Getting your Trinity Audio player ready...
|
لە گۆڕەپانێکی دووری ڕاهێنان لە ناوەڕاستی ئەردەن، هێزە فرەنەتەوەییەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە فڕۆکەیەکەوە کە لەسەر هێڵی ئاسمانی بیابان نیشتبووەوە، دەستیان بە جوڵەکرد. بەگشتی چەکی سوک هەڵدەگرن، بەڵام ئەمجارەیان ئەم سەربازە زۆر کارامە و جوڵەکەرانە بە چەکی قورسترەوە گەیشتن.
بە دەرچوون لە جەستەی فڕۆکەی C-130، سیستەمی تۆپهاوێژی موشەکیی جووڵە بەرز (HIMARS)ـی دروستکراوی ئەمریکا مشتەکۆڵەیەکی بەهێزی بۆ ئەم هێزانەی کاردانەوەی خێرا زیاد کرد. هەڵگرەکانی HIMARS بە شێوەیەکی ئاسایی لەڕێگەی ویڵەکانەوە بەسەر سەرجەم زەویەکاندا دەجوڵێن بۆ گەیشتن بە شوێنی بەگەڕخستنیان. بەڵام لە ‘شێری تامەزرۆ’ـی 24، ئەو مانۆڕە سەربازییەی کە لە مانگی ئایاری 2024ـدا هێزەکانی 33 وڵات تێیدا بەشداربوون، مووشەک هاوێژەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە سوودیان لە جێگیرکردنی خێرا لە بەرەکانی شەڕ وەرگرت.
ئەمە یازدەهەمین جار بوو کە ئەردەن میوانداری ‘شێری تامەزرۆ’ـی کرد، کە سەرنجی 3,800 سەربازی یەکگرتوو بە ئامانجی هاوبەش ڕاکێشا. پێویستە سەربازەکان چالاکیتر بن. یەکگرتووتر بن. داهێنەرتر و لەڕووی تەکنەلۆژییەوە کارامەتر بن. زیاتر ئاگاداری هەڕەشە هاوچەرخەکان بن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایش.
جگە لە هێزەکانی ئەردەن و ئەمریکا، سەربازان لە سەرتاسەری وڵاتانی ناوچەکەوە
بۆ ئەو مەشقە دوو هەفتەییە هاتبوون: بەحرەین، میسڕ، عێراق، کازاخستان، کوەیت، لوبنان، عومان، پاکستان، سعودیە، ئیماڕات و یەمەن.

عەریفی دەستە بڕاندۆن وایت/ سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
”‘شێری تامەزرۆ’ یەکێک بووە لە مەشقە سەربازییە هاوبەشە سەرەکییەکانی ناوچەکە بۆ ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب و هێزە هاوپەیمانە بەشداربووەکان بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆڕی شارەزایی سەربازی، بەدەستهێنانی گونجاندنی پێکەوەیی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و جێبەجێکردنی پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکان.” عەمید ڕوکن حەسەن ئەلخالیدی، بەڕێوەبەری ڕاهێنانی ئەوکاتی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب.
”خێراکردنی گۆڕانکارییەکان لە ژینگە نێودەوڵەتی، ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵی سەرکردەکان لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکان، ئامادەبوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەگەرییەکان، تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی جەنگی هاوچەرخ و گەیشتن بە نوێترین پێشهاتەکانی هونەری پلاندانان، ڕاهێنان و شەڕکردن هەیە”.
چالاکییەکانی ‘شێری بە تامەزرۆ’ـی 24 ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی سەنگەری هاوچەرخ بوو کە تێیدا پێویستە سەربازەکان ڕووبەڕووی ئەو تەکنەلۆژیا تێکدەرانە ببنەوە کە هەرزانن، بەکارهێنانیان ئاسانن، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستن و هەندێکجاریش پێشبینی نەکراون. سیناریۆکان بواری ئاسمانی، وشکانی، دەریایی و ئەلیکترۆنییان لەخۆگرتبوو.
بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بێ تەل سەرنجی سەرەکیی مانۆڕەکان بوو لە ناوچەی ڕاهێنانی 5، لە ناوەڕاستی ئەردەن. سەربازانی ئەردەن و ئەمریکا لەسەر ئامێری دەستیی وەستێنەری شەپۆلە ڕادیۆییەکان ڕاهێنانیان دەکرد کە بۆ ئەوە دروستکرابوون جوڵەی دڕۆنەکان بخەنە ژێر کاریگەرییەوە بەرلەوەی بتوانن بارە کوشندەکانیان بخەنە خوارەوە.
مەشقی دەریایی لە بەندەری عەقەبە گوێزەرەوەی بێ کارمەندی سەرزەوی و ژێر ئاوی خستەڕوو کە گۆڕانکاری بەسەر چۆنیەتی پاراستنی کەشتییە جەنگی و دامەزراوە کەنارییەکاندا هێنا لەلایەن هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکانەوە. کەشتییە بێ کارمەندەکان مەودای هەستەوەرەکان و وێنەی هێزە دەریاییەکان درێژ دەکەنەوە و ڕۆژانە ملیۆنان بایت لە زانیاری دەگوازنەوە کە سیستەمی ژیریی دەستکرد بۆ پەیوەندیدارێتیان ڕیزیان دەکات.

تەکنەلۆژیای تێکدەر لەنێو ئەو بابەتانەدا بوو کە لە سیمیناری سەرکردەی باڵای ‘شێری تامەزرۆ’ـدا باسکرا. پێشکەشکارانی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن زانیاریان بە هاوکارە فرەنەتەوەییەکانیان گەیاند کە چۆن نەیاران نەک تەنها بۆ هێرشی تیرۆریستی بەڵکو بۆ قاچاخچییەتی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی ئەردەن و سوریا دڕۆن بەکاردەهێنن.
لە بەرامبەردا، ئەردەن بۆ چاودێریکردنی فڕۆکەوانی و هێرشکردنە سەر دڕۆنەکان، ڕاهێنانی بە سەدان سەربازی هێزە چەکدارەکانی کردووە. دوای ئاوێتەکردنیان بە یەکەکانی هێڵی پێشەوە و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ئەم فڕۆکەوانانە ئەرکی سەرکەوتوویان بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی جیهانی ڕاستەقینە تەواو کرد.
ئەفسەرە باڵاکانی هەرێمەکە داخوازی باشترکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنییان کرد بۆ پاراستنی سیستەمی چەک کە پشت بە ڕێنمایی کۆمپیوتەر دەبەستێت. تەنانەت لە کاتێکدا کە گەلان سیستەمی چەکی بێ کارمەند و ئۆتۆماتیکی دەخەنە ڕوو، پێویستە مرۆڤ بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بەگوێرەی مەبەست کاردەکەن، لە سوڕەکەدا بمێنێتەوە.
سەرۆکی شاندی عێراقی، لیوا یاسر عەزیز، ستایشی گرنگیدانی ‘شێری تامەزرۆ’ـی کرد لە دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوو بۆ پووچەڵکردنەوەی مووشەک و دڕۆنەکان. پێنج ئەفسەری باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق بەشدارییان لە مەشقەکەدا کرد، وە هاوکاربوون لە پڕکردنەوەی پلەکانی دستەی بارەگا فرەنەتەوەییەکان. دەزگای دژەتیرۆری عێراق پەلێکی (فەوج) تەواوی بۆ مەشقەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دابینکرد.
”هەموومان بە شانازییەوە ڕۆڵی شەرەفمەندانەی هێزەکانی عێراق لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی عێراق لە ناحەزانی تیرۆریزم یاد دەکەینەوە.” لیوا عەزیز ڕایگەیاند. “بەشداریکردنەکە بۆ هەموو هێزە دۆست و هاوپەیمانە بەشداربووەکان سوودبەخش بوو”.
’شێری تامەزرۆ’ـی 24 سیناریۆی نەریتی و نانەریتی دروست کرد کە دەبوو هێزێکی ئەرکیی هاوبەشی فرەنەتەوەیی وەڵامیان بداتەوە. جگە لە بەرپەرچدانەوەی تەکنەلۆژیا نوێیەکان کە لەلایەن نەیارانەوە بەکاردەهێنران، مەشقەکە تەقەکردنی ڕاستەوخۆی سەنگەرەکانی ئەنجامدا کە تانک، هێلیکۆپتەری هێرشبەر، تۆپهاوێژی لەخۆگرتبوو، هەروەها هێزی دەریایی و دەریاوانەکانی بۆ ڕاهێنانی هێرشکردنە سەر بەندەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی دوژمن لە عەقەبە کۆکردنەوە.

هەروەها ‘شێری تامەزرۆ’ میوانداری دوو چالاکیی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی کرد، یەکێکیان لە ناوەندی ڕاهێنانی هاوبەش لە زەرقا و ئەوەی تریان لە عەقەبە. ئەوان سەرنجیان خستە سەر پیسبوونی ئەگەری بە ماددە کیمیایی و بایۆلۆژییەکان، وە مەشقەکان وەڵامێکی ڕێخکراویان لەلایەن دەزگا سەربازی و مەدەنییەکانەوە نیشاندا.
تیمە نۆبوەییەکانی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە سەرانسەری ناوچەکە لە ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC) مەشقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان ئەنجامدا. وەکو بارەگای هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە بەشداریان لە ‘شێری تامەزرۆ’ـدا کرد، بەکارهێنرا. سەربازانی ئەردەن، سعودیە، ئیماڕات، لوبنان، عێراق و ئەمریکا مەشقی بەئامانگرتنیان ئەنجامدا، هەڵیانکوتایە سەر گوندە ساختەکان و بەرەنگاری چالاکی قاچاخچێتییان دایەوە و بارمتەکانیان ڕزگار کرد.
”گرنگیدانی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ نووسینی سیناریۆکان و زنجیرەیی ڕووداوەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هەموو بەشداربوویەک سوودمەند دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە تایبەتەکانیان و سنووردارکردنەکانیان لەکاتێکدا هەوڵی دڵنیابوونەوە دەدەن لەوەی لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان ئەزموونەکانیان یاخود دەستەی ئامرازەکانیان گەشەپێدابێت.” فەریق موراد ئەلتەروانا، کە لە KASOTC چاودێری مەشقی مەیدانی هێزە فرەنەتەوەییەکانی کرد لە ‘شێری تامەزرۆ’ ڕایگەیاند.
”هەمیشە دڵخۆشم بە چاودێریکردنی ئاستی پیشەیی و لێهاتوویی کە لەلایەن بەشداربووانەوە نیشاندەدرێت. هەموو ئامادەبووان تامەزرۆن بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان، ئاڵوگۆڕی لێهاتوویی و زانیاری.”
عەمید ڕوکن جەیسۆن بێنسۆن، بەڕێوەبەری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ ‘شێری تامەزرۆ’ـی 2024، لە میانی وتارێکی ڕۆژی کردنەوەیدا لە KASOTC سوودەکانی ‘شێری تامەزرۆ’ـی خستەڕوو.
”‘شێری تامەزرۆ’ بەهای کارکردنی پێکەوەیی بۆ پاراستنی هێزێکی ئامادە و وەڵامدەرەوە نیشان دەدات کە بەڕاستی ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە لە کاتی قەیرانەکاندا ئامادەین پێکەوە وەڵام بدەینەوە،” عەمید ڕوکن بێنسۆن ڕایگەیاند.
”بەشداریکردن لە ‘شێری تامەزرۆ’ پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ بەرەوپێشبردنی کارکردنی پێکەوەییمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان نیشان دەدات. هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە هێزی هاوپەیمانییەتییەکەمان دەتوانێت ئامادەیییەکی تەواو و بەردەوامی هەبێت لە ناوچەکەدا. ئەمە پەیامێکی ڕوون نیشان دەدات لەوەی کە پەیوەندییەکان گرنگن”.
جەنگ دژ بە ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنووری ئەردەن و سوریا
مستەفا عەبدول حەلیم ئەلحەیاری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەربازی، هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، سوپای عەرەب
سنووری باکووری ئەردەن، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە بەهۆی زیادبوونی قاچاخچێتی و کۆچی نایاسایی لاوازبووە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندتر بووەتەوە کە پێویستی بە سەرنجی نێودەوڵەتی هەیە.
ئەو قەیرانە بەهۆی دروستکردنی حەبی کاپتاگۆنی هۆشبەری نایاسایی لەگەڵ تێوەگلانی ڕژێمی ئێران و سوریا لە ناوچەی نزیک بە سنووری ئەردەن سەرهەڵدەدات. پاشان ملیۆنان لەو حەبانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە قاچاخ هەناردە دەکرێن.
سنووری مەودا درێژی ئەردەن لەگەڵ سوریا تاکە ناوچە نییە کە بەدەست ئەم بازرگانییە نایاساییەوە دەناڵێنێت. هەرێمەکە بەشێوەیەکی گشتی هەست بە دەرەنجامی نەخوازراوی ئەم مەترسییە ئاسایشییە پەرەسەندووە دەکات:
حەبی کاپتاگۆنی دروستکراو لەلایەن سوریاوە، دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و کێشەی تەندروستیی تر بۆ هەزاران کەس لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، وە ئەمەش خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە وڵاتانی جیاوازدا دەخاتە ژێر پەستانەوە.
فرۆشتنی حەبی کاپتاگۆن یارمەتی دارایی چالاکییە خراپەکان دەدات، لەوانەش توندڕەویی توندوتیژ، لەلایەن ڕژێمەکان و میلیشیاکانی ناوچەکەوە.
قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان پێکهاتەکانی حکومەت و کۆمەڵگا گەندەڵ دەکات، لەنێویاندا ئەندامانی دەزگاکانی ئاسایش، کە بۆ قازانجی دارایی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەبنە هاوبەش.
ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، چونکە تاوانباران لە سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا بەدوای دەرچەی لاوازدا دەگەڕێن. ئەمە ئەو ماددە هۆشبەرانەش دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی بەندەرە دەریاییەکانەوە لە ناوچەکانی وەک کەنداوی عەرەبی بە قاچاخ دەبرێن.
لەو شوێنانەی کە خاڵە پشکنینە سنوورییە مرۆییەکان زیاترن، بەگشتی لە گۆشەی باکووری ڕۆژئاوای ئەردەن، قاچاخچییەکان ئامادەنین خۆیان بخەنە بەر مەترسیی دەستگیرکردن. بەشێوەیەکی زیاتر، قاچاخچییەکان بەدرێژایی سنووری بیابانی هەرە دوور کە بەرەو ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە هەتا دەگاتە عێراق بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن.
بە سوود وەرگرتن لە سنوورەکان، نزیکەی نیوەی کارگەکانی حەبی کاپتاگۆنی سوریا دەکەونە مەودای 30 کیلۆمەتر دوور لە ئەردەن، ئەمەش تێچووی گواستنەوە بۆ تاوانباران کەم دەکاتەوە. تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە درێژایی هەمان ئەو بەشەی سنوورەکان بە شێوەیەکی چڕتر کاردەکەن، لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دڕۆن بەکاردەهێنن و ناوبەناو شەڕی تەقەکردن لەگەڵ سەربازانی ئەردەن ئەنجام دەدەن.
بۆ بەرگریکردن لە سنوور، ئەردەن تەکنەلۆژیای هاوچەرخی بەکارهێناوە، ئەمەش زۆرجار بە هاوکاری هاوبەشە ئاسایشییەکە بیانییەکان. سیستەمێکی چاودێری سنوور کە بۆ دەستنیشانکردن، ناسینەوە و بەدواداچوون و ڕێگریکردن لە قاچاخچییەکان و تاوانبارانی تر بنیاتنراوە، لەسەر زۆربەی سنوورە 440 کیلۆمەتریی وڵاتەکە لەگەڵ عێراق و سوریا بەگەڕخراوە.
بەکارهێنانی دڕۆنی چاودێریکردن و ئامێری بینینی شەوانە لەنێو هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئەردەندا کارێکی ڕۆتینییە. وە پەرەپێدانی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا لە سوپای ئەردەن دڵنیای دەدات لەوەی کە سەربازە گەڕۆک و تەواو ڕاهێنراوەکان دەتوانن بەپێی پێویست بەشە لاوازەکانی سنوورەکە بەهێز بکەن.
ئەردەن بە تەنها پشت بە هەوڵە سەربازی و ئاسایشییەکان نابەستێت. هەڵمەتەکانی دەزگا گشتیەکان گەل لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ئاگادار دەکەنەوە. هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕژێمی سوریا بەردەوامی دەبێت تەنانەت ئەگەر هاتنی ماددە هۆشبەرەکان لەو کارگانەی کە بنکەکانیان لە سوریادان بەردەوامبێت، کە خەمڵێنراوە ڕێژەی 80%ـی حەبی کاپتاگۆنی جیهان بەرهەمدەهێنن.
وەک چۆن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، وەستاندنی بازرگانی نایاسایی، ئاڵنگارییەکە توانای هەوڵەکانی یەک نەتەوە تێدەپەڕێنێت. زیادبوونی قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیکردنی نایاسایی بەدرێژایی سنووری ئەردەن پێویستی بە هەماهەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەردەوام هەیە بۆ ڕێگریکردن لێی.