مەشقی دەریایی نێودەوڵەتی (IMX) بۆ بەهێزکردنی کاری تیم، هاوبەشییەکان، یەکخستن و هەماهەنگی لە دەیان وڵاتەوە هێزە دەریاییەکان کۆدەکاتەوە. ئەوان ڕاهێنانە کردارییەکانی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان، پاراستنی ڕێگا ئاوییەکان، پوچەڵکردنەوەی مین، بەگەڕخستنی درۆنە دەریاییەکان و پارێزگاریکردن لە بەندەرەکانیان ئەنجامدا.
گەڕی مانگی شوباتی 2025ـی IMX ڕەهەندێکی دیکەی بۆ فراوانکردنی تواناکانی بەشداربووانی ڕاهێنان زیاد کرد: چۆڵکردنی ئاڵۆزی هەزاران قوربانیی زریانی تسونامی لە وڵاتێکی خەیاڵی.
ئەم سیناریۆیە ڕۆڵێکی گەورەتری بە سەربازە جوڵەپێکراوەکانی هێزی ئەرکی 51/5ـی ئەمریکای سەر بە لیوای هێزی دەریایی گەڕۆك و هاوبەشە فرەنەتەوەییەکانیان بەخشی. بە کارکردن لە بنکەیەکی فەرماندەیی لە شاری مەنامە، لە بەحرەین، ئەم سەربازە لێهاتوو و خۆگونجێنەرانەی پاکستان، میسڕ، ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی مەشقەکە، هێندەی هێزی دەریایی سوودیان لە هێزی ئاسمانی وەرگرت.
”ئەم مەشقە تێڕوانینی زۆری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی تاک بە ڕێگای جیاواز پێشکەش کرد،” فەرماندەی هێزی دەریایی پاکستان ڕەشید مەحمود شێخ کە سەرکردایەتی مەشقی بنکەی فەرماندەیی کرد، ڕایگەیاند. “من دڵنیام لەوەی کە دەستکەوتەکانی ئەم مەشقە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ڕاهێنانی جۆراوجۆر لە وڵاتەکانیاندا خزمەت بە هەموو بەشداربووان دەکەن.”

5,000 سەربازی سوپا لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە بەشدارییان لە IMX 25ـدا کرد. ئەم مەشقەی ئاسایش و سەقامگیرییە دەریاییەی کە ماوەی 12 ڕۆژی خایاند هاوکات لەگەڵ مەشقی دەریایی خەنجەری خێرای ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بەڕێوەچوو. هێزە بەشداربووەکان لە سەرانسەری کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان، کەنداوی عەدەن، دەریای سوور و ناوچە کەنارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا بڵاوبوونەوە.
لە بەندەری عەقەبەی ئەردەن، سەربازانی IMX تێکەڵ بە هێزی ئەرکی یەکخراوی ڕۆژئاوا بوون، کە بە یەکەکانی هێزی دەریایی شاهانەی ئەردەن، پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن و هێزە چەکدارەکانی میسڕەوە بەهێزکرابوو. هێزی ئەرکی یەکخراوی ڕۆژهەڵات کە بنکەکەی لە بەحرەین بوو، بەشداربووانی بەحرەین، میسڕ، عومان، پاکستان، قەتەڕ و ئیماڕاتی لەخۆگرتبوو.
بەشداریکردنێک لە چالاکیی پزیشکیی جیهانیی IMX لە بەحرەین سەربازانی لە ناوچە مەودا زۆر دوورەوە بەلای خۆیدا ڕاکێشا. پزیشکانی تیمارکەر و نەشتەرگەرانی کازاخستان و ئۆزبەکستان بۆ پێکهێنانی تیمێکی فرەنەتەوەیی بۆ چارەسەرکردنی قوربانیانی جەنگ لە بەرەکانی جەنگدا چوونە پاڵ هاوبەشە بەحرەین، ئەردەن، پاکستان، فلیپین و ئەمریکییەکان.
جێگری فەریقی هێزی دەریایی ئەمریکا جۆرج ویکۆف، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا، لەنێو ئەو ئەفسەرە باڵایانەدا بوو کە پێزانینی خۆیان بۆ هەماهەنگیی دۆستانە لە نێوان هێزە فرەنەتەوەییەکان دەربڕی سەرەڕای بوونی زمان و بنەمای سەربازیی جیاواز.
”بینینی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەکان بەیەوەکەوە کاردەکەن شتێکی ئیلهام بەخشە. ئاستی ناوازەی نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی بۆ سەرکەوتنمان لە پاراستنی ڕێڕەوی ئاوی ناوچەیی و چالاککردنی جوڵەی ئازادی بازرگانی ئێجگار گرنگە،” جێگری فەریق ویکۆف ڕایگەیاند. “بەڕاستی IMX 2025 بریتی بوو لە هاوبەشیکردن بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی تواناکانمان.”

IMX لە ساڵی 2012 وەکو مەشقێکی دەریایی دەستیپێکرد، کە سەرنجی خستبووە سەر بە دەستنیشانکردن، خۆپاراستن و لەناوبردنی مینە دەریاییەکان. هەرچەندە ئەو ڕاهێنانە لە مەشقی ساڵی 2025ـدا بەردەوام بوو، جەختی خستبووە سەر هێزێکی ئەرکی بەرپەرچدانەوەی مین کە بنکەکەی لە کەنداوی عومان بوو، بەڵام IMX مەودای خۆی بۆ پەیڕەوکردنی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە درۆن و زیرەکی دەستکرددا فراوانتر کردووە.
بەکارهێنانی درۆنی دەریایی بێ کارمەند، کە سەردەکەونە سەر ڕووی ئاو، دەڕۆنە ژێر ئاو و بەسەریدا دەفڕن، لە دەستنیشانکردنی نەیارانی مەترسیدار کە ئامانجیان تێکدانی کەشتیوانی یان هێرشکردنە سەر بەندەرەکان بوو، یارمەتی دەریاوانەکانی دا. ئەم سیستەمە ڕۆبۆتییانە لە کەنداوی عەرەبیدا بۆ پاراستنی ئەو کەشتیانەی لە ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژیی وەکو گەرووی هورمزدا دەڕۆن بەکارهێنران.
لە مەشقە سیناریۆییەکە لە عەقەبە، درۆنێکی ژێر ئاو بەلەمێکی پڕ لە تیرۆریستیان لە باکووری دەریای سوور دەستنیشان کرد کە دەچووە ناو سنوورە ئاوییەکانی ئەردەن، کە هێزە فرەنەتەوەییەکان لە کاتی خۆیدا ئاگادار دەکاتەوە بۆ شکستپێهێنانی هەڕەشەکە.
”مەشقەکە واقیعی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتووی بە یەکخستنی سیستەمی ژیریی دەستکرد بۆ لەناوبردنی ھەموو جۆرە ھەڕەشە ئەگەرییەکان بۆ پاراستنی ھێڵەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور ھاوشێوە کرد، چونکە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێگاکان کە ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.” عەقید هیشام ئەلجەراح، فەرماندەی هێزی دەریایی شاهانەی ئەردەن ڕایگەیاند.
وەکو وڵاتی میوانداری بەشێکی زۆری IMX 25، بەحرەین بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی دابین دەکرد کە بەشدارییان تێدا کردبوو. ئەو سەربازانە نەک تەنها لە هێزی دەریاییەوە، بەڵکو لە ئەندازیارانی سوپا، هێزە تایبەتەکان و دەزگا خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیشەوە هاتبوون. کەشتیی بەحرەینی خالید بن عەلی، کە 160 دەریاوان و ئەفسەری هەڵگرتبوو، وەکو بەشێک لە هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی لە IMX کەشتیوانیی کرد. ئاوێتەی کەشتیگەلێکی فرەنەتەوەیی بوو کە کەشتی سەیفی هێزی دەریایی پاکستانیشی لەخۆگرتبوو، کە کەشتیەکی ڕێنمایی مووشەکییە.

سەرۆکی ئەفسەرانی پلە نزم عارف پاتانی/هێزی دەریایی ئەمریکا
”ئێمە شانازیی بە میوانداریکردنی مەشقێکی دەریایی نێودەوڵەتیی بەم قەبارەیە و بەشداریی زیاتر لە 30 وڵات دەکەین،” عەمیدی هێزی دەریایی بەحرەین ئەحمەد بن عەلی ڕایگەیاند. “لە هەموو ڕوویەکەوە سوودێکی زۆری بۆ ئێمە هەبوو، چ لەگەڵ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، هێزی تایبەت یاخود کەشتییەکان. بەحرەین خاوەنی کەشتیی هاوشێوەی ئەو کەشتییە تێکشکێنەر و مینبڕانە نییە کە بەشدارییان لە مەشقەکەدا کرد، بۆیە کاتێک ئەفسەرەکانمان لەسەریان کار دەکەن، ئەزموونێکی بەنرخ بەدەست دەهێنن.”
بە هەمان شێوە ئاشنابوون بە درۆنەکان بریتییە لە ئامانجێکی بەنرخی مەشقەکە بۆ هێزەکانی بەحرەین، عەمیدی هێزی دەریایی ئەحمەد ڕایگەیاند.
”هێزی دەریایی ئەمریکا سەرنجەکانی خستبووە سەر بەکارهێنانی سیستەمی ئاوێتەکراوی درۆنە دەریاییەکان بۆ چاودێریکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان، تاوانە دەریاییەکان و چەتەی دەریایی لە سەرانسەری ناوچە بەرفراوانەکانی دەریا،” ناوبراو ڕایگەیاند. “هەروەها بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی ڕاهێنانی تایبەتمەند لەسەر ئەم تەکنەلۆژیا هاوچەرخانە بانگهێشتی وڵاتانی دۆستی کردووە، وە ئێمە توانیمان لە میانی مەشقەکەدا کاریگەریی ئەم تەکنەلۆژیایانە ببینین.”
IMX 25 نۆیەمین گەڕی مەشقی دەریایی بوو لە دوای دەستپێکردنی لە ساڵی 2012. ئەم مەشقە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژیی وەکو باب ئەلمەندەب، کەناڵی سوێس و گەرووی هورمز، گرنگتر بووە.
عەقیدی هێزی دەریایی ئیماڕات ئەلبەلووشی، یەکێک لە فەرماندەکانی IMX، شانازی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەرکی مەشقی هاوبەش دەربڕی کە سوودبەخش دەبێت بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی جیهانی ڕاستەقینە.
”با بەردەوام بین لە کارکردن لەپێناو ژینگەیەکی دەریایی سەلامەتتر و پارێزراوتر کە گەلەکانمان بتوانن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانییەوە تێیدا جوڵە بکەن.” عەمیدی ناوبراو ڕایگەیاند.
بەشداربووان لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە لەوانە کازاخستان پرشنگدارترینی IMX 25 بوون.
”لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوسەنگی دەرەوەی خۆیدا، وەزارەتی بەرگریی کۆماری کازاخستان بەردەوامە لە پاراستنی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ پێکهاتەی هێزی دەریایی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، NAVCENT”. عەقیدی پێشووی هێزی دەریایی کازاخستان، عەزمەت مورزابێکۆڤ، نوێنەری باڵای پێشووی وڵاتەکە لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند. بە دیاریکراوی، هێزی دەریایی کازاخستان چاودێرانی بۆ 25ـەمین مەشقی دەریایی نێودەوڵەتی نارد کە لە مانگی شوباتدا لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەفسەرانی کازاخستان ئاشنابوون بە پڕۆسەی دەرکردنی بڕیار و ئەزموونەکانیان لە بواری ئاسایشی دەریایی، پاککردنەوەی مین و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای درۆن لە دەریادا ئاڵوگۆڕ کرد.”
فەریقی یەکەمی ئەمریکی مایکڵ کوڕیڵا هاوڕا بوو. وەکو فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لەپێناو فراوانکردنی بازنەی هاوپەیمانییە دەریاییە فرەنەتەوەییەکان کە چاودێریی ڕێڕەوە یاوییە گرنگەکان دەکەن، سەرکردایەتیی هەوڵێکی کرد.
”IMX 25 پابەندبوونی بەکۆمەڵی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان بۆ پشتیوانیکردنی هەماهەنگیی ئاسایشی دەریایی ناوچەیی، زیادکردنی کارکردنی پێکەوەیی، وە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە نیشان دەدات،” فەریقی یەکەم کوڕیڵا ڕایگەیاند.