لە دوای شکستەکەی لە عێراق لە مانگی ئەیلوولی 2017 لەسەر دەستی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵی کۆکردنەوە و چالاککردنی پاشماوە هەڵهاتووەکانی دەدات.
هێزە عێراقییەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی گروپەکە لە سەرانسەری عێراق و سوریا، کوشتن و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر و ناچارکردنی ئەوانی دیکەش بۆ خۆحەشاردان لە شاخ و بیابانییە دوور و ناڕێکەکان بەردەوامن.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2025، دەسەڵاتدارانی عێراق هێرشێکی ئاسمانییان ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی عەبدوڵڵا مەکی موسلیح ئەل ریفای ناسراو بە ئەبو خەدیجە، سەرکردەیەکی باڵای داعش و بە یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی جیهان ناوزەدیان کرد.
ئەبو خەدیجە، دووەم بڕیاردەری باڵای داعش، بەرپرسیار بوو لە ئۆپەراسیۆن، لۆژستیک و پلاندانان و پارەی بەسەر لقەکانی لە سەرانسەری جیهان دابەش دەکرد.
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەبو خەدیجە ئۆپەراسیۆنەکانی داعشی لە سەرانسەری عێراق، سوریا، تورکیا و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبردووە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەدواداچوونیدا لە پارێزگای ئەنبار، حەوت کارمەندی تری داعش، لە نێوانیان دوو ژن، دەسگیرکران. ئەو زانیارییە هەواڵگریانە کە لە شوێنی هێرشە ئاسمانییەکە کۆکرایەوە، بوونە هۆی دەستگیرکردنی پێنج کەسی تر، لە باکووری عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەل سودانی ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی “عەبدوڵڵا مەکی موسلیح ئەل ریفای تیرۆریستیان لەناوبردووە، کە نازناوەکەی ئەبو خەدیجە بوو و وەکو بەناو پارێزگاری عێراق و سوریا کاری دەکرد.”
هێرشەکە دەرەنجامی هەوڵێکی دوو ساڵی بوو بۆ شوێنهەڵگرتنی حەشارگەکانی تیرۆریستەکە.
لەلایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کوژرانی ئەبو خەدیجەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق، هێرشێکی ئاسمانیی ورد و دروستیان لە ئەنبار ئەنجامدا.
”ئێمە لە کوشتنی تیرۆریستان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکانیان کە هەڕەشەن بۆ سەر نیشتمانی ئێمە و هاوپەیمان و کارمەندانی هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە، بەردەوام دەبین.” فەریقی یەکەم مایکڵ کوڕیڵا، فەرماندەی ئەوکاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کە ئێستا خانەنشین بووە، ڕایگەیاند.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ژمارەی ئەندامانی داعش کە هێشتا لە سەرانسەری عێراق و سوریا چالاکی دەکەن لە نێوان 1,500 بۆ 3,000 کەس دەخەمڵێنن. زۆرینەی ئەمانە لە سوریا کاردەکەن، کە تێدا لەم دواییانەدا گروپەکە هەوڵی دا هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەدات بقۆزێتەوە.
سەرچاوەکان: ئەل مەدا، ەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، France24.com ،republicworld.com ،voanews.com
