Getting your Trinity Audio player ready...
|
دەستەی یونیپاس
ئەوەی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی گازی ژێر ئاودا وەکو ناکۆکییەکی دیپلۆماسی دەستی پێکرد، قلیشایەوە بۆ هێرشی ئاسمانی، زەمینی و دەریایی بۆ سەر وڵاتێکی بێتاوان.
بەڵام ئەو وڵاتە ناچار نەبوو بە تەنیا خۆی لەگەڵ سەرچاوەکانیدا ڕووبەڕووی ڕەوی درۆنەکان، هێرشی مووشەکی و دەستدرێژی چەکداریی سنووربەزێن بێتەوە.
لە چالاکییەکی پێکەوەییدا کە داوای هێزی سەربازی هاوبەشە ناوچەییەکانی دەکرد، وڵاتی ناوبراو بە هەوڵی یەکگرتووی هێزە فرەنەتەوەییەکان هێرشەکانی بەرپەرچ دایەوە و لایاندا.
پێداگریی هەڵۆی 25، مەشقێکی سەربازی کە لەلایەن قەتەڕەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 میوانداریکرا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی پێکەوەیی لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC)، بریتی بوو کە نمایشێک لەوەی چۆن سوپا هەرێمییەکان بتوانن بۆ پوچەڵکردنەوەی قەیرانە ئەگەرییەکان هەماهەنگی باشتر بکەن.
قەتەڕ بە بەشداری ئەمریکا و هاوبەشەکانی GCC واتە بەحرەین، کوەیت، عومان، سعودیە و ئیماڕات لە بنکەکانی دۆحە و دەوروبەری میوانداری پێداگریی هەڵۆی کرد. زیاتر لە 300 سەرباز لە هەموو بەشەکانی خزمەتگوزارییەکانەوە ئامادەی مەشقی نمایشیی بوون.
”ئەم مەشقە نوێنەرایەتیی هەماهەنگیی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی کەنداو (GCC) دەکات کە لەسەر بنەمای پەیوەندییە ڕەگداکوتاو و مێژووییەکانی نێوان وڵاتانی GCC و ئەمریکای دۆست و هاوبەشمان بنیاتنراوە،” ئەندامی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ عەمید ڕوکن حەماد ح. ئەلنابت، بەڕێوەبەری پێداگریی هەڵۆی 25 ڕایگەیاند.

”چالاکییەکان لەژێر یەک دروشمدا بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کاردەکەن.”
پێداگریی هەڵۆ هەر دوو ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، و ڕاهێنانەکان گرنگییەکی زیاتر دەخەنە سەر بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی یەکگرتوو کە یارمەتی گەلان دەدات کاردانەوەی بەکۆمەڵیان هەبێت بەرامبەر بە هەڕەشە ئاسمانییەکان. ئەگەر سیستەمی ڕاداری وڵاتێک دەستبکات بە شوێنهەڵگرتنی هەڕەشەیەکی ئەگەری، ئەوا دەکرێت هاوبەشەکان ئاگاداربکاتەوە تا بەرگریی ئاسمانی خۆیان چالاک بکەن.
هەروەها ڕاهێنانەکان سەربازانی ئاشنا کرد بە بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی ئاسمانی بێ کارمەند و بەرگریکردن لە هەڕەشە کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی و ئەتۆمییەکان.
لە مەشقی پێداگریی هەڵۆی 25، هێزە فرەنەتەوەییەکان کە بەهۆی زۆریی یەکپۆشی و پەچە سەربازییەکانیانەوە دەناسرێنەوە، شاشە و کۆمپیوتەرەکانیان لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دانابوو. دەنگێک بەسەر دەنگەکانی تردا زاڵ بوو: “هێرشی مووشەکی!”
ئەمە بەشێکە لە سیناریۆی ڕاهێنانی خەیاڵی. بێدەنگی باڵدەکێشێت بەسەر ژوورەکەدا کاتێک سەربازانی زۆرێک لە وڵاتان سەرنجیان لەسەر نزیکبوونەوەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانی سەر ڕوونمای ڕادارەکان چڕدەکەنەوە. هەواڵەکان بەخێرایی بەدرێژایی کەناڵەکانی پەیوەندی بڵاودەبنەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی بەرگری، لەنێویاندا یەکەکانی موشەکی پاتریۆت.
”بینینی ئەوەی هەموو ئەمانە پێکەوە کاردەکەن، دڵخۆشکەرە،” عەمید ڕوکنی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ڕیچارد دیکنز، جێگری فەرماندەی هێزی ئەرکیی هاوبەش کە چاودێری مەشقەکانی کردبوو، ڕایگەیاند. “هەمووان شان بە شانی یەکتر کاردەکەن.”
ئامادەبووانی ڕاهێنان لە پێداگریی هەڵۆی 25ـدا چوار گۆڕەپانی پەرشوبڵاوی جوگرافییان داگیرکرد بۆ ئەوەی لاسایی جیهانی ڕاستەقینە بکەنەوە، لەنێویاندا ناوەندی فەرماندەیی جیاواز بۆ سوپا، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی.
سەرۆکی شاندی هێزە چەکدارەکانی کوەیت تیشکی خستە سەر دەرفەتەکە بە بەشداریکردن لەو مەشقانەی کە هەماهەنگیی هاوبەش گەشەپێدەدەن.

”ئێمە تەکنەلۆژیا و سیناریۆی هاوچەرخمان بەکارهێنا کە ھەڕەشەکانی هەنووکەییەکانی ناوچەکە هاوشێوە دەکەن، بەتایبەتی ھەڕەشەی درۆنەکان و مووشەکی بالیستیک و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەیان،” ناوبراو ڕایگەیاند. “شاراوە نییە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە هەڕەشەیە پێویستی بە هەماهەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە. هەر بۆیە ئێمە پێداگریی هەڵۆ بە یەکێک لە گرنگترین مەشقەکان دادەنێین کە لە ڕێگەیەوە وڵاتانی ناوچەکە چەمکە سەربازییەکان دەچەسپێنن و فێردەبن لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیدا کاربکەن.”
لە ناوەندێکی ڕاهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا، خوێندکاران فێری ناسینەوە و ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی دوژمن بوون بۆ دزەکردنە ناو سیستەمی فەرماندەیی و سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی کۆمپیوتەر. داوایان لێکرا ئەوەی کە فێربوون لەگەڵ یەکەکانیاندا لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان هاوبەشی پێبکەن، بەو پێیەی دان بەوەدا بنێن کە بواری ئەلیکترۆنی هەمیشە لە گەشەکردندایە.
”ئەگەر هەر سەربازێک بڵێت، ‘هەموو شتێک فێربووم دەربارەی بواری ئەلیکترۆنی’، باوەڕی پێ مەکە،” ئەفسەرێکی سعودی لە ناوەندەکە ئەو قسەیەی کرد. “هەرگیز لە فێربوون ناوەستیت.”
لە دووبارەکردنەوەکانی ڕابردووی پێداگری هەڵۆدا کە لە وڵاتانی سەرتاسەری ناوچەکەدا بەڕێوەچوو، ئەمریکا زۆربەی سیناریۆ و ئامێرەکانی بۆ مەشقەکان دابین کرد. لە 2025، قەتەرییەکان ئامانجەکانی ڕاهێنانیان بۆ هەموو خزمەتگوزارییەکان داڕشت و سیناریۆیان بۆ پشتیوانیکردنیان چەسپاند. سیناریۆکان بەگوێرەی زەوی و جیۆپۆلەتیکی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجێنراوە.
”بەگشتی قەتەڕییەکان تەواوی نمایشەکەیان بەڕێوەبرد،” ئەفسەرێکی ئەمریکی ئاماژەی پێدا.
عەمید ڕوکن ئەلنابت جەختی کردەوە لەسەر پێویستی ئامادەکارییەکی گونجاوی پۆلەکان بەر لە بەشداریکردنی سەربازەکان لە مەشقە ئاڵۆزەکانی دوای فەرمانی وەکو پێداگریی هەڵۆدا.
قەتەڕ بەر لە دەستپێکردنی چالاکییە ڕاستەقینەکانی ڕاهێنان، چەندین ڕۆژ فێرکاریی ئەکادیمی بەڕێوەبرد. وانەکان بابەتەکانی وەکو بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی یەکگرتوو، ئۆپەراسیۆنەکانی زانیاری و پرۆسەی پلاندانانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی باسکرد.
”بەبێ ڕاهێنان و کاتژمێرەکانی ئەکادیمی، ئەوان لە توانایاندا نابێت لەوە تێبگەن کە هەوڵی بەدەستهێنانی چی دەدەن،” ناوبراو سەبارەت بە ئامادەبووانی ڕاهێنانە فرەنەتەوەییەکان ڕایگەیاند.

عەریف. میبیا دیمیڵاش ناوەندی سەربازیی ئەمریکا
”من دژ بە تیۆری جیاکردنەوەی ئەکادیمی لە ڕاهێنانی جیهانی ڕاستەقینە یاخود بارودۆخەکانی جیهانی ڕاستەقینەم. ڕاهێنانی ئەکادیمی بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە خودی ڕاهێنانەکە. ئەگەر نەتوانیت پێش دەستپێکردنی مەشقەکە پلاندانان و تیۆری یەکبخەیت، ئەوا شکست دەهێنیت لە کارکردنی پێکەوەیی لە مەشقی ڕاستەقینەدا.”
پلاندانەرانی سەربازی چاودێریی کرداریی ڕاهێنانەکانیان کرد بۆ ڕێکخستنی وردی سیناریۆکان بۆ مەشەقەکانی داهاتووی پێداگریی هەڵۆ. لە پێداگریی هەڵۆی 25، بۆ نموونە، هێزە دۆستانەکان لە سیناریۆ خەیاڵییەکاندا 120 فڕۆکەیان لەبەردەستدا بوو. ئەفسەرێکی باڵا سەردانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی کرد و پێشنیاری کرد بەشێک لە فڕۆکەکان بخرێنە سەر زەوی بۆ چاککردنەوە، تێکچوونی کارکردنی ئامێرەکان تایبەتمەندییەکی ئاسایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەقینەکانە.
بە لەکارخستنی بەشێک لە فڕۆکەکان، سیناریۆکان هەستێکی ڕاستەقینەی زیاتر پێشکەش دەکەن، بەجۆرێک کە بینەرانی ڕاهێنانەکان “هەست بە ئازاری زیاتر بکەن” و بەدوای ڕێگادا بگەڕێن بۆ کارکردن لە دەوری هەر کورهێنانێک لە فڕۆکە، ئەفسەرەکە ڕایگەیاند.
ئەفسەرانی GCC فەرماندەیی زۆربەی شانەکانی مەشقی پێداگریی هەڵۆیان کرد، کە دابەشکرابوون بەسەر هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنەکان، پلاندانان و ئەرکەکانی تر، هەندێکجار لەگەڵ ئەفسەرانی ئەمریکی وەکو جێگر خزمەتیان دەکەن.
هێزی بەرگریی بەحرەین تامەزرۆیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی ئەزموونی کارکردن لە ژینگەیەکی فرەلایەنی هێزی هاوبەشدا. پێداگریی هەڵۆ یارمەتی نەهێشتنی جیاوازییە نەتەوەییەکان دەدات لە کولتوری سەربازیدا بۆ دروستکردنی هێزێکی تۆکمەتر کە ئاشنا بێت بە چەمک و تاکتیکی یەکگرتوو.
”دەوڵەتی قەتەڕ میوانداری بۆنەیەکی گرنگ دەکات بۆ ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە ڕووبەڕووی هەڕەشە هاوبەشەکان دەبنەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەیان بە تاک لایەنی ئەستەمە.” عەقیدی سەرۆکی شاندی بەحرەین ڕایگەیاند. “بۆیە پێویستە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئاشتی نێودەوڵەتی کار بۆ یەکخستنی هەوڵەکان بکەین.”
لە ساڵی 1999ـوە پێداگری هەڵۆ بەشداری بە هێزە ناوچەییەکان کردووە و نوێنەرایەتی پابەندبوونێکی بەردەوامی ئەمریکا دەکات بۆ هاندانی هەماهەنگیی نێوان هێزە دۆستانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
”مەشقەکانی هاوشێوەی پێداگریی هەڵۆ بوارمان پێدەدەن هەماهەنگییەکانی ئەمریکا و قەتەڕ بەهێزتر بکەین لە هەمان کاتدا توانا بەرگرییە پێکەوەییەکانی هاوبەشانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو برەوپێبدەین، کە بەشداری دەکەن لە بنیاتنانی ناوچەیەکی سەلامەتتر و سەقامگیرتردا.” فەریقی یەکەم مایکڵ کوڕیڵا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند.