سوپای قەتەڕ بەدوای ڕاهێنانی پێشکەوتوودا دەگەڕێت
سوپای ئەمریکا لە ناوەندی ڕاھێنانی نیشتمانی داهێنانەکان لەگەڵ قەتەڕییەکان هاوبەش پێدەکات
دەستەی یونیپاس | وێنەکان لەلایەن ناوەندی سوپای ئەمریکا
لە میانی سەردانی هێزە وشکانییەکانی قەتەڕ بۆ ناوەندی ڕاهێنانی نیشتمانی (NTC) فۆرت ئیرین لە کالیفۆرنیا لە مانگی شوباتی 2024، کە خاکە سەختەکەی بە ژینگەیەکی ڕاستەقینە دادەنرێت بۆ مەشقکاری شەڕی تانک و پیادە، یونیپاس لەگەڵ لیوا محەمەد ئەلکوواری چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. ناوبراو سەبارەت بە تواناکانی ناوەندەکە و ڕێگاکانی پەرەپێدانی لێهاتوویی هێزە دۆستانەکانی ئەوێ دووا.
یونیپاس: بۆچوونت لەسەر ناوەندی ڕاهێنانی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا چییە؟
موقەدەم محەمەد: لە یەکەم سەردانمان بۆ ناوەندی ڕاهێنانی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا کە بە یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی مەشق و ڕاهێنان لە جیهاندا دادەنرێت، کە خاوەنی سیستەمی یەکگرتووی یەکەی دامەزراوەیی و نوێترین تەکنەلۆژیایە، بۆمان دەرکەوت کە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی شەڕ بۆ بەشداربووان دابین دەکات لە ژینگەیەک کە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی مەیدانی جەنگە، لە شەڕکردن لە ناوچە سەختەکانەوە بۆ شارە قەرەباڵغەکان و هەروەها شەڕی زرێپۆش لە ناوچە کراوەکان و ناوچە شاخاوییەکان.
یونیپاس: چۆن تەکنەلۆژیا و شارەزایی ناوەندی ڕاهێنانی نیشتمانی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ؟
موقەدەم محەمەد: سوپای ئەمریکا توانای بێئەندازەی هەیە و هەروەها سەرچاوەی هەیە بۆ بەدەستهێنان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ کە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی شوێنی دوژمن و ئاڕاستەکردنی لێدانی ورد، ئەمە جگە لەوەی هێزەکانی خۆی لە تەقەی دوژمنکارانە دەپارێزێت. هەروەها خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕاهێنانی شەڕکردنە. هەموو سەرباز و گوێزەرەوەیەک بە ھەستەوەری پێشکەوتوو ئامێربەندکراوە کە شوێنی هێزەکان و ئاستی برینداربوونی هەر سەربازێک ئەو زیانانەی کە لە بەرەکانی شەڕدا بە هەر پارچە ڕەقەکاڵایەکی سەربازی دەگات بە فەرماندەی ڕاھێنان و سەرپەرشتیاران ڕادەگەیەنێت. ئەمەش پێیان دەڵێت کە ئایا هێزەکان لە ئامانجە دیاریکراوەکانیان سەرکەوتوو بوون یاخود شکستیان هێناوە، وە هەر هەڵەیەک دەستنیشان دەکات کە فەرماندەکانی پەل یان لقەکان ئەنجامیان داوە تا لە داهاتوودا خۆیانی لێ بەدوور بگرن. ئەم جۆرە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای هێزەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان زۆر گرنگن. بێگومان دەتوانین سوود لەم تەکنەلۆژیایانە وەربگرین بە ناردنی چەند ڕاهێنراوێک، چ ئەفسەری ڕاسپێردراو یان ناڕاسپێردراو بێت، بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ ئەوەی بتوانن ئەزموونی مەیدانی بەدەستبهێنن و بە تەکنیک و تەکنەلۆژیای نوێی ڕاهێنان ئاشنا بن و بتوانن لە ناوەندەکانی ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی خۆمان جێبەجێیان بکەن.
یونیپاس: چۆن هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دەتوانێت سوود بە مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش بگەیەنێت؟
موقەدەم محەمەد: هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە بواری مەشق و ڕاهێناندا بۆ سوپای قەتەڕ لەوپەڕی گرنگیدایە. ئێمە پەیوەندییەکی درێژخایەنمان لەگەڵ سوپای ئەمریکا هەیە و مەشق و ڕاهێنانە هاوبەشەکان سوودێکی بێئەندازەیان بۆ ئێمە هەبووە لە بەدەستهێنانی ئەزموون و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە شەڕدا.سوپای ئەمریکا چەندین جەنگی لە زەوییە جیاوازەکان و بارودۆخی سەختدا ئەنجامداوە وەکو جەنگی جیهانی دووەم، ڤێتنام و جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆر. ئەمە ئەزموونێکی مەیدانیی ئێجگار دەوڵەمەندە کە ڕێگەیان پێدەدات شارەزاییان لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش پێبکەن.
یونیپاس: ئایا بیر لە ناردنی یەکەکانی سوپای قەتەڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەو ناوەندە ڕاهێنان بکەن؟
موقەدەم محەمەد: دوای یەکەم سەردانمان و دوای ئاشنابوونمان بە دامەزراوە و شێوازەکانی مەشق و ڕاهێنان لە ناوەندی ڕاهێنانی نیشتمانی، ناردنی گروپی یەک لە دوای یەک لە کارمەندانی سوپای قەتەڕ بۆ مەشق و ڕاهێنان لەم دامەزراوە گرنگەدا بۆ ئێمە لە پێشینەی کار دەبێت. هیوادارین لە ئاستی لقدا بەشداری بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای ئەمریکا ڕاهێنان بکەن و شارەزایی و تاکتیکەکانیان هاوبەشی پێبکەن. ئەم ناوەندە 2,600 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە سەختەکان دەگرێتەوە. ئەمەش ڕێگە بە بەشداربووان دەدات ئەزموون بەدەستبهێنن لە ڕووی گونجان لەگەڵ بارودۆخی شەڕکردن، دروستکردنی بەرگری و سەنگەر دوای ڕزگارکردنی ناوچەیەک، و ڕاگرتنی پێگەی شەڕکردن بۆ چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی پێشڕەوی بەرەو ئامانجەکانی تر بکەن یان بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمن بدەنەوە. هەروەها ناوەندەکە هانی فەرماندە مەیدانیەکان دەدات لە کاتی پلاندانان و لە کاتی دەستەبەرکردنی ڕێگاکانی دابینکردنی پێداویستی بۆ مەودای نێوان 50 بۆ 100 کیلۆمەتر، بە وردی بیربکەنەوە. هەروەها فێرکاری شەڕکردن بەبێ پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکان پێشکەش دەکات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا توانای شەڕکردنی کاریگەرانە بە فەرماندەکان دەبەخشێت. ئێمە لەسەر مەنھەجی شەڕکردن، شێوازەکانی ڕاهێنان، شەڕکردن لە ژینگە بیابانییەکان، پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و بەرگری کەنار دەریاکان ئەزموون بەدەست دەهێنین و ئەزموونەکانمان لەگەڵیاندا بەش دەکەین.
Comments are closed.