاڵای عێراقدا یەکگرتوون. عەمید ڕوکن عەلی هاشم ئەلکەنانی، جێگری فەرماندەی یەکەی یەکەمی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژەتیرۆر، بەم جۆرە باس لەو پیاوە ئازایانە دەکات کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا خزمەت دەکەن.
ژیاننامەی عەمید ڕوکن عەلی پڕ لە قارەمانێتییە. لە ساڵی 1999، پەیوەندی بە ئەکادیمیای سەربازی عێراقەوە کردووە، لەوێ دوای تەواوکردنی مەشقی سەرەتایی هێزی پیادە، بەدوای مەشقی تایبەتمەنددا دەگەڕێت لە شەڕی گەریلا و شاخدا. لە دوای ساڵی 2003، هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی دەستەبژێری یەکەمی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی عێراقەوە بکات و لە ناوەندی مەشقی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم لە ئەردەن مەشقی پێشکەوتووی وەرگرت. خولەکان لەلایەن ڕاهێنەرانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکران.
”بەشێکی زۆر لە سوپاکانی جیهان لەڕێگەی ڕاهێنان و چەندین ساڵ لە مەشقی سەربازی و جوڵەکردن لەنێوان یەکە جیاوازەکاندا شارەزایی بەدەستدەهێنن، بەڵام لە عێراقدا ئێمە لە هەفتەی یەکەمی ڕاهێنانەوە بۆ بەرەکانی جەنگ هەڵدەبژێردرێین،” عەمید ڕوکن بە یونیپاسی ڕاگەیاند.
”یەکەم ئەرکم کە پێمسپێردرا لە دوای ساڵی 2003 بریتی بوو لە فەرماندەی لیوای 3ـی پیادە بە پلەی مولازمی پلە یەک لە کەرتی موسڵ – تەلعەفەر لە ساڵی 2004. لەو کاتەدا، قەزای تەلعەفەر لەلایەن ئەلقاعیدەوە کۆنتڕۆڵکرابوو و عێراق لە سوڕێکی توندوتیژی و شەڕی تیرەگەریدا نوقم ببوو. من و سەربازانی پەلەکەم چەندین ڕۆژی سەختمان بەسەر برد و شەڕی خوێناویمان بەرامبەر باندە تیرۆریستییەکان ئەنجامدا. سەرەڕای تاریکی ئەو ڕۆژانە و نادڵنیایی لەبارەی داهاتووەوە، کە وەکو خزانێکی مەترسیدار بۆ ناو شەڕێکی تائیفی و نەژاری وابوو، من خەریکی چاندنی ڕۆحی نیشتمانپەروەری بووم لە سەربازەکاندا و دڵنیام دەکردنەوە کە عێراق سەردەکەوێت.”

عەمید ڕوکن عەلی باوەڕی وایە شەڕی ڕاستەقینەی فەرماندەیەک لە بەرزڕاگرتنی شەرەفی سەربازی، دەستپاکی و نیشتمانپەروەریدایە چونکە ئەمانە نیشانەی فەرماندەیەکی نەبەردن.
”فەرماندەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بە بەرزڕاگرتنی شەرەف و دەستپاکیی سەربازی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا دەبێتە نموونەیەک بۆ سەربازەکانی. ڕەنگە تووشی چەندین خواستی ئەنجامدانی کاری هەڵە ببێت، بەڵام دەبێت هەمیشە سوێندەکەی بۆ خودا و وڵاتەکەی لەبیربێت،” عەمید ڕوکن عەلی ئەمەی وت.
”ڕێزگرتنی سەربازێک بۆ فەرماندەکەی لە توندوتیژی و دەسەڵاتەوە دروست نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی دەستپاکی و دادپەروەری فەرماندەکەوە بەرامبەر بە سەربازەکانی دروست دەبێت. سەرکردەیەکی گەندەڵ ناتوانێت بوێری هەبێت و ناتوانێت ڕێزی سەربازەکانی بەدەستبهێنێت. هەر لەبەر ئەمەشە سەرکردە سەرکەوتووەکان پیاوی خۆنەویست و دەستپاکن.”
عەمید ڕوکن عەلی جەخت لەسەر گرنگیی هەواڵگریی باش دەکاتەوە لە شەڕی دژ بە باندە تیرۆریستییەکان، کە لەناو خەڵکی مەدەنیدا خۆیان حەشاردەدەن. ئامانجکە بریتییە لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و خۆپاراستن لە گیان لەدەستدان و زیانەکانی بارمتە.
”لە دوای شەڕەکانی تەلعەفەر لە ساڵی 2004، من لە هاوتا هاوپەیمانەکانمانەوە فێری گرنگی هاوبەشیپێکردن [و ڕێگریکردن] لە هەواڵگری بووم، کە کلیلی سەرکەوتنە. ڕەنگە بتوانیت بە تانک هێرش بکەیتە سەر گوندێک و حەشارگەکانی تیرۆریستان خاپوور بکەیت، بەڵام زیانێکی ناپێویست لە سەربازەکانت دەدەیت و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخەیتە مەترسییەوە،” ناوبراو ڕایگەیاند. “دانیشتوانی مەدەنی سەرچاوەیەکی بەبەهان کە پێویستە هێزە سەربازییەکان بیپارێزن. کاتێک دانیشتووان متمانەت پێدەکەن، ئەوا زانیاری بەنرخت بۆ دابیندەکەن بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان سەربکەویت.”
جەستەی بە چەندین جێ برینی ئەو شەڕانەی کە کردوویەتی نەخشێنراوە، شانازی بە جێ پەڵەی برینەکانییەوە دەکات. هەر جێ برینێک چیرۆک و یادەوەری تایبەت بە خۆی هەیە. سەرەڕای بریندارییەکانی ئەو بڕیارییدا لە بەرەکانی جەنگدا بمێنێتەوە، چونکە پێیوابوو سەربازەکانی لەوێ پێویستیان پێیەتی هەتا ئەو کاتەی جەنگەکە کۆتایی دێت.

”من لە شەڕی ئازادکردنی تەلعەفەر لە ساڵانی 2004 بۆ 2005 شەڕم کردووە، لەوێ دەرگا بە دەرگا و لە کوچە و کۆڵانەکاندا کە پڕبوون لە تەڵەی کوشندە و خۆکوژەکان شەڕمان کردووە. هەمیشە مردن چەند چرکەساتێک دوور بووە لێمان. بۆ تیرۆریستان، تەلعەفەر ئەو هێڵی ژیانە بوو کە چەکدارانی بیانی، چەک و تەقەمەنی لەڕێگەی سوریاوە پێیدا تێدەپەڕین. هەر لەبەر ئەمەش بوو زۆر بە سەختی شەڕیان لەپیناودا کرد،” عەمید ڕوکن عەلی دەیهێنێتەوە یاد.
”سەرەڕای برینداربوونم، بەڵام ڕەتمکردەوە ئەوێ جێبهێڵم، چونکە من فەرماندەی سەربازانی پەلەکە بووم و دەبوو سەرکەوتن بەدەستبهێنم، لە هەمان کاتدا ژیانی سەربازەکانم بپارێزم کە ئیرادەیان لە من وەرگرتبوو.”
ساڵی 2007 قۆناغێکی گرنگ بوو لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، کاتێک شەڕی تائیفی لە لوتکەدا بوو و تەرمی مردووەکان لە شەقامەکاندا کەوتبوون. ئەوە بوو کە حکومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بە ناوی ئۆپەراسیۆنی چەسپاندنی یاسا دەستپێکرد. عەمید ڕوکن عەلی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشداریی کرد. ئەمە چارەنووسی عێراقی نوێی دیاری دەکرد.
”وەکو ئەرکی نیشتمانیم باوەڕم بە ئۆپەراسیۆنی چەسپاندنی یاسا هەبوو. لەو ڕۆژەدا، بەر لە چوون بۆ کەرتی بەرپرسیارێتیمان لە گەڕەکێکی بەغداد، پیاوەکانم کۆکردەوە و لەسەر گرنگی ئەم ئۆپەراسیۆنە قسەم بۆیانکرد، تێیدا پێم وتن کە لە سەرووی هەموو پەیوەندییە نەژادی و ئایینییەکانەوە دەبێت ئێمە سەربازانی دڵسۆزی عێراق بین، چونکە هەر لایەنگرییەک لە بەرژەوەندی هەر مەزهەبێک یان لایەنێک کاردانەوەی گەورەی دەبێت.” ناوبراو ڕایگەیاند.
”سەرەڕای مەترسییەکانی ئەو ئەرکە، توانیمان متمانەی دانیشتووان بەدەستبهێنین و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بکەین، کە ئێمە لە ناوچە تایبەتەکاندا قەتیسمان کرد، کە تێیدا تیرۆریستان یان گیران یان کوژران. هاووڵاتیانی عێراقی زانیاری دروستیان لەسەر حەشارگەی چەکداران و باندە تاوانکارەکان بە ئێمە بەخشی، بەمەش توانیمان لە ماوەی چەند مانگێکدا ئاسایش لە بەغدا بنیاتبنێین. ئەم ئەرکە مەزنە بناغەی عێراقێکی دیموکراسی بوو کە ئازادی بیروڕا و فرە ئایین و لێبوردەیی لە ئامێز دەگرێت.”

گومانی تێدا نییە کە جڵەوکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە وەکو هەژانێک بوو بۆ هێزەکانی ئاسایش. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند یەکەیەکی دەستەبژێری دژە تیرۆر پێگەی خۆیان لە کەمپی غەزلانی، بنکەی ئاسمانی سپایکەر و پاڵاوگەی نەوتی بێجی پاراست. عەمی ڕوکن عەلی بۆ ئەوەی پێگەی بەرگری خۆی بپارێزێت وەک لە ڕادەستکردنی پاڵاوگەی بێجی بۆ باندە تیرۆریستییەکان، سەرکردایەتی شەڕێکی قارەمانانە و مەزن کرد.
”شەڕەکانی پاڵاوگەی بێجی کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من هەبوو، چونکە ئێمە بۆ ماوەی نۆ مانگ بەردەوام بووین لە پارێزگاریکردن، لە هەموو لایەکەوە بە تەڵەی کوشندە و قەناس بەدەستەکان دەورە درابووین. ئەوەی بێجی جیادەکردەوە، هەمەجۆریی نەژادی و ئایینی سەربازان بوو، کە هەموویان لە ژێر ئاڵای عێراقدا یەکیانگرتبوو،” عەمید ڕوکن عەلی ڕایگەیاند.
”هەموو ئایین و مەزهەبێک لە عێراقدا گۆڕستانی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام، لە عێراقدا یەک گۆڕستان هەیە بۆ هەموو ئایین و مەزهەبەکان. ئەوە ئەو گۆڕستانە بچووکەیە کە ئەو کەسانەی تێیدا نێژراوە لە شەڕی بێجی گیانیان لەدەستدا، وە لەسەروویانەوە ئاڵای عێراق بە بەرزی دەشەکێتەوە. هەستی سەرکەوتن دوای ئەوەی هەموو هیوای مانەوەمان لەدەستدابوو، شکۆمەند بوو. بەڵام ئەوە خۆڕاگری سەبازان بوو لە بەرامبەر دڕندەترین هێرشەکاندا کە ئەم شەڕە ئەفسانەییەی کردە شەڕێکی ڕاستەقینە.”
عەمید ڕوکن عەلی لە پلە سەربازییەکانی فەرماندەی پەلەوە بەرزبووەوە بۆ پێگەی ئێستای، کە لەوێدا ئەزموونە کەڵەکەبووەکان
کۆدەبنەوە تا بەیەکەوە لێهاتوویی فەرماندە مەیدانییەکان بنیات بنێن.
لە شەڕی تەلەعفەردا وەکو فەرماندەی پەل دەستی پێکردووە، پاشان وەکو جێگری فەرماندەی لق بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتیکردووە بەرلەوەی ببێتە فەرماندەی لقێکی هێزی تایبەت لە ئۆپەراسیۆنی چەسپاندنی یاسا. لە ساڵی 2008، وەکو جێگری فەرماندەی فەوجێکی دژە تیرۆر بەشداریی شەڕی سەولات ئەلفورسانی کرد. لە ساڵی 2018، پۆستی بەڕێوەبەری بەشی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەر بە دەزگای دژە تیرۆر وەرگرتووە.

دوای گواستنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان پلەکەی بەرزبووەوە بۆ سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بەرلەوەی لە ساڵی 2022 ببێتە جێگری فەرماندە. لە ئێستادا فەرماندەی فەرماندەیی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانە.
عەمید ڕوکن عەلی لەبارەی گرنگی هەبوونی هاوپەیمانێکی بەهێزی نێودەوڵەتی کە ڕێز لە پەیماننامە و ڕێککەوتنەکان بگرێت قسەیکرد.
”من لە ساڵی 2003ـوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کار دەکەم، وە زۆر شتتیان لێوە فێربووم، هەروەک چۆن ئەوان زۆر شت لە ئێمە فێربوون. کارکردن لە ژینگەیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی تەکتیکی و فێربوونی شێوازی نوێی ئەنجامدانی کارەکان گرنگە،” ناوبراو ڕایگەیاند.
”جەنگەکانی ڕزگارکردنی شارەکان لە دەستی داعش گرنگیی کارکردنی هاوشان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پچڕاندنی پاڵپشتی دارایی و پێداویستییەکانی دێوەزمە تیرۆریستییەکە بە تۆڕە فراوانەکەی کە جیهان دەگرێتەوە، خستووەتە ڕوو. هاوپەیمانییەکە ڕۆڵێکی گەورەی لە پڕچەککردن و ئامێربەندکردنی هێزە چەکدارەکانمان هەبووە و بەشێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی ئاسمانی لە کاتی شەڕەکانی ڕزگاریخوازیدا پێشکەش کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر.”