ھێزە تایبەتەکانی قەتەڕ ھەڵیانکوتایە سەر سەکۆیەکی نەوتی ژێر دەسەڵاتی دوژمن، بە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بارمتەکانیان ڕزگارکرد، ھەڵیانکوتایە سەر شەمەندەفەرێکی میترۆ و شەقامەکانی شارەکەیان پاقژکردەوە.
ئەم ھاوشێوەکردنانەی قەیرانەکان بەشێک بوون لە پاسەوانی نەبەردی 2025، کە مەشقێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و تێیدا سەربازانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی قەتەڕ و ئەمریکا جارێکی تر سەلماندیان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەتوانن وەک هاوبەش پێکەوە کاربکەن.
قەتەڕ لە 13 هەتا 17ـی مانگی نیسانی 2025 میوانداریی پاسەوانی نەبەردیی کرد، ئەمەش سێیەمجارە لە ماوەی شەش ساڵدا هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکە بانگهێشت دەکات. گەڕی پێشوو، لە ساڵی 2021، تیشکی خستە سەر دەستەبەرکردنی سەلامەتیی پاڵەوانێتی جامی جیهانیی 2022 لە قەتەڕ.
”لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بۆ یەکخستنی هەموو دەزگاکانی ناو هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، پاسەوانی میری و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی قەتەڕ بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان لە سەرانسەری بوارەکانی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمریکادا، پاسەوانی نەبەردی 25 گەشەی پێدرا و پلانی بۆ داڕێژرا،” عەقیدی سوپا لی بریەرد لە سوپای ئەمریکا، بەڕێوەبەری مەشقی پاسەوانی نەبەردیی 25، لە مانگی نیسانی 2025 ڕایگەیاند.

”ئێمە ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی وەڵامدانەوە لەسەر بنەمای 24 کاتژمێری چالاک کرد، کە بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەر ئەرکە گرنگەکانی فەرماندان و بەڕێوەبردنی کردار ڕاهێنان بە دەستەی ئەفسەرانی ئەمریکا و قەتەڕ دەکات.”
سەربازەکان لە ژێر سیناریۆیەکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کە شانەیەکی تیرۆریستیی لەخۆگرتبوو کە بە ماددەی بایۆلۆژییەوە هاتبووە ناو قەتەڕ بۆ بەکارهێنانی دژ بە دامەزراوەکانی قەتەڕ و ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامدا. ئەرکەکە بریتی بوو لە وەستاندنی هێرشەکان و گرتنی ئەو زانا سەرەکییەی کە ئەرکی کۆکردنەوە و چالاککردنی چەکی بایۆلۆژی پێسپێردرابوو.
دوو ڕۆژ لە خوێندنی وانە، بەشداربووانی بۆ ئەرکەکانیان لە مەشقەکە ئامادە کرد. جگە لە بەشداریکردن لە گۆڕەپاندا، کارمەندانی سەربازیی دەستەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی یەکخراویان لەسەر کۆمەڵگەی مەشقی 401ـی قەتەڕ، کە بەم دواییە کرایەوە، پێکهێنا. کۆمەڵگەکە پێکدێت لە گوندێکی ساختە و جەستەی فڕۆکەیەکی سەرنشینی ئەیرباسی 300 کە سەربازەکان دەتوانن مەشقی تێدا بکەن.
هێزی دەریایی ئەمریکای سەر بە تیمی کەشتیگەلی ئاسایشی دژە تیرۆری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی قەتەڕ مەشقیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئاژاوەگێڕی و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ ئەنجامدا. سەربازانی سوپای ئەمریکا لە هێزی ئەرکی سپارتای فەرماندەیی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی، ئەتۆمی و تەقەمەنییەکان (CBRNE) و زانایانی چالاکیی شیکاری و چارەسەریی کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشکی، ئەتۆمی و تەقەمەنییەکان (CBRNE)ـی سوپای ئەمریکا وانەکانیان پێشکەش بە ئەندامانی خزمەتگوزاریی قەتەڕ کرد.
کاتێک سیناریۆی ڕاستەقینە دەستی پێکرد، کارمەندانی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا لە گروپی پێنجەمی هێزە تایبەتەکان و هێزە تایبەتە هاوبەشەکانی قەتەڕ بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانە کوشندەکانی تیرۆریستان هێرشیان ئەنجامدا.

”ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو،” ڕائید ناسر عەربیات، پلاند داڕێژەری سەرەکی قەتەڕ بۆ پاسەوانی نەبەرد ئاماژەی بەوەدا. “تیمی ئەمریکی بینیان کە چۆن هێزە تایبەتەکانی قەتەڕ کاردەکەن، ئێمەش لە نێوان هێزەکاندا متمانەمان بنیات نا. سیناریۆکە بە شێوەیەکی باش ئامادەکرابوو، سەبارەت بە هەڕەشەکان لە ناوچەکەدا لۆژیکی بوو، کارپێکراو بوو و لێتێگەیشتنی ئاسان بوو. هەماهەنگی ئێجگار گرنگە. ئێمە دوو وڵات، دوو یەکە، دوو کلتوورمان لەیەک نزیکردەوە و بۆ هاوبەشپێکردنی زانیاری و کارکردنی پێکەوەیی سەرکەوتووانە لەیەک نزیکبووینەوە.”
لەنێوان ئەرکەکانی مەشقەکە، ئەرکی هەڵکوتانە سەر تاقیگەیەکی گوماناویی چەکی بایۆلۆژی هەبوو. زانیاریی هەواڵگریی کۆکراوە لە شوێنەکە بواری بە سەربازەکان بەخشی بەدوای ئەندامانی تری شانە تیرۆریستییەکاندا بگەڕێن،
بەڵام بەر لەوە لە ئەگەری بەرکەوتبن بە ماددە زیانبەخشەکان پێویستییان بە پاقژکردنەوە دەبێت.
لوتکەی پاسەوانی نەبەرد بریتی بوو لە هێرشی هاوبەشی قەتەڕ و ئەمریکا بۆ گرتنی ئەو زانایەی کە بڕیار بوو چەکی بایۆلۆژی چالاک بکات. نمایشی هێز لە ناوەندی مەشقی بروق لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای قەتەڕ ئەنجامدرا.
سەردانکەرانی بەڕێز، لەنێویاندا عەمید ڕوکنی قەتەڕی فەید ڕەشید ئەلمەری، سەرۆکی دەستەی مەشق و ڕاهێنان لە بروق چاودێری تەواوبوونی ئەرکەکەی
کرد. ئەفسەرانی باڵا ئاماژەیان بەوە کردووە کە مەشقەکە بەهای هەماهەنگیی سەربازی لە نێوان هێزەکانی وڵاتە هاوبەشەکاندا نیشان دەدات. بە بنیاتنانی
متمانە و یەکخستنی تواناکان، سەربازانی قەتەڕ و ئەمریکا ئەدای کرداریی تیمەکانیان باشتر کرد.
”ئەو وانانەی وەرگیران و ئەو هاوبەشییانەی بنیاتنران لەم مەشقەدا لە ساڵانی داهاتوودا بەرزدەنرخێندرێن،” عەقید بریەرد ئاماژەی پێدا. “سەرکەوتنی هاوبەشیی ئەمریکا لە پاسەوانی نەبەردی 25 لەگەڵ برا هاوبەشەکانمان، قەتەڕ، هەماهەنگی و ڕێگریکردنی یەکخراوی لە ناوچەی کەنداودا فراوانتر کرد.”
