تێچوو و سوودەکانی ژیریی دەستکرد
سوپاکان تەکنەلۆژیای زانیاری دەگرنەبەر کە ئەدای سەربازەکان باشتر دەکات بەڵام مەترسی نوێ بۆ ئاسایشی جیهانی دروست دەکات
هێزە دەریاییەکان لە ڕێگای تۆڕێکی بەرفراوانی ھەستەوەری سەرئاوکەوتوو، فڕیو و ژێر ئاوییەوە لە دەریای سوورەوە تا کەنداوی عەرەبی چاودێری هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی دەکەن.
ئەم چاوە چاودێرە بەنرخانەی سەر دەریاکان کە بەدوای قاچاخچی، تیرۆریست و تاوانبارانی تردا دەگەڕێت ملیۆنان وێنە کۆ دەکەنەوە. ڕێکخستنی قەبارەیەکی وەھا گەورەی داتاکان، لێهاتوویی سەربازان و دەریاوانان تاقیدەکاتەوە.
هاوبەشێکی نوێ لە بەرەکانی جەنگدا – ژیریی دەستکرد (AI) – توانای ڕێکخستن و پۆلێنکردن دابین دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوەی کە بە شێوەیەکی تر دەبێتە زێدەباری شیکاری.
بەپێی ئەو پێوەرانەی کە لەلایەن کەسانی بەرنامەداڕێژەوە دانراون، سیستەمی AI دەتوانێت ملیۆنان وێنە بۆ چەند سەد وێنەیەک کەم بکاتەوە کە هەڕەشە دەریاییە پێشبینیکراوەکان دەنوێنن. ئەمەش ڕێگە بە سەربازەکان دەدات کەشتی و فڕۆکە بە شێوەیەکی کاریگەرتر و کاراتر بەکاربهێنن.
”ئێمە دەتوانین بە خێرایییەک بجوڵێین کە پێشتر خەیاڵ نەدەکرا،” جێگری فەریق براد کوپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا.
وەک بەرهەمهێنانی کارەبای بازرگانی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەردەست بوو، ژیریی دەستکرد تەکنەلۆژیایەکی گشتییە کە دەتوانرێت بۆ هەزاران مەبەست بەکاربهێنرێت. توانای پوختەکردنی ڕێژەیەکی زۆر زانیاری بەشێوەیەکی خێراتر لە مێشکی مرۆڤ لە سوودە سەربازییەکانی سیستەمی ژیریی دەستکردە.
بەڵام نەیارانی ناوچەیی و جیهانیش ژیریی دەستکرد بەکاردێنن، دیارترینیان لە هەڵمەتەکانی زانیاریی ناڕاستدا کە بۆ ناسەقامگیرکردنی کۆمەڵگاکان و لاوازکردنی ئیرادەیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان داڕێژراون. دەنگ و ڤیدیۆی دەستکاریکراو، هەندێکیان دەنگ و وێنەی دروستکراو بەکاردەهێنن، کە جیاکردنەوەیان لە شتە ڕاستەقینەکە قورستر دەبێت.
توانای وێرانکاریی ژیریی دەستکرد کە پەیوەندیدارە بە کێبڕکێی ستراتیژی جیهانییەوە، بریتی بوو لە تەوەری کۆنفرانسی زانکۆی فلۆریدای باشوور لە ئەمریکا، لە مانگی ئازاری 2024. فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا، پسپۆڕ و کەسانی ئەکادیمی ژیریی دەستکرد بە سەرپەرشتیکردنی دامەزراوەی ئاسایشی جیهانی و نیشتمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کۆبوونەوە.
سوودەکانی ژیریی دەستکرد
ئامانجی ژیریی دەستکرد، توانای کۆمپیوتەرەکان بۆ فێربوون لەسەر بنەمای داتا و ئەزموونە تازەکان، بڕیاردانی زیرەکانەترە بۆ بەکارهێنەرە مرۆییەکانی.
لەو ڕووەوە، بەکارهێنانی لە دەرەوەی بەکارهێنانەکانی بۆ بەرگری وەکو ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان لە دەریای سووریشدا بەدەرکەوت. بۆ نموونە توانای وردبینیکردنی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی هەواڵگری دەتوانێت یارمەتی سەربازەکان بدات ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان بکەن.
شارەزایان لەسەر پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی سوودمەندی ژیریی دەستکرد بۆ سوپاکان کۆک بوون. ئایا کات دەگەڕێنێتەوە؟ ئایا ئەرکی سەربازێک سەلامەتتر دەکات؟ ئایا ئەنجامی باشتر دابیندەکات؟
”ئەمە تاکە پێوەری سەرکەوتنە،” سکایڵەر مۆر، ئەفسەری باڵای تەکنەلۆژیا لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەدا.
سەرکردە سەربازییەکان هۆشدارییان دا کە ئازادکردنی ژیریی دەستکرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات هەڵەیە. بۆ ئەوەی هەڵەی دڵتەزێن ڕوونەدات، پێویستە کارپێکەرە مرۆییەکان ئاگادار بن. هێشتا ژیریی دەستکرد بڕیاری ئاڵۆز نادات. بەو واتایە، تەکنەلۆژیایەکی داماوە، تەنها بە قەد ئاستی ئەو کەسانو باشە کە بەرنامەیان بۆ داڕشتووە. سوودەکەی زیاتر بۆ قەبارەکردنی داتاکانە، کەمتر بۆ هەڵسەنگاندنی کوالیتی ئەو داتایانەیە. کاتێک باس لە بەرگری مووشەکی بالیستی دەکرێت، هەڵە هەژمارکردنی ژیریی دەستکرد دەتوانێت دەرئەنجامی کارەساتبارانەی لێبکەوێتەوە.
دکتۆر پیتەر بۆڤێت ئیمانوێل لە سەنتەری توێژینەوەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی زانکۆی بەرگریی سوید رایگەیاند دەکرێت پشتبەستن بە بارێک لە داتاکانی ژیریی دەستکرد لە کاتی شەڕەکاندا ببێتە هۆی بڕیار و کاردانەوەی بەپەلە لە کاتێکدا بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئارامگرانە پێویستە.
مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد ئامرازێکی بەسوودن بۆ پێشبینیکردنی مەبەستی نەیاران، بەڵام زۆرجار نەیاران هەوڵدەدەن لە دەرەوەی ئەم مۆدێلانە کاربکەن لە یارییەکی کێبەرکێی تاکە کەسییدا، بۆیە ئەفسەرانی سەربازی جەخت لەسەر پێویستی مرۆڤ دەکەنەوە بۆ دەستنیشانکردن کاتێک کە سیستەمی ژیریی دەستکرد ئەنجامی هەڵە یان چەواشەکارانە پێشکەش دەکات.
زانیاری ناڕاستی ژیریی دەستکرد
توانای ژیریی دەستکرد بۆ پێکەوەگرێدانی زمان، وێنە و دەنگ دەکرێت کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەبێت. هەندێک وڵات هەوڵیانداوە ئامانجە شەڕانگێزەکانیان زیاتر بکەن بە ھاوشێوەکردنی وێنە و دەنگی فەرماندە سەربازییە نەیارەکان بۆ لاوازکردنی بەرخۆدان لە نێوان سەربازە دژبەرەکاندا.
لە ئاستێکی مەزنتردا، دەکرێت هەڵمەتە مەعریفییە دروستکراوەکانی ژیریی دەستکرد کە بڕێکی زۆر لە زانیاری ساختە لەخۆدەگرن ئیرادەی وڵاتێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە ناوببات تەنانەت بەر لە دەستپێکردنی تەقە. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، زۆرجار دەستنیشانکردنی ئەو وتاری هەواڵی ناڕاستی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد ئەستەم دەبێت. سەرۆکی چەند وڵاتێک لە نێوان قوربانییەکاندا بوون.
”ئێمە لە داھاتوودا نموونەی زۆر زیاتر لەم بابەتە دەبینین،” دکتۆر تۆد هێلموس، زانای ڕەفتار کە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەکداران و توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا لەگەڵ سوپای ئەمریکادا کاری کردووە، ڕایگەیاند.
سیاسەت دانان بۆ خراپ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد سەختە. زۆربەی داهێنانەکانی ژیریی دەستکرد لە دەستکاریکردنی وێنە و دەنگدا لەلایەن دروستکەرانی ناوەڕۆکەوە دێنەکایەوە کە ڕەنگە پەیوەندییان بە هیچ حکومەتێکی نیشتمانییەوە نەبێت.
لە دەستی هەڵەدا، دەکرێت میدیای دروستکراوی دەستکرد ببێتە “چەکی ناسەقامگیری جەماوەری دیجیتاڵی،” دکتۆر ڤیلما لوما ئاهۆ، پسپۆڕی فینلەندی لە بواری دەستکاریکردنی ژیریی دەستکرد ڕایگەیاند.
هێلموس جیهانێکی وەسف کرد کە تێیدا نەیارانی نەخوازراوی ژیریی دەستکردی خۆکار شەپۆلێکی بێسنوور لە ناوەڕۆکی ساختە بڵاو دەکەنەوە. پێویستە ئەمریکا و هاوبەشەکانی دژایەتی خراپترین جۆری ئەم زانیارییە ساختەیە بکەن، بەڵام سنوورێکیش بۆ ئەم جۆرە بەرگرییەش سنوورێکی هەیە. شارەزایان داوایان لە وڵاتان کرد کە سەرنج بخەنە سەر فێرکردنی تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی خوێندکاران. ئەوەش ڕێگە بە تاکەکان دەدات هەڵسەنگاندن بۆ شەپۆلە حەتمیەکانی ساختەکارییە کۆمپیوتەرییەکان بکەن.
هێلموس وتی: “دەستنیشانکردن ڕزگارمان ناکات.”
توانای پێشبینیکردنی ژیریی دەستکرد
یەکێکی دیکە لە بەکارهێنانە سەربازییە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد بریتییە لە یاریکردنی جەنگی، پێشبینیکردنی هەڕەشەکان و چۆنیەتی توانای ژیریی دەستکرد بۆ کۆکردنەوە و جیارکردنەوەی زانیارییەکان بە هەموو زمانێک ڕێگە بە پلاندانەرانی سەربازی دەدات بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو کاتەی پیشووتر خایاندوویەتی بتوانن ھاوشێوەکردن و سیناریۆ دروست بکەن.
ژیریی دەستکرد یارمەتی یاریزانانی جەنگ دەدات پێشبینی هەڕەشە دوورەکان بکەن و بە ڕێکوپێکی پێشینە بە ھەر کامێکیان بدەن. “پێنج یان شەش مانگ ماوەیەکی ئێجگار زۆرە بۆ دیزاینکردنی سیناریۆکان،” واڵتەر کولزی، زانای باڵای توێژینەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا ڕایگەیاند.
لێرەدا هەنگاوەکانی یاریکردنی جەنگ بە یارمەتی ژیریی دەستکرد دەخەینەڕوو:
ئەو زانیاریانە کۆبکەرەوە کە ئاڵنگاری دۆخی ئێستا دەکات. ئەم “ئاماژە” و “تێکدەرانە” لە ڕەوتەکاندا کۆدەبنەوە.
چیرۆکەکان لەسەر بنەمای ئەم ڕەوتانە دروست بکە و پێشبینی دەرئەنجامە جێگرەوەکان بکە.
پێشبینی کاریگەرییەکانی داهاتوو بکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی هەر ڕێکخراوێک کە هەوڵی بەدەستختنی پێشبینییەکان دەدات.
هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی کردارەکان بکە لە وەڵامدانەوەی ڕەوت و هەڕەشەکاندا.
دڵنیابەرەوە لە بڕیاردانی هۆشدارانە، جا چ دیزاینکردنی سیناریۆی یاری جەنگی، بەدەستهێنانی چەک و سیستەمی بەرگریی نوێ، یاخود گەورەکردن یان کەمکردنەوەی قەبارەی هێزە سەربازییەکان بێت.
وەک چۆن لە بەکارهێنانەکانی تری ژیریی دەستکرد لە بواری ئاسایشدا، ھەر سیستەمێک تەنها بەقەد چاودێری مرۆیی خۆی باشە. سیستەمێکی باشی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای بەڵگە دەبێت، کە بوار بە پلاندانەرانی سەربازی بدات شوێنی زانیارییەکان هەڵبگرن بەرەو سەرچاوەکەی بۆ پشکنینی متمانەپێکراویەکەی. هەروەها پێویستە سیستەمێکی لەو جۆرە سیناریۆی پێویست دروست بکات بۆ ئەوەی لاسایی ئاڵۆزییەکانی جیهان بکاتەوە.
”مرۆڤ لە هاردوێر گرنگترە،” فەریقی یەکەم برایان فێنتۆن، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند.
Comments are closed.