وێنەکان لەلایەن عەریفی تەکنیککار دانێڵ ڕۆبێڵس/هێزای ئاسمانیی ئەمریکا
نەتەوەی خاکی سور (ڕێد لاند) کە پیلانگێڕی بۆ پێکهێنانەوەی ئیمپراتۆریەتی پێشووی خۆی کە 30 ساڵ پێشتر هەڵوەشابووەوە، بەکرێگیراو بۆ هەراسانکردنی یەکێک لە دەوڵەتە دەستکردەکانی ژێردەستەی پێشووی کە ناوی خاکی شین (بلو لاند) بوو بەکرێ دەگرێت.
بە ئاگاداربوونەوە لەوەی کاتێک بەکرێگیراوانی خاکی سور سنووری نێودەوڵەتی خاکی شین دەبەزێنن و ناوچە درێژبووەوەکان داگیردەکەن، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرمان بە هاوپەیمانییەکی سەربازی فرەنەتەوەیی دەکات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی خاکی شین، وە ئەگەر پێویست بوو هێزەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن خاکی سوور بەدەربنێت.
ئەرکی ئاشتیپارێزی دەکەوێتە ئەستۆی هێزە ئەرکییەکان کە پێکهاتوون لە سەربازانی کازاخستان، کۆماری قڕگستان، مەنگۆلیا، پاکستان، تاجاکستان، ئۆزبەکستان و ئەمریکا. ئەفسەرە باڵاکانی ئەم وڵاتانە یەکدەگرن و دەبن بە ئەفسەرانی دەستەی بارەگایەک بۆ ئاڕاستەکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی دۆست (بلو لاند).
هەماهەنگیی ناوچەیی 24، کە مەشقێکی کۆمەڵیی نمایشییە، کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە مانگی ئابی 2024ـدا، ئەم سیناریۆ خەیاڵییەی پێشکەش کرد کە تێیدا هێزەکان ڕووبەڕووی ڕووداوی هاوشێوە دەبنەوە لە جیهاندا.
”ئامانجی سەرەکی فراوانکردنی زانیارییە دەربارەی هەڕەشەکانی هەنووکەییەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە جیهاندا و ئامادەکاریکردنە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان،” عەقیدی ئۆزبەکی ڕەسولجۆن دجابارۆڤ ڕایگەیاند. “فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM ) بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان و هاوڕێکانمان و هاوبەشپێکردنی زانیارییەکانمان، سەکۆیەکی ناوازەمان پێدەبەخشێت.”

عەقید جاپارۆڤ لە تیمێکی ئەفسەری باڵادا خزمەتی کردووە کە سیناریۆیان بۆ 250 بەشداربووی مەشقی فرەنەتەوەیی لە فۆنیکس، ئەریزۆنا لە ئەمریکا داڕشتووە. بە هاوکاریی وەرگێڕان، ئەفسەرانی دەستە ئەرکەکانی وەکو کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، پلاندانان، لۆژیستی و ئۆپەراسیۆنەکانیان بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرە بەیەکەوەبەستراوەکان ئەنجامداوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی قەیرانە ھاوشێوەکراوەکان بۆ سەر ئامادەبووانی مەشقەکە، سەربازەکان پێویستیان بە پڕسەرچاوەیی، ڕێکخراوی و پەیوەندیدار بوون هەبوو تا بتوانن سەرکەوتوو بن.
فەرماندەی هێزی ئەرکیی یەکخراوی هاوبەش، عەقید باتزایا ئۆدسورێنی مەنگۆلی بوو. ئەفسەرێکی تایبەتی ئۆپەراسیۆن و تۆپخانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا، عەقید ئۆدسورێن شایستەی ئەو ڕۆڵە بوو: ئەو سەربازێکی دێرینە کە لە پێنج ئەرکی فرەنەتەوەیی ئاشتیپارێزی و سەقامگیری لە وڵاتەکانی وەکو عێراق، ئەفغانستان، باشووری سودان و کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ خزمەتی کردووە.
پرسیارە ووردەکانی بۆ سەربازانی ژێردەستی لە هەماهەنگیی ناوچەیی ئاماژەیان بە ئاشنابوونی قووڵ بە پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیری دەکرد.
ئایا سەربازەکانی لەناو کەمپەکانی ئاوارەکاندا ژن و منداڵانیان دەپاراست؟ ئایا سەربازەکانی هەڵمەتی میدیایییان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵکی مەدەنی ئەنجامدابوو؟ ئایا کەرتەکانی بەنداوێکی هایردرۆئەلیکتریکی گرینگیان لە هێرشەکانی دوژمن دەپاراست؟
”ئەمە 10ـهەمین جارە مەنگۆلیا هێزی سەربازی ڕەوانەی هەماهەنگیی ناوچەیی دەکات.” عەقید ئۆدسورێن لە شانەی فەرماندەییەکەیەوە ئەمەی وت. “هەندێکجار پەیوەندیکردن لەگەڵ سەربازانی وڵاتانی دیکە ئاڵنگارییە، بەڵام سوودی گرنگ بۆ مەنگۆلییەکان دابیندەکات بۆ ئەوەی لە دۆخ و تەکتیکەکانی جیهانی ڕاستەقینە وانە وەربگرن.”
ئەو سەربازانەی کە وەکو ئەفسەری دەستە کاردەکەن، داوایان لێکرا کە وریا و ئاگادار بن و ڕووداوە نائاساییەکان لە زنجیرەی فەرماندەییدا ڕاپۆرت بکەن. ئەوانەی کە ئەنجامیان نەدا سەرزەنشتێکی فەرمی ئاست مامناوەندیان پێدرا.
”تێگەیشتنی هەڵە هەر ڕوودەدات. هیچ ڕێگەیەک نییە کە ئەمە لە ڕوودان بوەستێنێت.” ئەفسەرێکی ئەمریکی بە تیمە فرەنەتەوەییەکانی وت. “بەڵام پێویستە فەرماندەکان ئاگاداربن کاتێک وا دەردەکەوێت شتێک لە نەزم دەرچووبێت.”

لە سەرەتای 2001 بۆ هەماهەنگیی ناوچەیی نائاسایی بوو، مەشقەکەی 2024 ئەفسەرانی دەستەی ئەرکانی بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان بۆ داماڵینی هێزەکانی دوژمن کە سنوورەکانیان بۆ خاکی دۆست بەزاندبوو، ئامادە کرد. بەگوێرەی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هێزی ئەرکی خەیاڵی لە ژێر فەرمانیدا چالاکی ئەنجام دەدات ئەوە ڕوونکراوەتەوە چەکدارانی نافەرمی هەمان ئەو پارێزراوییە تایبەتەیان پێنادرێت کە بە سەربازانی دوژمن دەدرێت.
”ئێوە هەمیشە خۆتان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە دەکەن و خراپترین سیناریۆش بریتییە لە جەنگ،” ئەنتۆنی لیتۆ، لە دامەزراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی و سەقامگیریی کۆلێژی جەنگیی سوپای ئەمریکا، کە یارمەتی پێکەوەنانی ئەو سیناریۆیانە داوە کە لە هەماهەنگیی ناوچەیی 24ـدا بەکارهێنراون، ڕایگەیاند.
”بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیری و ئاشتیپارێزی هێشتا نوێنەرایەتی زۆرینەی ئەرکەکانی دەکرد. ئەم مەشقە بەشێوەیەکی بەشیی پێکهاتووە لە هەموو شتێک.”
عەقید سامات سێیدالێڤ، فەرماندەی لەشکری کۆماری قڕغستان، هەماهەنگیی ناوچەیی وەکو ئامادەکارییەک بۆ قەیرانەکان تەماشادەکات کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی هەیە.
”ئێمە لە مەشقەکە فێری مامەڵەکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبین.” عەقید سێیدالێڤ ڕایگەیاند. “بۆ نموونە لەگەڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، هەر وڵاتێک دیدگای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لێرەدا دەتوانین سەرنجمان بخەینە سەر یەک دیدگا و بیکەینە دیدگای خۆمان.”
پێکهاتەیەکی تری بەنرخی هەماهەنگیی ناوچەیی بریتی بوو لە یەکگرتنی سەربازانی ئاسیای ناوەڕاست و مەنگۆلیا لەگەڵ هاوتاکانیان بەرنامەی هاوبەشی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتیی ئەمریکا. ئەم بەرنامەیە ئاڵوگۆڕی سەربازی لە نێوان سەربازانی ئەمریکا و ئەوانەی لە وڵاتانی هاوبەشەوە هاتوون هەماهەنگ دەکات.
یەکگرتنەکان بریتین لە کازاخستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ئەریزۆنا، کۆماری قڕغستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی مۆنتانا، مەنگۆلیا لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ئالاسکا، تاجاکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی ڤێرجینیا و ئۆزبەکستان لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی.
”سوپاکانمان بە شێوەیەکی کەسی ئەزموونەکان وەردەگرن کە دەتوانن لە جیهانی ڕاستەقینەدا بەکاریانبهێنن.” عەقیدی کازاخستانی یەرمەک عەبدڕەخمانۆڤ، سەبارەت بە ژینگەی فرەنەتەوەیی لە هەماهەنگیی ناوچەیی ڕایگەیاند. “سوپای کازاخستان جیاوازە لە سوپای ئەمریکا، وە ئێمە لە یەکتر فێردەبین.”
بە شێوەیەکی ئاسایی پاکستان فەرماندەیەکی باڵا دەنێرێت بۆ هەماهەنگیی ناوچەیی، وە مەشقی ساڵی 2024 بەدەرنەبوو لەوە.
عەمید ڕوکن عەتیف ئیجاز، بەڕێوەبەری مەشق لە بارەگای دەستەی ئەرکانی هاوبەش، سەرۆکی شاندی 14 ئەفسەری سوپای پاکستان و هێزی دەریایی بوو.
”ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەمریکادا بپارێزین و لەوەتەی کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست هاتنە ئاراوە، بە هەمان شێوە پەیوەندی سەربازی بۆ سەربازی باشمان لەگەڵ ئەوانیشدا هەبووە.” ناوبراو ڕایگەیاند.
عەمید ڕوکن عەتیف وەکو جێگری فەرماندە، لە ژێر سەرپەرشتی عەقید ئۆدسورێن، لە هێزی ئەرکیی یەکخراوی هاوبەش لە هەماهەنگیی ناوچەیی خزمەتی کردووە.
”ئێمە باوەڕمان بە ئامانجە سەرەکییەکانی مەشقەکە لەوانە کارکردنی هاوبەش هەیە، وە لە باشترین کردارییەکانی یەکترەوە فێر دەبین.” عەمید ڕوکن ڕایگەیاند. “پشتیوانیی بەردەوام و جەنگی ڕاگەیاندن ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن.”
هەماهەنگیی ناوچەیی یەکەم مەشقی ئاشتیپارێزی فرەنەتەوەیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست. نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە شوێنەکانی مەشقەکە دەگۆڕێت. کازاخستان، کۆماری قڕغستان و تاجاکستان میوانداری مەشقەکەی ڕابردوویان کرد.