سەرۆکی قڕغستان لە لوتکەی ئاسیای ناوەڕاست دەردەکەوێت
سادیر جاپارۆڤ، کە لە ساڵی 2020ـەوە سەرۆکی قڕغستانە، لە یەکەمین لوتکەی ئاسیای ناوەڕاست و ئەمریکا کە لە 19ـی مانگی ئەیلوولی 2023 لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، بەشداریکرد. ئەو یەکێک بوو لە سەرۆکەکانی پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست، کازاخستان، قڕغستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان، کە بەشداری دیدارەکەیان کرد.
لە وتارێکدا، سەرۆک جاپارۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا، لە نێویاندا چوارچێوەی هاوکاریی C5+1، چەقی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بووە. C5+1 بۆ ئاسانکاری هەماهەنگی و گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و پێنج وڵاتەکەی ئاسیای ناوەڕاست کە بە “C5” ناسراوە، سەکۆیەکی دیپلۆماسییە.
”من پێموایە بۆ هەماهەنگیی بازرگانی و ئابووری زیاتر، پێویستە ئەم دیدارە تیشک بخاتە سەر بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و متمانەی هاوبەش، دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دروستکردنی هەلومەرجی لەبار،” سەرۆک جاپارۆڤ ڕایگەیاند.
ناوبراو نیازی قڕغستانی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئەمریکا، کە هێشتا دوورە لە بەگەڕخستنی تەواوی تواناکەی، دەربڕی. هەروەها باسی لە خواستی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بۆ کەرتی کارەبای ئاوی، ئابووری سەوز و تەکنەلۆژیای زانیاری وڵاتەکەی کرد.
لە ماوەی دیدارەکەدا، هێشتا ئەمریکا و قڕغستان ڕێککەوتنێکی نوێی هەماهەنگیی دوولایەنەیان لە کارەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا واژۆ نەکردبوو. ڕێککەوتنی هەماهەنگیی قڕغی ئەمریکی کە لە ساڵی 1993 واژۆ کرابوو لە ساڵی 2015 کۆتایی پێهات.
سەرۆک جاپارۆڤ بەباسکردنی پرسەکانی ئاسایشی ناوچەیی، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیریی ئەفغانستان لە سنوورەکانەوە بەرەو زیانگەیاندن بە دراوسێکانی، جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان کردەوە.
سەرچاوەکان: Vesti.kg ،NewsCentralAsia.net
Comments are closed.