سعودیە لەگەڵ هاوبەشە سەربازییەکاندا مەشق دەکات
دەستەی یونیپاس
هێزە زەمینییەکانی سعودیە، کوەیت و هێزی ئەرکی سپارتای ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 لە ناوچەی باکوری حەفر ئەلبەتین لە سعودیە، ‘مانۆڕی تەقەکردنی کەنداوی عەرەبی’ـیان ئەنجامدا.
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی جەنگ، چڕکردنەوەی کارامەیی سەربازە بەشداربووەکان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و یەکخستنی چەمکە سەربازییەکان، سیناریۆکانی مەشقەکە بەڕێوەبردنی جەنگ، پلاندانان و جێبەجێکردن، تەقەکردنی تەکتیکی لەلایەن یەکەی پیادەی پڕچەککراو، پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن هێلیکۆپتەری سوپا، چۆڵکردنی پزیشکی، لە ناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی، قەناسگرتن و ئۆپەراسیۆنی جەنگی نائاسایی لەخۆگرتبوو.
بە سەرکردایەتی فەرماندەی هێزی زەمینیی شاهانەی سعودیە، فەریق فەهد ئەلموتەیر، قۆناغی کۆتایی مانۆڕەکە بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی کوەیت، لیوا محەمەد ئەلدەفیری و فەریقی سوپای ئەمریکا پاتریک فڕانک، فەرماندەی گشتی ناوەندی سوپای ئەمریکا بەڕێوەچوو.
هێزە چەکدارەکانی سعودیە بە بەردەوامی مەشقی هاوبەش ئەنجام دەدەن و میوانداری یاخود بەشداری لە مەشقە یەکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەکەن، لەوانەش ئەستێرەی گەش، شێری تامەزرۆ، شێری باشور، ئاسایشی کەنداوی عەرەبی و قەڵغانی نیمچە دوورگە.
سعودیە نەک بە تەنها هەوڵی مەشقپێکردن و ئامادەکردنی سەربازیی خۆی دەدات، بەڵکو بە هەمان شێوە هەوڵی بەدەستخستنی نوێترین و کاریگەرترین چەک و کەرەستە دەدات. وەکو بەشێک لە بەرنامەی هەمەچەشنکردنی ئابووری، وڵاتەکە ئامانجی بە خۆماڵیکردنی ڕێژەی 50%ـی دابینکارییە سەربازییەکانە هەتا 2030.
بە 257 هەزار کارمەندی سەربازیی چالاک کە زۆرینەیان لە سوپادا بەشدارن، سعودیە لە خەرجییە سەربازییەکانیدا کە ساڵانە 75 ملیار دۆلارە، لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە.
سەرچاوەکان: وەزارەتی بەرگریی سعودیە، elaph.com
Comments are closed.