میلیشیا حوسییەکان بەردەوامن لە سەرپێچیکردنی بانگەوازە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی یەمەن و ڕێزگرتن لە مافی ژیانیان بە شکۆمەندی.
ئەو گرووپە لە مانگی حوزەیرانی 2024 شەپۆلێکی دەستگیرکردنیان ئەنجامدا. دەیان کارمەندی یەمەنی کە لەگەڵ یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە دیپلۆماسییەکان لە یەمەن کاریان دەکرد، لەوانەش ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن ڕفێنران.
لێکۆڵەرانی حوسییەکان لە ژێر فشاردا دانپێدانیان لە دەستگیرکراوانی بێتاوان وەرگرتووە، کە ڕەنگدانەوەی ئەو تۆمەتانە بوو لەلایەن گروپەکەوە دژییان دروستکرابوون.
دەستگیرکراوەکان بەڵێنی ئازادکردنیان پێدەدرا ئەگەر دانیان بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکاندا بنایە. بەڵام حوسییەکان بەڵێنەکەیان نەبردە سەر، بەڵکو تا پاساو بۆ کردەوەکانیان بهێننەوە ئەو جۆرە دانپێدانانەیان لەگەڵ میدیاکانی پەیوەست بە حوسییەکاندا هاوبەشپێکرد.
لە مانگی ئەیلولی 2024، موعەمەر ئەلعریانی وەزیری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری یەمەن ئیدانەی دەستگیرکردنەکانی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر حوسییەکان بۆ ئازادکردنی هەموو کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و هەروەها نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کە بە زەبری هێز دەستبەسەرکراون.
”تیرۆریستانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، زنجیرەیەک دانپێدانانی بەزۆر وەرگیراوی دەستگیرکراوانی یەمەن بڵاودەکەنەوە، کە بەشێکی زۆریان لەنێو دەستەبژێراندان، لەوانە کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ کە ساڵانێکی زۆریان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری مرۆیی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە یەمەن خزمەتیان کردووە، وەکو کەرەستەیەک بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی بەکاریان دەهێنن. تاوانێکی قێزەون لەم چەشنە سوکایەتیپێکردنی ئاشکرای گروپەکە بە گەلی یەمەن، بەربەرییەت، دواکەوتوویی و نەبوونی بەها ئاکارییان ئاشکرا دەکات،” ئەلعریانی ڕایگەیاند.
هێزە فرەنەتەوەییەکان وەڵامی داواکەیان داوەتەوە، دیارترینیان ناردنی هێزێکی ئەرکیی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی ئەمریکایە بۆ دەریای سوور. لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا 14 مووشەکی حوسییان تێکشاند کە لەلایەن ئێرانەوە نێردرابوون بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن بهاوێژرێن.
”کردەوەکانی تیرۆریستانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوامە لە مەترسی خستنە سەر دەریاوانە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ڕێڕەوی کەشتیوانیی بازرگانیی لە باشووری دەریای سووری و ڕێڕەوی ئاوییە تەنیشتییەکان.” فەریقی یەکەم مایکڵ کوڕیڵا، فەرماندەی ئەوکاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند. “بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ پاراستنی ژیانی دەریاوانە بێتاوانەکان و هەمیشە گەلەکەمان دەپارێزین.”
بۆ چەندین ساڵ ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیی بێتاوان لەلایەن حوسییەکانەوە تووشی ڕفاندن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بوونەتەوە، وە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و دانپێدانانەکانیان کە بە زۆرەملێ وەرگیراون ناوبانگیان لەکەدار بووە، وەزیر ڕایگەیاند.
دیالا حەیدەر، لێکۆڵەری یەمەن لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو کارمەندانەی کرد کە بە ئارەزووی خۆیان دەستگیریان کردوون، لە مانگی تەمموزی 2024 ڕایگەیاند:
”ئەم شەپۆلە مەترسیدارە دەستگیرکردنە کە مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکاتە ئامانج، بیرهێنانەوەی توندی دیکەی ئەو مەودایەیە کە دەسەڵاتدارانی حوسییەکان دەیبەزێنن لە سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. جگە لەوەش، ئەم هەڵمەتانە دۆخی ناجێگیری و خراپی مرۆیی و مافە مرۆییەکان لە یەمەن بەرەو خراپتر دەکەن، چونکە زۆرێک لەوانەی کە دەستگیرکراون کاریان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری یاخود پاراستنی ئەو کەسانە دەکرد کە ئەوپەڕی پێوویستیان بە یارمەتی بوو.”
سەرچاوەکان: ئەشرق ئەلئەوسەت، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان.