خزمەتکردنی وڵات
عەمید عەزام ئەلڕەواحنە بەو ئەزموونەی وەکو سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی پەیدایکردووە، کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن بەڕێوەدەبات
لە ماڵێکی پڕ لە خۆشەویستی بۆ سەربازیی و قوربانیدانی نیشمانپەروەرانە لەدایکبووە، کەسایەتی سەربازیی عەمید عەزام ئەرشەد ئەلڕەواحنە لە باوکیەوە سەرچاوەی گرتووە، سەربازێک کە لە جەنگی بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەی شەهیدبووە. عەمید ئەلڕەواحنە، فەرماندەی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن لە شانشینی هاشمیی ئەردەن، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی سەر بە کلتووری سەربازی وەرگرتووە، کە تێیدا خوێندکاران لەسەر بنەما بەرز و نیشتمانپەروەرییەکانی هێزە چەکدارەکان فێردەکرێن. بەو زانیارییە زۆرەی کە لە مێژوو، سیاسەت و ئەدەبدا هەیەتی، ئەو ئامادەبوونی تایبەتی لە چالاکییە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و جۆشێکی تایبەت بە هەر کۆبوونەوەیەک دەبەخشێت کە بەشداری تێدا دەکات.
ئەو چەندین پۆستی هەستیاری لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەندا وەرگرتووە، کە لێیانەوە ئەزموونێکی بەرچاوی وەرگرتووە و ئەم سەرکەوتنانەی بۆ پۆستەکانی دواتر گواستووەتەوە. ئەلڕەواحنە ئەمە بەیەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی پیشەی سەربازیی خۆی دادەنێت.
”من زۆر بەختەوەربووم لەوەی کە لە چەندین پۆستی سەربازی لە ڕوانگەی ئۆپەراسیۆنی، تەکتیکی و ستراتیژی خزمەتم کردووە بۆ ئەوەی شانبەشانی شارەزاییە سەربازییەکان هەنگاو بنێم. لەو کاتەدا، من بە خوێندن و بەشداریکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە وۆڕکشۆپ، سیمینار و کۆنفڕانسەکان لەسەر ئاستی جیهانی ناوچەییدا، پاڵێوراوی ئەکادیمیم بەدەستهێنا. من دەمویست ئەزموونی مەیدانی و ئەکادیمی خۆم لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانە بەکاربهێنم. هونەری سەرکردایەتی بریتییە لە جێبەجێ کردنی ئەزموونە سەرکەوتووەکان بۆ برەودان بە تواناکان،” ناوبراو ڕایگەیاند.
پاشان لە کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانەی ئەردەن خۆی تۆمارکرد، کە لەوێدا لێهاتوویی سەرکردایەتیی ئەو لە ڕێگەی پێوەرەکانی کۆمەڵگەی ئەردەنی و کلتوری هێزە چەکدارەکانی ئەردەن شێوەی خۆی گرت. دوای دەرچوون، ئەو هەرگیز لە بەدەستخستنی زانیاریی زانستی سەربازی نەوەستا. ئەو هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە توێژینەوەکانی بەرگریی ستراتیژی لە مالیزیا، ئەمە جگە لە توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە کۆلێژی دەستەی سەربازیی ئەمریکا و هانی سەرکردەکان دەدات بۆ هەرگیز دەست لە فێربوون هەڵنەگرن.
”دەبێت سەرکردە بە خوێندنەوەی ئەدەبی تایبەتمەند و بەشداریکردن لە کۆنفڕانس و سیمیناری سەربازی ئاسایشی بە دوای کلتور و زانستی سەربازیدا بگەڕێت،” ئەلڕەواحنە ڕایگەیاند. “ئاڵوگۆڕی ئەزموون و سەرکەوتنەکان لەم سەکۆیانەدا بۆ هەموو بەشداربووان سودبەخشە. هەروەها خویندنی زانستی سەربازی لە ئەکادیمیا و زانکۆ جیاوازەکان وادەکات سەرکردە بەشێوەیەکی فرەڕەهەندی بیربکاتەوە. پێویستە سەکردە ستراتیژی بەرگری وڵاتە دۆست و نەیارەکان بخوێنێتەوە.”
ئەو زۆربەی ژیانی پیشەیی خۆی لە بەرێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی بەسەربردووە، کە لە دوای دەرچوون لە زانکۆ وەکو مولازمی پلە دوو لە ساڵی 1989 دەستبەکار بوو. ئەو بە پلەیەکی بەرزی پیشەیی بۆ بوون بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی پێشکەوت، لە قۆناغێکی سەختدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، کە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ کارامەیی ئەو بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان.
”من بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریم لە ماوەیەکی زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوەی پڕ لە گرژی، ئاڵنگاری و هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەمە جگە لە دۆخی لەناکاوی قەیرانەکانی COVID-19، کە تێیدا هێزە چەکدارەکانی ئەردەن بەرپرسیاریەتییەکی مەزنیان لەئەستۆگرت، گرتەدەست. ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بە دێژایی سنورەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی شانشیندا لە جوڵەدابوون، کە ڕۆڵی هەواڵگریی لە هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی ئەم گروپانە بەرلەوەی دزەبکەنە ناو سنورەکانی وڵاتەوە ئێجگار گرنگە.”
”ئێمە لە ڕێگریکردن لە مەترسی دزەکردنی باندە تیرۆرستیەکان بۆ سنورەکانمان لە ڕێگەی کاری بێوچانی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ دەزگاکانی تری دەوڵەت و وڵاتانی هاوڕێدا سەرکەوتوو بووین. بە هەمان شێوە ئێمە بە پەرۆش بووین بۆ پێشتخستنی تواناکانمان و جیگیرکردنی تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان لە پشکنینی سنور و چاودێریکردنی چالاکییەکانی تیرۆرستان، جا لەسەر پەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بن یاخود لە ڕێگەی هێڵەکانی گواستنەوە.
ئەلڕەواحنە فەرماندەیی ئەقڵگەرایی خۆی لە فەلسەفەی سەرکردایەتی هاشمییەکانەوە وەرگرتووە، کە بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکاندا بەشێوەیەکی مرۆڤانە و بەجۆرێک کە بەها سەربازییەکان پێشێل نەکات، خۆڕاگری و چارەنووسسازیی ئاوێتەی بەزەیی دەکات.
”پێویستە سەرکردە لە سەربازەکانی نزیکبێت و گوێیان لێبگرێت. بەرلەوەی سزا ئاڕاستەی سەربازانی کەمتەرخەم بکات، پێویستە سەرکردە لەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی کەمتەرخەمییەکە تێبگات” ناوبراو ڕایگەیاند. “دەکرێت هەندێک لە هەڵەی بچوک لە ڕێگەی ڕاستکردنەوە و پەسەندکردنی بەڵێنی سەرباز بۆ دووبارە نەکردنەوەی چارەسەربکرێن. لێبووردەیی ڕێزگرتن و دڵسۆزی سەرباز بەرامبەر فەرماندەکەی زیاد دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت بۆ ئەو پرسانەی کە دژ بە ڕێسا نیشتمانی و سەربازییەکانن هیچ لێبووردنێک هەبێت.”
عەمیدەکە باوەڕی وایە کە سەرکردە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی، فەرماندەکانی و سوپاکەی لە ژیاندایە. ئەمە ئەو بنەمایەی هێزە چەکدارەکانی ئەردەنە کە ئەو لەسەری پەروەردەکراوە، وە ئەو نمونەیەیە کە هەموو سەرکردەکانی سوپای عەرەب بە درێژایی مێژوو پەیڕەویان کردووە.
”باوەڕی سوپا بە تواناکانی فەرماندەکەی، شایستەی دەکات بۆ ئەو پۆستەی کە هەیەتی، و مانای گونجاوی دەگەیەنێت لەوەی لە پۆستەکەیەوە بۆ خزمەتکردنی نیشتمانی ڕابسپێردرێت. واتە پۆستەکە بۆ فەرمادەیەک وێستگەیەکی کاتییە و پێویستە ئەو کاریگەریی ئەرێنی لەدوای خۆی جێبهێڵێت. ئەمە متمانەیەکە دەوڵەت بە فەرماندەکەی بەخشیووە، و پێویستە ئەو ئەم متمانەیە بپارێزێت و بەوپەڕی توانایەوە کە لە ئەزموونە مەیدانی و ئەکادیمییەکانییەوە شێوەی گرتووە، خزمەتی وڵاتەکەی بکات.”
ئەلڕەواحنە گرنگی پاراستنی هاوپەیمانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆرستییەکان دووپات دەکاتەوە. جەنگی هاوچەرخی ناهاوسەنگ لە هەموو ئاستەکاندا پێویستی بە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ئاڵوگۆڕی هەواڵگریی هەیە. چەمکی سێ بەری جەنگی ئاسایی کۆتایی پێهاتووە. لە بواری ئەلیکترۆنی، بواری دەرەکی و درۆنەکانەوە بەرەی نوێ سەریانهەڵداوە.
”ئەزموونی ئێمە وەکو هێزە چەکدارەکانی ئەردەن لە جەنگی دژ بە تیرۆر ئەزموونێکی گرنگە، کە زۆرێک لە وڵاتان سوودمەندبوون لێی. بە هەمان شێوە، بەشداریکردنی ئێمە لە ئەفغانستان بەهادار و گرنگ بوو، وە بەشداری لە باشترکردنی سەقامگیری ئەو وڵاتەدا کرد،” ئەو ڕایگەیاند.
”فەلسەفەکەمان لەسەر ئەو بیرۆکەیە بەندە کە ئێمە بەشێکین لە جیهان و ڕۆڵێکی گرنگمان لە برەودان بە سەقامگیری هەیە، ئاخۆ ناوچەیی بێت یاخود نێودەوڵەتی. ئەمە بە تایبەتی لەوەدا ڕاستە کە باندە تیرۆرستییەکان درۆنە نرخ هەرزانەکان بۆ لێدانی ئامانجە گرنگەکان بەکاردەهێنن. هەڕەشەی ئەلیکترۆنی چیتر بە تەنها تۆڕەکانی پەیوەندی لە کارناخات، بەڵکو لەوانەیە ببنە هۆی کارەساتی مرۆیی، ئەمە ئەگەر هێرشبەران بتوانن دەروازەکانی بەنداوێک بکەنەوە یاخود پێکهاتەکان لە پاڵاوگەکانی نەوت و دەزگا پرۆکیمیاییەکان بگۆڕن. بۆیە، دەبێت ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە ئامادەبین.”
ئەلڕەواحنە لەو باوەڕەدایە کە هەر فەرماندەیەکی سەربازی فەلسەفەی سەرکردایەتی خۆی لەسەر بنەما و بەها وەرگیراوەکان لە مێژوو و کلتووری ئەو دامەزراوەیەوە پەرەپێدەدات کە تێیدا خزمەت دەکات، ئەمە لە کاتێکدا پاریزگاری لە گونجاندن لەگەڵ گەشەسەندن و گۆڕانکارییەکانی جیهاندا دەکات. ئەو کاتێک گواسترایەوە بۆ بوون بە فەرماندەی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی شاهانە، هەمان ئەو فەلسەفەیەی جێبەجێ کرد.
بەشی هەواڵگری بە ڕادەیەکی زۆر لە لایەنە ئەکادیمییەکەی کۆلێژی بەرگریی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەو ئەزموونەی کە من لە لایەنی هەواڵگرییەوە گەشەم پێداوە، کە خزمەت بە بنەمای بەرگری دەکات، سودمەند دەبێت. دەکرێت لایەنی هەواڵگری و ئەکادیمی ئەم کۆلێژە یەکبخرێن. ئێمە وەک کارمەندانی سەربازی مەشقپێکراوین بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەر شوێنێک کە کاری تێیدادەکەین، مەشقپێکراوین،” ناوبراو ڕایگەیاند.
”لە کۆتاییدا، دامەزراوەی سەربازی وەک گرینگترین دامەزراوە کە توانای پێگەیاندنی سەرکردەی خاوەن ئەزموون و بوێر لە بڕیاردان و پاڵپشتی هەوڵەکانی دەوڵەت لە هەنگاونان بەرەو ئەو گەشەکردنەی کە ئێمە بە باوەڕی ڕەهامان پێی هەیە، بە کەمکردنەوەی کاریگەریی ململانێ و قەیرانە ناوچەییەکان لەسەر وڵاتەکەمان دەمێنێتەوە.”
Comments are closed.