Getting your Trinity Audio player ready...
|
بە سەرۆکایەتیی خاوەن شکۆ شا حەمەد بن عیسا ئەلخەلیفەی بەحرەین، 33ـهەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە کۆشکی ساخیر لە مەنامە لە مانگی ئایاری 2024 بەڕێوەچوو.
”ئەمڕۆ لوتکەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی زۆر ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، جەنگە وێرانکەرەکان، قەیرانە مرۆییە دڵتەزێنەکان و ئەو هەڕەشانەی کە ناسنامە، ئاسایش، سەروەری، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی نەتەوەکەمان [کۆمەڵگەی عەرەبی] دەکەنە ئامانج، کۆدەبێتەوە.” شای بەحرەین لە دەستپێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند.
”لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم هەڕەشانەی دەوروبەری کۆمەڵگەی عەرەبیمان، گرنگیی ئەو بەرپرسیارێتیەی کە بۆ پاراستنی ڕێبازی هاوبەشمان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان لەسەرمانە، زیاتر دەبێت”.
لوتکەکە ئامادەبوونی کەسانی خاوەن پێگەی باڵای بەخۆیەوە بینی کە سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغیت سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و ئەنتۆنیۆ گەتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆگرتبوو.
سەرکردەکان هەشت تەوەری سەرەکییان تاوتوێ کرد، لەوانە پرسەکانی پەیوەست بە چالاکیی هاوبەشی عەرەبی لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، زانیاری و ئاسایشی، وە هەروەها هەماهەنگیی عەرەبی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.
لە وتارەکەیدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیدا پشتیوانی دابینبکات، وە داوای لە دەوڵەتانی عەرەبی کرد لەم کاتە مەترسیدارەدا بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە یەکبگرن.
”ساتی لەمە باشتر نیە تا ناوچەی عەرەبی یەکبگرن. یەکێتی و یەکدەنگی لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا دەنگی زیندویی ناوچەکە بەرزدەکاتەوە و کاریگەرییەکانتان لەسەر شانۆی جیهان زیاتر بەهێزدەکات.” گەتێرێس ڕایگەیاند. “ئەمە دەتوانێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، سوود وەرگرتن لە توانا مەزنەکانی و بەشداریکردنی زیاتر لە چاکەی جیهانیدا یارمەتی ئەم ناوچەیە بدات. لە هەموو ئەم کارانەدا، ئێوە دەتوانن بۆ پشتیوانی و هاوبەشیی ئێمە پشت بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە شێوەیەکی کەسی پشت بە من ببەستن.”
شانشینی بەحرەین دەستپێشخەرییەکی فرەلایەنەی پێشکەش بە سەرکردەکانی عەرەب کرد و بەڵێنیدا لەپێناو بەدیهێنانیدا هەماهەنگی لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
دەستپێشخەرییەکە داوای ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی ئاشتی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکان، هاوکاری پەروەردەیی و پزیشکی بۆ خەڵکی ناوچەکانی ململانێ، و گوڕوتینێکی ناوچەیی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی دەرمانسازی و پێکوتە و هەماهەنگیی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی داهێنانی تەکنەلۆژی و دارایی. سەرچاوەکان: alkhaleej.net ،al-Arabiya.net ،U.N.